شەریف هەژاریی : ئایا دۆخی پارچه‌كانی كوردستان له‌ كوێ دایه‌ و ڕووه‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت !؟

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشكرایه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ داعش بۆ كورد له‌ هه‌ردوو به‌شی ( خۆراوا و باشور ) هێنایه‌ كایه‌وه‌ ، ته‌واو زێڕینه‌ و ، بۆ مێژووش نه‌قۆزتنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی به‌ ته‌نها و ته‌نها ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كه‌سی یه‌كه‌می حیزبه‌كانی باشور و خۆراوا . له‌م ده‌رفه‌ته‌دا زۆر پێویست بوو كه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی گشت به‌شه‌كان كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردان ببه‌ستن و ستراتیژێكی تۆكمه‌ بۆ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ و ئه‌گه‌ره‌كان دابڕێژن ، وه‌لێ گیانی حیزبپه‌رستی بڕستی كوردی بڕیوه‌ ! هه‌روه‌ها قۆناغه‌كه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای ئالۆزیه‌كان دایه‌ و نیشتنه‌وه‌ی ئه‌م بوركانه‌ هێشتر چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ی ماوه‌ و ، پاش عێرق و سوریا ئه‌وا سنووره‌كانی ئێران و لوبنان و یه‌مه‌نیش ده‌هه‌ژێنێت و ، بڕوام وایه‌ دۆخی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ درووستبووه‌ دیفاكتۆكانی ڕێكه‌وتنامه‌كانی ( سایكس – بیكۆ – سازانۆف و ، سانڕیمۆ ) به‌ چه‌ندین ساڵی دیكه‌ ئاڵۆزی فۆرمی نوێ و جیاواز وه‌رده‌گرنه‌وه‌ ، سه‌باره‌ت به‌ پارچه‌كانی كوردستان :

1 – باكوری كوردستان ، له‌ باكور دا زۆر ده‌رفه‌ت وه‌ك پێویست نه‌قۆزرانه‌وه‌ ، ئیدی هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌ بێت كه‌ هێژموونی ڕووس – ئێران زۆر كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ ، یان په‌كه‌كه‌ له‌ پلانی پارتیزانی دا تۆكمه‌ن و له‌ سیاسه‌ت دا ئایدۆلۆژیستن ، ئه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌وێ .

 به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ له‌ یاد بكه‌ین كه‌ ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورك – ئه‌ردۆغان تائێستا نه‌یسه‌لماندووه‌ كه‌ بڕوای به‌ دانه‌وه‌ی بچووكترین مافه‌ خواكرده‌كانی كورد هه‌یه،‌ بۆ نموونه‌ : ده‌وڵه‌ته‌ پڕوپاگه‌نده‌چیه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌گه‌ڕ یه‌ك زه‌ڕه‌ بڕوای به‌ مافی خواكردی كورد هه‌بایه‌ ئه‌وا ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕی كه‌ خوێندن له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا به‌ كوردی بخوێنرێ و ، هه‌ر هیچ نه‌بێت مافی كلتوری ( كه‌ خوا خۆی كوردی وا خه‌لق كردووه )‌ ئه‌وا ئیسلامیسته‌كانی ئه‌ردۆغان به‌ كوردیان ده‌دایه‌وه‌ !! كه‌وابوو : تورانیه‌تی تورك به‌ عیلمانیی و ئیسلامیانه‌وه‌ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خواكردی جیا نایه‌وێت ببینێت ، بۆیه‌ هه‌رده‌م به‌ ده‌یان پلانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی دۆزی كورد له‌ باكور دا ده‌بنه‌وه‌ . له‌ ئێستادا گرنگه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ خۆراوای كوردستان بۆیان هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا دا بیقۆزنه‌وه‌ و ( به‌دور له‌ ئایدۆلۆژیه‌تی سیاسییان ) خۆیان له‌ ئه‌مریكا نزیكبكه‌نه‌وه‌ و ، گه‌ر به‌ ته‌كتیكیش بێت ئه‌وا به‌ هه‌ر جۆرێ بۆیان ده‌لوێ خۆیان له‌ بازنه‌ی ئه‌مریكا بهاوێن ! خۆ گه‌ر بشتوانن له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان دا بالانسی ڕووس – ئه‌مریكا ڕاگرن ئه‌وا ته‌واو سیاسییانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ئایدۆلۆژیه‌تیی – سیاسییاندا ناچه‌قن !! ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ڕاكێشانی سۆزی ده‌وله‌ته‌كانی ئه‌وروپا و حیزبه‌كانی ئه‌وروپا بۆ په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ پێویسته‌ زیاتر له‌ جاران كاری له‌سه‌ر بكرێت .

2 – خۆرهه‌لاتی كوردستان ، هه‌دوو به‌شی دیموكرات ( زۆرینه‌ مسته‌فای هیجری و، كه‌مینه‌ عه‌بدووڵا حه‌سه‌ن زاده‌ ) حیزبی گه‌وره‌ی ئه‌وبه‌شه‌ن ، تا ئێستا زیاتر ده‌خولێنه‌وه‌ له‌ ناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتیی و یه‌كێتیی دا و ستراتیژێكی تۆكمه‌یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی دا له‌ چه‌ندان به‌ره‌دا له‌ شه‌ڕ دایه‌ ئه‌وا له‌ ناوخۆ دا ئیفلیجی بكه‌ن و …!!

 به‌هه‌رحاڵ ، پێویست ناكا زۆر له‌سه‌ر دیموكرات بنووسم ، وا ئه‌زانم هه‌ندێكیان كه‌سانێكی سپڵه‌ن ! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا مرۆڤی خاوه‌ن ڕێز و شۆڕشگێڕیان تێدایه‌ ! له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و دیموكراتانه‌ی كه‌ پارتی كڕیونیی و له‌ وێبسایته‌كانی پارتیی دا كارده‌كه‌ن ، له‌ به‌ر بابه‌تێكم كه‌ ڕه‌خنه‌ بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزبۆكراتی باشوری كوردستان ، ئه‌وا ته‌شهیریان پێ كردم !! ته‌نها له‌به‌ر خاتری پارتیی – له‌ كاتێكدا هه‌ندێك له‌ پارتیه‌كان سوپاسیان كربووم له‌به‌ر ئاراسته‌ی ڕه‌خنه‌ درووستكاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانم !! سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ سیانزه‌ ساڵه‌ ( له‌به‌ر خاتری بیره‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌ كوردییه‌ ناحیزبییه‌كه‌م ) زۆرجار به‌رگریم له‌ خه‌باتی ڕه‌وای ئه‌و به‌شه‌ كردووه‌ و ده‌یانجار سه‌ختیم چه‌شتووه‌ ، ئیدی مه‌ترسی ئیتلاعات بووبێ یاخود هی حیزبه‌كانی باشور ، به‌ڵام كوردبوون لام پیرۆزتر بووه‌ له‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی حیزبێكی به‌رته‌سكی باشور دا بم و له‌ ئاست دۆزی ڕه‌وای پارچه‌كانی تر بێ هه‌ڵوێست و بێ ده‌نگ بووبم . ئه‌گه‌ر نا خۆ چه‌ندین شاهیدم هه‌یه‌ كه‌ پارتیی نێردراویان ناردووه‌ كه‌ بۆ یه‌ك وتارم ئه‌وا خۆم سه‌رپشك بم چه‌ندم ئه‌وێ و ، یه‌كێتیش دوو سه‌ركرده‌ی هه‌ره‌ دیاریان پێیان ڕاگه‌یاندم پێمان خۆشه‌ وه‌ك برا بچووك له‌گه‌ڵمان كار بكه‌یت ، هه‌رچه‌نده‌ بڕوام وابووه‌ و وایه‌ : له‌ ئازادی بیروڕا دا یه‌كێتیی زۆر له‌ پارتیی باشتره، به‌ڵام پێشتر به‌رگری كردن له‌ بانگه‌وازه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانم پێ گوونجاو بووه‌ ، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌ندامی ڕێكخستنه‌كانیان بم و ناسنامه‌یانم هه‌بێت ، به‌ڵكوو بڕوای ته‌واوم به‌ خه‌بات له‌ پێناو چاكسازیی و ‌نه‌مانی ڕۆتینات دا هه‌بووه‌ .

به‌هه‌رحاڵ ، ئه‌و بابه‌تانه‌م كه‌ به‌ درێژایی سیانزه‌ ساڵ له‌سه‌ر حیزبی دیموكراتی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان نووسیم ئه‌وا وایكردبوو هه‌میشه‌ مه‌ترسیم له‌سه‌ر بێ ، به‌جۆرێ خوا و هه‌ندێ دۆست شاهیدن گه‌ر دوژمنداربوومایه‌ هێنده‌ مه‌ترسی نه‌بوو له‌سه‌رم ، ئێستا كه‌ كادیرێكی دیموكرات له‌سه‌ر وێبسایتێكی پارتیی دایه‌ یان له‌ ئه‌وروپا دایه‌ درك ناكات كۆڕگرتن له‌ سلێمانیی و وتارنووسین له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 2003 ه‌وه‌ تا ئێستا له‌سه‌ر خۆرهه‌لاتی كوردستان چه‌ند مه‌ترسیدار بووه‌ !! به‌ڵام مرۆڤی سپڵه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیخواز له‌به‌ر خاتری فه‌رمانێكی پارتیی یاخود هی ئه‌وانه‌یان سه‌ر به‌ یه‌كێتین ئه‌گوونجێ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن كه‌ دیموكرات هه‌رده‌م ببنه‌ شوێنكه‌وته‌ی پارتیی یا یه‌كێتیی . له‌ كاتێكا ئه‌وانه‌ یان مێژووی پارتیی ناناسن یاخود به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانیان واده‌كات هه‌رده‌م بیانه‌وێت دیموكرات بكه‌نه‌ به‌شێك له‌ ژێر فه‌رمانی پارتیی دا بێت یاخود یه‌كێتیی. بۆیه‌ به‌ شایسته‌ی نازانم ئیتر نووسین له‌سه‌ر ئه‌وبه‌شه‌ بنووسم ، ئه‌وه‌شی كه‌نووسیوومه‌ و یان له‌ یادی شه‌هیدێكی دانسقه‌ی وه‌ك قاسملوو دا له‌وانه‌یه‌‌ ئه‌كادیمیانه‌ بینووسم ، ئه‌وا ته‌نها و ته‌نها له‌ پێناو ڕۆحی پاكی شه‌هیدێكی وه‌ك قاسملوو بووه‌ نه‌وه‌ك ئه‌و مرۆڤه‌ سپلانه‌ی كه‌ ئه‌گوونجێت هان بدرێن . دڵنیاشم وابڕوات دوورنابێت كه‌ یه‌كێتیی له‌ڕێگه‌ی ( پژاك و كۆمه‌ڵه‌كان و به‌شه‌ دیموكراته‌كه‌ی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی ) و پارتیش له‌ ڕێگه‌ی ( حیزبی ئازادی حسێنی یه‌زدان په‌نا و سازمانی خه‌بات و به‌شێكی كادیره‌ كڕدراوه‌كانی حیزبی دیموكرات ) ئه‌وا بۆ هه‌میشه‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستانیش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتیی و پارتیی و شتێك نه‌مێنێت به‌ناوی حیزبه‌ سه‌نگینه‌ مۆراڵداره‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ی سه‌رده‌مانی قاسملوو ، بۆیه‌ ئیدی بۆ شیكاری دۆخی ئه‌م به‌شه‌ چه‌ند نووقته‌یه‌ك دابنێین ڕه‌نگه‌ شایسته‌تر بێت له‌ هه‌لسه‌نگاندنی دۆخه‌كه‌ی !

3 – باشووری كوردستان : زۆر پێویسته‌ پارته‌كانی باشوری كوردستان پێش ئه‌وه‌ی شیعه‌ بیان په‌رژێته‌ سه‌ر كورد ، ئه‌وا یه‌كگرتوویی نێو ڕیزه‌كانیان فه‌راهه‌م بكه‌نه‌وه‌ ، به‌ یه‌كگرتوویی نێوان ( پارتیی و یه‌كێتیی و گۆڕان ) ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕیفراندۆم و دواتریش سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت . گرنگه‌ نووسه‌ران فشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان بكه‌ن كه‌ قوربانی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌كانیان بده‌ن ، چونكه‌ ناكرێ و نابێت پارتیی هه‌موو پۆسته‌كان مۆنۆپۆل بكا و پارته‌كانی دیكه‌ش پشتوگوێ بخا له‌ ساتێكی ته‌واو هه‌ستیاری ئاوهادا ، هه‌روه‌ها ناكرێ و ناشبێت پارته‌كانی دیكه‌ سه‌نگ و دبلۆماسیه‌ت و نفووزی جیۆپۆله‌تیكی پارتیی نادیده‌ بگرن ، مێژووی په‌نجا سالی خوێناوی باشوری كوردستان سه‌لماندوویه‌تی كه‌ هیچ لایه‌كیان ئه‌وی دیكه‌یانی پێ ناسڕدرێته‌وه‌ چونكه‌ باشوری كوردستان له‌ ڕووی ناوچه‌ی نفووزه‌وه‌ زۆر خراپ دابه‌ش بووه‌ ، گرنگه‌ پارته‌كانی باشوری كوردستان له‌م دۆخه‌دا گووتاریان به‌رامبه‌ر یه‌كتر تووند و خوێناوی نه‌بێت ، ده‌رفه‌ته‌كه‌ هه‌رماوه‌ ، گه‌ر له‌ ده‌ست بچێ ئه‌وا كه‌سی یه‌كه‌می پارته‌كانی باشور لێی به‌رپرسیارن و ، هه‌ی هوو! هه‌تا ده‌رفه‌تی ته‌واو ڕه‌خساوی ئاوها دێته‌وه‌ كایه‌وه‌ !!

4 – خۆراوای كوردستان ، هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌ی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ڕیگا نادرێت كه‌ پارته‌كانی دیكه‌ بچنه‌وه‌ خه‌باتی سیاسیی خۆیان بكه‌ن ، به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ گرنگه‌ په‌یه‌ده‌ – په‌كه‌كه‌ ئه‌و دیفاكتۆیه‌ی له‌ به‌رده‌ستیان دایه‌ به‌ ته‌واوی بیقۆزنه‌وه‌ .

 سوریا له‌ ئێستادا فڕی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نه‌ماوه‌ ، په‌كه‌كه‌ ئه‌شتوانێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی و ئه‌مریكا بقۆزێته‌وه‌ ، ئه‌یڵێمه‌وه‌ : بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌سه‌ر پارتیی دا زاڵبێت ئه‌وا یه‌ك شت گرنگه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ : په‌كه‌كه‌ به‌ ئایدۆلۆژیی سیاسه‌ت نه‌كات و هه‌رچۆنی كردووه‌ و به‌ هه‌ر ڕێگایه‌ك بووه‌ خۆی له‌ ئه‌مریكا نزیك بكاته‌وه‌ . گه‌ر وا بكات ، به‌ ته‌واوی نه‌ك هه‌ر له‌ باكور و خۆراوا ئه‌وا دوریش نیه‌ به‌هاوپه‌یمانیش بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌وا له‌ باشور و خۆرهه‌ڵاتیش دا نه‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیاری سه‌نگین . ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ بگات به‌و ئاسته ،‌ ئه‌وا یه‌ك ڕێگری له‌ به‌رده‌م دایه‌ ئه‌ویش : ئه‌مریكا – ئیسرائیله‌ ، ئه‌مریكا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی ڕووس – ئێران ئه‌زانێ و په‌كه‌كه‌ ئه‌بێت خۆی بۆ بسه‌لمێنێت !! ئیسرائیلیش به‌هۆی پاشخانی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ له‌ دژی ئیسرائیل كه‌ به‌ فه‌رمانی حافیز ئه‌سه‌د له‌ جۆلان په‌كه‌كه‌ دژ به‌ ئیسرائیل به‌شداری كردبوو‌ ، به‌لام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش ئه‌گه‌ر مه‌یل و پلان هه‌بێت ئه‌كرێ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت !! به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل و بیریی پان – ئیسلامیستی ئه‌ردۆگان یه‌كناگرنه‌وه ، په‌كه‌كه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ كه‌ هێنده‌ی له‌ رووی پارتیزانییه‌وه‌ تۆكمه‌یه‌ ئه‌وا له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ وردتربێ ، چونكه‌ ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌ویش دایه‌ گه‌ر بزانێ یارییه‌كه‌ بكا و قوربانی به‌ ئایدۆلۆژیكردن و تاك جه‌مسه‌ربه‌ندی سیاسه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ بدات‌ .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شەریف هەژاریی

ئەرشیڤی بەڕێز: شەریف هەژاریی