دکتۆر محەمەدئەمین عەلی : ڕاستیەکانى ئێمە لەدرۆدان .

کاتێک ڕاستیەکانى کۆمەڵگا لەدرۆوە بخولقێنرێت وەک ئەوە وایە بەفەلسەفەى دۆر بڕوات بەڕێوە ، کۆمەڵگایەک بەزۆرەملێ و بەزەبرى یاسا درۆت پێبکات ئەبێ بەچ کۆمەڵگایەک ناوبنرێت ؟ ئەبێ تاوان وبەرپرسیارێتى کێ بێت […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

کاتێک ڕاستیەکانى کۆمەڵگا لەدرۆوە بخولقێنرێت وەک ئەوە وایە بەفەلسەفەى دۆر بڕوات بەڕێوە ، کۆمەڵگایەک بەزۆرەملێ و بەزەبرى یاسا درۆت پێبکات ئەبێ بەچ کۆمەڵگایەک ناوبنرێت ؟ ئەبێ تاوان وبەرپرسیارێتى کێ بێت ؟  ئەبێ چاوەڕوانى چ  داهاتوویەکى ڕوون وباشى لێبکرێت ؟ .

هەڵبەتە درۆکردن : بەواتاى ساختەکردنى کەمێک یا تەواوى ڕاستی دێت ، یاخود دروستکردن و گێرانەوەى ڕووداى نوێ دوور لەواقیع بەمەبەستى فریودان و گەوجاندن لەپێناو ئامانجێکى جەستەیى ، دەروونى  ، کۆمەڵایەتى  ، ئابوورى وسیاسى دیاریکراو ، پێچەوانەى ڕاستگۆییە ، لەگشت ئاین و یاسا گەردونى و جیهانیەکان  قەدەغەکراوە ، ئەشسێت درۆ سادەبێت بەڵام کاتێک گەشە ئەکات و پەرە ئەسێنێت لەسادەیى دەرئەچێت و ئەبێتە نەخۆشى  ، ترس و کارەسات لەوەدایە درۆ بچێتە ناخى کۆمەڵگاوە دواتر ببێتە دیاردە واتا بەزۆرەملێ و بەزەبرى یاسا درۆت پێبکەن وەک ئەوەى ئێستا لەکۆمەڵگاى کوردستانى باشور ئەگوزەرێت .

لەبەر هەستیارێتى کۆمەڵایەتى نەشتەرگەرى چاندنى گورچیلە ، لیژنەیەکى هەمەلایەنى زانستى ، کۆمەڵایەتى  ، یاسایى دروست بووە بۆ هەڵسەنگاندنى یەک بەیەکى نەخۆش و ئەو کەسانەى گورچیلە ئەبەخشن ، یەکێک لەو پرسیارانەى ئاڕاستەى کەسى گورچیلەبەخش دەکرێت  .

چى وایلێکردویت گورچیلەکەت ببەخشیت  ؟  گشت جار وەڵامەکە بەم شێوەیەیە : ئەمە کارێکى مرۆڤدوستانەیەو ئەمەوێ ژیانى کەسێک لەمردن ڕزگاربکەم  .

پرسیارى دووەم بەبێ بەرامبەر گورچیلەکەت دەبەخشیت  ؟  بێگومان وەک وتم : ئەمە کارێکى مرۆڤدۆستانەیە وەک خێریک ئەم کارەدەکەم  .

بۆ یەکەمجار گورچیلەبەخشێک  بەڕاستگۆیانە وەڵامى پرسیارەکانى داینەوە !  کەپێم ووت : چى وایلێکردویت گورچیلەکەت ببەخشیت ؟ ووتى : لەبەر دوو هۆى سەرەکى  یەکەمیان ئەمە کارێکى مرۆڤدۆستانەیە یارمەتى کەسێک ئەدەم و لەمردن ڕزگارى ئەکەم ، دووەم بارى دارایم زۆر خراپە بەو پارەیەى وەرى ئەگرم کەمێک بارى دارایمى پێ باش ئەکەم و تاماوەیەک خاوخێزانى پێ بەخێودەکەم ! . 

لەبەر ئەوەى ڕاستگۆ بوو ڕازى نەبووین لەسەر بەخشینى گورچیلەکەى !  ، لەلایەک دڵخۆشبووم کەکەسێکى ڕاستگۆم بەدیکرد وە لەلایەکى ترەوە دڵتەنگبووم کەنەمتوانى یارمەتى بدەم وکارەکەى بۆ ڕاپەرێنم ، دڵنیاشم لەداهاتوودا بەزۆرەملێى ئێمە درۆئەکات بۆئەوەى خیزانەکەى لەوقەیرانە دەربکات  .

 ئەگەر بپرسین  ، بۆ ؟ بۆ داواکاریەکەمان بۆ جێبەجێ نەکرد ؟  لەبەرئەوەى ڕاستگۆیى ئێمە لەدرۆدایە ! ، ئێمە کۆمەڵگای درۆین و حەز بەدرۆئەکەین  ، بەدرۆ گەشە ئەکەین ، ئەتوانم بڵێم  نەک کۆمەڵگاکەمان تەنانەت یاساش لەم وڵاتە درۆیەکى قەبەیە ! سیستمى حکومڕانى بەزەبرى  یاسا سادەو کرچەکان درۆت پێدەکات  لەبرى چاککردنیان  .

بەپێى یاسا نابێت کەسى گورچیلەبەخش بەبەرامبەر ئەو کارە بکات ، باشە ئەى ئەو نەخۆشەى پێویستى بەگورچیلەیە چیبکات ؟ ….بمرێت ؟  بۆ لەڕاستیدا کەس هەیە گورچیلەیەک بەبێ بەرامبەر ببەخشێت ئەگەر پەیوەندیەکى نزیکى لەگەڵ نەخۆشەکە و کەسوکارى نەبێت  ؟  نەک عەقڵیەت و هزریشمان نەگەیشتوە بەو ئاستەى گورچیلەى مردوەکانمان ببەخشین بەو مرۆڤانەى  چاوەڕێى مردن ئەکەن  ، تەنانەت یاساکانیشمان لەو ئاستە پیرۆزەدانین  ، ئەى کەواتە چیبکەین ؟ درۆ بەخەڵکى بکەین ! یان هەوڵى چاککردن بدەین .

ئەگەر بەلۆجیک بیربکەینەوە نەک کیلویەک تەماتە ، بەڵکو یەک تەماتەشت لەبازاڕ بەبێ بەرامبەر دەست ناکەوێ ، ئەى کەواتە بۆ ئەبێت  بەخشینى ئەندامێکى گرنگى لەش بەبێ بەرامبەر بێت ؟ من لەگەڵ ئەوەم لایەنە مرۆڤایەتیەکە زاڵبێت بەسەرلایەنەکانى دى ، بەڵام بەم شێوەیەى ئێستا زوڵم لەو نەخۆشانە دەکەین کەپێویستیەکى زۆریان بەگورچیلەیە و خەڵکى هاندەدەین درۆبکەن !  لەبرى دانانى یاساو ڕێنمای  تایبەت بەبەخشین و فرۆشتنى گورچیلە کەلەبەرژەوەندى نەخۆش و هاوڵاتیدا بێت ، خۆ ئەگەر لەمەودوا گەشە بەکلتورى پێدانى گورچیلەو ئەندامەکانى ترى مردوەکانمان بدەین بەمەرجێک بەیاسا ڕێکبخرێت زۆر باشترە لەوەى خۆمان سورئەزانین دەڵاڵى گورچیلەکڕین و فرۆشتن چى لەگورچیلەکڕ و گورچیلەفرۆش دەکات ! .

درۆکردن لەلیژنەى بەخشینى گورچیلە بابەتێکى زۆر بچوک و بێبایەخە بەراورد بەدرۆکردن لەگشت سێکتەر و کایەکانى ترى ژیانى کۆمەڵگاى کوردى لەباشورى کوردستان  ، ئەم کۆمەڵگایە سەرتاپا بەدرۆ ئەڕوات بەڕێوە  ، درۆ لەهەرسێ دەسەڵاتەکەى کوردستانەوە ( دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى ، دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەگشت دامەزراوەکانیەوە ، دەسەڵاتى دادوەرى ) شۆربۆتەوە بۆخوارەوە بۆ ناوخەڵکى و سەپێنراوە بەسەریاندا ، هەمووشمان ئەزانین کێ بەرپرسە لێى ؟ .

 ئەگەر لەپیشەکەى خۆمەوە دەستپێبکەم وەزارەتى تەندروستى واپشانى خەڵکى ئەدات کەبەهەشتیکى بۆ هاوڵاتى دروستکردووە ! بەڵام پێچەوانەکەى ڕاستە ، ئەگەر نا  بۆبەرپرسەگەورەکانى تەندروستى متمانەیان بەدامەزراوەکانى خۆیان نییە و ڕوو لەدەرەوەى ئەو بەهەشتە ئەکەن بۆ چارەسەرکردنى خۆیان و کەسە نزیکەکانیان ؟ ، وەزارەتى تەندروستى واپشانى خەڵکى ئەدات کەگشت خزمەتگوزاریە تەندروستى و پزیشکیەکان بەخۆڕاییە ، بەڵام ئەمەش دوورە لە ڕاستیەوە  تەنانەت خزمەتگوزارى لەنەخۆشخانەى فریاکەوتن بەخۆڕایى نیە !  کەئەبوو ئەمەیان بەخۆڕایى بێت چونکە لەکاتى ڕووداوو و کارەسات یانەخۆشى کتوپڕ لەوانەیە کەست لەگەل نەبێت و پارەت پێ نەبێت ! .

سەنتەرە خیرخوازەکانى کەرتى تایبەتیش بەخۆڕایى نییە لەکاتێکدا ناوى خیرخوازیان لەخۆناوە ، جێى خۆیەتى بپرسم  ئایا خیرخوازى چ مانایەکى هەیە ؟ ئەوەندە درۆکان زۆرن لەژماردن نایەن بۆیە هەرئەوەندە ئەتوانم بڵێم هەمووان موزایەدە بەسەریەکەوە دەکەین لەخزمەتکردنى پزیشکى و تەندروستى ! بەڵام راستیەکان نادرکێنین ، درۆکان دەکەین بەڕاستى بەو مانایەى ڕاستیەکانى ئێمە لەدرۆدان  .

ئەگەر بێینە دەرەوەى سێکتەرى تەندروستى ئەوسا کارەساتە ڕاستەقینەکە بەچاوى خۆمان ئەبینین  ! گۆمەڵگایەک سەر تاپا درۆ ، ڕاستیەکانى لەدرۆدان ، پێچەوانەى ڕاستیە دروستکراوەکان ڕاستن ، وەک ئاماژەم پێدا درۆکان ئەوەندە زۆرن باسناکرێن ، بەڵام بەگشتى هەموومان واپشان ئەدەین حیزب حکومڕانى دەکات لەکاتێکدا حیزب ئامڕازێکى بێ روح و بێ گیانە بەدەست چەند کەس و بنەماڵەیەکى دەستڕۆیشتووەوە ، دەستڕۆیشتووەکان حیزب بەفریادرەس بۆ هاوڵاتى وێنادەکەن لەکاتێکدا هۆکارى گشت نوشت و قەیرانەکانن ، هۆکارى بەدیاردەکردنى درۆن بەزۆرەملێ و زەبرى یاسا ، هەرسێ دەسەڵاتەکەى کوردستان ( دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێرى ، دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەگشت دامەزراوەکانیەوە ، دەسەڵاتى دادوەرى ) بوون بەئامڕازێک بەدەستى حیزبەوە بۆ  گەوجاندنى هاوڵاتى و ڕازیکردنى کەسایەتى و بنەماڵەکان  .

حیزبەکانى کوردستان تەنیا لەبەر بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتى خۆیان لەیەک نزیک دەبنەوە و ڕێکدەکەون نەک لەبەر بەرژەوەندى گشتى گۆمەڵگاو هاوڵاتى ، حیزب لەم وڵاتە کۆمپانیاى بازرگانیە نەک ئامڕازیک بۆ پەروەردەکردنى کۆمەڵگاو نیشتمان پەروەرى ، ئەوەى بوونى نەبێت پەروەردەکردنى کۆمەڵگایە .

لەگەڵ ئەوەى درۆکان زۆرن بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستیەکان بشارنەوە ، بەڵکو تەنیا بۆماوەیەک دوایان ئەخەن  .

ئەگینا کێ هەیە لەکوردستان نەزانێت کەسە دەستڕۆیشتووەکان لەپشت دزینى سامانى سەر زەوى و ژێرخاکى کوردستانن ، کێ هەیە نەزانێت بازرگانیکردنى دەرمان ، جگەرە ، مشروب و … تاد بازرگانى دەستڕۆیشتووەکانە ؟

کێ هەیە نەزانێت بەبێ پێدانى پشک (حصة ) بەدەستڕۆیشتوویەک ناتوانێت هیچ کار و بەرژەوەندیەکى تایبەت ئەنجام بدەیت ؟

 کێ هەیە نەزانێت بەلایەنى کەمەوە زۆربەى هەرە زۆرى کۆمپانیاکانى کوردستان دەستڕۆیشتوویەکى لەپشتەویە ؟ ئەگەر لەڕاستیدا خاوەنەکەى نەبێت  .

کێ هەیە نەزانێت بەهۆى داواکردنى پشکەوە لەلایەن دەشتڕۆیشتویەک سەدەها پرۆژەى گشتى هەستیار پەکی نەکەوتبێت ؟

کێ هەیەنەزانێت نەک بەڕێوەبەرى گشتى تەنانەت وەزیریش خاوەنى بڕیارى سەربەخۆى خۆى نییە ؟ تائەو ساتە لەپلەکەیدایە کەڕاستیەکان لەدرۆوە بخولقێنێت بەپێچەوانەوە  پلەکەى لەدەست ئەدات .

نەتەوەى عەرەب وتەیەکى جوان و بەنرخیان  هەیە (( کلمة حق یراد بها الباطل )) پربەپێستى ئەم سیستمى حکومڕانیییەى کوردستانى باشورە  .

تاکە ڕاستى ئەم کۆمەڵگایە :  دەستڕۆیشتووەکان هۆکارى خوڵقاندنى ڕاستیەکانن لەدرۆوە  .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی