فەوزی ڕەمزی : ساڵ و ڕۆژمێری کوردی ـ عارەبی ـ زاینی ـ ئێرانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی شەشەم و کۆتایی

ناوی هەر کەڵو ( الابراج ) لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە ؟

کەڵو ياخود قوللـە ، قەڵا … واتە شوێنی بەرز ، هەندێك مانای تريشی گرتۆتە خۆ ، بەڵام لێرەدا پێويستمان پێی نييە .

وشەی کەڵو وەك زاراوەيەك لە زانستی ستێرەوانيدا … بە شوێنێكی ترۆپك بەرزی زۆر ديار دەوترێت كە لێكدانەوەی لێ بكەوێتەوە ، ئەويش خویندنەوەی بەخت كە گوايە هەر كەڵويەك شێوەی لە ئاسماندا هەيە و کاريگەری هەيە لەسەر دياريكردنی بەخت و چارەنووسی ئەو کەسە . بێگومان هەر ميللەتێك مێژووی نووسرابێتەوە ، وەک باوەڕێكی نەرێتی ئاماژەی بەو كەڵوانە داوە . لە عارەبيشدا كە بە ( بورج ) ناودەبرێت و بۆتە زاراوەيەکی سەر زارمان ، لە بورگ  BURG /ی زوانە ئەوروپاييەكانەوە هاتبێت .  هەر لە دێر ڕۆژگارەوە ، مرۆڤ هەميشە لە ئاستی گەردوون و بە تايبەتی ئەستێرەكانی ئاسمان تێڕاماوە و ويستوويەتی بە هەر چۆنێك بێت شوێن و پێگەی ئەو ئەستێرانە ديارەبكات و لێكدانەوەيانی بۆ بكات . هەندێك زانستانە توانيويانە ڕاڤە و شرۆڤەی بۆ بكەن و ئێمەی مرۆڤ بگەيێننە ئەم سەردەمە كە هەندێك لە نهێنييەكانيان بزانين و زانستانە ئاشنايان ببين . هەندێكی ديكە بەلايەكی ديكەدا لێكدانەوەيان بۆ دەكرد كە گوايە هەر مرۆڤە و هەر گيانلەبەر و زەندەوەرێكی سەر زەوی لە ژێر كاريگەری ئەم ئەستێرانەدايە. ئەمەيش هەلێكی رەخساو بوو بۆ كەسانێك جادووگەرانە كاربكەنە سەر خەڵك و بەخت و چارەنووسيان بۆ واڵابكەن .

بەگشتی ، دەتوانين بڵێين ئەم تێڕوانين و لێكۆڵێنانە هەر لە دێر ڕۆژگارەوە وێنايەكی بۆ مرۆڤ نەخشان كە ببينێت هەر كۆمەڵە ئەستێرەيەك شێوەی شتێك پيشان بدات . بەرەبەرە لێرەوە داستانی ئەفسونايی بۆ هۆنرايەوە، هەر كۆمەڵە ئەستێرەيەك دەچوینرا بە مرۆڤێكی نموونەيی لە شتێكدا ، ياخود گيانلەبەرێك ياخود هەر شتێكی ديكە. ئەوەی كە لێرەدا لەسەری دەدوێين داستان و ئەفسانە دێرينەکانی يۆنان و ڕۆم / ــە کە سەردەمانێكی زۆر دێرين خاوەن ژيارێك بوون و بە ڕێكوپێكی لە ناسين و زانستی ئەستێرەكان ئاشنابوون و گەلێك زانا و فەيلەسوفيان تێدا هەڵکەتبوو . لەوانە ڕێكخستنی كەڵوەكان كە تارادەيەك لە زۆربەی گەلان و وڵاتانی ئێستا لەسەری دەڕۆن و خویندنەوەيان بۆ دەکەن .

هەر وەك دەيشزانین گێڕانەوەی داستان و ديرۆك یەکێكن لە هەرە گرنگترین کلتوور یا فۆڵکلۆری میللەتان بە ئێستايشەوە . ئەمانە كە زۆريان سينەبەسينە و دەماودەم دەگێڕدرێنەوە نووسرانەتەوە و تەنانەت لە خویندگەكانی وڵاتە پێشکەوتووەكاندا دەخوینرێت و زۆريشيان کراونەتە فليم و شانۆگەری بە مەبەستی ئەوەی نەوەكانيان هەرگيز پێشينانيان لەیاد نەكەن .

گومان لەوەدا نييە كە ئێمەی کوردیش لەو داستان و ديرۆكە ئەفسانەييانە بێــبەش نەبووين  ، بەڵام بە هەزاران داخەوە خەريكە ئەو کەمەی کە ماوەتەوە لە دەستی دەدەين بە بيانووی ئەوەی كە ئەمانە هەمووی چەڕەن ( خەرافی ) ین و لای عەقڵ پەسەند نييە و سەرودەمانيان بەسەرچووە و … هتد . بەڵام ناحەقی کەس ناگرم چونکە ئێمە مێژووی دوێنێ و پێرێی خۆمان بەزۆر لە بير خۆمانی دەبەينەوە و هەر یەکەو بە شێوازێك خۆی دەکاتە فسفس پاڵەوانی مەيدان و ئیتر چۆن هەزاران ساڵی ڕابوردوو دەزانین !

با بێنەوە سەر ئەو گەلە ئەستێرانە كە بۆ کەڵوەکان پۆلێنراون و لە چەرەنييەوە ( خەرافی ) بۆتە قسەی سەر زاری سەرانسەری جيهان ئیتر چ بە لێكدانەوەی زانستی و چ بۆ خۆشی و بەخت گرتنەوە .

كەڵوەكان لە دوانزە دانە پێكهاتوون ، هەر كەڵوەيش ئاوێزەی مانگێك کراوە . ئەوانەيش پێكهاتوون لە :

1/ کەڵوی شەك Aries // دەڵێن شاژنێكی زێبا دەمرێت و کوڕ و کچێکی زۆر جوان و شۆخی لە پاش بەجێدەمێنێت . پاش ماوەیەك پاشا ژنێکی دیکە دێنێت . ئەم باوەژنە زۆر خراپ ڕەفتار لەگەڵ دوو منداڵەكەدا دەکات و بە تەواوی دەیان چرووسێنێتەوە . فرستاتەی خواوەندی گەردوون هەست بەو زوڵمە دەکات و بەزەيی دێتەوە پێياندا . بۆیە شەكێكی ڕووخۆشی فەڕو زێڕين / يان بۆ دەنێرێت . شەكی ڕووخۆشيش هەردوو منداڵە خوشکوبراكە دەگرێتەخۆ و دەيانخاتە سەر پشتی و بەسەر زەريادا دەیانگەشتێنیت ، بەڵام گچكەشازادە خانمۆڵەكە ناتوانێت خۆی بە پشتی شەكە / كەوە باش بگرێت ، لە پەلی شەك بەردەبێتەوە و دەکەوێتە ناو زەرياوە و دەخنكێت . براكەی ئەگەرچی بە خنكاندنی خوشکەی زۆر نيگەران دەبێت بەڵام چی بكات ، ناچاردەبێت لەگەڵ شەکە / کەدا درێژە بە فڕێنەكەيان بدەن تاکو دەگەنە زێدێك ، پاشاكەی زۆر مێهرەبان دەبێت لەگەڵيدا ، سەرپەرشتی و پەروەردەی دەكات . ئیتر لەو دەمەوە ستێرزانان شێوەی ئەو كۆمەڵە ئەستێرەيان كە شێوەندازيان بە نيگاری شەك دەچێت ، كەڵوەكەيان ناوناوە كەڵوی شەك .

2 /  کەڵوی گا Trarus// داستانەکە دەڵێت ؛ کە جۆپیتەرJupitar   بەرجيس ، هورمز / يشی پێـدەوترێت ) خواوەندی ئاسمان زۆر شەيدای يورۆپا Europa کیژی پاشای فینیقیا Phoenicia دەبێت . بيردەكاتەوە چی بکات تا بیگاتێ ، خۆی دەکاتە گایەكی سپی زۆر جوان و داوای لێدەکات کە سواری پشتی بێت و بیگەڕینێت بە ئاسماندا ، ئەميش لای پەسەند دەبێت . كە دەکەونە گەڕان ، خێرا خۆی وەردەگێڕێتەوە بۆ شێوەکەی پێشووی خۆی . لە بەرهەمی شەيداييەکەيان سێ منداڵیان لێدەکەویتەوە . لەبەر ئەمە ستێرزانان ئەو کۆمەڵە ئەستێرەیە كە شێوەندازی گايان وەرگرتووە ناويانناوە كەڵوی گا .

3 / کەڵوی جمك Gemini : داستانەکە دەڵێت ؛ جۆپيتەر وەنەبێت هەر يورۆپا Europaی تاكە دۆستی ئافرەتی بووبێت لە ژيانیدا ، بەڵکو زۆر لە ئافرەتانی ديكەيش هەبوون ، لەوانە ؛ ليداLeda  کە هاوسەری پاشای سپارتا Sparta  بوو . لە ليدا دوو منداڵی جمكی زۆر جوانی لێی بوو ، يەكێكيان بە ناوی كاستۆر Castor  و ئەويتريان پۆڵڵوكس  Pollux ،. ئەم جمكە توانایەكی بێئەندازیان هەبوو بەسەر ڕاگرتنی ڕەشەبا و گەردەلوول و دوای مردنیان ناوی ئەو جمكە مايەوە تاكو ستێرزانان هاتن و ئەو كۆمەڵە ئەستێرەیەی کە بە شێوەندازی دووانە ( جمك ) دەچوو ناوياننا کەڵوی جمك .

4 / کەڵوی قرژاڵ Cancer // داستانەکە دەڵێت؛ Heraهێرا / ی هاوسەری جۆپیتەر زۆر ڕك و کینەی بەرامبەر بە Heracles هەركڵی کوڕی لە دڵدا بوو ، چونکە ناونێوبانگی دلێری و ئازایەتی و شۆڕەسوارییەکەی بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدا بوو ، ویستی کە کەمێك ئازاری بدات و بۆ ئەمەیش پەنای بردە بەر قرژاڵی دەريا كە پێی هەرقل بگزێت لە كاتی زۆرانبازی لەگەڵ زلە گیانلەبەرێکی ئاویدا تاكو هەرقل ببەزێت ، زۆر بە هێز و توانای نێو دەریایی بۆ ئامادەکات و لە تەك هێرقلدا بکەونە جەنگەوە تا بیبەزێنێت . قرژال بەم کارە هەڵسا بەڵام هەرقڵ توانی بەسەر ئەو زلەگیانلەبەرە ئاوييەدا زاڵ بێت و بیبەزێنێت و بە پێيەكەيشی قرژاڵەکە بپلیشێنێتەوە . نيگاری ئەو قرژاڵە بووە شێوەندازی کۆمەڵە ئەستێرەیەك و لە كەڵوی قرژاڵ / دا كۆكرانەوە .

5 / کەڵوی شێر Leo // داستانەكە دەڵێت : جۆپیتەر هەرگيز لە کاری مێ بازييەکانی نەدەكەوت ، لەملايشەوە هەرقڵی  Heracles کوری هەميشە لە زۆرانبازی و شمشێربازی و … یدا بوو . ڕۆژێك هەرقڵ ژنەکەی و منداڵەکانی خۆی دەکوژێت بۆیە هێرا Hero ی هاوسەری باوکی لە تۆڵەی ئەو تاوان و ڕەفتارە قێزەونەدا ، مەرجێکی بەسەردا دەسەپێنێت کە دەبێت لە گەڵ شێرێکدا زۆرانبازی بکات و بە 12 خول گەر نەی بەزان ئەوا دەکوژرێت . هەرقڵ دەكەوێتە زۆران لەگەڵ شێرەكەدا تا لە كۆتايدا زاڵدەبێت بەسەر شێرەكەدا . شێوەندازی ئەو كۆمەڵە ئەستێرەيە کە بە شێوەی شێر دەچێت ، ستێرزانان ناويانناوە كەڵوی شێر .

6 / کەڵوی فەریك Virgo ياخود پاکيز : خواوەندی ئاسمان هەميشە دەیوست کە مرۆڤ واز لە شەڕ و هەڵا و پاوانخازی بهێنن و ئیتر بۆ خۆیان ئاسوودەبن و بە خۆشی بژین بۆیە هاتە خواری بۆسەر زەوی تا بۆ ماوەیەك لە نێوياندا ژیان بەسەر بەرێت و فێری ئاشتی و دوورەپەرێزی لە شەڕ و خراپەکاری ببن . بەڵام سەیری کرد گوێ لە هیچ ناگرن و بەردەوامن لە شەڕوپێکدادان و تاڵان و بڕۆدا . بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئاسمان و لە گەڕانەوەیدا گوڵە گەنمێکی لەگەڵ خۆییدا بردەوە کە ئەمەیش مانای پیت و بەرەکەت دەنوێنێت ، گوايە ڕۆژێك دێت نەوەيەكی لێدەکەویتەوە بە ئاشتی و ئاسوودە پێكەوە بژين ، دایکبوونی پاکيز دەكەوێتە وەرزی دروێنەی گەنم . شێوەندازی ئەو كۆمەڵە ئەستێرەيە ناونراوە کەڵوی فەريك ياخود پاکيز .

7 / کەڵوی تەرازووLibra  داستانەكە دەڵێت : Themis تیمیس / ی کچی خواوەند تیتان Titan زۆر دادپەروەر و یاساپەرست بووە ، تەرازوویەکی دەگرتە دەست و چاکە و خراپە و گوناهەکانی خەڵکی پێـدەکێشا . ئەوەی گرنگ بوو ئەم کچە ئەوەندە بێلايەن بوو كە هەردوو چاوی خۆی دەبەستەوە تاكو نەزانێت ئەو کەسە کێیە کردارەکانی بۆ دەکێشێت . بۆیە شێوەندازی ئەو کۆمەڵە ئەستێرەویە بە ناوی تەرازووە ناو نراون .

8 / کەڵوی دووپشك Scorpius  دەگێڕنەوە کە پیاوێکی ڕاوچی زۆر شارەزا و چاپوك ، دەیەوێت لەتەك Artemis ئارتیمیس/ی خواوەندی ڕاوشکاردا بکەوێتە چەندووچۆن ، لەو دەمەی هەلی بۆ دەرەخسێت هەڵمەت بێنێت بۆ خواوەند . خواوەند پێيدەزانێت و دەسبەجێ دوپشکێکی بۆ دەنێرێت و پێوەی دەدات و دەیکوژێ . جا شێوەندازی ئەو کۆمەڵە ئەستێرەیە پێكەوە كە بە دووپشك دەچێت ، ناونرا كەڵوی دووپشك .

9 / کەڵوی کەوان Sagittarius لە ڕاستیدا دەبێت بوترێت هاوێژەری تیروکەوان . داستانەکە دەڵێت : لە وڵاتی یۆنان زيندەوەرێك پەیدابوو نیوەی لەشێوەی گيانلەبەر و نیوەكەی تری لە شێوەی مرۆڤ بوو . بەردەوام پیاوانی دەکوشت و ژنانی بۆ خۆی زەوت دەکرد . ئەمە ببوە ترس و دڵە ڕاوكێی خەڵکەکە . تا یەكێك لەو جۆرە گیانلەبەرانە دڵی نەرم دەبێت و بەزەیی بەو خەڵکەدا دێتەوە و لێیان جودا دەبێتەوە و دێت خەڵکەکان فێری هاویشتنی تیروکەوان دەکات تا چۆن ئەو جۆرە گیانلەبەرانە بکوژن . ئیتر ئەو کۆمەڵە ئەستێرەیە بەو ناوەوە ناونرا کەڵوی کەوان .

10 / کەلوی گدی Capicornus داستانەكەدەڵێت : پیاوێکی زۆر بڵح و ناشرین دەبێت و هەوای عەشقی کچی پاشا لە سەری دەدات. هەرچەند دەکات ناوێرێت بچیتە بەردەمی نەوەك زارەترەك بێت . ڕۆژێك بە کۆڵێ خەفەتەوە دەچێتە گوێ ڕوبارێك تا هەناسەیەك بدات . لە پڕ ئافرەتێکی جادوگەری لێ پەیدادەبێت ، جادووگەرەکە پێێ دەڵێت ؛ گەر تۆ ڕۆحی مرۆڤانەی خۆتمم پێبدەیت ئەوا منیش تۆ دەکەمە بە گدی و بچیتە بەردەمی خانمۆڵەکەت کە ئەویش بەردەوام دێتە لای ئەو ڕوبارەوە . پیاوەکە بەمە ڕازی دەبێت و کاتێکی زۆر هاونشينی کچی پاشا دەبێت . باڵام کاتێك نيپتوون Neptunusی دوژمنی خواوەندەکان ئەمە دەبینێت . هەر خێرا نیوەی لەشی وەك گیانلەبەرێکی ئاوی دەخاتە نێو ئاوەکە و نیوەکەی تریشی دەکاتە گدی و ئەم کارەی بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و تا جادووگەرەکە دەمرێت و دوای ئەوێش کچی پاشایش هەر دەمرێت و پیاوەکەیش هەر وا بە گدی/ێتی دەمێنێتەوە .

11 / کەڵوی دۆلکە Aquarius ئافرەتێکە و گۆزەيەكی لەسەر شانە و ئاوەکەی ڕۆدەکات . ئاماژەيە بۆ سەرەتای وەرزی باران کە خێر و خۆشی بەدوای خۆيدا دەهێنیت بەسەر هەمواندا .

12 // کەڵوی نەهەنگ Pisces داستانەكە دەڵێت : کە ڤینۆس Venusی خوداوەندی ئەڤين لای ڕۆمانەكان لەگەڵ ) کۆپيدۆ Cupido ئێرۆس Erosلای يۆنانەكان)  ی کوڕییدا کە ئەميش خوداوەندی خۆشەويستی  ــە پیاسەیان دەکرد بە گوێ ڕوبارێکدا . لە ناکاو گیاندارێکی سامناك ـيان لێپەيدادەبێت بەناوی تایڤۆن Typhon هەر بۆ مەبەستی ترساندن خۆی دەكاتە دوو ماسیی زۆر زل و دێتە بەردەميان ، خۆی هەڵدەدايە نێو ئاوەکە و هەڵبەزودابەزی بۆ دەکردن . بۆیە ئەو كۆمەڵە ئەستێرانەی بەو شێوەندازەن بە ناوی كەڵوی نەهەنگ ناودەبرێن .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەت ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت