دکتۆر سەردار عەزیز : کۆتایی داودئۆغلۆ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له ساڵی 1992 جۆن گریشام ڕۆمانێکی نوسی بە ناوی پێلیکان بریف . له ساڵی 1993 کرا بە فلیم که ئەکتەری نازدار جۆلیا ڕۆبەرتس ڕۆڵی تیادا دەبینێت . جیاوازی هەیە له نێوان فلیمەکە و ڕۆمانەکەدا بەڵام هەردو دەربارەی کوشتنی نهێنیە . له ڕۆمانەکدا دوو قازی دادگای باڵا بە شێوەیەکی تەمومژ دەکوژرێن . یەکێکیان موحافیزەتکارە و ئەویتریان لیبرال . یەکەمیان لە ماڵی خۆیان دەکوژرێت و ئەویتریان له سیەنمایەکی فلیمی هۆمۆسێکچواڵ له واشنتۆن . چۆنێتی مەرگیان هەمو وڵات دەهەژێنێت .

له یەکی مانگی ئایار بلۆگێک بەناوی پێلیکان بریف که بە تورکی ناوی پێلیکان دۆسییەیە ، دەقێکی دورودرێژی بڵاوکردوەتەوە دەربارەی داودئۆغلۆ . نوسەری دەقەکە نەناسراوە ، بەڵام ورتە و چرپەکانی ئەنکەرە باش دەزانن که ڕۆژنامەنوسێکی نزیک بە ئەردۆگانە و ئەگەری زۆرە کە بە ڕەزامەندی ئەردۆگان خۆی نوسرابێت . نوسەرەکەی وەها خۆی ناساندوە کە کەسێکە خۆی دەکاتە قوربانی بۆ کوێخا .
نوسراوەکە بە ڕونی دیارە کە دیدی ئەردۆگانە لەوەی تورکیا وەها دەبینێت که سەرزەمینی یاری شەترنجی نەیارەکانیەتی و هەمو نەیارەکان لە ناوەوە دۆست و لانگریان هەیە . کەسێک که ڕۆڵی بینی که قازانجی نەیارانی تورکیا داودئۆغلۆوە .
پاش ئەم بڵاوکراوەیە دوێنی له کۆشکی ئەردۆگان هەردو کۆبونەوە . ئەوەی دەوترێت ئەوەیە که ڕەنگە لەم ڕۆژانەدا داودئۆغلۆ بانگهێشتی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئاکپارتی بکات و لەوێدا واز لە سەرۆکایەتی حیزبەکەی بهێنێت و پاشان لە پۆستی سەرۆک وەزیران .
ماوەیەک لەمەوپێش کە لە ئەنکەرە سەلاحەدین دەمیرتاشم بینی ئاماژەی بەئەوەدا کە جیاوازی هەیە له نێوان داودئۆغلۆ و ئەردۆگاندا ، تەنانەت دەربارەی چۆنێتی مامەڵەکردن له گەڵ کێشەی کورددا .
بەڵام ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەوەبێت کە ئەردۆگان له قۆناغی نێگەتیفدایە ، ئەگەر داودئۆغلۆ بیەوێت داهاتویەکی هەبێت ئەوا دەبێت خۆی دور بخاتەوە . لە کاتێکدا کە هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی نەبو . ئەردۆگان وەک هەر سیاسیەکی دیکتاتۆری ڕۆژهەڵاتی هەمیشە دەخوازێت دوو جۆر خەڵک لە دەوری بن ، خزم لەگەڵ گوێڕایەڵ . بۆیە ئەگەری جێگرتنەوەی داودئۆغلۆ یان بەناڵی یەڵدرمە یان بەیارقی زاوای .
ئایا کشانەوە یان دەرکردنی داودئۆغلۆ وەک ئەوەی عەبدویلا گویل دەبێت یان قورساییەکی زیاتری دەبێت ؟
ناوەندە دیپلۆماتەکانی ڕۆژئاوا داودئۆغلۆ وەک میانڕەو دەبینین له بەرامبەر ئەردۆگاندا کە هەتا بێت ئارەزی بۆ کۆنترۆل زیاتر دەکات و گومانی لە هەمو کەسێک زیاتر دەبێت و سنگی هەتابێت تەسک دەبێتەوە .
ئەگەر لە دەرئەنجامدا پارتی دادوگەشەپێدان پەرت بێت ئەوا ناسەقامگیریەکی درێژخایەن چاوەڕێی تورکیا دەکات .
چ بەدبەختە ئەم گەلی رۆژهەڵاتە ، هەمیشە گیرۆدەی ئارەزوە نەخۆشەکانی سەرکردەکانیەتی . بەڵام ئایا کۆمەڵگای نەخۆش نیە کە سەرکردەی نەخۆش دروست دەکات . تورکیا بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات کاریگەری دەبێت لە سەر سێ پارچەی کوردستان . ئەوەندە بەس نیە که بێزاریمان دەرببڕین ، دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵەی لە گەڵ هەر پێشژاتێکدا بکەین .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت