نەوزادی موهەندیس : خوێندنەوەیەك بۆ ڕێكەوتنامەی نێوان یەكێتی و گۆڕان .

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای هەوڵ و ماندوبون و چەندین كۆبونەوەی ئاشكرا و نهێنی و دوای چەندان هەوڵی نێوەندگیری بۆ ئاشتكردنەوەو لێكنزیبونەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خەمخۆران و دڵسۆزانی هەردوولا و میلەتەكەشمانەوە ، خۆشبەختانە ڕۆژی 3شەممە ڕێكەوتی 17/5/2016 ڕێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەردوولادا بە چاودێری و لەماڵەكەی سەرۆك تاڵەبانیدا لە دەباشان واژۆكرا كە بەردی بناغەكەشی هەر لەماڵی سەرۆك تاڵەبانی لە دەباشان ولەساڵی 2012وە دانرا ، و بەمەش كۆتایی بە ململانێ‌ سیاسیەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە گەورە و كاریگەرەی هەرێمی كوردستان هات بەتایبەتیش لەناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕیندا كە جێگە نفوز و پێگەی سیاسی و جەماوەری هەردوولایە و ئەم ڕۆژەش بۆ یەكگرتنەوە وەك وەڵامدانەوەیك وایە بۆ تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ڕێكەوتنامەی سایكس – بیكۆی ساڵی 1916 كە كوردو كوردستانی داگیر ودابەشی سەر 4 وڵاتی ناوچەكە كرد .

ئەم ڕێكەوتنە بۆ ؟ لە پێناو چیدا ؟ بۆ لەم قۆناغ و كاتەدا ؟
ئاشكرایە ڕێكەوتنەكە لە 11 بەش و 25 مادە و دێباجەیەك پێك هاتوە ، كە هەموانیان لە پێناو ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوانیان و دروستكردنی ستراتیژێكی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و دامەوزراندنی حوكمڕانیەكی تەندروست و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەروەربوونی یاسایە و هەر ئەم نیەت و بەرنامە و بڕوایەی هەردوولاش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگای كوردەواریدایە .
ڕێكەوتنەكە لەكات و ساتێكی مێژوویی زۆر هەستیار و ناسكدایە، چونكە لەلایەك نێوماڵی كورد پەرتەوازە و لێكترازاوە و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی تەواو شڵەژاوە و شەڕی سەپێنراوی داعش مەترسیەكی گەورەیە و ناكۆكیەكانیش لەگەڵ بەغداد ڕوو لە هەڵكشان و گەرمبوونی زیاترە و لەگەڵ دەرودراوسێشدا دۆستایەتی ڕاستەقینە نیە و هەموو ئەمانەش كاریگەریان هەیە لەسەر ناو و ناوبانگی كورد و مەسەلەكەی لەسەر ئاستی دونیا و نێودەوڵەتیدا و گۆڕانكاریەكانیش زۆر خێرا و مەترسیدارن لەسەر ناوچەكە ، بۆیە پێویستی بەوەدەكرد كە لانی كەم دوو هێزی گەورە و كاریگەری وەك یەكێتی و گۆڕان وەك هەنگاوی یەكەم و دەستپێشخەریەك بۆ دەربازبوون لەم هەموو قەیران و تەنگژە و مەترسیی و دۆخە چەقبەستوانە وەڵامدانەوەیەكی واقعی و خەمخۆرانەیان هەبێت و سەرەتاش لەنێو خۆوە دەستپێبكەن و دواتر بەسەر هەمواندا بیگشتێنن و بەمەش ئامادەسازی تەواو بكرێت بۆ هەموو ئەگەرە سیاسی و ئابوری و گۆڕانكاریەكان و بۆئەوەی كورد بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەگەرەكان ببێتەوە بە یەك و یەكگرتووی لە كردار و گوتاریدا .
ئەم ڕێكەوتنە بە قازانجی كێیە ؟ یەكێتی یان گۆڕان ؟ یان تەواوی میلەتەكەمان ؟
ئاشكرایە ئەم ڕێكەوتنە سیاسیە لە نێوان دوو حیزبی سیاسی گەورە و كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا واژۆكراوە كە هەردووكیان یەك ناوچەی نفوزی جەماوەری و هەڵبژاردن و پێگەی سەربازی و یەك ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی نیشتیمانی و نەتەوایەتیان هەیە و هەموو ئەمانەش خاڵی هاوبەش و گرنگ و كاریگەرن بۆ سەركەوتن و سەرخستنی ڕێكەوتنامەكەو هەریەكەشیان لە تێڕوانین و بەرژەوەندی حیزبی خۆیانەوە پاڵپشتی ڕێكەوتنەكە دەكەن و گەرەكیانە سەریش بكەوێت ، هەریەكەشیان مافی خۆیەتی چەندی دەوێت قازانج و سوودی زیاتر بكات .
یەكێتی نیشتیمانی كوەردستان ، پێویستی بەم ڕێكەوتنە هەبوو لەبەر :
1 – نێوماڵی یەكێتی یەك و یەكگرتوو نەمابۆوە لەبەر ململانێ‌ ناوخۆیەكانی باڵەكانی و ئەمەش زۆر بێهێزی كردبو وەببوە هۆكاری نەمانی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان و بڕیار بەدەستی یەكلاكەرەوە و غیابی كاریزما و ڕابەرێكی بەهێزیش نەدەتوانرا كە تاسەر و بۆ ماوەیەكی درێژتر ئاوها یەكێتی بەردەوام بێت .
2 – یەكێتی لەدوای ڕێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا لەساڵی 2007 وە و چوونی بەڕێز مام جەلال بۆ بەغداد ، یەكێتی زیانی گەورەی جەماوەری و بێمتمانەی پێكەوت و لاواز و بێدەسەڵات دەردەكەوت .
3 – دوای جیابونەوەی گۆڕانیش لە یەكێتی لە ساڵی 2009دا هێندەی تر یەكێتی لاواز و بڕست لێبڕاو دەهاتە پێش چاوان و بوە هێزی سێیەم لە كوردستاندا .
4 – یەكێتی لەبەرامبەر پارتی لە هەرێم و لەبەرامبەر گۆڕانیش لەناوچەی سەوزدا بێهێز و لاواز دەردەكەوت و زۆرجارانیش ناتۆرەی پاشكۆیەتی دەخستە پاڵ .
5 – لەسەر ئاستی عێراقیش لەدوای غیابی سەرۆك تاڵەبانیەوە پێگەی بەهێزی لەرۆزك ببوو .
گرنگە یەكێتی ئەو هەڵەیە دووبارە نەكاتەوە كە لە ئەنجامی ڕێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا كردی و یەكێتی كردە پاشكۆ و بێدەسەڵات و سوودو قازانجی كەمتر لە پارتی كرد . و بەم ڕێكەوتنەش یەكێتی زیاتر بچوك نەكاتەوە و تەسلیمی گۆڕانی نەكات ، تا ئەوكاتەی یەكدەگرنەوە و بەتەواوەتی تێكەڵ دەبنەوە .
لەبەرامبەریشدا بزوتنەوەی گۆڕانیش زۆر پێویستی بەم ڕێكەوتنە بوو لەگەڵ یەكێتیدا لەبەر :
1 – گۆڕان هێزێكی تەمەن 7 ساڵەی بێ‌ ئەزومنی حوكمڕانی بوو ، زۆریش هەڵپەی گەیشتنە دەسەڵاتی هەبوو ، بەڵام نەیتوانی بەسەركەوتوویی ئەو قۆناغە تێبپەڕێنێت .
2 – گۆڕان لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هێز و توانا و پێگەی پارتی و یەكێتی بەهەڵەدا چووبوو ، وایدەزانی كە بەشەو و ڕۆژێك دەتوانێت مێژوو و خەباتی 40 بۆ 70 ساڵەیان بسڕێتەوە و مایەپوچیان بكات . بەڵام ئەوەی بۆ نەچوە سەر و سەركەوتوو نەبوو لەبەدیهێنانی ئامانج و دروشمەكانیدا .
3 – گۆڕان لەدوای پەكخستنی پەڕلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی لەحكومەتدا لەلایەن پارتیەوە و توندبونەوەی ناكۆكیەكانیان ، لای جەماوەرەكەی خۆشی و كوردستانیش تاڕادەیەك متمانەی لەدەستداوە و بەرەو بچوكبونەوە و پەراوێزخستن و قەتیسبوون دەچوو .
4 – گۆڕان لەڕووی داراییەوە لاواز و بێ سەرچاوەی داهاتێكی گەورەیە كە بتوانێت درێژە بە كار و چالاكی فراوانی خۆی بدات لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا .
5 – گۆڕان گەرەكێتی بەهۆی ئەم ڕێكەوتنامەیە و لە پاڵ یەكێتیدا جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو دەسەڵات و هاوبەش بێت لەداهات و ئیمتیازاتەكانی حكومەت بۆ جێكرنەوە و ڕازیكردنی كادر و هەڵسوڕاو و جەماوەرەكەی .
6 – گۆڕان گەرەكێتی بەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا ببنە هێزی یەكەمی هەڵبژاردن و جەماوەری لە كوردستان 42 كورسی و لە عێراقیش 29 كورسی و بەمەش دەتوانێت ببێتە هێزێكی كاریگەر لەسەر بڕیار و چارەنوسی هەرێم لەناوچەكە و عێراقیشدا .
بەم شێوەیە هەردوولای ڕێكەوتنەكە زۆر پێویستیان بەم هەنگاو ولێكنزیكبونەوەیە هەبوە و تاڕادەیەكی گەورەتر بزوتنەوەی گۆڕان سوودمەندی زیاترە ، بەڵام بە ئەنجام سەرجەمی میلەتەكەمان و خەباتی كوردایەتی لەم هەرێمەی باشوور و تەواوی بەشەكانی تریشدا تەواو دەبێت ، چونكە هەرهەنگاوێك بە ئاڕاستەی یەك و یەكگرتوویی كورد و ڕیزەكانی بێت ئەوا ڕاستەوخۆ بە قازانجی تەواوی مەسەلەی كورد و میلەتەكەشمان دەشكێتەوە .
ئەرێ‌ ئەم ڕێكەوتنە یار و نەیاری هەیە ؟ ئەی ئەركی یەكێتی و گۆڕان چیە بۆ ئەو لایەنانەی كە ئەم ڕێكەوتنە بە دژی خۆیان دەزانن ؟
بەدڵنیاییەوە ئەم ڕێكەوتنە ئیجماعێكی تەواو و سەرتاپاگیری لەسەر نیە نەلە كوردستان نە لە عێراق و نە لە ناوچەكەشدا ، تەنانەت لەناوخۆی هەردوو حیزبیشدا دەنگ و ڕەنگی جیاواز و دژ بەم ڕێكەوتنە هەیە ، بەڵام خۆشبەختانە زۆرینە نین ، بەڵام دەتوانن ببنە مایەی سەرئێشە و كێشە و گرفت دروست كردن .
هەربۆیە ئەركی یەكێتی و گۆڕانە كە نیەتی ڕاستەقینە و شاراوەیان بۆ هەموان ڕوونبكەنەوە و هەموان بخەنە سەر ئەو بڕوایەی كە ئەم ڕێكەوتنە لە قازانجی هەمووانە و دژ بە هیچ سەركردە و حیزبێكی سیاسی نیە لە كوردستاندا ، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەر لەسەرەتاوە بە گومانەوە لەم هەوڵ و ِێكەوتنەی ڕوانیوە و بەدڵنیاییش هیچ پێی خۆش نیە و تا بۆشی بكرێت ڕێگە نادات سەربكەوێت و بە ئامانجەكانیشی بگات . بۆیە ئەركی یەكێتیە لە پێش گۆڕانەوە كە هاوپەیمانی ستراتیژی هەیە لەگەڵ پارتیدا دڵنەوایی و گومان و دوودڵیەكانی پارتی بڕەوێنێتەوە ، ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە یەكێتی و گۆڕان دەتوانن لەناوچەی سەوزدا سەركەوتووبن و ڕێكەوتنامەكەش بگەیەننە ئامانج ، بەڵام بەبێ‌ پارتی هیچ ڕێكەوتن و بەرنامەیەكی چاكسازی و داڕشتنی دەستور و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەسەر ئاستی هەرێمی كورجدستان سەرناگرێت ، بۆیە ناكرێت هێز و بازووی پارتی بەهەند وەرنەگیرێت ، ئەوەش لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانیشتن و لێكتێگەیشتن و سازانەوە دەبێت بۆ دوورخستنەوەی سێبەر و تارمایی دروستبونەوەی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ، كە بەداخەوە ئەزمونەكانی ڕابووردوو دەریان خستوە كە گەر ئیجماعی سیاسی و تەوافوق و پێكەوەكاركردن و شەراكەتی ڕاستەقینە نەبێت لەنێوان هێزەكاندا ئەوا مەترسی شەڕی ناوخۆ و هێنانی دوژمنان بۆ ناوخۆی كوردستان لە زیهنیەت و بەرنامە و باوەڕی حیزب و سەركردەكاندا هەیە كە ئەمەش مەترسیە گەورەكەیە .
یەكێتی دەتوانێت لەلایەك ڕێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا پەرەپێبدات و گەشەی پێبكات و گۆڕانكاری پێویستی تیادا بكات و درێژەشی پێبدات و ئەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ گۆڕاندا نەكاتە جێگرەوەی ڕێكەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان ، لەم لاشەوە كار بۆ سەرخستنی ئەم ڕێكەوتنە بكات بۆئەوەی ببێتە فاكتەرێكی خێر لەنێوان هەردوولادا و هاوسەنگی و كاری پێكەوەی درێژە پێبدات و ئەم ئەزمون و دەسەڵاتە لەم قۆناغە ناسكەدا ڕزگاربكات و بیشیپارێزێت .
دەكرێت وەك نیاز پاكیەك بۆ هەموان چوارچێوەی ئەم ڕێكەوتنامەیە فراوان بكرێت بەشێوەیەك كە هێز و حیزبە گەورە و كاریگەرەكانی تریش بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بچنەو ناویە و زیاتر گەشە و بەهێزی بكەن و بەمەش هیچ لایەنێك بەدژی خۆی نایبینێت و ناشبێتە ڕێگر لەبەردەمیدا .
لەكۆتایدا ، ڕێكەوتنەكە زۆر بە پەلە ڕێكخرا و واژۆكرا بەهێندەی خێرای جیابونەوەی گۆڕان لە یەكێتی و بەخێرای ڕێكەوتنی گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت ، ئەم خێرایی و پەلەكردنە لەسەر خواستی كاك نەوشیروان بوە پێدەچێت حەز بكات ئەو هەڵە مێژووییەی جیابونەوەی لە یەكێتی بسڕێتەوە و پێش قەدەری كۆتایی خۆی گۆڕان ڕادەستی یەكێتی بكاتەوە .
ئەوەی ڕێكەوتننامەكە باش بخوینێتەوە و لەبەش و مادەكان ڕابمێنێت ، بۆی دەردەكەوێت كە ڕێكەوتنەكە هێندەی ڕێكەوتنێكی سیاسی دوو حیزبە و نیەتی سەرەكیش بریتیە لە گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و دانانی دەستورێكی مۆدێرن و هاوچەرخانە و بە دامەزراوەیی كردنی سەرجەمی جومگەكانی حوكمڕانی و باشتر ڕێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێمە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نەتەوە و چواردەور و دونیا و عێراق و شەفافكردنی پڕۆسەی دەرهێنان و دۆزینەوە و فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانە و سەروەربوونی یاسا و دادوەریە و كاركردنیشە بۆ هەنگاونان بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیی و دواتریش لەسەر ئاستی هەردوو حیزب هەمئاهەنگی زیاترە لە سەر ئاستی پەڕلەمانی كوردستان و عێراق و پارێزگاكان و ڕێكخستنەوەی زیاتری هێزی پێشمەرگە وهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ڕاگەیاندنیشە .
ئەم ڕێكەوتنە لەڕووی ناوەڕۆك و بەند و مادەكانیەوە هەنگوینیە و دڵخۆشكەرە ، بەڵام كورد هیچ كات پەكی نەكەوتوە لەسەر ڕێكەوتنامە و لێكتێگەیشتن و داڕشتنی پەخشان و شانامە بەڵكو خاڵی لاوازی كورد بریتیە لە جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێكەوتنامانە لەسەر زەمینەی واقع، بۆیە وەك كاك نەوشیروان لە وتەكەیدا باسی كرد ( عیبرەت لە نوسیندا نیە عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە ) .
بەوهیوای هەموان ببنە پێشمەرگەیەكی خەمخۆر و ئازا و چاونەترس بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە و بۆئەوەی دڵی یار و دۆستەكان زیاتر خۆش ببێت و دڵی ناحەز و دوژمنانیش زیاتر بتەقێت . و دەنگە دژەكانیش پێ‌ بنێنە سەر خواست و ویستە كەسیەكانیان لە پێناو بەرژەوەندی باڵای حیزب و نەتەوە و نیشتیماندا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت