جیهاد محەمەد : کوژرانی ( بارزان رەشید ) ەکان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە راست تاوانی کوشتن‌و تیڕۆڕکردن تەنها لە سەر دەستی کۆیلەکانی حیزبە تیرۆرستەکانی پارتی‌و یەکێتیدا ئەنجام دەدرێت ؟

ئەو خوێندنەوەیەی پێی وایە تەنها کەسە نزیکە تیرۆستەکانی نزیکی پارتی‌و یەکێتی تیڕۆڕ ئەنجام دەدان خوێندنەوەیەکی دروستە ؟

تیڕۆڕکردنی سەدان ژن بە ناوی ناموسپارێزییەوە، تیڕۆڕکردنی دەیان کوڕی گەنج بە هۆکاری ناکۆکییە خێڵەکییەکان‌و لە سەرئەوەی ناو دەبرێت بە ( ئابڕوو ) سڕینەوە ، یان لە سەر کێشەی پارچە زەویییەک ، یان هەرچ کێشەیەکی دیکەی خێزانی . هەروەها تیڕۆرکردنی کەسە سیاسییە ئازاکان ، تیڕۆرکردنی کەسە رەخنەگرو نووسەرو رۆژنامە نووسەکان ، ئایا ئەمانە هەر کەسانێکی نزیک لە دەسەڵاتی سیاسییەوە ئەنجامی دەدەن ؟ یان ئەم دیاردەو کولتوورە زۆربەی چین‌و توێژەکانی گرتۆتەوە بە رێژەیەکی بەرزو نزم‌و بە گوێرەی رێژەی هۆشیاریی‌ چین‌و توێژەکان‌و بە گوێرەی هۆشیاری کەسەکان‌ ؟  

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بە کورتی هەوڵ ئەدام لە تیڕۆرکردنی ( بارزان رەشید ) ەوە بچمە ناو بابەتەکەوە .

کوژرانی ئەم گەنجە بێ تاوانە لە لایەن تاوانبار جەمال جەبار رەشید خەیلانی یەوە ، تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە ، کە تاوانبار کەسێکی سەربازیە بە پلەی نەقیب ، یان ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، یان نزیکە لە براکانی مەسعود بارزانیەوە ، یان خوشکەزای بەرپرسی لقی دووی پارتیە . ئەم تاوانبارە ئەگەر خاوەنی ئەم ئیمتیازە دەسەڵاتداریانەش نەبووایە ئەم تاوانەی هەر ئەنجام دەدا ، چونکە لە ژێر کاریگەری کولتووری تووندووتیژیدا گۆشکراوە . پێیوستە پێش ئەوەی ئیمتیازاتە دەسەڵاتدارییەکانی بخەینە روو ، ئەوە بخەینە روو ، کە ئەم کولتوورە قێزەونەی دەسەڵاتی سیاسیی بە درێژایی 25 ساڵ لە حوکمڕانی برەوی پێداوە ، سەرچاوەی دەیان تاوانی لەم جۆرەیە .

ئەم تاوانە‌و دەیان تاوانی دیکەی لەم جۆرە لە کوردستاندا لە ماوەی 25 ساڵی حوکمڕانی دەسەڵاتی سیاسیی ناسیۆنالیستی پارتی‌و یەکێتیدا پەیوەندی راستەوخۆی بەو تووندوتیژیەوە هەیە ، کە ئەم دەسەڵاتە سیاسییە قێزەونە دروستیان کردووە ، پێوەندی بە عەقڵیەت‌و کولتووری خۆ سەپاندن‌و خۆ بە زلزانین‌و بەرامبەر بە کەمزانین هەیە . پێوەندی بەو بارە دروونییەوە هەیە، کە هەرکەس دەمانچە تەقێن نەبێت ( پیاو ) نیە ، بێ شەهامەتە ـ ناجوامێرە ـ ترسنۆکە !. کەسانی ئارام‌و سڤیل‌و بێ وەی‌و خاوەن مۆراڵی بەرزی مرۆیی‌و مرۆڤپەروەر لەم کۆمەڵگایەدا بێ بەهایە ، هیچ قورساییەکی نییە لە لای دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵی پارتی‌و یەکێتی .

ئەم کولتوورو دیاردەی ئینسان کوشتنە ، لە شەڕە نەگریسەکانی چەندین ساڵەی نێوان حێزبە ناسیۆنالیست‌و ئیسلامییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە . لە عەقڵیەت‌و بیرکردنەوەی دواکەوتوویی‌و خێڵەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە سەرچاوەی گرتووە . لە سیاسەتی پاکتاوکردنی کەسە سیاسییەکان‌و ئەو کەسانەی لە رووی فکرییەوە ناکۆکن لەگەڵ فکری فاشیانەی ناسیۆنالستی‌و فکری فاشیانەی دینییدا سەرچاوەی گرتووە .

هەر ئەم حاڵەتەش وایکردووە لە خەڵک ، کە جارێکی دیکە پەنابەرنەوە بۆ برەودان بە خێل‌و بە دیوەخان‌و دروستکردنی دەمسپی‌و ریش سپی خێڵ ، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت لە حاڵەتێکدا ، کە تاوان بەرمابەریان ئەنجامدرا خێل بتوانێت تۆڵەیان بۆ بکاتەوە . ئێستا لە کوردستاندا لە لای خەڵک خێڵ‌و سەرۆکی خێڵ بە بەهاترو بەهێزتر لە پۆلیس‌و دادگاو دادوەر دادەنرێت . هەتا خێڵ وەستابێت ، کەس پەنا نابات بۆ پۆلیس‌و بۆ دادگاو یاسا ، چونکە رەشبینن لە دادگاو یاساو پۆلیسێک ، کە لە لایەن دەسەڵاتی فاشییانەو گەندەڵی پارتی‌و یەکێتیەوە قۆرخکراوە .

چەندین جار تاوانی وا دڕندانە بە بەرچاوی خەڵکەوە روویداوەو تاوانبارەکەش خزمی هیچ بەرپرسێک نەبووە ، یان سەر بەم دوو حیزبە نەبووە ، بەڵام هەر ئەم دوو حیزبەو دەسەڵات سیاسییەکەیان‌و حوکمڕانییەکەیان بەرپرسە لە هەموو ئەو تاوانانەی ، کە ئەنجام دەدرێت ، چونکە حوکمڕانی‌و پۆلیس‌و دادگاکان کۆمەڵە دامودەزگاو دامەزراوەیەکی حکومیین‌و لە ژێر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەڵدەسوڕێن .

پارتی‌و یەکێتی‌و سەران‌و بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە تەنها بەوە تاوانبار نین ، کە کەسە نزیکەکانیان، کۆیلەکانیان، گوێلەمست‌و گەجەروگوجەرەکانیان تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن . بەڵکو ئەم دەسەڵاتە سیاسییە ناشیرینە بەوە تاوانبارە ، کە بە حوکمڕانییەکی خێڵەکی‌و یاساو رێسای دارستان حوکمی خەڵک دەکات . کاتێک ئەم حوکمڕانیە هەموو دادگاکان‌و زۆربەی دادوەرەکانی قورخکردبێت لە پێناوی خۆسەپاندنی زیاتری بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆیدا ، کاتێکدا بە ئەمری پارتی‌و پشتیوانی یەکێتی بتوانێت لە ئانوساتێکدا پەرلەمان لە کاربخات ، بە ئارەزووی خۆی وەزیرەکانی گۆڕان بنێرێتەوە ماڵەوە ، پەلاماری بارەگاکانی حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان بدات ، بە زۆر سەرۆکێک بکات بە سەرۆکی هەرێم‌و هەرکەسێکیش رەخەنی لێبگرێت تەخوینبکرێت . لە خۆپیشاندانەکاندا دەیان کەس بکوژن ، دەیان سوکایەتی بە کچ‌و ژنە ئازاکانی ناو خۆپیشاندانەکان بکەن ، بە پاس‌و سەیارەی ئاسایش‌و دەزگا ئەمنییەکانیان کچانی خۆپیشاندەر بگوێزنەوە بۆ شوێنە دوورەکانی ناو شار ، گوایە بۆ ئابڕوبردنیان‌و داخکردن بە دڵی دایک‌و باوک‌و خێزانەکانیاندا ، هەروەها بۆ تۆقاندنیان . لەم حاڵەتی بێ سەروبەریی‌و جەنجاڵییەدا ، لەم حاڵەتی حوکمڕانە مافیائاساییەدا دەیان تاوانی وا روودەدات‌و رووشی داوە لە رابردووداو هیچ لێپرسینەوەیەکیش نەکراوە لە سەری . ئەگەر حوکمێک بە راستی حوکمی خەڵک بێت‌و لە خەڵکەوە هەڵبژێرداربێت ، ئەگەر ئەو خەڵکەی دەنگ بەم حوکمە دەدات رێزو شکۆمەندی هەبێت لای دەسەڵات ، ئەوە لە سەر بنەمای کۆمەڵێک یاسای مەدەنیانەو دیموکراتیانە حوکمڕانی دەکات . بەڵام چونکە دەنگدەرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، هەر ئەوەندە رێزدارو شکۆمەندن لای حیزبەکان تا دەنگ دەدەن ، بۆیە هەر زوو خەڵکیان بیر دەچێتەوە ، ئیتر بە پێی میزاج‌و بە پێی بەرژەوەندی خۆیان ، بە  رێسای قاچاخچێتی‌و سیاسەتی مافیایی حوکمڕانی خەڵک دەکەن .  

دەسەڵاتی سیاسیی نایەوێت مرۆڤی کورد ، مرۆڤی عەقڵانی‌و ئارام‌‌و مەدنی بێت . دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پێیخۆشە رۆژانە دەیان تاوانی وا رووبدات بۆ ئەوەی خەڵک تەنها بەم تاوانانەوە سەرقاڵبکات‌ و دەسەڵاتە گەندەڵە ناهەموارە ناشیرینەکەیان بیربچێتەوە ، کە سەرچاوەی هەموو کارێکی ناشیرین‌و دزێوە لە کوردستاندا .

بە داخەوە ، لە زۆربەی نووسینەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی‌و فەیسبووکدا ، لێکدانەوەیەکی رووکەش‌‌و هەڵە دەبینم . ئەم تاوانانە وا لێکدەدرێتەوە ، کە راستەوخۆ پێوەندی بەو کەسانەوە هەیە ، کە سەر بە دەسەڵاتن ، یان تەنها ئەو کۆیلەو گەجەروگوجەرانە ئەنجامی دەدەن ، کە لە سێبەری دەسەڵاتدان ، ئەمە هەڵەیەکە ، کە بیرمان دەباتەوە ، کە کولتوورو دیاردەی تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکیانە ، دەسەڵاتی سیاسیی بە گشتی‌و بە تایبەتی حکومەتەکەی هەردوو حیزبی پارتی‌و یەکێتی لێیی بەرپرسیارن . بۆیە هەموو تاوانەکانی کوشتن ، ئەگەر کەسانی سەر بە دەسەڵاتی سیاسیی ئەنجامی بدەن ، یان کەسانی دیکە ، ئەگەر پاکتاوو تیڕۆرێکی سیاسییانە بێت ، یان پاکتاوو تیڕۆرێکی خێڵەکیانە بێت ، ئەگەر کێشەی نێوان دوو کەسیش بێت ، ئەمانە هەمووی ئەو تووندووتیژیی‌و دیاردەو کولتوورە لێی بەرپرسیارە ، کە لە ماوەی 25  ساڵی دەسەڵاتی سیاسی پارتی‌و یەكێتیدا هاتوەتە ئاراوەو برەوی پێدراوە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت