mela-bextiar-nawshirawn

عیماد عەلی : رۆڵگێڕانی مەلا بەختیار زەرورەتێکی کوردستانیە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وابزانم ئەوەی من بناسێت و نوسینەکانی پێشومی خوێندبێتەوە کە چەند رەخنەئامێز بوون لە سەرجەم کارەکانی کاک بەختیار ، ئەوا ئەم نوسینەش بابەتیانە بخوێنێتەوە و ناوەرۆکەکەی بە وردی وەربگرێت ، بە مەرایی لەقەڵەمی نادات .
ئەگەر رۆڵ و کاکردنی مەلا بەختیار لە رووی فکری و فەلسەفی و جەماوەری و سیاسیەوە هەڵسەنگێنین و ، لەم بارودۆخە تازەیەی کوردستان بۆچونی حزبەکان و رێکەوتنی یەکێتی و گۆران و کار و بۆچونی کارەکتەرە سەرەکیەکانی سەر ساحە ی سیاسی کوردستان بخوێنینەوە ، بە تایبەتی کەسایەتیەکانی وەک مەسعود بەرزانی و نەوشیروان و موستەفا ، کە هەر یەکە و هەڵگری پێناسەیەکی تایبەتی خۆیە و لە سەرجەم رووەکانەوە سەلبیات و ئیجابیاتی خۆیان هەیە و ، پشتخانی فکری و سیاسیان کۆمەڵێک بۆچون هەڵدەگرێت و بێگومان کون و کەلەبەری زۆری تێدایە ، بۆیە بەردەوامی وەزعی چەقبەستوی کوردستان و دەرنەچون لەم مەتاهاتە و مانەوەی واقعی کوردستان لە سەر ئەم ریتمە ئەگەرێکی گەورەیە .
با واز لەوە بێنین و ئەو روانینەی خەڵکی کوردستان بەگشتی لە روانگەی ناوچەگەری و مێژووی هەر یەک لەمانە و سەرکردەکانی تریش کە تا رادەیەک لە بیر کردنەوەی خەڵکدا چەکەرەی کردووە لەبەرچاو بگرین ، ئەوا ناوچەگەرێتی و دووبەرەکی و کۆنە قین و ناکۆکی شەخسی و حزبی رۆڵی خۆی هەیە لە هەر بابەتێکدا باس بکرێت ، پەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە .
لە روانگەی پێشەوە ، تەماشای رۆڵی مەلا بەختیار بکەن ، کە خەڵکی شارێکی دوورە دەستە ، ئەگەر با وا دانێین ناوچەکەرێتیش بکات بۆ شارەکەی خۆی ، ئەوا کاریگەری سەلبی لەسەر کۆی گشتی کێشەی کورد دانانێت و دوو ناوچەیی لە کوردستاندا ناسەپێنێت ، لەبەر ئەوەی لە پشتخانی رۆشنبیری و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکەی ئەمدا ئەم دەڤەرگەریە نیە و مێژوویەکی ناکۆکی لەگەڵ ناوچەکانی تردا نابینیت کە ئەگەری قورسی لێبکەوێتەوە . بۆیە لە رووی سیاسیەوە تا حەدێکی باش دەتوانێت لەمەودا وەک خاڵی ناوەند و گەیەنەر کاری گشتی پەیوەست بە بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان بکات و رۆڵی خۆی بگێرێت ، کە ئەگەری بارودۆخی جیاوازی زۆری لێ چاوەروان دەکرێت و ، ئێرە جێگەی ئەوە نیە باسی بکەین و، هەر یەکە و پێشبینیەکی لایە کە کوردستان بەرەو کوێ دەروات .
بێگومان لە رووی پشتخانی سیاسی و فکری و مێژوویی وجەماوەریەوە ، کاک بەختیار رووبەرێکی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت وەک کارەکتەرێکی کاریگەر و تەنانەت پاش ماوەیەکی تر ئەگەر لە هەندێک بواردا بێلایەنی خۆی بپارێزیت ، وەک مەرجەع پرسی پێ بکرێت و لە حزبایەتی تەسک دەردەچێت و پێگەی خۆی لەناو خەڵکدا بەو شێوەیە جێگیر دەکات .
لە رووی فەلسەفیەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە و کەس نکوڵی لەوە ناکات کە لەگەڵ ئەوەی لە نێو جەرگەی سیاسەتدا پشتی لە قەناعەتی فەلسفیی خۆی نەکردووە ، هەرچەند لە رووی سیاسیەوە زۆرێک جار زیانی بە خۆی گەیاندووە و وەک خۆی رەفتاری نەکردووە و تەانەت بە هەزار حاڵ هاوسەنگی لە نێوان بۆچونی فەلسفیی خۆی و حزبایەتی و بەرژەوەندی حزبەکەی راگرتووە و ویستویەتی بەلایەکدا نەکەوێت ، بەڵام لە کۆتادا بەسەر خۆیدا شکاوەتەوە ، وەک لە دیبەیتەکەی لەگەڵ عەلی باپیردا دەرکەوت.
لە رووی کوردستانی گەورەوە، کەس نیە موزایەدەی لەسەر بکات و هەڵوێست و رەفتار و هەنگاوەکانی بە کردەیی لە خزمەت پارچەکانی تری کوردستان نەخوێنێتەوە، بۆیە دەکرێت لەوبارەشەوە رۆڵی تایبەتی خۆی هەبێت و لە قۆناغی داهاتوودا زەروورەتێکی کوردستانی گەورەش بێت ، ئەگەر لەمەودوا لە قاوغی حزبایەتی تەسک خۆی بپارێزێت و لە پێگەیەکی باڵاوە مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلی کوردستانی گەورە بکات ، ئەمەش وەک رایەکی تایبەتی و بۆچون و خوێندنەوەی خۆمە و دەبێت لای خەڵک وەک خۆی وەربگیرێت .
ئەگەر دوور لە هەر حزبایەتی و فکر و فەلسەفەیەک ، مەلا بەختیار بخوێنینەوە ، ئەوا لایەنی گەشی زیاتر دەردەکەوێت لە لایەنی رەشی ، بۆیە بۆ قۆناغی داهاتوو، لە پاش قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی دەڤەرەکان ، وا پێویست دەکات کەسێکی خاوەن پشتخان و مێژووی تایبەت و چالاک و بەتوانا و بێلایەن لە تەماشاکردنی کەیسەکان، نەک بە تەنها لە رووی حزبیەوە بەڵکو لە سەرجەم رووەکانەوە ، رۆڵی تایبەتی خۆی بگێڕێت و ، ئەو ئەرکەش بە کەسێکی هەڵکەوتەی لەم شێوەیە لە ناوەرۆک و رووکەشدا ، زیاتر مەیسەر دەبێت .
بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە خۆی سەلماند ، ئەوە دەتوانێت ناوەندگێری خۆی دوور لە هەر تەرەف گێریەک بکات و ، نەهێڵێت کێشەکان لە گرێژنە دەربچن و ، لەم تەمەنەیدا دەتوانێت مەرجەعیەتی خۆی فەرز بکات و قسەکانی جێگەی خۆیان بگرن و راکانی جێبەجێ بکرێن ، بە مەرجێک سەرجەم کێشە و بێشە و ناکۆکیەکانی پێشوتری لەگەڵ سەرجەم کەس و لایەنەکاندا فۆرمات بکاتەوە . پاش ئەوەی لەم بارەوە بیرێکی قوڵی لێ بکاتەوە و ستراتیجی خۆی دانێت ، بێگومان لە داهاتوودا رۆڵی یەکلاکەرەوەی کاک بەختیار لە ساحەی سیاسی کرودستان بە گشتی و کوردستانی باشور بە تایبەتی بە جوانی دەردەکەوێت . وەک دەیبینم کوردستانیش لەم قۆناغەدا لە وەزعێکی تایبەتیدایە و پێویستیەکی تەواوی بەم کارەکتەرە گەورەیە هەیە و ، رۆڵێکی گەورەی ئاوها بە هەموو کەس ناکرێت و سیفەتی تایبەتی خۆی دەوێت . ئەم رۆڵگیرانەی کاک بەختیار ئەگەر سەرکەوتوو بێت زەرورەتێکی مێژوویی کوردستانیە بۆ ئەم قۆناغە و بۆ دوارۆژی نزیکیش ، ئەگینا دەکرێت حاڵەتەکان جارێکی تر بگەن بە مریشکە رەشە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت