ئاماری پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی ئاپریلی 2016 لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم راپۆرتە دۆخی مافی مرۆڤ لەمانگی ئاپریلی 2016 لە ڕێ کەوتی جومعە 13 خاکەلێوە تاشەممە 11 گوڵان بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لەراپۆرتی رێکخراوە مەدەنیەکانی ئێران و رێکخراوەکانی مافەکان مرۆڤ لە کوردستان کۆ کراوەتەوە . جێگەی ئاماژەیە بەهۆی دۆخی بەستراوی هەواڵنێری لە ئێران و ئیزن نەدان بە رێکخراوە مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ ئەم ئامارە تەواونییە لەوانەیە هەندێک ڕاپۆرت ڕادەستی ئێمە نەگەیشتبێت ئەمە تەنیا بەشێکە لە پێشێلکاریەکان لە مانگی رابردوو .

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەست بەسەرکردن زیاتر لە چەند سەد کەس لە شارۆمەندانی کورد ، بە پێشێل کاری مافی مەدەنی و ئازادی رادەربڕین ، بەرچاو نەگرتنی مافی ژیان ، ئەمنیەتی تاکەکەسی ، سووکایەتی بە هاووڵاتیان کورد ، ئەشکەنجەی بەندکراوە سیاسیەکان و لەبەر چاونەگرتنی مافە سەرەتاییەکانی بەندکراوە سیاسیەکان کۆتایی بە مانگی ئاۆریلی 2016 هێنا .
بەپێی مادەی 19 جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە ، هەروەها لە بەندی 1 مادەی 9 پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسیدا هاتووە ; هەمو تاکێک مافی ئازادی و ئەمنیەتی تاکاکەسی هەیە ، هیچ مرۆڤێک نابێت کەسێک بەهۆی باوەڕەکانیەوە ئازار بدات .
لەبەندی دووهەمی مادەی 19 دا ئاماژە دەکات : هەر تاکێک مافی ئازادی بەیانی هەیە ، دەتوانێت بۆ پەرەپێدانی وتەکان و باوەڕەکانی بە هەرچەشنێ هەوڵ بدات وەک لەچاپ دان ، بڵاوکراوەی هۆنەری ، ریکلام ، خوێندن و هەر چەشنە بەشوێنداچووندا ئاساییە بۆ باوەڕەکانی .
هەر وەها لەمادەی 22 دا هاتووە هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە ئەمنیەتی لەکۆمەڵگا ببێت و لە رێگای هەوڵدان لە پانتایی نەتەوەیی یارمەتی نێو نەتەوەیی بە بەرێکخستنی سەرچاوەکانی نێونەتەوی ، مافی بزرنەبوونی ئابووری ، کۆمەڵگایی وکلتووری خۆی بۆ پاراستنی پێگە و کەسایەتی خۆی بەکار بهێنێت ، و بەپێی بەندی 5 هیچ کەس مافی ئەوەی نییە تاکێک ئەشکەنجە ، ئازار، سزا بدات . یان بە شێوەگەلی نامرۆڤانە سەرکوت بکات .
بە پێی جارنامە گەردوونیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ ، مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، هەر تاک و کۆمەڵگایەک مافی هەیە بۆ مافە سروشتی و پێناسەکراوەکان تێکۆشان بکات و هەوڵ بدات کۆمەڵگایی خۆیی بنیاد بنێت ، هیچ ناوەندێک مافی ئەوەی نیە مافی ئەوانی تر پێشێل بکات و نایەکسانی بەرهەم بهێنێت .
لە ئیستا دا زۆرتر لە 50 چالاکوانی سیاسی و کەسایەتی لە ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوەو چاوەڕێی جێ بەجێ بوونی سزاکەیان دەکەن .
لە مانگی رابردوودا راپۆرتیک سەبارەت بە لەسێدارەدانی چوار گیراوی کورد لە گرتووخانەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دراوە.
بە پێی هەوالە گەیشتووەکان بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گیراوانی کورد بە هۆگەلی جۆراوجۆر لەسێدارە دەدرێن و ئەم لە سێدارەدانانە بەرای گشتی ناگەیەت . هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران رێژەی لەسێدارەدان بڵاو ناکاتەوە .
سەر لە بەیانی رۆژی سێ شەمە 31 خاکەلێوە لە گرتووخانە دەریا لەشاری ورمێ سزای سێدارەی 4 بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ” مەجید مورادی – ئەحمەد محی – علی رەزا ساریان و مەنسوور رازیانی ” جێبەجێ کرا . ناوبراوان بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دران .
لە رۆژی سێ شەمە بەڕواری 7 گوڵان بەندکراوانی کورد ” سامان نەسیمی و محمدعەبدوڵاهی ” بانگهێشتی حسینیەی گرتووخانەی ورمێ کراون و لەلایەن بەڕێوەبەری گرتووخانەکەوە پێیان وترا : ئێوە لەدۆخی سووردان بۆ جێ بەجێکردنی سزاکانتان و تەنها دەتوانن داوای لێبووردن بکەن .

قۆڵ پێچ کران
قۆڵ پێچکردن ، بانگ هێشت کردن ، دەرکردنی سزا ، چێکردنی فایل .
لەم مانگەدا رێژەی _____کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان قۆڵ بەست و بانگ هێشتی بنکە ئەمنیەکان و سزایان بەسەردا سەپا .
رۆژی جومعە 13 خاکەلێوە میعاد ئەحمەدی چالاکی مەدەنی لە شاری سنە لە ماڵ خۆی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە قۆڵبەستکرا ، و دوای 24 کاتژمێر مانەوە لە ناوەندی ئاسایش و زانیاری شاری سنە راگوێزی گرتووخانەی مەرکەزی هەمان شارکرا ، هەروەها ئاسایش بانگهێشتی سوهەیلا محمدی چالاکوانی مەدەنی بۆ بنکەی ئاسایش کرا .
لە شەمە 14 خاکەلێوە وەفا ئازەربار خۆێندکاری زانکۆ خەڵکی شاری مەهاباد بە تاوانی هەوڵ دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای 4 مانگ زیندانی بەسەردا سەپا .
یەکشەمە 15 خاکە لێوە سزای سێ ساڵ زیندان بەسەر برایان هوشەنگ و محەمەد پیروز زادەگان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان سەپێندرا ، ناوبراوان لە مانگی رەزبەر دەست بەسەرکرابوون لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ وە ، بە تاوانی هەوڵ دژی ئەمنیەتی میلی سزا دران .
دووشەمە 16 خاکەلێوە “ نەسرەدین دالایی میلان “ خەڵکی شاری ماکۆ کە پاییزی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیرابوو بە تاوانی پەیوەندی بەیەکێک لە حزبە کوردیەکانەوە 6 مانگ زیندانی بەسەردا سەپا .
پێنج شمە 19 خاکە لێوە لەچارەنووسی “ پشتیوان نەهرۆیی ” گەنجی کوردی شاری بانە کە سەرماوەزی رابردوو لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە قۆڵ بەست کرابوو هێشتا هیچ زانیاریەک لەبەر دەست دا نییە .
شەمە 21 خاکەلێوە “ ئەفشین حسێن پەناهی ”خەڵکی ناوچەدێولان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە قۆل بەست و راگوێزی شوێنیکی نادیار کرا
شەمە 21 خاکە لێوە بانگهێشت کردنی “سوهەیلا محەمەدی ” بۆ دادگاو دادگایی کردنی بەهۆی بەشداری کە کەمپەینی رزگارکردنی کانی بڵ و کۆکردنەوەی 5 هەزار واژۆ بۆکانی بڵ .
رۆژی 24 خاکە لێوە سێ برای بۆکانی بەناوگەلی “ ئەفشین ، سەعید و حامد حەیدەرزادە ” لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە قۆڵ بەستکران .
شەمە 28 خاکەلێوە یەکێک لەئەندامانی کانونی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە بەناو “ تاهیر قادرزادە ” سزای سێ مانگ و یەک رۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە .
چوارشەمە یەکی گوڵان دادگای شۆڕشی شاری نەقەدە سزای لوقمان بالکی کوڕی عەلی و ئیسلام مستفاپور کوڕی مامەند بە 11 ساڵ و 6 ساڵ زیندان راگەیاند .
چوارشەمە یەکی گوڵان ئاسایش و زانیاری شاری سنە ، خالد حسینی ، غالب حسینی و مەجید حەمیدی ، بانگ هێشتی بنکەی ئاسایشی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد وپێیانی راگەیاند کە لە خۆپیشاندانی یەکی مەی رۆژی جیهانی کرێکاربەشداری نەکەن .
هەینی 3 گوڵان دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە سزای ٦ساڵ و یەک رۆژ زیندانی بۆ عەلی حسن پەناهی مامۆستا و خەڵکی ناوچەی دێولانی رۆژهەڵاتی کوردستانی سەر ڕاست کردەوە .
سێشەمە 7 گوڵان ئاسۆرۆستەمی بانگهێشتی لقی 36 دادگای پێداچوونەوە کرا .
چوارشەمە 8 گوڵان هێزە ئەمنیەکانی سەربەوەزارەتی ئاسایش وزانیاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری نەقەدە هەوڵی قۆڵبەستکردنی شەهاب ئەحمەدیی ئازەر کوڕی ئەحمەد یان دا ، ناوبراو پێشتر چەندینجار دەست بەسەر کرابوو .
پێنج شەمە 9 گوڵان هێزە ئەمنیەکانی ئاسایشی بۆکان کوتایانەسەر ماڵی ئەفسانە بایزیدی کچی ئەبووبەکر ودوای قۆڵبەست کردنی بۆ شوێنێکی نادیار گوێزایانەوە
پێنج شەمە 9 گوڵان شەهاب ئەحمەدی ئازەر لەماڵەکەی خۆی لەیەکێک لە گەرەکە کانی شاری نەقەدە قۆڵبەست کرا ، جێگەی ئاماژەیە ناوبراو لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئاسایش و زانیاری دەست بەسەر کراوە
پێنج شەمە 9 گوڵان بێ ئاگایی لە چارەنووسی 7 هاوڵاتی بەناوگەلی ” سامان رونما ، رەزا عزەت تاج ، وەلی شەریفی ، سابیر رەسوڵی پور ،محەمەد رویان و فاروق شەفاهی و یەک هاوڵاتی تر ، کە مانگی رەشەمەی رابردوو دەست بەسەر کرابوون ، تائێستا لە چارەنووسیان و شوێنی دەست بەسەر کردنیان هیچ زانیاریەک لەبەر دەست دا نییە .
هەینی 10 گوڵان سامان قادری ئازەر هاوڵاتی خەڵکی بۆکان کە لە 23 مانگی بەفرانبار دەست بەسەر کرابوو ، هێشتا لە بەنددایەو بنەماڵەکەی لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاگان .
جومعە 10 گوڵان “ عبدالڵە بەرخان ” کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە قۆڵپێچ و خرابووە ژووری تاکەکەسی ئاسایشەوە ، دادگایی کراو یەک ساڵ سزای بەسەردا سەپاو راگوێزی گرتووخانەی شاری مەریوان کرا

گرتووخانە
لە ئێستادا 384 بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران ورۆژهەڵاتی کوردستان دا ژیان بەسەر دەبەن .
لەم مانگەدا پێشێلکاری مافی بەندکراوان لەوانە ئەشکەنجە ، نەدانی چارەسەری پزیشکی ” محمد سدیق کەبوود وەند ، زەینەب جەلالیان ، ئەفشین سوهراب زادە ، کەیوان داوودی ، علی رەزارەسوڵی ، رەمەزان ئەحمەد کەماڵ ئەیوب ئەسەدی و … هەندێک لەو بەند کراوانەن کە سەبارەت بە چارەسەری پزیشکی لەلایەن کاربەدەستانی گرتووخانەکان پشت گوێ خراون . دەرکردنی بڕیاری سزای تازەو..وەک مانگەکانی پێشوو بەردەوام بوو بەشێوەی خوارەوەیە :
هەینی 13 خاکەلێوە سزای عوسمان موستەفاپور بەندکراوی کورد بەهۆی گوم بوون یان لەناو چوونی فایلەکەیەوە لە 25 ساڵ بووبە 35 ساڵ . ناوبراو بەندکراوی سیاسی گرتووخانەی ورمێ یە کە 25 ساڵە بەبێ مافی پەیوەندی بەهیچ کەسێک لەدەرەوە لە گرتووخانەدایە .
دووشەمە 23 خاکەلێوە بەهۆی جیانەکردنەوەی تاوانەکان لەیەکدی لە گرتووخانەی ورمێ ، دوو بەندکراوی سیاسی کورد بەناو ” موستەفاسەبزی و علی یەگانە ” بەند کراەی بەندی 13 لەم گرتووخانەدا کەوتنە بەر هێرشی کەرەستە دەستکردە تیژەکانی چەند بەندکراوێکی تاوانە مەترسیدارەکان و زۆر بە دژواری بریندار بوون .
یەک شەمە 29 خاکەلێوە دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری تەورێز بەناو “ محەمەد ئەمین ئاگوشی و ئیرەج محەمەدی ” لە دادسەرای تەورێز پێناسەی تاوانیان بۆکرا بەتاوانی ساختەی تێکدانی باری ئاسایی گرتووخانە ، ناوبراوان بە هۆی ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بەدۆخی نالەباری گرتووخانەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گرتووخانەکە لە لقی 7 دادسەرای تەورێز فایلیان بۆ هاتە چێکردن .
یەک شەمە 29 خاکەلێوە ڕاگەیاندنی مانگرتن لەخواردنی رەمەزان ئەحمەد کەماڵ بەهۆی کەم تەرخەمی کاربەدەستانی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج سەبارەت بە چاودێری تەندرووستی و پزیشکی بۆ ناوبراو .
لەیەک شەمە 29 خاکەلێوە ئەفشین سوهراب زادە بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری میناب بەهۆی رێگە پێنەدان بە چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەیەک لەدەرەوەی گرتووخانە بە دووراندنەوەی لێوەکانی دەستی دایە مانگرتن لەخواردن بەڵام سەرەڕای ناجێگربوون و مەترسیداربوونی تەندروستی ناوبراو لە رۆژانی دواییدا ، کاربەدەستانی گرتووخانەکە هیچ ئاوڕێکیان لێ نەداوە .
دووشەمە 30 خاکەلێوە ڕێگریکرا لەوەی کە چارەسەری پزیشکی بۆ بەندکراوی سیاسی کورد ئەیوب ئەسەدی لە دەرەوەی گرتووخانە بکرێت ، ناوبرا دیسک کەمەری هەیە . دادگای شارەکە رێگەی چارەسەری لە دەرەوەی گرتووخانەکەی بەناوبراو نەدا .
پێنج شەمە 2 گوڵان لێدانی بەندکراوی کورد حەسەن کەماڵ رەمەزان ، بەندکراوی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ورمێ بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ یەکێک لە مەئموورەکانی گرتووخانەکە لەلایەن زیندان بان و بەڕێوەبەری گرتووخانەکە درایە بە پەلامار و لێدان و لووت و ملی بەدژواری بریندار بوو ، دوای لێدانیکی زۆر دەست و پێی بەستراو کرایە ژووری تاکەکەسی گرتووخانەکەوە .
هەینی 3 گوڵان ، رێگەپێ نەدان بە چارەسەری پزیشکی ، پەیوەندی بەبنەماڵە و ئازادی کاتی بەکەماڵ شەریفی رۆژنامەوان و چالاکی سیاسی دوورکراو لە گرتووخانەی شاری میناب ، ناوبراو لە دۆخێکدا سزاکە تێ دەپەڕێنیت ، کە بە تێ پەڕبونی 8 ساڵ لە سزاکەی تەنها یەکجار توانیویەتی دایک و باوک خۆی ببینێت و ئێستا تووشی گرفتی کۆئەندامی جووڵان بوو .
شەممە 4 گوڵان رێگری لە چارەسەری پزیشکی و ئازادی کاتی دوای 22 ساڵ زیندان هەمبەر بە “محەمەد نەزەریی ” بەندکراوی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج کە بەهۆی ئاڵۆز بوونی فایلەکەی و گەندەڵی برووکراسی ناو گرتووخانەکە تائێستا لەبارێکی ناتەندرووست پشت گوێ خراوە .
شەمە 4 گوڵان گرتووخانەی مەهاباد ، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی شیاو نەبوونی هیچ کارمەندێکی تەندرووستی لە دەرەوەی کاتی دەوام دۆخی بەند کراوە نەخۆشەکانی گرتووخانەکە زۆر نالەبار راگەیەندرا .
پێنج شەمە 9 گوڵان مان گرتنی 500 بەندکراوی گرتووخانەی مەهاباد ، بەهۆی گوشار و ئاستەنگی گەلیک کە لە گرتووخانەکەدایە بەتایبەت هەڵسووکەوتی بەڕێوەبەر و دادوەری چاودێری گرتووخانەکە هەمبەر بە داواکاری بەندکراوان . ئەم کردەوە بوو بەهۆی بەشداری نزیک بە 800 کەس لە مان گرتنەکەدا
بەندکراوان نیوەڕۆی 28 ئاپریل خوراکی گرتووخانەیان وەر نەگرت و بەفەرمی مان گرتنیان راگەیاند .
هەینی 10 گوڵان “ ئومێد رەحمانی ” بەندکراوی بەشی تاوانە ماڵیەکانی گرتووخانەی ورمێ بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ووڵام نەدانەوەی کاربەدەستانی گرووخانەکە مانگرتنی راگەیان و رۆژی 11 گوڵان سەری خۆی لە گەچ گرت . لەدوای ئەم رووداوە ناوبراو لەلایەن کاربەدەستانی گرتووخانەکە راگوێزی ژووری تاکەکەسی گرتووخانەکە کرا کە دۆخی مەترسی دار بەراورد دەکرێت .
هەینی 10 گوڵان “ محمد ئەمین ئاگوشی ” گیراوی سیاسی بەهۆی باروودۆخی نالەباری گرتووخانەی شاری تەورێز دەستی دایە مانگرتن لە خواردن ناوبراو بەهۆی دۆخی نامرۆڤەنەی گرتووخانەکە خوازیارە دووبارە بگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی شاری زاهیدان .

کرێکاران و سێنفەکان
گوزارشی پێشێلکاریەکانی مافی کرێکاران لەم مانگە دا :
بە پێی ئەو هەواڵانەی گەیتوونەتە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەم مانگە دا نزیکەی 1646 کرێکار لە کارەکانیان بێبەش و دەرکراون ، پێنج شیرکەتی گرینگی بەرهەم هێنان داخراون . لەو مانگەدا کرێکارگەلی زۆر بە هۆیی ئەوەی کە کرێدەست و موچەکانیان پێ نەدراوە ، تووشی کێشە بوون بۆ گوزەرانی ژیانیان .
لەم مانگەدا بەهۆیی داخرانی رێگای کۆڵبەری لە شارەکانی سەردەشت ، مەریوان ، پیرانشار و بانە لە رۆژەڵاتی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە رووی دا ، نارەزایەتی گەورە ساز بوو و دوکانداران ، کرێکاران و کۆڵبەران نارەزایەتیان دەربڕی و مانگرتنی سەراسەری لێ کەوتەوە کە تێیدا دوکن و بازارەکان داخران .
داخرنی سنوورەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ کێەی زۆر گەورە بۆ خەڵک ساز کرد ، بەتایبەت ئەو خەڵکانەی بژێوی ژیانیان لە کارکردن لەو سنوورانە دەسبەر دەکەن . ئەوە لە کاتێک دایە کە دەوترێ نزیک لە 20 ماڵباتی کوردستانی بە کارگەلێ وەک کرێکاری و کۆڵبەری بژێوی ژیانیان لەو سنوورانە دەستەبەر دەکەن . بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار دەبێتە هۆیی کۆچکردنی کوردستانیان .
سەرەتایی بەهاری ئەمساڵ 500 کرێکاری فەرمی کارخانەی نەساجی برۆجێرد کە کرێکاری فەرمی و کۆنن ، دەرفەتی کاریان بۆ نوێ نەکرایەوە ، هەواڵەکان دەڵێن ، بۆ کەم کردنەوەی خەرجیەکان ، ئەو کارخانەیە نیوەی کرێکارەکانی دەرکردوە .
3 و 4 مانگی خاکەلێوە 100 نەفەر لە کرێکارانی کارخانەی ئیستەکی سنە لە کارەکانیان دوور خرانەوە و ئەوان بەم هۆیە مانگرتنی نارەزایەتیان ئەنجام داوە .
8 خاکەلێوە زیاتر لە 100 کرێکاری کارخانەی پارسیلۆنی خۆرەم ئاوا بۆ وەرگرتنی موچەکانیان ، گردبوونەوەیان کرد و لە پێش ناوەندی پارێزگای خۆرەم ئاوا ئەنجام دا ، بەڵام هیچ کەس وەڵامی نەدانەوە .
بەیانی 14 خاکەلێوە بە فەرمانی پارێزگاری کرماشان ، شەش کەس لە کرێکارانی فەرمانداری قەسری شیرین کە لە ناوەندی هاویاری شارەداری قەسری شیرین کاریان دەکرد ، دەرکران .
15 خاکەلێوە ، کارخانەی عمران صنعت لە شارۆچکەی پیشەیی سەرپێل زۆهاو داخراو و کرێکارەکانی دەرکران . خاوەنی کارخانەکە بەدزی شتە باش و بەقیمەتەکانی کارخانەی دەرباز کردبوو .
18 خاکەلێوە کۆمەڵێک کە کرێکارانی شەریکەی خەزمەت گوزاری ناوەندی ئاسەوارە کلتووریەکانی ئیلام بۆ نارەزایەتی دەربڕین بۆ بار و دۆخی کاریان لە 8 ساڵی ڕابردوو و هەرەها نەدرانی موچەکانیان و پارەی بیمەکانیان گردبوونەوەیان کرد و داخوازی چارەسەری گرفتەکانیان بوون . هەر لەو رۆژەدا کۆمەڵێک لەو کەسانی داخوازی ماڵیان کردبوو ، گردبوونەوەیان کرد ، ئەوان داخوازیان کردبوو بۆ خانوو ، ماڵەکانی ناسراو بە خانە مهر ، ماوەی سێ ساڵ بوو ناویان نووسی بوو ، پارەیڵن دا بوو بەڵام پارێزگایی ئیلام ، خانوەکانی نەدابوونێ .
کرێکارانی شەریکەی پیشەی لە پاوە بە هۆیی کێشەکانیان ، چارەسەر نەکردنی کێشە کاریەکانیان لە پێش فەرمانداری پاوە کۆبوونەوەیان کرد .
کرێکارانی شەریکەی پەیمانکاری بعثت کە لە گەڵ ناوەندی تێلفونی ئیلام کار دەکا ، بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە کێشەکانیان گردبوونەوەیان ئەنجام دا . کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەداری ناوەندی ئیلام بە هۆیی نەدرانی عەیدانەی 1395 و سابقە کار 1394 و پارەی بیمە گردبوونەوەیان کرد .
هەر لەو روژەدا شۆفیری شیرکەت واحدی ئیلام بە هۆیی دیاری نەکرانی موچەکانیان لە بەردەم ناوەندی شەریکەکەیان لە جادەی ئیلام – کرماشان گردبوونەوەیان کرد .
19 مانگی گوڵان کرێکارانی شەریکەی ئیستک بە هۆیی دەرکرانیان مانگرتنیان کرد ، کارخانەی قالبسازی ئاسنی قوروە 400 کرێکاری خۆیی دەرکرد .
19 خاکەلێوە ، یەحی ئەحمەدنژاد ، معاونی مەکتەبی سەرەتایی لە گوندی گردوانی ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا .
20 خاکەلێوە ، بەپرسانی حکومەتی بە هۆیی شەریان لەسەر بەشیان لە کارخانەی قەندی زەکەریا ، ئەو کارخانەیان داخست ، کە بوو بە هۆیی بێکار بوونی 250 کرێکار . کرێکارانی کارخانە قەندی پیرانشار بە هۆیی نەدرانی موچە و جێ بەجێ نەکرانی داخوازیەکانیان مانگرتنیان کرد .
کرێکاران و کارمەندانی دەنگ و سیمای ئیلام بە هۆیی نەدرانی موچەی زێدەکاریان نارەزایەتیان دەربڕیی .
کرێکارانی شەریکەی غرب دانە بە هۆیی نەدرانی موچەی سێ مانگیان ، بیمەکانیان و سابیقەی کاریان لە شەقامی ئاویەر نارەزایەتیان دەربڕیی .
کۆمەڵێک لە کرێکارانی شەریکەی شاهۆ لە کامیاران بە هۆیی نەدرانی موچەکانیان نارەزایەتیان دەربڕیی .
کرێکارانی شەریکەی ئاسۆپلاست بە هۆیی نەدانی موچە و پاداشەکانیان نارەزایەتیان دەربڕیی .
کرێکاران و کارمەندانی خزەمەتگوزاری شارەداری ئیلام بە هۆیی نەدرانی موچەی 5 مانگیان نارەزایەتیان دەربڕیی .
کرێکاران و کارمەندانی شەریکەی بەرهەمهێنانی بیسکویتی غەزل لە روانسەر بە هۆیی نەدرانی بیمەکانیڵ و پاداشتی 1394 یان نارەزایەتیان دەربڕیی .
کرێکارانی کارخانەی پولاد زاگرۆسی قوروە بە هۆیی دەرکرانیان نارەزایەتیان دەربڕیی ، نەبوونی بروا و کێشە ساز کردن و گوێ نەدانە یاسایی کارکردن و دەرکرانیان هۆکاری ئەو نارەزایەتیە بوو .
کرێکاران و کارمەندانی شارەداری ناڵۆس لە پیرانشار بەهۆیی نەدرانی موچەکانیان ، کارەکانیان بە جێهێشت و گردبوونەوەیان کرد .

کۆڵبەری و مین
کۆڵبەری کارێکی نافەرمی و نایاسییە کە خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرهێنانی بژێوی ژیانیان ، ناچار دەبن روو بکەنە ئەو کارە . کۆڵبەران ژیانێکی پڕ دژوار و پڕ نەهامەتی دەبەنە سەر ، لەلایەک بارێکی زۆر و بە بەهایی کەم دەگوێزنەوە ، لەلایەکی تر لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی کۆماری ئێسلامی تەقەیان لێ دەکرێت، بە هۆیی ئەو کارە قورسەشەوە ، تووشی دەها جۆر نەخۆشی دەبن کە دەبێتە هۆکاری ژیانی کورت بۆ ئەو چینەی کۆمەڵگا، ئەوە لە کاتێک دایە کە نەکەونە بەردەستڕێژی گوللەو نەکووژرێن یان بریندار نەکرێن .
لە مانگی ڕابردووش دا وەک مانگانی پێشوو، هەواڵی کووژران و بڕێندار بوونی کۆڵبەران هەبوو ،
لە یەکەم رووداو دا بە هۆیی سێڵاو لە بانە کۆڵبەرێکی 22 ساڵان بە ناوی خالق غەفاری خنکا و گیانی لە دەست دا .
لە رووداوێکی تر دا و هەر لە مانگی ئاپریڵ کۆڵبەرێکی سڵماسی بە ناوی بێهزاد کەماڵی کەوتە بەر دەسرێژی گوللەی هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی ئێران و کووژرا .
لە رووداوێکی تر لە بانە ، 14 ئاپریڵ کۆڵبەرێک دەدرێتە بەر گوللە و بیندار دەکرێت ، کە بڕینەکانیشی زۆر سەختن .
لە ناوچەی دزلی ، بە هۆیی نانەوەی کەمین لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە 4 کاسبکار دەکەونە کەمێن و دەڕفێندرێن و تا ئەو کاتە هیچ زانیاریەک لەسەر وان نیە .
لەو مانگەی کە دەرباز بوو ، حاڵەتی هەرە دیار و گرینگ ، مانگرتنی کاسبکارانی کورد بوو کە بە هۆیی بەستنی سنوورەکان رووی دا، لە شارەکانی مەریوان ، بانە ، سەردەشت و پیرانشار مانگرتنی چەند رۆژە رووی داو و لە نەهایەت دا سنوورەکان بۆ کاری کاسبکاران و کۆڵبەران کرانەوە ، هەڵبەت لە شوێنگەلێ هێشتا نەکراونەوە .
تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵیش قوربانی گرتنی دەست پێ کردوە ، چاندنی مین لە لایەن ئێرانەوە، بیانۆیەک بووە هەمیشە بۆ پاراستن و بواری ئەمنی ، بەڵام خۆدی ئەو مینانە ئاسایشی خەڵکیان گرتوە و خەڵک دەکەنە قوربانی .
سەرەتایی ساڵی نوێ ، 5 حاڵەتی تەقینەوەی مین رووی داوە لە قەسری شیرین ، کە چەندین کەس بڕیندار بوون و خەسارەتی زۆری ماڵی لە هاوڵاتیان داوە .
لە دێهلۆران بە هۆیی تەقینەوەی مین ، ژنێک بە ناوی حەمیدە راسهن تووشی مۆج گیران دەبێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت .
هەروەها بە هۆیی تەقینەوەی مین لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان ، 5 کەس کە بۆ گەران و خۆی روویان لەو ناوچانە کردوو ، بە هۆیی تەقینەوەی مین بڕیندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن کە دوویان مناڵن .
بە پێی زانیاریەکان ، لە شەری 8 ساڵەی ئێران و ئێراق ، 14 ملیۆن مین لە نێوان ئەو دوو وڵاتە چێنراون ، کە زۆربەیان دەکەونە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان ، کۆماری ێیسلامی ئێران ، هیچ هەوڵێکی جدی بۆ پاکردنەوە و هەڵگرتنەوەی ئەو مینە چێنراوانە نادات .

ژینگە
لە پێوەندی بە ژینگە و پاک و خاوێنی گوزارشەکانی ئەو مانگە ئەوانەن .
بیشەڵان و قامیشەکانی دەریاچەی زرێواری مەریوان ئاگر دران و لە دەسگایی رۆت فایەر کەڵک نەگیرا .
ئاوی خواردنوەی ئیسلام ئاوای غەرب بە ویروسی نۆڕاک پیس کرا .
ئاوی شارەکانی هەرسین ، خۆرەمئاوا و ئێسلام ئاوای غەرب رەش و بۆ خواردنەوە نابێت .
بە هۆیی خۆڵ بارینەوە زیاتر لە 56 هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێلام لە 10 لەسەد تا 100 لەسەد ویشک بوون .
خۆکووژی ، کووشتن و هەڵەی پزیشکی
کچێکی 10 ساڵان بە ناوی لەیلا لە دیواندەرە خۆیی کووشت .
کرێکارێک لە سەقز کە خێزاندار بوو ، خۆیی کووشت .
دوو کچی گەنج بە ناوەکانی کاڵێ عەزیزی و لەیلا جەلالی لە سیلوانا خۆیان کووشت .
21 خاکەلێوە کچێکی 17 ساڵان بەناوی دڵشاد بەدەستی براکەی کووژرا .
دوو کوری 16 و 17 ساڵان بە ناوەکانی عەبدولا جەهان و عەبدولکەریم ئەمیری لە گوندەکانی سەر بە ورمێ خۆیڵن کووشت .
21 خاکەلێوە یەحیی ئەحمد نژاد مامۆستا لە گوندی گردوان خۆیی کووشت .
31 خاکەلێوە خالید.م لە سەقز خۆیی کووشت .
34 خاکەلێوە مەریەم.ع لە گوندی یارڵی مەهاباد خۆیی سوتاند .
شکوفە فەتح‌ئاادی 13 ساڵان لە لورستان بە هۆیی هەڵەی پزیشکەکان گیانی لەدەست دا .
25 خاکەلێوە خەدیجە مورادی 28 ساڵان لە کانی دیناری مەریوان خۆیی سوتاند .
مناڵێکی 12 ساڵان لە گوندی چالاب بە هۆیی هەڵەی پزیشکی گیانی لەدەست دا .
هەینی 10 گوڵان گەنجێکی 23 ساڵان لە مەریوان خۆیی کوشت .
هەر لەو رۆژە و لە کرماشان ژنێک خۆیی کووشت .

لە کۆتایی دا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوادەکات لەگەلی کوردستان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدی هێنانی مافەکانیان تێ بکۆشن و هەوڵ بدەن زوڵم و ناعەدالەتیەکانی کۆماریئیسلامی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد بە گوێی جیهانیان بگەیێنن .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت