عیماد عەلی : بۆچی چی بێژەر و گۆرانبێژ و ئەکتەرە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆبونەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیارە یەکێک لە میکانیزمە بنەرەتیەکانی دیموکراسی هەڵبژاردنە بۆ دیاریکردنی نوێنەر لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکیەکانی کۆمەڵگادا ، یان راپرسیە بۆ یەکلاکردنەوەی بابەتێکی کێشەلەسەر دوور لە لایەنگیری و ناحەقیدا . ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی کردبێت ، کۆمەڵێک تێبینی تایبەتی و گشتی لای دروست بووە لەوانە ، کێ لە خولەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و کێ دۆراندویەتی و بۆچی ؟ حزبەکان چۆن خەڵکیان بۆ ئەو شوێنانە داناوە ؟ بە پێی پێویستی و شارەزایی و توانای کاندید یان کامەیان دەنگی باش بۆ حزبەکەیان کۆدەکەنەوە ؟ کێ دەنگی زۆری هێناوە ؟ ئایا شایستەی ئەوەبووە و لەهەمووان شارەزاتر و گونجاوتر بووە بۆ ئەو شوێنە لەم کاتە بێ دامودەزااییەدا ئەو پێویست بووە ، یان بە پێی میزاج و تێروانین و رۆشنبیری گشتی میلەت و گوشاوەی بیری گشتی خەڵکەکە هەڵبژێردراوە ؟ بۆچی خەڵکی شایستە و لێزان و خاوەن شارەزایی و لێهاتوو خۆی هەڵنەبژاردووە یان شکستی هێناوە لە هەڵبژاردنەکان و حزبەکان گرنگیان پێنەداون ؟ لە هەڵبژاردن ودانانی کاندید و سەرکەوتن و دەنگهێنان چی لەبەرچاو گیراوە ، توانای کادید یان مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە دەنگ کۆکردنەوە بۆ هەر یەکە ولەوانەی لە ریزی لیستە حزبیەکاندان ؟ ئەمانە و چەندین تێبینی تر ، بەڵام لێرە مەبەستم ئەوەیە تەنها بزانین کێ لە هەڵبژارندنا دەیباتەوە و بۆچی ؟ یان راپرسی بۆ چی دەرکرێت ؟
نەک لە کوردستان ئەوە لەسەر ئاستی جیهان و هەر جێگە و وڵاتێکیش بە پێی تایبەتمەندی خۆی بووە و بە پێی شۆفینیەت و رەگەزپەرستی و بەرژەوەندخوازی ، زۆر جار هەڵبژاردن بۆتە نیقمەتێک و تەنها خەرجی زۆر و لە سەر حسابی خەڵکەکە کەوتۆتەوە و ، زۆرینەی سەرکەوتوەکان و شکستخواردوەکانیش شایانی ئەو دەرئەنجامە نەبون کە بەدەستیان هێناوە و ، هەر شوێنێک بە رێژەیەکی گونجاو لەگەڵ رادەی رۆشنبیری و هۆشیاری گشتی خەڵک و بەرژەوەندیە گشتی و تایبەتی و حزبیەکان دەرئەنجامەکەی دەست کەوتووە .
جارێک راپرسی لەسەر مافێکی زەوتکراو تاوانە هەرچەند پێشتریش زۆر باش بزانیت کە دەرئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی خەڵک بێت و سەرکەوتو بیت تێیدا ، وەک ئەوەی کوردستان تەنها لە پێناو سیاسەت و دوور خستنەوەی لێکەوتەکانی لەسەر حزبەکان پەنا بۆ راپرسی دەبەن ، گوایە ئەوان بە قسەی میلەت دەکەن ، ئەگینا ئەگەر بنەما سەرەکیانی بونیاتی دەوڵەت دروستکرابوو و هیچ ئەگەرێکی شکستهێنانی نەبوو جگە لەراگەیاندنی بەدەستهێنانی ئەو مافە رەوایە چ پێویستی بە راپرسی و لەکۆڵ خۆ کردنەوە دەکات . ئەگەر هەڵبژاردن و راپرسی ئازاد بێت دەرئەنجامەکەی بە پێی وەزعی هەمەچەشنی خەڵکەکە دەردەکەوێت ، نەک بە ویستی حزبەکان وەک لای خۆمان . بۆ نمونە دوور لە سیاسەت، تۆ تەماشای رابرسی لەسەر باشترین ئەکتەری سەدەی بیست بکە کە لەو کەڵە ئەکتەرانەی هۆڵیود و ئەوروپا ئەمیتاب باباجان دەرچوو ، لەبەر ئەوەی دانیشتوانی هیند زۆرن و بیری شۆفینی زاڵە و دەنگدان بە پێی موستەحەقی کاندید نابێت ، ئەمە لە هونەر و لە سەر ئاستی جیهانیدا وابێت ، ئەی بۆ سیاسەت و بوارەکانی تر ؟ واتە گەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بۆ کوردستان لە کوردستان بکرێت سەرکەوتن بەدەست دێنێت و ئەگەر لە ئاستی عیراقدا بکرێت بێگومان چارەنوسی شکستە ، شەرعیەتدان بە حەق لە رێگەی راپرسیەوە لە مافخواردنی پرسەکە زیاتر هیچی تر نیەو بۆ مەبەستی سیاسیە و هیچی تر .
ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەریخست ، ئەوەیە کە تەنها دەموچاوە دیارەکان دەرچون نەک شایستەکان ، ئەگینا کەس هەیە نەزانێت بۆچی چی بێژەری تەلەفزیۆن و رادیۆ و گۆرانیبێژ و ئەکتەر و کچی قەشەنگە هەمووی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاگان گردبونەتەوە .
ئەم دەرئەنجامانەش ئەگەر جێدەستی حزبەکان بێت کە تەنها بیریان لەدەنگبەدەستهێنان کردبێتەوە نەک کار و پێویستیی ئەو دەزگایانە ، ئەوە خەتا گەورەکەش جگە لە حزبەکان لە دەنگدەرە ، کە بە سۆز و عاتیفە و بەرژەوەدی تەسک دەنگ دەدات نەک شایستەیی کاندید ، بۆیە تا ئەو کاتەی بەم شێوەیە میکانیزمی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بەرێوە بچێت ، دەبێت چاوەرێی دەست و بریاری حزب بین نەک کار و جێبەجێکردنی ئەرکی نوێنەران لەو دەزگایانە و ، هەمیشە لە قەیراندا دەبین و پەرلەمان بە کارتۆنی دەمێنێتەوە و کەسەکان و ئەڵقە تەسک و بنەماڵەکان دەسەڵات بەدەست دەبن و، پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەم کواڵێتیە باشتر نابن . ئەمجارە جگە لەوانە چەند پیشەیەکی تریش زیاد دەبێت لەسەرووی ئەوانەوە کە ئێستا لەو شوێنانەن ، تەنها سیاسیە بێلایەن و خەڵکە شارەزا و تەکنۆکرات و ئەکادیمیەکان و پسپۆرەکانی سیاسەت نەبن .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت