کۆمەڵکوژی هەولێر لەلایەن جەمال مۆرتکە و فەرەنسۆ هەریری ئەنجامدراوە .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵکوژی 16 ی ئایاری ھەولێر ئەو تاوانەیە کە بەرامبەر بە ئەندامان و لایەنگر و کادێرانی پارتی کرێکارانی کوردستان ، لەلایەن ھێزێکی چەکداری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجامدرا .

ئەو کۆمەڵکوژیە لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەرۆی رۆژی 16 – 5 – 1997  لەسەر بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و بارەگای یەکێتی ژنانی ئازاد و نوسینگەی رۆژنامەی وڵات و نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا ئەنجامدرا ، کە بەپێی هەندێک لە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان تیایدا زیاتر لە 83 کەس بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران .
ئەمرۆ 19  ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێپەردەبێت و تائێستا سەرجەم قوربانیان چارەنوسیان نادیارە و تا ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کاتێک ئامادەنیە باسی ئەو کۆمڵکوژیەی بکات کە دەرھەق بە ھاونەژادەکانی ئەنجامدراو ، لەسەر ئەو کەسانە ھیچ لێدوانێک ھیچ زانیاریەک ناخاتەڕوو ، کەسوکاری قوربانیەکان داوای ئەوە دەکەن ئەگەر تەنھا پارچە ئێسکێکیش دیاربێت ، بۆ ئەوان زۆرە و ھەر نەبێ دڵنەواییان دەبێت و ئیدی ئەوەندەش چاوەرێ نابن .
زۆر باس و خواسی تەمومژاوی و چەواشەکاری لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی ھەولێری ساڵی 1997 دەخرێنەروو ، ڕۆژنیوز زانیاری ورد لەسەر کۆمەڵکوژی 16 – 5 – 1997 ی ھەولێر لە زاری چەند شایەتحاڵ و ئاگاداری تاوانەکە دەخاتەڕوو .
سەردار ستار نوسەر و ڕۆژنامەنوس کە پێشتر بۆ ماڵپەڕی چەترپرێس لەو بارەیەوە دواوە بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو تاوانە .
ستار دەڵێت : دوای 31 ی ئابی 1996 ، کە پارتی سەدام حسینی دوژمنی کوردی ھێنایە کوردستان و شەری کوردی پێکرد ، رەوشی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک گۆرانکاری بەسەردا ھات ، کە لێرە پارتی شەرعیەتە سیاسیەکەی لەدەست دابوو ، یەکێتیش لەبەرئەوە نەیتوانی بوو ناوچەی خۆی بپارێزێت لەو ھێزە زۆر و بۆرە بێگانەیەی کە پارتی ھێنابوویە سەری ، بۆیە لەو کاتەدا رێکخستنی پەکەکە لە ئاستێکی رێکخستنی باشدا بوو ، ھیوای خەڵک تەنیا پەکەکە بوو ، لەبەرئەوە لە کۆتایی 1996  تاوەکو ناوەندەکانی 1997 تا ئەو کۆمەڵکوژیەی ھەولێر ، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری گەنجانی کورد لەباشوری کوردستان روویان لە ریزەکانی گەریلاکانی دەکرد ، ئەمە وای کرد کە ترس بچێتە دڵی پارتی یەوە ، بۆیە لەوە دەگەڕا شتێک بکات رێگری بکات لەھەمبەر ئەو ھێزە جەماوەریەی ، کە دروست دەبێت . بۆیە لەم چوارچێوەیەدا تورکیا پشتیوانی پارتی کرد لەم تاوانەدا .
ستار ئاماژە بەوە دەکات ، کە ئەو کۆمەڵکوژیەی لە ھەولێر روویدا ، لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەوکاتە لە ناوچەی زاپ و بادینان روویدا پەیوەندی بەیەکەوە ھەیە ، بەڵام ئەوەی لە داستانی زاپ تورکیا پێشەنگایەتی شەڕی کرد و پارتی پشتیوانی کرد ، وە ئەو کۆمەڵکوژیەی ھەولێریش پارتی پێشەنگایەتی کرد و تورکیاش پشتیوانی کرد .
ناوبراو ئاشکرای دەکات کە خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەوکاتە بە بەرێوەبەرانی پەکەکەی گوتبوو بەگۆڕی بارزانی شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا ناکەین ، بۆیە ئەو قسە ناراستەی بارزانی بەرپرسیارانی ئەو کاتەی پەکەکەی خستە غەفلەتەوە ، ئەوە خاڵێکی نێگەتیڤ بوو ، نەدەبوو باوەڕ بە قسەکانی مەسعود بارزانی بکەن ، چونکە پارتی پێوانی شەڕ و مرۆڤایەتی و سیاسی لانیە .
ستار باس لەوە دەکات کە خەڵکانێکی زۆری شاری هەولێر ویستویانە خۆیان بکەن بە قەڵغانی زیندوو ، لە دەوروبەر و لەناو بارەگاکانی پەکەکەدا کۆبونەتەو ە ، بۆئەوەی ئەو رووداوە لانی کەم روونەدات ، بەڵام جارێکی تر لەوێ پارتی بەڵێنی بە خەڵک دابوو ، کە ئەوان خەڵک ناکوژن و ھیچ شەرێکیش روونادات ، بۆیە دیسان خەڵکیش بە بەڵێنی ئەوان باوەڕی کردبوو ، بڵاو ببونەوە قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی ھەولێر خەڵکی مەدەنی و رۆشنبیر و رۆژنامەوان و ھونەرمەند و نەخۆش و کەمئەندام و ژن بوون ، ھەندێکیان قاچ یان دەستی نەبووە ، چەندینیان بەدیل گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن ، بۆیە پارتی تاوەکو ئێستا دەترسێ تەنانەت باسی ئەو کەیسە بکات ، پارێزگاری ئەوکاتەی ھەولێر فەرەنسۆ ھەریری بووە ، ئەو لە مێژووی پارێزگاری خۆیدا مێژوویەکی شەرمەزاری دروست کردووە .

بەشێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەولێر
بە گوتەی شایەتحاڵێک بەناوی مام شوان ، یەکێک بووە لە ئەندامانی رێکخستنی ئەوکاتەی یەنەدەکە بۆ چەترپرێس دواوە و وتویەتی : ئێمە لە بەرەبەیانی 16 – 5 – 1997  ھاتینە بارەگا لەوێ ھەندێ ژاوەژاو ھەبوو ، ھەڤاڵان پێیان وتین  ،کە پێویستە بە زووترین کات لێرە برۆین ، منیان لەوێ دەرکرد پاشان بیستم کە ھێزێکی زۆر ھێرشیان کردە سەر بارەگای یەنەدەکە ، ھەرچەند ئەوانەی لەناو بارەگا دابوون ھەندێک بەرگریان کرد بەڵام نەیانتوانی ژیانی خۆیان بپارێزن و ھەموویان شەهیدبوون ، دواتر ھێرشیان کردە سەر نەخۆشخانە و لەوێ ھەرچی ئەندامی پەکەکە بوو شەهیدیان کردن و سوکایەتیان بە تەرمەکانیان کرد ، دواتر ھێرشیان کردە سەر بارەگای میزۆپۆتامیا و نوسینگەی رۆژنامەی وڵات چەند کەسێکیان لەوێ شەهیدکرد و ھەندێکیشیان گرتن ، ئەوانەی گیرابوون ھەموویان بێ سەروشوێنکران ، زۆربەیان بە بلۆک سەریان پان کرابویەوە ، ئەوەی روویدا ناتوانم باسی بکەم ، ھیچ مرۆڤێک ئەو کارانە ناکات جگە لە پارتی ، ئەو کەسانە شایەنی ئەوەنەبوون بمرن ، ئەوان شایەنی ئەوەبوون خەڵات بکرێن . دواتر ھێرشی سەرتاسەری بۆ ھەموو بارەگاکانی تر دەستی پێکرد و بە لێشاو خەڵکیان دەستگیر دەکرد ، بە سەدان کەس لە زیندانەکانی پارتی بوون و بێ سەروشوێن کران .
مام شوان ئاماژەی بەوەکردوە کە وەجی بارزانی و جەمال مورتکە و دینۆ زراریی و چەند کەسی تر تاوانبارن بەو کۆمەڵکوژییە ، سوپای دووی پارتی و ئاسایشی پارتی لە ھەولێر ئەو تاوانەیان ئەنجامدا ، وە فەرەنسۆ ھەریریش کە ئەو کاتە پارێزگاری ھەولێر بووە بەشداری لە تاوانەکەدا کردووە .

جەمال مۆرتکە و فەرەنسو هەریری
قادر نادر چاودێری سیاسی کە ئەو کاتە ماڵیان لە ھەولێر بووە و بەپێی باس و خواسی خەڵک لەسەر کۆمەڵکوژیەکە بۆ هەمان سەرچاوە دواوە وتویەتی : لەکاتی ئەو تاوانە من لە ھەولێر لە ماڵەوە بووم نزیک بەنیوو کاتژمێرێک بووە تەقە دواتر وتیان لە ھەڤاڵانی پەکەکە درا ، بەیانی چیرۆکەکان واباس دەکرا کە دیلەکانیشیان شەھید کردوە ، باس لەنەخۆشخانە دەکرا کە گەریلای پەکەکە بەبرینداری لەنەخۆشخانە دەریان ھێناون و شەھیدیان کردوون ، باس لە جەمال مۆرتکە دەکرا کە سەرپەرشتی ئەو شەڕەی کردبوو .
بەپێی زانیاریەکان کە پاسەوانی ئەوکاتەی گۆرستانی مەعمەل قیڕ پێی بە چەند سەرچاوەیەکی میدیاییان ڕاگەیاندوە لەناو ئەو گۆرستانە گۆرێکی بە کۆمەڵ لێدراوە و شەهیدانی کۆمەڵکوژی هەولێریان خستونەتە ناوی ، لە سەربازگەی رەشکین و چەند شوێنێکی تریش گۆری بە کۆمەڵ ھەن کە گومان دەکرێت تەرمی ئەو شەهیدانەی تێکدابێت .

PKK - Gorr - hawler

گۆڕی بە کۆمەڵی ڕەشەکوژیەکەی هەولێر

گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە گۆڕستانی مەعمەل قیر
یەکێک لەو کەسانەی ئەوکاتە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پارتی دەستگیرکرابوو بەناوی عەبدولرەحمان عەزیز بەچەترپرێسی وتووە : منیان لەماڵەوە دەستگیر کرد دوو ھەزاری ئەو کاتەمان ھەبوو بردیان و منیشیان شەش مانگ زیندانی کرد ، لە زیندان خەڵکێکی زۆر گیرابوون ، سزادان و شەڕی دەروونی بە بەردەوامی بەرامبەر ئێمە دەکرا ، ھەمیشە خەڵکیان دەنارد سوکایەتیان بە ئێمە رۆڵەکانمان دەکرد ، ئەوکاتە ناخۆشترین کاتی ژیانم بووە ، ئەوەی ئەوان کردیان لەگەڵ ئێمە ھیچ دوژمنێک نەیکردووە .
بەگوێرەی قسەکانی کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی ھەولێر ئەگەر دوژمنانی وەکو تورکیا و ئیران و عێراق و سوریا بوایە ، ئێمە ھەندێ دڵنەواییمان دەبوو ، چونکە دەمانوت ئەوان دوژمنی ئێمەن ، بەڵام ھێزێکی سیاسی کورد ئەوە بکات ئێمە دەبێ چی بکەین و چی بڵێین ؟.
کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژی 16 – 5 – 1997 سەردانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان و دادگاکان کردوە ، ھەروەھا یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران کردوە ، کەتیایدا داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕۆڵەکانیان دەکەن و مەسعود بارزانی داوای لێبوردن لە بنەماڵەکانیان بکات و ئەگەر لە ژیاندا نەماون وەک شەھیدی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ناونوس بکرێن ، پەیمان بدرێت چیتر شەری کورد بە کورد دووبارە نەبێتەوە .

س – ڕۆژنیوز

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت