نەوزادی موهەندیس : ئەردۆگان هیتلەری سەدەی بیست و یەكەم !

ئاشكرایە كە توركیای عوسمانی لەكۆتاییەكانی تەمەنیدا لە ساڵانی 1914 – 1918دا بوە لایەنگر و هاوپەیمانی وڵاتانی میحوەر بە ڕابەرایەتی ئەڵمانیا و ئەنجامیش شكست و لەناوچوون و دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی نەخۆشی عوسمانی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشكرایە كە توركیای عوسمانی لەكۆتاییەكانی تەمەنیدا لە ساڵانی 1914 – 1918دا بوە لایەنگر و هاوپەیمانی وڵاتانی میحوەر بە ڕابەرایەتی ئەڵمانیا و ئەنجامیش شكست و لەناوچوون و دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی نەخۆشی عوسمانی لێكەوتەوە . بۆ دووەم جاریش لەسەدەی بیستدا جارێكی تریش توركیای ئەتاتوركی بوەوە لایەنگر و هاوپەیمانی ئەڵمانیای هیتلەری و ئیتالیای مۆسۆلینی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە 1939-1945 و بەهەمان شێوەش جارێكی تر شكست و سەرشۆڕی سیاسی و ئابوری توشی توركیا هاتەوە .

هەردوو ئەو ئەزمونە شكستخواردوەی توركیا لە ئەنجامی غرور و خۆ بەزلزانین و توشبونی بە شێتێتی گەورەیی و داگیركردن و خۆفراوانكردن لەسەر حسابی خاك و گەلانی ناوچەكەبوو ، بەهەمان شێوە باكگراوندە دڕەندەیی و خۆشی بین لە توندوتیژی و ڕشتنی خوێن و فرمێسك لەلای تاك و سەركردەی توركەكان هەمیشە بە زەقی و تۆخی ماوەتەوە لەهەموو قۆناغ و سەردەمەكاندا .
هەربۆیەشە لە ئێستادا حكومەت و دەسەڵاتی توركیا كە لەلایەن تاكڕەوی سەدەی بیست و یەكەم و سەركردەی ئاكپارتی لە 2002 وە بەتەنها و بێ‌ ڕكابەر و هاوبەش هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی دەوڵەتی توركیای گرتۆتە دەستەوە و بەهیچ جۆرێك نەرمی نانوێنێت و بەهەموو پەنجەكانیەوە و بەوپەڕی توندیەوە دەستی بە دەسەڵاتەوە گرتوە و لە پێناو مانەوەی خۆی بەپلەی یەكەم و حیزبەكەشی بە پلەی دووەم هەموو ڕێگاكانی گرتۆتە بەر ، هەر لە دوژمنایەتی و دەركردنی هەڤاڵەكانی دوێنێی و دوژمنایەتی تەواوی حیزبە سیاسی و سەركردەكانی توركیا و دوژمنایەتی سەرجەم گەلانی توركیا بە عیلمانی و ئیسلامی و نەتەوەیی و مەزهبیانەوە و دوژمنایەتی دەنگ و ڕەنگە ئازادی و دیموكراسیخوازەكان و میدیا و ڕۆژنامەگەری ئازاد ، دوژمنایەتی ئاشتی و پڕۆسەی ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەمواندا .. بەم جۆرە ئەردۆگان و حیزبەكەی كە دروستكراوی خۆیەتی بونەتە مۆتەكەیەك و نزیكەی 14 ساڵە خۆیان سەپاندۆتە سەر سنگ و نەفەسی دەوڵەت و دەسەڵاتی توركیا .
ئەردۆگان لەدوای 14 ساڵی دەسەڵاتی ڕەهای لە توركیادا هەر لەسەرۆك حیزب و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریەوە لەسەرەتاوە بیرۆكەی زیندووكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سوڵتانە عوسمانیەكانی لە مێشكدا بوە و بەرنامە و پیلانی بۆ داناوە و لە ئێستادا گەرەكێتی كە سیستەمی حوكمڕانی لە توركیادا بگۆڕێتە سەر سەرۆكایەتی و بەمەش خۆی دەكاتە بكوژ و ببڕ لە توركیای بەناو عیلمانی و ئەتاتوركی و دیموكراسیدا و بەمەش جارێكی تر توركیا دەگەڕێتەوە بۆ سروشتە دڕندەیی و خوێنڕێژ و زاڵم و چەوسێنەرەوەی هەموو گەلانی ناو توركیاو دەست دەكاتەوە بە قاتوقڕ و جینۆسایدی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانی ئەرمەن و كورد و عەلەوی و چەركەس و عەرەب وئاشوری و … هتد .

ئەردۆگان گەرەكێتی لەسەدەی بیست و یەكدا ئەزمونە شكستخواردوەكانی سەردەی بیست دووبارە بكاتەوە بەوەی كە ببێتە هیتلەری سەردەم و لە لێدوانێكی خۆیدا نەیشاردەوە كە ( هیتلەر جێگەی سەرنج و ئیعجابێتی و دونیای ئێستا پێویست بە چەند هیتلەرێكی نوێ‌ دەكات بۆ بەڕێوەبردنی ) . بەم شێوەیە باكگراوندە تۆرانی و توندوتیژیە توركیەكەی تۆخ بۆتەوە و لەماوەی ئەم دووساڵەی ڕابووردوودا و لەوكاتەوەی چەتەكانی داعش بەرۆكی ناوچەكەیان گرتوە لە سوریا و كوردستان و عێراق ، ئەردۆگان گەرەكێتی خەونە زڕەكانی لە ڕێگەی پاڵپشتی و لایەنگیری داعشەوە بێنێتەی دی و خۆی بكاتەوە بە دەمڕاست و خەلیفەی ئیسلام و مسوڵمانان ، لە پێناو گەیشتن بەو ئاواتەشیدا پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەكانی لەگەڵ دەرودراوسێ‌ و وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت ڕوسیا و ئەمریكاشدا تێكداوە و بەهەموو لایەكدا هەڕەشە و گوڕەشەی كوشتن و خوێنڕشتن دەكات ، و تەقینەوە خۆكوژیەكانی پاریس و بەلجیكا و سوید و نەرویج و ئەڵمانیا و … هتد . و دوژمنایەتی كورد لە باشوور و باكور و ڕۆژئاوای كوردستانیش كە بونەتە سیمبولی ئازادی و دیموكراسی و قەڵغانی هەموو جیهان بەرامبەر تیرۆری چەتەكانی داعش و بەمەش ئەردۆگان توشی نەخۆشی ( دژە كورد ) بوە و هەر ئەم دژایەتیەشی بۆ كورد كردویەتیە دڕندەیەك لای ئەمریكی و ئەوروپیەكان و پەیوەندیەكانیانی لاواز كردوە ، نمونەی زیندوون بۆ دەستێوەردان و هەڵخلیسكانی ئەردۆگان و حیزبەكەی بۆ كاری تیرۆریستی و تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و دونیاش و كاركردن بۆ گەورەكردنی شەڕەكە و دەرچوونی لەچوارچێچوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەردۆگان و توركیا لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی سیاسی و ئابوریدان چونكە هەڵەكانی ئەردۆگان لەگەڵ دەرودراوسێدا و لەگەڵ گەلانی ناوخۆی و بەتایبەتیش كورد و مەسەلەكەیدا و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشدا وایانكردوە كە سەرەتا ئاكپارتی ڕووبەڕووی ململانێی باڵەكانی ناوخۆی ببێتەوە و نمونەی دەرچوونی عەبدوڵا گویل و داود ئۆغڵو و سەركردەكانی تریش سەرەتای كۆتایی دەسەڵات و یەكگرتویی و بەهێزی ئاك پارتیە و پاشگەزبونەوەشی لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورددا ( هەدەپە و پەكەكە ) دا سەرەتای گەڕانەوەیە بۆ دۆخی نەوەدەكانی سەدەی ڕابوورد و دەسەڵاتی عەسكەر و تێكدانی پەیوەندیە سیاسی و سەربازی و ئابوریەكانیشی لەگەڵ سوریا و عێراق و ڕوسیا و میسر و ئیسڕائیلیش توركیای لەناوچەكە دابڕیوە و قەتیس و لە قاڵبی داوە ، پشتیوانی ئاشكرا و نهێنی لە چەتەكانی داعش و تیرۆریستان پەیوەندیەكانی ئەوروپا و ئەمریكاشی لەرۆزك كردوە . بۆیە بەردەوامبوونی ئەردۆگان لە سەر سەركێشی و سەرەڕۆیی و خۆبەزلزانین و هەڵەكانی، بەدڵنیای ئاكپارتی و توركیا بەرەو خوێنڕێژی زیاتر و دابڕان و پەراوێزخستنی زیاتر دەبات و ئایدەشی بەرەو تونێلێكی تاریك ئاڕاستە دەكات و دواتر ناوچەكەش گیرۆدەی جەنگێكی درێژخایەن دەكات و دووریش نیە ئەم جەنگە درێژەی هەبێت و زلهێزەكانی دونیاش بەشدار ببن و هەموو دونیاش بگرێتەوە ، بەمەش ئۆباڵی هەڵایسانی جەنگێكی نوێی جیهانی دەكەوێتە ئەستۆی ئەرۆگان و توركەكان ( هیتلەری سەدەی بیست و یەكەم ) ، هەروەك چۆن جەنگی جیهانی دووەم ئۆباڵی هەڵایسانی و زەرەرو زیانە مرۆیی و مادیەكانی كەوتۆتە ئەستۆی هیتلەر و ئەڵمانیای نازیەوە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕیکانت .

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس