کامەران وریا قانع : ئاسایش و بێده‌نگى .

له‌ ساته‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ 2011 وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووى ئه‌مریكا خانمه‌ كوندلیزا رایس ده‌ڵێت : ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ى 50 ساڵ دیموكراسى كرده‌ قوربانى ئاسایش له‌ ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست ، له‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌ ساته‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ 2011 وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى پێشووى ئه‌مریكا خانمه‌ كوندلیزا رایس ده‌ڵێت : ئه‌مریكا بۆ ماوه‌ى 50 ساڵ دیموكراسى كرده‌ قوربانى ئاسایش له‌ ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست ، له‌ ئه‌نجامدا نه‌ ئاسایشى ناوچه‌كه‌ دابین كرا نه‌ دیموكراسى .

ئه‌م بۆچوونه‌‌ زۆر راستیشه‌ بۆهه‌رێمى كوردستان ، ئه‌گه‌ر پشتگیرى ئه‌مریكا بۆ ده‌سه‌لاتدارانى هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ بێت كه‌ ئاسایشى هه‌رێمى پاراستوه‌‌ و كه‌شێكى ئارامى دروست كردوه ‌، ره‌نگه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ى به‌هارى عه‌ره‌بی دووباره‌ بكاته‌وه ‌، چونكه‌ چاو داخستنى ئه‌مریكا له‌م دوخه‌ى پڕ ناعه‌داله‌تى وپڕ یاسا شكێنیه‌ى هه‌رێم ، له‌ ئه‌نجامدا نه‌ ئاسایشى هه‌رێمى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ نه‌ دیموكراسى . ئه‌گه‌ر هێزێكى وه‌ك پارتى به‌ نموونه‌ وه‌رگرین كه‌م به‌رده‌وام شانازى به‌ ئاسایشى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌لاتى ئه‌كات ، به‌رده‌وام ئه‌و گوتاره‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆیی ئه‌دات ، كه‌ هه‌رێم خه‌ونێكى جیاوازتره‌‌ له‌ عێراقێكى شكستخوارد ، به‌ڵام بۆ هه‌ر چاودێرێكى ئاسایی روون ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گوتاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك بێت راست نیه‌ . دنیا بینى پارتى بۆ چه‌مكى ئاسایش بریتییه‌ له‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى بنه‌ماڵه‌یی به‌ هه‌ر نرخێك بێت ، بۆ نموونه‌ په‌رله‌مان له‌ كار ئه‌خرێت چونكه‌ ئاسایشى سه‌رۆك له‌ خه‌تردایه ‌، دادگاكان ئه‌كرێن به‌ كارتۆنى بۆ دابینكردنى ئاسایشى مافیاكانى گه‌نده‌ڵى . هاولاتى له‌سه‌ر فول لایتێك ئه‌كوژرێت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان قسه‌ ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئاسایشى پیاوانى حزب تێك نه‌چێت . چه‌ندین نموونه‌ى تر وه‌كو سه‌رده‌شت عوسمان و ناز یه‌عقوبى پارێزه‌ر و … هتد . كه كه‌یسه‌كانیان وا ته‌ماشا ده‌كرا كه‌ هه‌ره‌شه‌ بن بۆ سه‌ر ئاسایشى نوخبه‌ى ده‌سه‌لات .
ئه‌م جۆره‌ دۆخه‌ پڕ ترسه‌ پرۆسه‌یه‌كى دروستكراو پلان بۆ دارێژراوه‌ ، له‌م دۆخه‌دا هاولاتى به‌رده‌وام ناچار ئه‌كرێت كه‌ حه‌زێكى سه‌یرى هه‌بێت بۆ دروست كردنى دیوار له‌ نێوان خۆیی كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ى تواناى ژیانى بمێنێت ، ( له‌ ژیانى كۆمه‌لایه‌تى دروست كردنى دیوار زیاتر بۆ خۆ پاراستن و جیاكردنه‌وه‌یه‌ ) ، ئه‌م دیوار دروستكردنه‌ دواجار ده‌یكات به‌ كائینێك كه به‌رده‌وام چاوه‌روانه ئه‌وانیتره گۆرانكارى بكه‌ن له‌و دیو دیواره‌كه‌وه‌ ‌، له‌ هاولاتیه‌كى چالاكه‌وه‌ ئه‌بێته‌ ته‌ماشاكه‌رێكى بێ ئیراده‌ . به‌رده‌وام چاورێی معجیزه‌یه‌كه‌ ئاسایشى راسته‌قینه‌ى بۆ بگه‌رێنێته‌وه‌ . مرۆڤ له‌م جۆره‌ شارانه‌ و له‌ ژێر ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌لاته‌ ئه‌وه‌نده‌ بچوك كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ داواكاریه‌كى نه‌مینێت له‌ ژیانى یاخود داواكاریه‌كانى ئه‌وه‌نده‌ بچوك ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ شایه‌نى پێكه‌نین بێت وه‌كو ( داوا كردنى موچه‌ له‌ كاتى خۆیی بدرێت !!) . ته‌سلیم بوونى تاكى كوردى به‌ ده‌سه‌لات له‌ ئه‌مرۆدا ، زۆر له‌ دۆخى جوله‌كه‌كانى ‌ رووداوى هۆلۆكۆست ئه‌چێـت . ئه‌لمانیيه‌كان ئه‌وه‌نده‌ جوله‌كه‌كانیان ئیهانه‌ كرد بوو به‌ جۆرێك زۆرترین پرۆسه‌ى هۆلۆكۆستیان به‌ جوله‌كةكان خۆیان ئه‌سپارد ، هه‌ر له‌ رووت كردنه‌وه‌ى گیراوه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌كانیان تاكو خنكاندیان له‌ ژووره‌كانى غاز و تا سووتاندنیان له‌ مه‌حره‌قه‌كان . هه‌روه‌ها له‌ كوردستانیش هه‌مان پرۆسه‌ دووباره‌ ئه‌بێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ مانگرتنى مامۆستایان له‌ هه‌رێم به‌ گشتى هه‌ر به‌رپرسانى مامۆستایان و ماموستاى سه‌ر به‌ ده‌سه‌لات بوون دژى مانگرتنى مامۆستایان قسه‌یان ده‌كرد و به‌ كارێكى بێ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاره‌تى وه‌سفیان ئه‌كرد ، هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ وه‌ڵامى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ئه‌داتاوه‌ كه‌ داواى باشتر كردنى دۆخی ژیانیان ئه‌كه‌ن ، به‌ جۆرێك هه‌ر چینه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكى سه‌ر به‌ ده‌سه‌لاتى هه‌یه‌ كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر چینه‌كه‌ى خۆیی له‌ كاتى ناره‌زاییه‌كان .
له‌ كۆتایی هه‌رگیز دابین كردنى ئاسایشى نیشتمان جیاوازتر نیه‌ له‌ ئاسایشى مرۆڤه‌كان ، ئاسایشى مروڤیش زیاتر رێز گرتنى كه‌رامه‌تیه‌تى به‌ دابین كردنى پیداویستیه‌ مادییه‌كان و روحیه‌كانیه‌تى له‌ یه‌كسان بوونى ماف و ئه‌رك بو هه‌مووان به‌ بێ گوێدانه‌ باكگراونى تاكه‌كان . ئه‌و بێده‌نگیه‌ى ئه‌مرۆى كۆمه‌ڵگاى كوردى له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو كاره‌ساتانه‌ ماناى دابین كردنى ئاسایش نیه‌ ، به‌ڵكو دابه‌شكردنى ترسى ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دوا رۆژى خۆیی . ده‌سه‌ڵاتێك پێش هاوڵاتى ئاسایی ده‌زانێت ، كه‌ هیچ شه‌رعیتێكى نه‌ماوه‌ ته‌نها ده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانى و چه‌قۆى جه‌لاده‌كانى نه‌بێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
کامەران وریا قانع

ئەرشیڤی بەڕێز: کامەران وریا قانع