نەبەز گۆران : سۆرانیە ئاست نزمەكانی ناو پارتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی جێگەی سەرنجە ، ئەو ئاستە نزمەی سۆرانیەكانی ناو پارتیە . هەڵەبتە كەس قسەی لەسەر ئەوە نیە بۆچی پارتین ، كەسیش قسەی لەسەر ئەوە نیە پارتی بن یان نا ، لێ‌ ، سەرنجەكە لەسەر ئەوەیە بۆ چی هێندە ئاستیان نزمە ؟ بۆچی كاتێك دەم دەكەنەوە یەك ژینگەی تەواو بە خۆیانەوە پیس دەكەن ؟ بۆچی دهۆك ـیەك ، یان بەرزانی ـیەك ، كە خاوەنی راستەقینەی ئەو حیزبەن ڕێگا بەخۆیان نادەن لەو ئاستە نزمەدا دەركەون ؟ ئایا قوتێك نان ئەوە دەهێنێت مرۆڤ ئەوەندە ئاستی خۆی نزم بكاتەوە بۆی ؟ ئایا ئەمانە لە بنەرەتدا ماهییەتیان خاڵیە ، یان چەمانەوەی ئەو ئاستەیان پێباشترە ؟ ئایا ئەو رۆحە وێران و ئاست نزمە چییە لەواندا هەیە ؟ ئەمانە و كۆمەڵێك پرسیاری تر ، هەقی ئەوەیان هەیە قسەیان لەسەر بكرێت .

پارتی حیزبێكە هەركەسێك بیەوێت یان نەیەوێت ، هی خێڵێكە . لێ‌ ، ئەگەر ئەم ( 15 ) ساڵەی رابردوو بكەمە كەوانەی بابەتەكەم . لەو (15) ساڵەی رابردوو كە لە گەڵ هاورێكانم كاری میدیایی ، كاری رۆژنامەوانی و رەخنەگرتمان كردووە ، هیچ كات نە من ، نە هاوپیشەكانم ، بڕوا ناكەم لە لایەن (بارزانییە) كی راستەقینەوە ، سوكایەتی ، هەرەشە ، جنێوی پێدرابێت یان پەلاماردرابێت ! هەرچی رووبەرووی ئێمە ، یان هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی پارتی دەكرێن ، بریتین لەو سۆرانیانەی ، كە رۆحێك و ئاستێكی ئەوەندە لاوازیان هەیە ، چاوەرێی هەموو شتێكیان لێدەكرێت ، جگە لە كاری مەردانە ! چاوەڕێی هەموو ئاستێكی لاواز و نزمیان لێدەكرێت ، جگە لە ئاستێكی بەرز .
دەبێت بپرسین ، بۆچی ( بارزانییەكان ) كە خاوەنی ئەو حیزبەن ، چ لە رووی بڕیارەوە ، چ لەرووی مێژووییەوە ، چ لە رووی ئابووری و سیاسییەوە ، هەرگیز رێگا بە خۆیان نادەن وەك سۆرانییەكان ئاستی خۆیان نزم بكەنەوە ؟ ئەی بۆچی سۆرانییەكان زۆر نا ، كەمێك سود لەوان نابینن و لەو ئاستەی خوارەوە بێنە سەرەوە و هەوڵبدەن وەك ئەوان بن ؟ ( خوێنەری بەرێز ، لەناو هەموو بارزانییەكاندا ، تەنها دووانیان جاربەجار ئاستی نزمی خۆیان دەردەخەن ، ئەو دووانەش كوڕە جاشن ، خۆیان لەناو خۆیاندا بە كوڕە جاشەكان ناویان دەبەن  .
بەڵام لەبەرامبەر ئەو دووانەدا ، دەیان سۆرانی هەیە ، لەگەڵ دەمی كردەوە ، لەگەڵ دەستی بۆ شتێك برد ، پێش كەوتنە خوارەوەی وشەكەی دەمی و ، پێش دەستبردن بۆ شتەكە ، خۆی هێندە نزم دەكاتەوە ، ئیدی جگە لە ژینگە پیسكەرێك هیچی سودێك بە ژیان و سیاسەت و دونیا ناگەیەنێت .
تۆ بڵێیت : سۆرانییەكانی ناو ئەو حیزبە هەستیان بەو نزمییەی خۆیان كردبێت ؟

بڵێیت : جارێك بۆ جارێك نەبووبنە جێی گاڵتەی بارزانییەكان ؟

بڵێیت : بارزانییەكان یان دهۆكییەكان رۆژێك پێیان نەوتبن : پێویست ناكات ئەوەندە ئاستی خۆتان نزم دەرخەن ؟

بڵێیت: تامی ئەو لەتە نانە بكەن كە بەو ئاستە نزمە دەیاندەدرێتێ‌ ؟
كۆی ئەوانەی لە خواری خوارەوە خۆیان دەبیننەوە و هەمیشە بە ئاستێكی نزمەوە دێنە گۆ ، بریتین لە سێ‌ تاقم :
تاقمی یەكەم : پێشوتر لەسەردەمی ( بەعس ) قەڵەمی بەعس بوون . هەرچۆن ئێستا خەریكی نیشاندانی ئەو ئاستە نزمەی خۆیانن ، لەسەردەمی بەعیش هەمان شتیان دەكرد .  بۆ زیاتر زانینی ناوەكانیان ، بچۆ ئەرشیفی بەعس بخوێنەوە .
تاقمی دووهەم : ئەوانەن كوڕە جاشن . پەروەردەكەیان پەیوەندی بە پەروەردەی رابردوویانەوە هەیە . باوكیان لەگەڵ رژێمەكان بووە و ئەمرۆ كوڕەكانیان هەمان جوڵەی باوكەكانیان دەكەنەوە . بۆ لەبیركردنی مێژووی باوكیان ، لە ئێستادا لە رێگای ئاست نزمی خۆیانەوە ، خۆیان دەبەنە پێش !
تاقمی سێهەم : ئەوانەن لە حیزبەكانی ترەوە چوونەتە ناویان . ئەمانەیان بۆ پەیداكردنی پاروێك بنكڕی چەور ، هەرچی دیوی ناشیرین و هەرچی ئاكاری ناشیرینە دەیكەن . لەناو خودی حیزبەكەشدا ( بەتایبەت لای پارتییە كۆنەكان ) ئەمانە بێزراوترینیانن . چونكە كە حیزبەكەی خۆیان جێهێشتوە و چوونەتە ناو ئەو حیزبە ، لەسەر بنەمای گۆڕینی بڕوا نەبووە ، لەسەر بنەمای بەركەوتنی بنكڕەچەورەكە بوو ە. ئیدی لەو پێناوەدا هەرگیز رێگا بە خۆیان نادەن لە ئاستێكی بەرزدا قسە بكەن .
ئەم سێ‌ تاقمە ، جگە لەوەی خۆیان زوو زوو نما دەكەن و دەناسێنن ، كە لە چ ئاستێكدان . بوونەتە دینەمۆیەك بۆ بەرهەم هێنانی قسەی نزم . رەنگە گلەییان لێنەكرێت بۆچی ئاوان چونكە ئەشێت ئیشەكەیان ئەوەبێت . بەڵام كێشەی گەورەی ئەم ئاست نزمانە ئەوەیە ، لە گەڵ جیهانە بچوكەكەی خۆیاندا ، فەرهەنگی سیاسی و حیزبیشیان پۆخڵ كردووە .
ئەوانەی جنێو دەدەن ، ئەوانەی سوكایەتی بەخەڵكی دەرەوەی پارتی دەكەن ، ئەوانەی پەلاماری خەڵكی غەیر پارتی دەدەن ، ئەوانەی هەمیشە حەزیان لە ئاستی نزمە ، هەر هەموویان سۆرانین ! لەكاتێكدا حیزبەكە هی ئەوان نیە ، پێدەچێت ئەمانە لەم حیكایەتە بچن :
دەڵێن : ئاغایەك دیوەخانێكی هەبوو . خۆی و منداڵەكانی هەمیشە لە دیوەخانەكە بوو . خۆی خاوەنی دیوەخانەكە بوو . لەبەردەرگای دیوەخانەكەش كۆمەڵێك سەگی هاری دانابوو ، هەر رێبوارێك بەو ناوەدا گوزەری بكردایە ، سەگەكان لێی دەوەڕین .
پیاوێك هاتە لای ئاغاو گلەیی لە سەگەكان كرد ، كە رێبوارەكانی ئەو ناوەیان پەرێشانكردووە .
ئاغاش لەوەڵامدا وتی : ماڵت ئاوابێت . گلەیی لەسەگ ناكرێت ، ئیشی سەگ ئەوەیە بوەڕێت . جا گەر من ئەو سەگانەم نەبێت ، چۆن ئەتوانم بە ئیسراحەت لەم دیوەخانە بۆ خۆم دانیشم .
ئەشێت ئەم حیكایەتە كۆنە ، لە ئێستای ژیانی حیزبی پارتییدا دووبارە بوبێتەوە . وەك گەورە دەرهێنەری ئێرانی : عەباسی كیارۆستەمی ـ دەڵێت :
هەندێك سەگ هەیە
هێندە خوێڕییە
بە رێبواری كوێریش دەوەڕێت .  
كتومت ئەم دێرە شیعرەی ( عەباس ) دەتوانرێت بكرێتە دروشمی ئەو سۆرانییانەی كە هەمیشە لەو ئاستەدا خۆیان دەردەخەن ، كە لەم دێرە شیعرەدا دەبینرێت .

 

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت