شێرزاد شێخانی : كۆیلەبونی هەولێر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێك لەگەڵ هاوشارێَكی هەولێریمدا ئەكەوینە گفتوگۆ لەسەر وەزعی ناهەمواری شارەكەمان لەژێرسایەی حوكمی بنەماڵەی بارزنیدا ، زۆرجار گوێبیستی قسەیەكی سەیر ئەبم كە بوە بەوێردی سەرزمانی زۆربەی هەولێرییەكان ، ئەویش خستنی مەسئولییەتی ئەم وەزعەیان بەسەر شانی حزبەكانی تری كوردستانەوە . ئەمەش لەلایەك  ئەوپەڕی ناهەقییە بەرامبەر بەلایەنەكانی كوردستان ، لەلایەكی تریشەوە بیانویەكی زۆر ترسنۆكانەیە بۆ ئیفلیجبونی ئیرادەی گەلی ئەم شارە دێرینە كە بەحیساب رۆژێ لەرۆژان سوپای هۆلاكۆیان بەزاند .

لەمرۆژانەدا لەگەڵ مامۆستایەكی هەولێری كەوتینە سەر ئەو موناقەشەیەو هەر لەسەرەتاوە ئەم بالۆرەی دوبارە كردەوە لەگەل ئەوەی بەحیساب ئەو رۆشنبیریشە ، بەڵام وادیارە ئەویش وەكو هەولێریەك بیر ئەكاتەوە ، بۆیە كاتێك لێمپرسی : ئێوە تاكەی بەرامبەر بەزەبرەزەنگی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەستەوئەژنۆ دائەنیشن ، لەكاتێكدا ئێستا وایلێهاتوە دەست لەهیچ شتێكی ئەم شارە ناپارێزێت بەقودسیەتی مزگەوتەكانیشەوە ؟. وەڵامی ئەوە بو : جا ئێمە چیمان پێ ئەكرێ لەكاتێكدا یەكێتی و گۆران هیچیان پێنەكراو ناكرێ ؟ ! . وەلامی ئەو برادەرەم قسەكەی ئەلبیر كامۆی بیرخستمەوە كە ئەڵێ  : كەتۆ بریاری خۆت دابێ ببیت بەكۆیلە ، بۆچی داوا لەمن ئەكەی شەڕی ئازادیت بۆ بكەم .

ئەگێڕنەوە گەورە زانای میسری عز عبدالسلام لەسەردەمی داگییركردنی میسر لەلایەن سوپای تەتارەكانەوە بەشەقامێكدا تێئەپەڕێ ئەبینێ 40 زەلام دەستەوئەژنۆ دانیشتونو تەنها یەك پاسەوانی تەتاری بەخۆیو شمشیرێكەوە بەسەر سەریانەوە وەستاوە . ئەپرسێ ئیوە بۆ وا زەلیل دانیشتون . ئەوانیش ئەڵێن : چاوەڕێی نۆرەمان ئەكەین بۆ ئەوەی بمانبەنە سەر سێدارەكە ؟. ئەویش پێیان ئەڵێ : دەك داوەشین لەچی میللەتێكن ، ئێوە چل زەلام ئەویش تەنها یەك پاسەوان بۆ هەڵناستن یەكدەست بیخەنە ژێرپێتانەوەو بیكوژن وخۆتان نەجاتی بدەن لەپەتی سێدارە ؟.

ئێستا پارتی بەزەبری هێزو چەكو زێرەڤانی و پاراستنەوە میللەتی هەولێری كردوە بەكۆیلەی خۆی ، بەراورد لەگەڵ دانیشتوانی ئەم شارە ، هەمو هێزو تانكو تۆپی پارتی ناكاتە نوكە دەرزییەك بەرامبەر هێزی لەبن نەهاتوی میللەتێكی ژێردەستەی وەكو هەولێر .. كاتی خۆی كە راپەڕینی سەرتاسەری لەكوردستاندا تەقییەوە ، لەچەقۆیەكی بچوكی دەستی هاوڵاتیەكی شاری رانیەوە دەستی پێكرد ، ئینجا خەڵكەكە بەخاكەنازو دارو بەردەوە هەڵیانكوتایە سەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس و خاكی خۆیان ئازاد كرد ، خۆ سوپاكەی سەدامو دامودەزگاكانی زۆر لەوەی پارتی گەورەتریش بون ، بەڵام بەرامبەر بەئیرادەی خەڵكی شارەكە هەمویان وەكو گەڵای پاییز یەك لەدوای یەك هەڵوەرین .

پارتی ئێستا خۆی بەخاوەنی هەولێر ئەزانێت ، تەنانەت بەحوكمە دیكتاتورییەكەشی نایەڵێت ئەوەی نەیاری بێت بێتە ناو شارەكە وەكو ئەوەی هەولێر مولكییە خاسەی بنەماڵەی بارزانی بێت ، پێشتر  رێگری لەسەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمان كرد بێتە ناو هەولێرەوە ، ئێستاش نوێنەری پەیەدەی لەكوردستانی باشور نەیهێشت بچێتە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ، بەپێی قسەی ئەو نوێنەرەش كاتێك داوای ناسنامەیان لێكردبو دواتر بردویانەتە ژوری كۆمپیوتەرو لەوێ بۆیان دەركەوتوە كە ئەم پیاوە مەمنوعە لەچونە ناو هەولێرەوە ، ئەمەش واتای ئەوەیە رەنگە لیستێكی دوورو درێژی هەزاران ناو هەبێت لەگشت سەیتەرەكانی دەوروبەری هەولێردا كە بۆیان نییە بچنە پایتەختی هەرێمەوە ، دوور نیە ناوی من و سەدان نوسەرو رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی وسیاسیشی تێدا بێت بەوانەی بەئەسلو فەسڵو باپیری باپیرانیشنیشانەوە هەر لە هەولێر ژیاون .

پارتی بەزەبرو زەنگ و سیاسەتی ترس و تۆقاندن ئەم شارە بەرێوە ئەبات ، وەكو ئەوەی میللەتەكەی مێگەڵە مەڕ بن ، ئەوەتا لەهەر كوێیەك دەنگێكی كزی نارەزایی هەڵبڕێت ، لەبەرامبەردا سەدان ئاسایش و پاراستن ئەڕژێنە سەر شەقامەكانەوە . ئەوەتا سیروان بارزانی لەكاتی گرژییەكاندا بەخۆیو 30-40 تانكو زرێپۆشەوە بەناو هەولێردا خۆی نمایش ئەكات كە ئەم تانكو زرێپۆشانە وڵاتانی دونیا بۆ شەری داعشیان داوە  بەهێزی پێشمەرگە كەچی ئەوان بۆ ترساندن و تۆقاندنی میللەتی هەولێر بەكاری دێنن ، ئەمەش ئەوپەڕی ئیهانەیە بۆ هەولێرییەكان ئەگەر لێی تێبگەن .

كێ هەیە لەم هەولێرە ناوی لای موختاری گەڕەكو دەزگای پاراستن و رێكخراوەكانی پارتیدا نەبێت ؟. كێ ئەتوانێ ماڵەكەی بگوازێتەوە یا خانویەك بەكرێ بگرێت بەبێ رەزامەندی  دەزگای پاراستنەوە ؟. كێ هەیە بۆ نان و قوتی بڕدراوی خۆی بتوانێ بێتە سەرشەقام ؟. كێ ئەوێرێ لەمەزرەعەكانی سەر رێگای مەسیف نزیك ببێتەوەو گوێ لەئاهەنگی شەوانی سوری مەسئولانی پارتیەوە بگرێت . ؟. فازل میرانی و نێچیرڤان بارزانی كاتێك ئەڵێن میللەتی ئێمە خۆڕاگرن و تەحەمولی بێ موچەیی وهەژاریو نەداریش ئەكەن ، ئەمە ئەوپەری ئیستهتارو بێقییمەتكردنی خەڵكی هەولێرو بێ منەتی ئەوانە لەئاست هەولێرییەكان ، كاتێك لەسڵیمانی خەڵك بۆ داوای مافی رەوای خۆی دێنە سەرشەقام وخۆپیشاندان ئەكەن و ئەچنە سەر بارەگاكانی پارتییەوە ، بۆچی هەولێرییەكان قەدەمیان وا شكاوە تەنانەت بۆ نانو قوتی مناڵەكانیشیان ناوێرن فززەیەك بكەن ؟.

ئەم شارەی من ئێستا داگیركراوە لەلایەن دوژمنانی كوردەوە كە پارتین ، شارەكەم زەلیل بوە بەدەست مناڵ و تاڵی عائیلەی بارزانییەوە ، كاتی ئەوە هاتوە رۆلەی ئەوانەی بەحیساب سوپاكەی هۆلاكۆیان بەزاند ، بۆ دواجار خۆیان لەكۆتوبەندی كۆیلایەتی ئازاد بكەن و سەربەرزانە بژین چاوەڕێی كەسیتر نەكەن بۆ ئەوەی شەڕی ئازادییان بۆ بكات .

عەرەب مەسەلەیەكی هەیە ئەڵێ : بەشمشێری دەستی خۆمەوە نەوەك بەشمشێری عەمرەوە .

 کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت