sikes_biko

ڕەسوڵ بۆسکێنى : کۆتایى سایکس – بیکۆ دەرفەتێک بۆ کورد .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕۆژى 17 – 5 – 2016 ڕێککەوتنامەى ( سایکس بیکۆ ) 100 ساڵى تەمەنى تێدەپەڕێنێ ، کەلە نێوان مارک سایکسى نوێنەرى بەریتانى و جۆرج بیکۆى نوێنەرى فەڕەسا و سازانۆڤ وەزیرى دەرەوەى ڕووسیا مۆر کرا ، هەر لە سەرەتاى دەست پێکردنى جەنگى یەکەمى جیهانیەوە دەوڵەتە زلهێزەکان کەوتبوونە گفتوگۆ و دانوسانى نهێنى کە لە ئایارى 1915 ەوە دەستى پێ کردبوو ، لەپێناوى ئەوەى هەر یەکەیان زۆرترین شوێن داگیر بکەن لە ناوچەى ڕۆژهەڵات بەتایبەت ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانى بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن ، بەو هۆیەوە لە 17 مایسى 1916 ڕێکەوتنامەیەکیان بەست بەناوى ڕێکەوتنامەى ( سایکس بیکۆ ) لەنێوان مارک سایکسى نوێنەرى بەریتانى و جۆرج بیکۆى نوێنەرى فەڕەسا ئیمزا کرا ، دواتر ڕووسیاشیان خستە هاوکێشەکەوە ، بەپێى ڕێکەوتنامەکە زۆربەى ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیان لەنێوان خۆیان دابەش کرد بوو ، ئەم ڕێکەوتنامەیە گفتوگۆیەکى نهێنى و ئاڵوگۆڕى ژمارەیەک بەڵگەنامە و دانوستاندنى بەرژەوەندیەکان بوو لەنێوان وەزیرانى دەرەوەى بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیاى قەیسەرى دواى ئاڵوگۆڕکردنى چەندین بەڵگەنامە گەیشتنە ڕێکەوتن . ئەو کاتە هێشتا دەوڵەتى عوسمانى بەسەر ناوچە عەرەبیەکاندا باڵادەست بوو ، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بەڵام پاش سەرکەوتنى شۆڕشى ئۆکتۆبەرى ساڵى 1917 ڕووسیا بەبیانوى ئەوەى بەرژەوەندى ئەوانى تێدا ڕەچاو نەکراوە ، ئەو ڕێکەوتنامەکەى ئاشکرا کرد و لە ڕێکەوتنەکە پاشەکشەى کرد . 

ئەم ڕێکەوتنامەیە سەبارەت بە ناوچەکانى دەوڵەتى عوسمانى لە 12 مادە پێکهاتبوو بەشێک لە بەندەکان پرسى دابەش کردنى کوردستانى گەورە بوو ، بەسەر ولاتە زلهێزەکان بەو شێوەیە ناوچەکانى باکوور درا بە تورکیا و بەشێک لە ڕۆژهەڵات بۆ ڕووسیاى ئەو کات و باشوورى کوردستانیش لەگەڵ هەندێک ناوچەى دیکە لە باکوور درا بە فەڕەنسا ، بەشى سێیەم ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوو لەژێر کۆنتڕۆڵى ئێرانى ئێستا مایەوە ، بەڵام دواى پەیوەست بوونى بەرژەوەندیەکانى بەریتانیا بۆى دەرکەوت لەم ناوچەیە نەوتێکى زۆر هەیە باشوورى کوردستانى بۆ خۆى مسۆگەر کرد، دواى پاشەکشەى رٍووسیا ئەم ڕێکەوتنامەیە نهێنیەک بوو لەنێوان ئەو دوو وڵاتە سنوورى جوگرافیاى هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بگۆڕن و لەنێوخۆیاندا دابەشى بکەن بەکوردستانیشەوە . بەبێ لەبەر چاو گرتنى بارودۆخى ناوچەکە وەک ڕۆژنامەى ( گاردیان ) ى بەریتانى دەربارەى ڕێکەوتنامەى ( سایکس – بیکۆ ) دەڵێت : وڵاتانى سەرکەوتووى جەنگى یەکەمى جیهان بەبێ ئەوەى دۆخى تەواوى ناوچەکە بخوێننەوە ، بە ئارەزووى خۆیان و لەسەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندیەکان نەخشەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستیان داڕشتەوە ، ئەوە واى کرد دۆخێکى ئاڵۆز و پڕ کێشە لەو وڵاتانە سەرهەڵ بدات .

عەرەب و ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ
ئیمزا کردنى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ عەرەبەکانى نیگەران کرد بوو ، چونکە هەر لە ساڵى 1910 ئینگلیزەکان بەڵێنیان بە عەرەبەکان دابوو ئەگەر بێتو دژى عوسمانیەکان هەڵبستن و بتوانن کۆتایى بەئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى بێنن ئەوا سەربەخۆیى بۆ عەرەبەکان مسۆگەر دەکەین . ئەم بەڵێن پێدانەى عەرەبەکان دواى کۆتایى هاتنى جەنگى یەکەمى جیهانى بەبێ ئاگادارى عەرەبەکان ڕێکەوتنامەکە ئیمزا کرا. بەڵام بەهۆى ئەوەى حسینى کوڕى شەریفى مەککە لە دەوڵەتى عوسمانى هەڵگەڕایەوە و پشتى هاوپەیمانانى گرت دواى ئەوەى بەڵێنیان پێ دا حکومەتێکى سەرتاسەرى عەرەبى دابمەزرێنن ، هەموو ئەو خاک و شوێنانە بگرێتەوە زۆرینەى عەرەب تیایاندا نیشتەجێن ، بیکەن بەشاى ئەو حکومەتە تازەیە دروست کراوە، دواى کۆتایى هاتنى جەنگ هاوپەیمانان ( بەریتانیا و فەڕەنسا ) ئەو بەڵێنەى بە حسینى شەریفیان دا بوو وەک پاداشتێک فەیسەلى کورى حسین یان کرد بە مەلیک لە سوریا ، بەڵام دواى ئەوەى بەهەر هۆیەک بوو لەسوریا پێى ڕازى نەبوون هێنایان بۆ عیراق و دەوڵەتێکیان بۆ دامەزراند ، دەوڵەتێکیشیان بۆ عەبدوڵاى براى لە ئەردەن پێکەوەناو ئەویشیان لەسەر تەختى پاشایەتى دانا ، ئیتر بەناوى دەوڵەتى عیراق سنوورێکیان جیا کردەوە لەسەر پاشماوەى داڕوخاوى دەوڵەتى عوسمانى کورد و عەرەب دوو پێکهاتەى سەرەکى ئەو حکومەتە بوون ، بۆ پارسەنگى سوننە لەگەڵ شیعەى عیراق و بۆ ڕەواندەوەى ترسى فەیسەڵ لە بوونى شیعە و پێک هێنانى جۆرە هاوسەنگیەک لەنێوان سوننە و شیعەدا باشوورى کوردستان ( ویلایەتى موسڵ ) ى دەوڵەتى عوسمانیان وەک سوننە مەزهەب خستەسەر عیراق، بەبێ ئەوەى گوێ بەویست و بەرژەوەندى گەلى کورد بدەن هەموو پێکهاتەکانى ناو ئەو سنوورە بەبێ ئەوەى چارەنووسى هاوبەشیان هەبێت بەزۆر بەیەکەوە گرێدا و فەیسەڵى کوڕى حسینى شەریفى مەککەیان کرد بە مەلیکى عیراق ، حکومەتەکەى شێخ مەحمودیشیان زیندە بەچاڵ کرد ، هەندێک کەس لایان وایە شێخ مەحمود نەیتوانیوە خۆى لەگەڵ ئینگلیزەکان بگونجێنێت ، بەڵام لەڕاستیدا هیچ کات بەریتانیا مەبەستى نەبووە دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ کورد دروست بکات .
هەندێک کەس ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە ئەو جیۆپۆلەتیکە نوێیەى لە ئەنجامى ڕێکەوتنى سایکس بیکۆ دروست بوو ، زیانى بەعەرەب گەیاندووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەواو پێچەوانەیە لەکاتێکدا عەرەبەکان وەک نەتەوەى کورد و هەر نەتەوەیەکى ترى ئەو سەردەمە سیستمى دەرەبەگایەتى خێڵ تێیدا زاڵ بوو ، نەک دەوڵەتیان نەبوو ، بەڵکو دەسەڵاتێکى یەکگرتووش نەبوو، هەموو ئەو ناوچانەى پێیان دەوترێت وڵاتانى عەرەبى لە شەڕو شۆڕى بەردەوام دابوون و ئەقڵى ئەرستوکراتێتى خێڵەکى تێیدا سەروەر بووە ، سایکس بیکۆ هاتوو کۆمەڵێک دەسەڵاتدارێتى خێڵەکى ناوچەگەرێتى کۆکردەوە و لە بیست دەوڵەت دا ڕێکى خستن ، هەموویانى کرد بەحاکم لەسەر خاکێکى دیارى کراو و ناوى نا دەوڵەت، هەموو پێویستیەکانى دەوڵەتى بۆ دروست کردوون و لەسیستەمى خێڵەکیەوە کردونى بەدەوڵەت و لە کۆمەڵەى گەلان شوێنى بۆ دیارى کردون و ژیان و چارەنووس و سەروەت و سامانى گەلێ نەتەوەى ترى بەتایبەت کورد خستۆتە بەرژەوەندى ئەوان، کەواتە عەرەب باشترین سوودى لە سایکس بیکۆ وەرگرتووە بەپێچەوانەوە نەتەوەى کورد گەورەترین زیانى بەرکەوت و سەروەرى نەتەوەکەى لەدەست داو وڵاتەکەى دابەش کراو تائێستاش بەو دەرد و ئازارەوە دەناڵێنێت .

کورد و ڕێکەوتنى سایکس بیکۆ
لەئەنجامى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ وڵاتە سەرکەوتوەکانى جەنگى یەکەمى جیهانى بەتایبەت بەیتانیا کوردستانیان بەسەر چەند پارچەیەک دابەش کرد ، ئەنجامى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ مەینەتى زۆرى بەسەر نەتەوەى کوردا هێنا ، بوو بە بناغە و یاسا و دەستوورێکى نێودەوڵەتى پاش کۆتایى هاتنى جەنگى یەکەمى جیهانى جێبەجێ کرا و کوردستانیش دابەش کرا . نەهامەتى و ماڵوێرانى زۆرى بۆ گەلى کورد لێکەوتەوە و تائێستاش پێیەوە گرفتارە .
ئەو ستەمکارى و مەینەتیانەى سەر گەلى کورد بەردەوام بوو تا لەکۆتایى سەدەى بیستەم بەهۆى بارودۆخى ئاڵۆزى ناوچە و سەرکێشیەکانى سەدام و ناکۆکى و ناتەبایى دەوڵەتانى هەرێمەکە کورد دەرفەتى بۆ ڕەخسا لەبەهارى 1991 توانى لەدژى دام دەزگاکانى بەعس ڕاپەڕى و لەخاکى خۆى دوژمنى وەدەرنا و لەو کاتەوە حکومەتێکى خۆماڵى کوردى پێکهێناوە ، ئەگەرچى بەهۆى پیلانى دەوڵەتانى دراوسێ و نەکارایى کورد خۆى نەیتواوە وەک پێویست پایەکانى ئەم دەسەڵاتە بچەسپێنێ ، بەڵام لەماوەى 100 ساڵى ڕابردوودا پاش ڕێکەوتنامەى سایکس بیکو ئەمە یەکەم جارە بەو شێوەیە دەرفەتێک بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هاتۆتە پێشەوە . لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان لە دواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان و پرۆسەى ئازادى عیراق نەیتوانیوە بنەماکانى دەوڵەتى سەربەخۆ لە ئابووریەکى تۆکمە و سیستەمێکى سیاسى جێگیر و یەکلایى کردنەوەى سنوور و دەستەبەرکردنى پاڵپشتیەکى گەورەى نێو دەوڵەتى بۆ هەرێمى کوردستان مسۆگەر بکات .
دواتر بەهۆى بارودۆخى ئاڵۆزى ناوچەکە و هەڵتۆقینى لەناکاوى دەوڵەتى ئیسلامى لەعیراق و شام ( داعش ) لە ساڵى 2014 و ڕووداوەکانى موسڵ و بارودۆخى ئەم دواییەى عیراق ، پرسى سەربەخۆیى کوردى هێنایەوە ئاراوە ، ئەوەش دواى ئەوەى سوپاى عیراق لەبەرامبەر چەکدارەکانى داعش و گروپە سونیەکان لە موسڵ و ڕومادى و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان شکستیان هێنا و پاشەکشەیان کرد ، دواتر لەلایەن هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە ئەو ناوچەکوردیە کێشە لەسەرانە کۆنتڕۆڵ کرانەوە ، بەهۆى قارەمانەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و تێکشکانى بەردەوامى داعش لەبەرامبەر کورد هەرێمى کوردستان سەرنجى وڵاتانى دنیاى بەلاى خۆیدا ڕاکێشا . بەو هۆیەوە بارودۆخى ئێستا گرنگرترین دەرفەتى بۆ کورد دروست کردوە ، بەجۆرێک پێگەى کورد لەناوخۆ و دەرەوە گەیشتە لوتکە ، بۆئەوەى کورد دەرفەتەکە بقۆزێتەوە پێویستە سەرکردایەتى کورد بە ئاگاداریەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و بارودۆخەکەدا بکات .
ئەگەر سەیرى بارودۆخى ناوچەکە بکەین دواى داعش سنوورى نێوان عیراق و سوریا گرنگیەکى ئەوتۆى نەماوە و لە عیراقیش حکومەتى بەغدا دابەش بووە بۆ چەند تایەفەیەکى جیاجیا و دۆخێک هاتۆتە پێشەوە ئومێدى یەک پارچەیى عیراق و پێکەوە ژیان زۆر کەم بۆتەوە ، سەرەڕاى بارودۆخى ئاڵۆزاوى عیراق و ئەو هەموو نەهامەتیانەى نەتەوەى کورد لەسایەى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ و بەدەست ستەمکارى ئەو دەوڵەتانەى کوردیان بەسەر دا دابەش کراوە هێشتا هەڵوێستى وڵاتان بەجۆرێکە بەداخەوە مایەى دڵخۆشى نیە ، سەرەڕاى ئەوەى وڵاتانى ناوچە جەخت لە یەک پارچەیى خاکى عیراق دەکەنەوە ، دژایەتى و دڕدۆنگى خۆشیان بۆ هاتنە ئاراى هەر قەوارەیەکى سەربەخۆ بۆ کورد لەناوچەکە نەشاردۆتەوە ، کۆمکارى وڵاتانى عەرەبى پشتیوانى خۆى بۆ یەک پارچەیى خاکى عیراق دەربڕیوە و داوا دەکات کوردیش واز لەم بیرۆکەى سەربەخۆیى بێنێت ، ئەمریکا لەگەڵ سەربەخۆیى نیە و داواى یەک پارچەیى خاکى عیراق دەکات ، وڵاتانى ڕووسیا و بەریتانیاش بەرامبەر بارودۆخەکە بێ دەنگن و بەپێى پەیامى پشتیوانى کردنى لە حکومەتى بنکە فراوان بۆ عیراق ئومێدى ئەوەى لێ ناکرێ بۆ کارێکى ئاوا ئامادەبن ، تەنیا دەوڵەتى ئیسرائیل پشتیوانى خۆى بۆ دەوڵەتى سەربەخۆى کورد دەربڕیوە ، هەرچەندە زۆر لە کەسایەتى سیاسى و پسپۆڕى جیهانى ڕاى خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە ، بۆ نموونە گریگۆرى کۆز پڕۆفیسۆرى زانستە سیاسیەکان لە زانکۆى ڤێرمۆنت لە ئەمریکا لەشیکردنەوەیەکدا لەماڵپەڕى ڕۆژنامەى ( واشنتۆن پۆست ) بەڕەشبینیەوە دەڕوانێتە هەڵوەشاندنەوەى ئەو ڕێکەوتنامەیە کە ماوەکەى 100 ساڵى بەسەردا تێپەڕیوە دەڵێت : هەڵوەشانى عیراق بابەتێکى نوێ نیە ، بەڵکو سەرەتاکانى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1991 و دروست کردنى هەرێمى کوردى لە باکوور و باکوورى ڕۆژهەڵاتى عیراق بوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەستووورى عیراقى دواى سەدام دا چەسپێنرا ، بیست ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان زۆربەى جیاکەرەوەکانى دەوڵەتى سەربەخۆى هەیە ، کەچى سنوورى عیراق هەر بەنەگۆڕى ماوەتەوە .
لەلایەکى تریش ئەحمەد داودا ئۆغلو کاتێ وەزیرى دەرەوەى تورکیا بوو لە وتارێک دا کە لە ئادارى 2013 بڵاوکرایەوە دەڵێت : ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ گەیشتووەتە کۆتایى و نەخشەى ناوچەکە گۆڕانى بەسەردا دێت و کاریگەرى لەسەر تورکیاش دەبێت .
کورد سەرەڕاى ململانێى لایەنە کوردیەکان بەڵام هێشتا بە ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانى لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخێکى ئاڵۆز و جەنجاڵى لەم شێوەیە لەهەموو شتێک زیاتر پێویستى بەیەک دەنگى کورد هەیە . لەکاتێکدا سەرکێشیەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و بێ منەتى و لوت بەرزى پارتى دیموکراتى کوردستان لەئاست کێشەکان تروسکایى ئومێدى کەم کردۆتەوە . لەبەر ئەوە لەگەڵ تەواو بوونى سەد ساڵەى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ ئەو پلانەى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان خستبویانەڕێ ناتوانرێ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردستان وەک دەویسترا ڕابگەیەنرێ .
هەرچەندە بەڕێز مەسعوود بارزانى لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرى وڵاتان لە کوردستان جەختى کردەوە ” لە کارکردن بۆ چەسپاندنى مافى چارەى خۆنووسینى گەلى کوردستان پاشگەز نابێتەوە و گەلى کوردستانیش بۆ چارەنووسى خۆى مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەنێک وەرناگرێت . بەڵام ئەم قسەیە بەس نیە ، چونکە هێشتا زۆر خەڵکى هەرێمى کوردستان وەکو تاک و وەکو لایەنى سیاسیش بەرامبەر هەڵوێستى لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ یەکتر دوودڵ و نیگەرانن ، ئەوە ئەرکى مەسعوود بارزانیە دڵنیایى بداتە خەڵکى کوردستان لەوەى مامەڵەى دروست لەناوخۆدا بەرامبەر هەموو خەڵک و لایەنە سیاسیەکان پەیڕەو دەکرێت ، بەتایبەت لەئێستادا بۆ هەڵوەشانەوەى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ و بەرپەرچدانەوەى هەموو ئەوانەى دژى سەربەخۆیى کوردن داواکارى تەواوى خەڵکى کوردستان یەکگرتن و یەک دەنگى تەواوى لایەنە کوردستانیەکانە لەسەر مەسەلەى کوردستان و چارەسەر کردنى کێشەکانى ناوخۆ ، ئایا دەتوانرێ بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى ناوخۆ و یەکگرتنى هەموو لایەنەکان بەرژەوەندیە تایبەتیەکانى حزبى بخرێتەلاوە ، ئەگەر ئەوە نەکرێت لە هەموومانەوە دیارە تووشى ماڵوێرانى گەورە دەبین .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت