ئاریتما موحه‌ممه‌دی :‬ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ نه‌سازانه‌وه‌ بۆ پێكه‌وه‌هه‌ڵ نه‌كردن‫ .‬

په‌نا بردن بۆ خه‌باتی چه‌كداریی له‌ دژی ڕژیمی ئێران به‌بێ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانیی یاخود پلاتفۆرمێكی سیاسیی كوردستانیی ، كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان له‌خۆ بگرێت . هیچ ئاكامێكی ڕه‌نگینی نابێ […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

په‌نا بردن بۆ خه‌باتی چه‌كداریی له‌ دژی ڕژیمی ئێران به‌بێ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانیی یاخود پلاتفۆرمێكی سیاسیی كوردستانیی ، كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان له‌خۆ بگرێت . هیچ ئاكامێكی ڕه‌نگینی نابێ و ئه‌گه‌ر وه‌ك ڕابردوو ڕژیمیش بخاته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ ، دیسان ئاكامه‌كه‌ی هه‌ر شكست ده‌بێ‫ .‬
چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی كێشه‌كانی كورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی كه‌ داگیركه‌رانی كوردستان له‌ پێوه‌ندیی به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ پێشیان گرتووه ، داگیركه‌رانی كوردستان به‌رده‌وام به‌ چه‌شن و شێوه‌ی جیاواز نه‌ته‌وه‌ی كوردیان چه‌وساندووته‌وه‌ و كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌رده‌وام خه‌باتی بۆ ڕزگاریی كردووه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌دا ئاشنا بووه‌‌‫ .‬ به‌ڵام مێژووی كێشه‌كانی كورد ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ هه‌ر كاتێ داگیركه‌رانی كوردستان له‌ به‌شێك له‌ وڵاتی دابه‌شكراوی كوردستان لاواز بوونه‌ ، بزووتنه‌وی كورد پێشكه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ داگیركه‌رانی كوردستان نه‌بوونه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كانی كوردستانیان ڕۆخاندووه‌ یانخود سه‌ركووت كردووه‌ ، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ نه‌بوونی یه‌كێتی نێوان كوردان بووه‌ كه‌ گره‌وی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كانی كوردی كوشتووه‌ و چرای شۆڕشه‌كانی كوژاندووه‌ته‌وه ‌‫.‬
له‌ پاش كۆماری كوردستان و شه‌هیدكردنی پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د ، هیچ سه‌كرده‌یه‌كی كورد له‌ هیچكام له‌ به‌شه‌كانی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ به‌ گیانێكی نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان وه‌ڕێ بخاته‌وه‌ و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی كوردستان یه‌كبخات و خه‌باتێكی گشتگیری سیاسیی ده‌ست پێبكات ‫.‬ له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیمپراتووریی عوسمانیدا كه‌ چۆن هێزه‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی میر و سنجاقدا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ناوچه‌ییان به‌ده‌سته‌وه‌‌ بوو ، له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌میش به‌ملاوه‌ تاكوو ده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ به‌هه‌مان چه‌شن هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی حیزبدا واتا هه‌مان میر و سنجاق كه‌ فۆرمێكی مودێڕن و پێشكه‌وتووی هه‌بوو و هه‌یه‌ هێز و وزه‌ی كوردیان پرش و بڵاو كردووه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كوردییان به‌سه‌ر چه‌ندین پارت و ڕێكخراوی جیاوازدا دابه‌ش كردووه‌‫ .‬ ئه‌و كات هه‌موو میره‌كان هێزی چه‌كداری خۆیان هه‌بوو ، ئیستاش هه‌موو پارته‌كانی كوردستان خاوه‌ن هێزی چه‌كدارن و هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ خاوه‌ن حوكوومه‌ت و پارله‌مانی خۆیه‌تی هه‌نووكه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كه‌ی نه‌بووه‌ته‌ هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ر به‌هه‌مان چه‌شنی پێش واتا به‌ حیزبیی ماوه‌ته‌وه‌‫ .‬
به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ تێكڕای سه‌ركرده‌كانی كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان خاوه‌ن ئه‌و گوتاره‌ سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌بوونه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واریی له‌ ده‌وری خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌ و هه‌مووشیان له‌ ڕابردووی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد ڕه‌خنه‌یان گرتووه‌‫ .‬ هاوكات به‌ تێكڕا شه‌ڕی براكوژییان له‌ كوردستان كردووه‌ و به‌ هێزی خۆیان وزه‌ی كوردییان به‌ فیڕۆ داوه .‬ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی كه‌ نه‌توانێ ئاشتیی نه‌ته‌وه‌یی بێنێته‌كایه‌وه‌ و دۆخی ئاڵۆز و شێواویی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ قۆناغێكی دژواریی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ نێو قۆناغێكی دیكه‌ی سیاسیی و هه‌روه‌ها نه‌توانێ هێزه‌كانی كوردیی پێكه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی سیاسیدا كۆبكاته‌وه ،‌ ناتوانێ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێناسه‌ بكات ‫.‬
كۆتای سه‌ركرده‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سمكۆی شكاك و پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د و له‌ پاش ئه‌م دوو سه‌ركرده‌ ئیتر كورد خاوه‌نی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی نه‌بووه‌ كه‌ شۆڕش و خه‌باتی خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی ته‌رخان بكات بۆ دۆزی ڕه‌وای كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ‫.‬ له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ملاوه‌ كورد له‌ باشوور، له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت له‌ باكووری كوردستانیش خاوه‌نی هیچ سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌ و هه‌موو سه‌ركرده‌كانی كورد له‌و قۆناغانه‌دا تاكوو ده‌گاته‌ ئه‌مڕۆ سه‌ركرده‌ی سیاسیی بوونه‌ كه‌ خه‌باته‌كه‌یان تاییبه‌ت بووه‌ بۆ وڵاتانی ئێراق، ئێران و توركیه‌ و گوتاری سیاسیی و ستراتیژییان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان دیموكراتیزه‌ بكه‌ن و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ ژیانێكی ئارامتری هه‌بێت و ئه‌وانیش وه‌ك كه‌سایه‌تیگه‌لێكی سیاسیی ببنه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‫ ، هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كیش ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بوێ ، بێگومان سه‌رمایه‌شی ده‌وێ ، چونكه‌ سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات دوو چه‌مكی هاوپێچن كه‌ یه‌كیان به‌بێ ئه‌ویتریان سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ناكات .‬
واتا له‌ مێشك و خه‌یاڵی سه‌ركرده‌ی كورددا ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕێت و ئاماژه‌شم بۆ ئه‌مه‌ باشووری كوردستانه‌ كه‌ كاتێ ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان ڕزگاری بوو بینیمان و ده‌یبینین كه‌ چۆن سه‌ركرده‌كانی كه‌وتنه‌ سه‌رمایه‌كۆكردنه‌وه‌ و خۆئاوێزانكردن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ‫،‬ هه‌نووكه‌ش كۆمه‌ڵگا ناتوانێ له‌ ده‌سه‌ڵات دووریان بخاته‌وه ‫.‬ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گه‌ل بڕژێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌ركووت ده‌كرێن وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا سه‌ركووت كراون‫ .‬
ئیستا له‌ گۆڕه‌پانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پتر له‌ 13 هێزی چه‌كدار هه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌و هێزانه‌ تاكوو ئیستاش ناسراو نین و كه‌س نازانێت كه‌ سه‌ربه‌ چی لایه‌نێكن‫ .‬ ئه‌گه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌توانن پێكه‌وه‌ هێزێكی چه‌كداری هاوبه‌ش ساز بكه‌ن و وه‌ك هێزی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ڵكی لێوه‌ر بگرن و ئه‌م هێزه‌ش له‌ داهاتوودا ببێته‌ هێزی پارێزه‌ری سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، ئه‌وا ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ هێزی تیرۆریستیش دێته‌پێش كه‌ خۆیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا كۆبكه‌نه‌وه‌ و ڕێخستن درووست بكه‌ن ‫.‬
بێگومان هێزه‌كانی داڵده‌دراوی شیعه‌ و سوونه‌ و هه‌روه‌ها هێزه‌ تیرۆرستییه‌كانیش به‌ هۆی ئاڵۆزیی سیاسیی و نه‌بوونی هێزێكی سه‌ربه‌خۆی چه‌كدار كه‌ له‌لایه‌ن حوكوومه‌تی ئێراقه‌وه‌ سه‌رپه‌ره‌شتی بكرێت ، درووست بوون یانخود هاتنه‌ نێو ئێراقه‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌ سووریه‌ به‌ هه‌مان چه‌شن كاتێ كه‌ ئاڵۆزی سیاسیی درووست بوو ، هێزه‌ تیرۆرستییه‌كانیش هاتنه‌نێو سووریه‌ و ئه‌مه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین داهاتووی سووریه‌یه‌ كه‌ به‌و چه‌شنه‌ی لێ هاتووه ‌‫.‬ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش هێزه‌ كوردییه‌كان بیر له‌ پێكهێنانی هێزێكی چه‌كداریی نه‌ته‌وه‌یی نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبێ له‌ هه‌موو هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ، ئه‌وا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ تیرۆرستییه‌كان تێیدا بگیرسێنه‌وه ‌‫.‬ به‌تاییبه‌ت كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆمه‌ڵێكی زۆر جموجۆڵی نه‌ناسراو هه‌یه‌ كه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ بۆ هیچكه‌س و لایه‌نێك ڕوون نییه ‌‫.‬
نابێ ڕێ به‌وه‌ بدرێ كه‌ كێبڕكێی لایه‌نگر كۆكردنه‌وه‌ و خۆبه‌ خه‌ڵك ناساندنی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ كه‌شێكی ناله‌بار بێته‌كایه‌وه‌ كه‌ هێزه‌ تیرۆرستییه‌كان خۆیانی تێدا ببیننه‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردیش بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ، بێگومان پێش ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌كان كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بۆ داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌نگاو هه‌ڵبنێنه‌وه‌ و خۆیان له‌ هه‌نگاونانی هه‌ڵه‌شاو بپارێزن ‫.‬ خه‌باتی چه‌كداریی ڕێگه‌یه‌كی ئه‌زموونكراوه‌ بۆ كورده‌كانی خۆرهه‌ڵات و پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ دووباره‌ هه‌ڵنێنه‌وه ‌، دڵنیایی به‌ یه‌كتر بده‌ن كه‌ تووشی شه‌ڕی براكووژی نه‌بن و له‌ كێبڕكێی ناساقدا ڕه‌شۆی هێزه‌كانیان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت كه‌ وه‌ك هێزه‌كانی باشوور یانخود وه‌ك شه‌ڕی نێوان كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات دیسانه‌وه‌ بكه‌ونه‌ نێو دۆخێكی ئاڵۆز كه‌ ته‌نیا ڕژیمی ئێران قازانجی پێبگات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ڕۆژهه‌ڵات كۆتایی پێ نه‌یه‌ت‫ .‬
دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌كان دوای نزیك به‌ سێ ده‌یه‌ كۆتاییهاتن به‌سه‌ر شه‌ڕی نێوانیان ئیستاش یه‌كتر به‌وه‌ تاوه‌نبار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ویان پێش ئه‌میان شه‌ڕی ده‌سپێكردووه‌ و له‌و چه‌ند ساڵه‌شدا له‌به‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌رتووك و وتووێژی میدیایی كه‌ تێیدا یه‌كتریان به‌ ده‌سپێكه‌ری شه‌ڕی نێوانیان تاوه‌نبار ده‌كرد ، هێنده‌ی نه‌مابوو كه‌ دیسان ئاڵۆزیی بكه‌وێته‌وه‌ نێوانیانه‌وه‌‫ .‬ نابێ هێنده‌ ئاسان به‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌دا تێپه‌ڕ بین ، بێگومان ئه‌مه‌ پێناسه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌‌ كه‌ تاكوو ئیستاش له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئیدۆلۆژیكدا دژی یه‌كترن و پێكه‌وه‌ ناسازێن ‫.‬ بێگومان نه‌خۆشینه‌ مه‌ترسیداره‌كان پێش خۆده‌رخستنیان نیشانه‌ی بچووك ده‌رده‌خه‌ن كه‌ بۆ زۆر كه‌س جێگای تێڕامان نییه‌ و باییخی پێ ناده‌ن تاكوو له‌ كوشتن نزیكیان ده‌كاته‌وه ‌‫.‬
تاكوو ئیستاش دۆخی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ستیاره‌ و ڕوودانی كێشه‌ له‌ نێوانیاندا چاوه‌ڕوانكراوه‌ ، به‌تاییبه‌ت ئه‌گه‌ر هێزه‌كانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌بێ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردن پێكا هه‌ڵئاڵێن ، ئیتر وه‌ك شه‌ڕی نێوان كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات ڕه‌شۆی هێز له‌ ده‌ستی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حیزبانه‌دا ده‌رده‌چێت و ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ له‌ باشووری كوردستان له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیدا ڕووی داوه‌ و شه‌ڕی براكووژیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه ‌‫.‬ هه‌نووكه‌ ئه‌م حیزبانه‌ له‌ تاراوگه‌ ناتوانن پێكه‌وه‌ بگونجێن ئه‌ی چۆن سبه‌ینێ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ڕاده‌وه‌ستن ، پێكه‌وه‌ ده‌گونجێن ؟ ئه‌م پرسیاره‌ پێویستی به‌ وڵامه‌ و ناكرێ به‌ ئاسانی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ بین ‫!‬
من هیوادارم كه‌ هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ تاك و جووت نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات یانخود به‌بێ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی خه‌باتی چه‌كداریی ده‌سپێنه‌كه‌نه‌وه‌ ، بێگومان ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت له‌ ڕۆژهه‌ڵات ئه‌زموونی شه‌ڕی براكووژیی باشووری كوردستان و هه‌روه‌ها شه‌ڕی نێوان كۆمه‌ڵه‌ و دیموكرات دووپات نه‌كرێته‌وه‌ ، ئه‌وا پێویسته‌ كه‌ هه‌رچی زووتره‌ بازنه‌یه‌كیی هاوبه‌شی سیاسیی ، نه‌ته‌وه‌یی و كوردستانیی درووست بكرێت و هه‌موو هێزه‌كان تێیدا پشكدار بكرێن . ئه‌و كات ڕووداوه‌ نه‌خۆزراوه‌كانیش كه‌متر پێش دێن و جارێكیتر كۆمه‌ڵگاش تووشی دڵه‌ڕاوكێ‌ نابێت‫ .‬
هه‌روه‌ها پێش ئه‌وه‌كه‌ هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ خۆرهه‌ڵات پێویسته‌ كه‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان به‌شێوه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و له‌ خزمه‌ت بزووتنه‌وه‌ی كورددا باریان بهێنن ، چونكه‌ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی كوردستانیی درووست بووه‌ پتر سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی پارته‌كان درووست بووه‌ و دواتر بۆ نێو سه‌ركردایه‌تیی پارته‌كانیش په‌ره‌ی سه‌ندووه ‌، ئیتر پاش ئه‌وه‌ش كه‌س نه‌یتوانیوه‌ پێشی پێبگرێت و له‌ هندێك دۆخیشدا به‌ره‌و كاره‌سات ڕۆیشتووه ‌‫.‬
دۆخی سیاسیی كورد و به‌تاییبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕی ساردی نێوان ڕۆژئاوا و یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانی تێپه‌ڕاندووه‌ ، ئه‌و كات له‌به‌ر بوونی دوو بۆچوونی جیاوازی ماركسێستی و سه‌رمایه‌داریی كه‌ هێزه‌ گرینگه‌كانی كوردستان نه‌یانده‌توانیی پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ، خۆ هه‌نووكه‌ ئه‌و جه‌مسه‌رگیرییه‌ كۆتایی پێهاتووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌نگاو بۆ كۆبوونی سیاسیی له‌ نێوان هه‌موو هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات بنرێت ‫.‬

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئاریتما محەمەدیی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئاریتما محەمەدیی