sikes_biko

بورهان شێخ ڕەئوف : پاش سەدەیەک لە سایکس _ بیکۆ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەد ساڵ پێش ئێستا ڕێکەوتننامەى سایکس _ بیکۆ لە نێوان هەردوو دەوڵەتى شانشینى یەکگرتوو ( بەریتانیا ) و فەرەنساو بە پشتیوانى ڕووسیاى قەیسەرى هاتە واژۆکردن لە نێوان هەردوو دیبلۆماتکار فرانسۆ جۆرج بیکۆ ى فەرەنسى و مارک سایکسى بەریتانى کەهەر لە مانگى تشرینى یەکەمى 1915 ەوە تاوەکو مایسى 1916 ى خایاند کە پێویستە بووترێت کە هەموو ئەو وتوێژو لێک تێگەیشتنانە بە شێوەیەکى زۆر نهێنى دوور لە چاوى ڕاگەیاندنەکان بەڕێوە دەچوو بە پشتگیرى ڕووسیاى قەیسەرى بۆ دابەشکردنى ئەو خاکانەى کە لە خۆرئاواى ئاسیا لە ژێر حوکمڕانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانیدا بوون واتە ئەو ناوچەیەى ناسراوە بە هیلالى خەسیب .
ئیتر لەناکاو کە شۆڕشى ئوکتۆبەر لە ساڵى 1917 لە ڕووسیا سەرکەوت و بوولشەویکەکان بە سەرۆکایەتى فلادیمیر لینین دەسەڵاتى ئەو وڵاتەیان گرتە دەست هەموو بەڵگەنامەکان ئاشکرا بوون و بووە مایەى ناڕەزایى و بێزارى گەلانى ناوچەکە کە بەدەر لە خواست و ئارەزووى خۆیان چارەنووسیان دیارى بکرێت .
بەڵێ هەموو ئەو ڕێکەوتن و پێشنیارو نەخشە کێشانانە لە کاتێکدا دەکرا کە هێشتا دەوڵەتى عوسمانى حوکمڕان بوو قەڵەمڕەوەکەى ناوچەیەکى هێجگار پان و بەرین بوو کە گاڵتەى پێنەدەکرا ، بەڵام ئەمان واتە ئنگلیزو فەرەنسیەکان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەى کە دەوڵەتى عوسمانى کە ئەوکات پێیان دەگووت پیاوە نەخۆشەکە تەواو بووەو لە گیانەڵادایە پێویستە میراتەکەى دابەشبکرێت .
بەڵێ ڕێکەوتنامەو لێک تێگەیشتنەکانیان بۆ ئەوە بوو کە دەستکەوتەکانى ئەو جەنگە جەنگى جیهانى یەکەم لە نێوان خۆیاندا بەش بکەن و ناوچەکە دووربخەنەوە لەئەگەرى هەر شەڕو پێکادانێکى خوێناوى تر بەڕاى ئەوان .
ئەگەرچى ئەم ڕێکەوتننامە وەکو هەنگاوێکى سەرەتایى بوو بۆ دابەشکردنى ناوچەکە بەڵام دواتر ناکۆکى و ململانێى زیاتر سەرى هەڵدا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا و نەخشەکان گۆڕانکاریان بەسەرهات و شێوەى ترى وەرگرت .
هەرلەو سەروەختەدا کە ڕەنگ ڕێژى تازە بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین دەکرا پەیمانى وەزیرى دەرەوەى بەریتانیاى مەزن ( ئارسۆر جیمس بیلفۆر ) کە دواتر بە بەڵێنى بیلفۆر ناسرا لە نۆڤەمبەرى 1917 ڕاگەیەنرا کە بەڵێنى بە ڕەوەندى جوولەکەدا لە وڵاتەکەیدا کە نیشتمانێکى نەتەوەیى یان لەسەر خاکى فەلەستین بۆ دروست بکات ، هەروەها نامە گۆرینەوەکانى نێوان شەریف على کوڕى حسین لە حیجاز و هنرى میکماهون ى کۆمیسیارى سامى بەریتانیا لە میسر کە باسى لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى سەربەخۆى بۆ عەرەب دەکرد . هەموو ئەمانە لە پشت دەرگاکانەوە باسى لێوەدەکرا وەکو جۆرە بەڵێن و ڕێخۆشکردنێک بوو بۆ مەرام و بەرژەوەندیەکانى ئەو دوو وڵاتە .
هەروەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا ئەم ڕێکەوتنامە بە نهێنیەکى زۆرەوە نەخشەى بۆ دەکێشرا تا دواتر دواى سەرکەوتنى شۆڕشى ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ساڵى 1917 لیۆن ترۆتسکى کۆمیسیارى سیاسەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە پەردەى لەسەر هەڵماڵى ئەمە چ نەخشەو پلانێکى ئیمپریالیستانەیە و خزمەت بە گەلانى ناوچەکە ناکات هێندەى پارێزگارى لە بەرژەوەندییەکانى ئەو وڵاتە زلهێزانە دەکات و پیلانێکى گەورە و سامناکە بۆ گەلانى ناوچەکە بە گشتى و کورد بە تایبەتى کە زەرەمەندى یەکەم و کۆتایى ڕێکەوتننامەکە بوو کەتائێستەشى پێوە بێت باجى ئەو ڕێکەوتننامە شوومە دەدات .
بەڵى کورد زەرەرمەندى گەورەو یەکەمى و کۆتایى ڕێکەوتننامەى سایکس _ بیکۆ بوو ، ئەگەرچى گۆڕین و دەستکاریکردنى سنوورى وڵاتان هێندە کارێکى ساناو خۆشدەست نیە وا بە کۆبوونەوە و بڕیارێک بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە ، ئەگەرچى هەشت مانگ کۆبوونەوەو پلان و ڕا گۆڕینەوە لە نێوان ئەو دوو دیبلۆماتکارەى ئەو دوو وڵاتەدا ئنجا گەیشتنە ڕێکەوتنەکەو دواتر ڕێکەوتنامەى سیڤەرلە ساڵى 1920 واژۆ کرا ، کە دان بەوەدا دەنێت دەوڵەتێکى نەتەوەیى بۆ کورد دابمەزرێت لە ڕۆژهەڵاتى ئەنازۆڵ کە زۆرینە دانیشتوانەکەى کوردن . بەڵام مەخابن ئەمیش جێبەجێ نەکرا بە هۆى سەرهەڵدانى بزوتنەوەى نەتەوەیى تورک بە سەرکردایەتى مستەفا کەمال ئەتاتورک .
ڕێکەوتننامەى لۆزان جێگەى گرتەوە لە ساڵى 1923 کە دان بە دەوڵەتى تازەى تورکیادا دەنێت لە ڕووى یاساییەوە دەوڵەتى عوسمانى ئیتر ناوى نامێنێت و هیچ باسێک لە کوردو مافەکانیان ناکات و لێرەوە ئیتر کورد وەکو گەلێکى گەورەى دابەشکراوو پشتگوێ خراو هەست بەو زوڵمە مێژووییە مەزنە دەکات کە لێیکراوەو ، لەوساوە تا ئێستە کورد لە هەر چوار وڵاتى عێراق و تورکیاو سوریا و ئێران هەرچەندە کوردستانى ڕۆژهەڵات لە شەڕى چاڵدێرانەوە ، ساڵى 1517 بەر دەوڵەتى سەفەوى کەوت لە شۆڕش و بەرخۆداندایە بۆ پارێزگارى لە بوون و مانەوەو بە دیهێنانى مافە ڕەواکانى کە لە سەد ساڵى ڕابردوودا مێژووى ناوچەکە گەواهى جینۆسایدو مەرگەساتەکانى کورد دەدەن کە ئێستا ناکرێت لە وتارێکى ئاوادا هەمووى باسبکەم .
لە کۆتاییدا دەڵێم : پێش سەد ساڵ دیبلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکان زۆر بێ ویژدانانەو کەللەڕەقانە بەبێ ویستى گەلانى ناوچەکە ئەو نەخشەیان داڕشت و لەسەر خاکى واقیع جێبەجێ یان کرد . ئایا ئێستا لە پاش سەد ساڵ کە بارودۆخى ناوچەکەو جیهان زۆر گۆرانکارى گەورەو جەوهەرى بە سەردا هاتووە ، ئایا هەوڵنادەن ئەو زوڵمە ڕاست بکەنەوە ؟
ئەگەر جاران کە بەریتانیاو فەرەنسا هێزى زل و دەستڕۆیشتوو بوون لە ئاستى جیهاندا ، ئەوا ئێستا ئەمریکاو ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێو دەوڵەتى زۆر ناوەندى بڕیار و هێزى تازە پێگەیشتووى تر هەن هەر لە چین و یابانان و ئەڵمانیاو ڕووسیاو هێزى ئیقلیمى تر کە پارسەنگى هێزو هاوسەنگى بەرژەوەندییەکان دەپارێزن .
بەڵێ لەو کاتەوەى کە تیرۆریستەکانى دەوڵەتى ئیسلامى داعش خاڵى چاودێریە سنووریەکانى نێوان عێراق و سوریایان تەقاندەوەو پێش دووساڵ و ڕایانگەیاند کە ڕێکەوتننامەى سایکس _ بیکۆ هەڵوەشایەوە هەرچەندە ئەو سنوورانە دواتر و لە کۆتایى بیستەکاندا بە ڕێکەوتنەکانى ئینتدابى فەرەنسى وبەریتانى دیاریکرابوون .
ئێستا ئەوەى لە عێراق دەگوزەرێت هیچ ماناو مەدلوولێکى دەوڵەتێکى یەکگرتووى نەماوەو شیعە لە باشوورو کورد لە باکوورو سونەش لە ناوچەکانى خۆیان کە هەندێکى لە ژێر دەستى داعشدایە لە ژیانێکى کوولەمەرگى پڕ قەیران و ئاڵۆزى دان .
سوریاش لە ساڵى 2011 ەوە لە شەڕو پێکدانێکى خوێناویدایە کەنیوەى دانیشتووانى ئەو وڵاتە ئاوارەى وڵاتانن .
تورکیاش لە باکوورى کوردستان شەڕو پێکادانى خوێناوى لە ئارادایە لە دواى شکست هێنانى پرۆسەى ئاشتى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد و پێشبینى ئاڵۆزى زیاترى لێدەکرێت .
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ناوچەکە بە گشتى و ئەو ناوچانەى بەو ڕێکەوتننامە دابەش کراون خوێنى لێ دەچۆڕێت ئایا کۆمەڵگاى نێو دەڵەتى تا ئێستاشى پێوەبێت کە پێداگیرى لەسەر مانەوەى هەمان سنوور دەکەنەوە کەى بە بڕیارەکانیاندا دەچنەوەو و دواى سەد ساڵ ماڵوێرانى و شەڕو بە فیڕۆدانى سامان و داهاتى ناوچەکە .
ئەو خاڵەى زۆر گرنگە بەلامەوە کۆتایى وتارەکەمى پێبهێنم ـ سەرنجێکە کە چۆن سەرەتاى دامەزراندن و ڕەنگڕێژى ئەم سنوورانە کاتێکى زۆرى ویست هەر لە ساڵى 1916 ەوە و دواتر تا ڕێکەوتننامەى لۆزان لە 1923 درێژەى کێشا و ، ئاواش هەڵوەشانەوەى ئەم سنوورانە کاتى زیاتر و بگرە ئاڵۆزى زیاترو قەیرانى گەورەتردەخوڵقێنن کە لە ساڵى 1991 ەوە دەستى پێکردووە دواى ڕاپەڕینى بەهارى 1991 لە باشوورى کوردستان دواتر ڕاگەیاندنى فیدراڵى لە ساڵى 1992 و ، وا لە ئێستاشدا ڕاگەیاندنى فیدراڵى لە خۆرئاواى کوردستان و ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرى خۆسەرى لە باکوور سەرەتاى کۆتایى داوەشان و داڕزان و هەڵوەشانەوەى ئەو سنوورانەن .

کلیک بکەرە سەر سمولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت