رەزا شوان : لەسێدارەدانی ئازادی و دیموکراتی لە تورکیادا  .  

بڕیاردان لەسەر ( یاسای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ـ 138 ـ ئەندام پەڕلەمانتار ) لە لایەن پەڕلەمانی تورکیاوە .. بڕیارێکی مەترسیدارە ، ئەوەی کە جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە .. کە هەریەکە لە […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بڕیاردان لەسەر ( یاسای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ـ 138 ـ ئەندام پەڕلەمانتار ) لە لایەن پەڕلەمانی تورکیاوە .. بڕیارێکی مەترسیدارە ، ئەوەی کە جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە .. کە هەریەکە لە پارتی دەسەڵادار ( نا ) داد و گەشەکردن و ، پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا ، پێکەوە دەنگیان لەسەر ئەو بڕیارە دا ، کە لە کۆی سەرجەم ( ٥٥٠ ) ئەندام پەڕلەمانی تورکیا ، ( ٥٣١) ئەندام پەڕلەمان ئامادەی ئەو دانیشتنە بوون و ، ( 376 ) ئەندام پەڕلەمان دەنگیان بەو یاسایە دا .. واتە ئەو رێژەیەی تێپەڕاند ، کە بخرێتە ( دەنگدانێکی گشتپرسی ) یەوە ، ئەو یاسایە پەسەندکرا .. ئەوەش گەلەکۆمەیەک بوو کە لە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە) یان کرد .. چونکە ئامانج و مەبەستی بەر و دوا لەم یاسایە دا ، پەڕلەمانتارانی کوردن ، کە سەر بە پارتی گەلانی دیموکرات ( هە دە پە ) ن .. بەپێی ئەم یاسایە ( 138 ) ئەندام پەڕلەمان پارێزبەندیان لەسەر هەڵدەگیرێت  .. لەم ژمارەیەش ( 51 ) پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری و ( 50 ) پەڕلەمانتاری پارتی گەلانی دیموکرات و ، ( 27 ) پەڕلەمانتاری پارتی داد و گەشەکردنی دەسەڵاتدار ( کە هاوڕانین لەگەڵ ئۆردوگان دا ) ، ( 9 ) پەڕلەمانتاری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ، ( 1 ) پەڕلەمانتاری سەربەخۆ .. ئەوەی جێی سەرنج راکێشانە ئەوەیە کە پارتی گەلی کۆماری و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەنگیان بۆ ئەو بڕیـارە دا ، لە کاتێکدا ئەوان رازینین لە ئاراستەکان و لە بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئۆردوگان و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن .. کەچی دەەنگیان خستنە پاڵ دەنگەکانی پارتەکەی ئۆردوگان .. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوان هەرچەند  ناکۆکیش بن لەگەڵ یەکتریدا ، بەڵام لە هەر بڕیارێکدا کە دژ بە کورد بدرێت ئەوان ناکۆکییەکانیان دەخەنەلاوە و ، لە دژی کورد هاودەنگن .. پشکی شێری ئەم بڕیارە پەڕلەمانتاری کورد دەگرێتەوە .. پێشوەختیش تاوانی ئەوە دراوەتە پاڵیان کە لایەنگری ( پە کە کە ) ن . بەڵکو ئۆردوگان ( هە دە پە) بە باڵێکی سیاسی پەکەکە ناو دەبات .. لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی کەمدا ، بەشی هەرە زۆری ئەندامانی ( هە دە پە ) بە توومەتی ناپاکی دەگرن و ، لە دادگایەکی ناشەرعیدا ، بۆ ماوەی چەند ساڵێک سزای بەندکردن دەدرێن و ، دەخرێنە بەندیخانەکانی تورکیاوە .. بۆیە ئەو یاسایە .. پیلانێکی گڵاوە لە دژی خەباتی سیاسی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا .. هەرکەسێک لەگەڵ نیازە گڵاوەکانی ئۆردوگاندا نەبێت ، ئەو بە نەیار و بە ناپاک و تاوانباری دەزانێت .. تا ئێستا بە دەیان رۆژنامەنووسی ئازادیخواز و ، بە دەیان چالاکوانی سیاسی و ، پارێزەری کورد و تورک گیراون و ، تا ئێستا دادگایی نەکراون .. توومەتەکانیان ئەوەیە کە داکۆکییان لە ئازادیی و دیموکراتی کردووە و ، لەگەڵ ئاشتیدا نەک لەگەڵ شەڕ و کوشتن ، لەگەڵ ئازادی و رەوا و دیموکراتیدان ، نەک لەگەڵ ستەم و زۆرداری و دەمگرتنی خەڵکیدا .. لەگەڵ دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیاندان دان .. نەک لەگەڵ تاکڕەوی و دیکتاتۆری و ، جیاوازی و رەگەزپەرستی نەتەوایەتیدا .. ئەمەیە راستی ئەو پرۆسە ئاشتییەی کە ئۆردوگان ناوی لێنابوو ( برۆسەی ئاشتی ) ؟!

ئۆردوگان ، بۆ ئەوەی دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت و خەونەکەی بهێنێتەدی و ، حوکمڕانی لە ( پەڕلەمانی ) یەوە بگۆڕێت بۆ ( سەرۆکایەتی ) و هەموو دەسەڵاتکان بگرێتە دەستی خۆی و ، پلە و پایە باڵاکانی لە مورید و دەستوپێوەندەکانیدا قورخ بکات .. وەکو دیکتاتۆرێک درێژە بە حوکمڕانی بدات ، بە هەچ شێوەیەک بێت دەیەوێت هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەگەرەیان دەزانێت لە رێی خۆیان لایان بەرێت .. بە تایبەتیش پارتی گەلانی دیموکرات ، کە پارتێکی ئازیخواز و ئاشتیخوازی کوردە لە باکووری کوردستاندا ، ئۆردوگان ( هە دە پە ) بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێ .. بۆیە کۆمەڵێک تاوان و بوختانی هەڵبەستراوی بە ناڕەوا داوەتە پاڵ ئەم پارتە کورییەمان و ،  پاڵ پەڕلەمانتارانی سەر بەم پارتە .. بە تایبەتیش هاوسەرۆکی ئەم پارتە ( سەلاحەدین دەمیرتاش ) .. ئۆردوگان دەربەستی ئەوەش نییە کە تورکیا بەرەو شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی بەرێت و بە هەزاران کورد و تورک بکات بە قوربانی هێنانەدیی خەونەکانی . گەلەکۆمەکردنی پارتە تورکەکان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی و دوورخستنەوەی رەنگ و دەنگی پەڕلەمانتارانی کوردمان لە پەڕلەمانی تورکیادا .. شەرمازارییە بۆ ئەو پارتانە و بۆ پەڕلەمانی تورکیایش .. بەمەش زیاتر مۆرکی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی و داخراوەیی بە خۆیانەوە دەنێن .

ئۆردوگان ، یەکێک لە هاوڕێ نیزیکەکانی ( ئەحمەد داود ئۆغڵو ) بوو ، تەنها لەبەر ئەوەی کە لە هەموو بۆچوونەکانیدا هاوڕای نەبوو .. لە سەرۆکایەتی حکوومەتەکەی و حیزبەکەی لایدا .. چونکە ئەو یەکێکی دەوێت ئەڵقەلەگوێی بێت و ، پێی نەڵێت : بەری چاوت كلی پێوەیە .. بۆچی ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) دەخاتە جێی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و ، دەیکات بە سەرۆک وەزێرانی تورکیا و بە سەرۆکی پارتەکەی ( داد و گەشەکردن ) ؟ چونکە یڵدریم .. یەکێکە لەوانەی ئەگەر ئۆردوگان بە ماست بڵێ رەشە .. یڵدریم دەڵێ راستت فەرمووە .. بۆیە ئۆردوگان ( بنئالی یڵدریم ) بە سەنوقە رەشەکەم ناو دەبات .. واتا هەموو نهێنی و رازێکی سیاسی ئۆردوگانی پارستووە ..

بنئالی یڵـدریـم بە رەگەز دەچێتەوە سەر کورد و ، لە بنەماڵەیەکی کوردە و ، لە شاری ( ئارزنجـان ) لە باکووری کوردستان لە دایک بووە ، مەبەستیشم ئەوە نییە کە شانازی بە ئەوەوە بکەین  کە یڵدریم کوردە .. لە عێراقیشدا ( نوری سەعـید ) پاشا و ، ( تەهـا یاسین رەمـەزان جەزراوی ) و ( تەها موحێدین ) یش کورد بوون .. بەڵام لە زیان زیاتر هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە .

پێشبینی ئەوەش دەکەم کە لە سایەی دەسەڵاتی رەگەزپەەرستی ئۆردوگاندا ، تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری .. بەرەو بارودۆخێکی خراپتر و نا سەقامگیرییەکی زیاتر و شەڕ و کوشتن و گرتن و رەشبگیری زۆر روو لە زیادبوون دەکات .. ئەو بارودۆخە نەخوازراوەش نە لە بەرژەوەندی کوردە و نە تورکیشە ، هەموو لایەک لێی زیانمەند دەبن .. کێشەکان گەورەتر و برینەکانیش قوڵتر دەبنەوە .. وا دیارە ئۆردوگان نە پەند و وانەی لە دەسەڵاتدارانی پێشووی تورکیا و ، نە لە ماوەی حوکمڕانی ئەم چەند ساڵەی خۆی وەرگرتووە .. چونکە کێشەی کورد بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بە کوشتن و بە رەشبگیری و بە جیاوازی نەتەوەیی چارەسەر ناکرێت .. بەڵکو کلیلی چارەسەرکردنی کێشەی سەد ساڵەی کورد ، وازهێنانە لە شەڕ و، گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان و دانان بە مافە فەواکانی کورد لە باکووری کوردستاندا .

بۆیە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەڕلەمانتاران ، بە تایبەتیش لەسەر پەڕلەمانتارانی کورد ، قوڕەکە خەستر دەکاتەوە و ، توندوتیژی و نادادپەروەری و جیاوازییەکی زیاتر و خوێنڕشتنێکی زیاتری لێدەکەوێتەوە .. ئەم ئاکامەش لە ئەستۆی پارتی داد و گەشەکردن بە گشتی و خودی ئۆردوگان بە تایبەتییە ، تورکیاش باجێکی زۆری ئەم ئاکامە دەداتەوە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ڕەزا شوان

ئەرشیڤی بەڕێز: ڕەزا شوان