عیماد عەلی : ئەبوبەکر کاروانی و راشید ئەلغەنوشی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان لێرەدا بەراورد لەسەر ژیانی سیاسی و فکری تایبەتی ئەم دوو پیاوە ناکەین ، بەڵام لەسەر بۆچونی هەردولا و روانینیان بۆ تاکە بابەتێک دەدوێین ، کە ئەویش جیاکردنەوەی بانگخوازیی ئاینیە لە سیاسەت لە نێو یەکگرتوی ئیسلامی لە کوردستان و نەهزەی ئیسلامی لە تونسدا ، کەهەردووکیان یەک بۆچونیان هەیە ، ئەم لە خوێندنەوەیەکی زیرەکانەی خۆی بۆ واقعی کوردستان و دوارۆژەکەی و هەڵسەنگاندنی بە فکری خۆی قەناعەتەکانی بۆ ناوەوەی یەکگرتوو و پێشبینیەکانی بۆ پاشەرۆژی و ، ئەویش لە دەرئەنجامی تاقیکردنەوە و مێژووی دوورودرێژی هەمەلایەنەی لەو بوارەدا . هەردووکیان گەیشتونەتە ئەم قەناعەتە . ئەگەر قسە لەسەر پێشکەوتنخوازی راوبۆچونی کاروانی بکەم و بڵێم ئەم پێش گەورە زانایەکی وەک غەنوشی کەوت، لەوانەیە بە لایەنگیری یان نەتەوەیی لەقەڵەم بدرێم کە خەڵک دەزانێت هەڵگری چ بیروباروەێکم و دوورم لە رەگەزپەرستی و زۆریش دوورم لە ئیسلامگەراوە ، بەڵام کەسێک کە لە قەناعەت و بوارەکەی خۆیدا داهێنان بکات ، جا چ بیروبۆچون و فکر و عەقیدەیەکی هەڵگرتبێت ، دەبێت لای نهەمووانەوە دەستخۆشی لێبکریت ، بە تایبەتی کە قازانجی تایبەتی بۆکۆی گشتی پرسی تایبەت بە خەڵک و دوارۆژی میلەتەکەی هەبێت ، ئەوەی خەڵک دەیزانێت کە کاروانی وەک من لە دوورەوە ئاگاداری بم بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە بانگەشەی ئەو داوایە دەکات وا ئەمرۆ غەنوشی لە کاتی بەستنی کۆنگرەی نەهزەدا داوای کرد و بریاریان لێدا و جیهانی عەرەبی هەژاند و بە سەرەتایەکی گۆڕانکاری ریشەییان لەقەڵەم دا .
دەشێت بڵێن هۆکارگەلێک هەن بۆ تەبەنی نەکردنی ئەم بۆچونە پێشکەوتنخوازیەی کاکی کاروانی لە نێو یەکرگرتووەکەی خۆیدا ، کە بۆ خودی یەکگرتوو لە لایەک و لە لایەکی ترەوە بۆ خەڵکی کوردستانیش بە گشتی قازانجێکی گەورەی دەبێت ، ئەمە ئەگەر واقعی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسی کوردستان بە وردی بخوێنینەوە ، کەتاوەکو ئەمرۆش بیرو بۆچونی ئیسلامی باڵی بەسەر کۆی گشتی بیری خۆرسکی خەڵکدا کێشاوە و ئەو زەمینەیەی بۆ چالاکی و گەشەی ئیسلامیەکان هەیە تا ئێستا بەو جۆرە بۆ حیزبە عیلمانیە روتەکان فەراهەم نەبووە ، لە رووی بابەتی و خودیشەوە .
باوەربون بە هەر موعتەقەدێک وەک مافێکی شەخسی هەر هاوڵاتیەک لە دونیای ئازادی و سیستمی عەلمانیدا کارێکی ئاساییە و ، یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی وڵاتانی مەدەنی و شارستانیەت ، بەڵام بۆچی یەکگرتوو کە لە سەرجەم حزبە ئیسلامیەکانی تر زیاتر ئیدیعای شارستانیەت و پێشکەتنخوازی و واقعیەت دەکات ، دوای شوێن پێی کاروانی نەکەوت لەو بیروبۆچونەیدا . لەوباوەرەدام لەمەدا هۆکاری سیاسی پێش فکری و عەقیدی بکەوێت ، لەبەر ئەوەی :
1 – یەکگرتووی ئیسلامی لە زەمین و زەمانێکدا دروست بوو ، جیاواز لە ریکخراوە ئیسلامیەکانی تر و تا رادەیەک پەیوەست بە ئیخوانی عالەمیەوە و کارەکتەرە سەرەکیەکانی تا حەدێکی باش خۆیان بە قوڵایی ئەوانەوە بەستۆتەوە ، ئەوانیش ؛ ئەوەندە گرنگی بە کاری سیاسی دەدەن و حسابی بۆ دەکەن ئەوەندە بە شتی ترەوە خەرێک نابن و ، لە بوارە فیکریەکەش زیاتر خۆیان پێوە سەرقاڵ دەکەن . ئەم داوایەی کاروانیش لە رووی سایکۆلۆجی و سیاسیشەوە قورس دەکەوێت لە سەریان ، بە تایبەتی بۆ هەندێک تاکی یەکگرتوو، ئەگەر خۆیان لەو مێژووەیان دانەبرن ، هەرچەند لە ناخەوەش قەناعەتیان وا بێت کە بۆچونەکەی کاروانی راستتر و گونجاوتر و واقعی ترە و لەگەڵ رەوتی گۆرانکاری و پێشکەوتندا دەگونجێت ، بەڵام دەشێت بوترێت زەمینەی ناوخۆیی یەکگرتوو بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مەبەستە نەخەمڵیوە ، کە بە هەموو پێوەرەکان ، ئەگەر هەمووان باشیش بزانن بە تەبەنی کردنی بیرەکەی کاروانی چەندین هەنگاو پێشدەکەون و ، تەنانەت دەتوانرا پێش ریکخراوە ئیسلامیە عەرەبیەکانیش بکەون و تۆمەتی پاشکۆیەتیش لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە .
2 – لەبەرچاوگرتنی تەمەنی کاک ئەبوبەکر پەیوەست بە ململانێی نەوەی کۆن و نوێی یەکگرتوو ، رێگریەکی گەورەیە بۆ پشتبەستن بە بیر و فکرێکی یەکلاییکەرەوەی گرنگی وەک ئەمەی کاروانی کە لە داواکردن و قەناعەتیشدا پێش گەورە بیریایکی ئیسلامی وەک غەنوشیش کەوتووە ، یان راستتر بڵێین وەک تاکێکی ئیسلامی و پێگەیشتوی ناو کایە ئیسلامیەکە لە تەرحکردنی ئەم بۆچونەیدا پێش غەنوشی وخەڵکی تریش کەوتبێت ، کە لەوانەیە هاوسەنگەرانیشی هەسی نەکەن .
3 – ریگری سیاسی و پەیوەندیەکانی یەکگرتوو بە هاوتەریبەکانیەوە لە ناوچەکە و بە تایبەتی ئیخوانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەوانەیە لە روویەکەوە رێگر بێت لەم جۆرە کارکردنە، لەبەر ئەوەی کاریگەری خۆی جێدەهێڵێت لە سەر کۆی پەیوەندیە دەرەکیەکانیان .
4 – ئەگەرێکی زۆر گەورەی تر ، بوونی ترس لە کاردانەوەی ناوخۆ ، چ لەناو حزبەکە بێت یان لە نێوخۆی کوردستان یان دەوروبەری لە رووی جەماوەریەوە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە دەدرانی سەلبیاتێکی نێوخۆیی لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی پێشنیارێکی ئاوهادا ، کە لەوانەیە لە دەسەڵات و قازانجی هەندێک کەسی دەسترۆیشوی نێوخۆی خۆیان کەم بکاتەوە و لەو جیاکردنەوەی بانگخوازی لە سیاسەتدا هیچ جێگەیەکیان لەهەردووبەرەکە بۆ نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کاروباری خۆیان بەرێبکەن یان بەرژەوەندیەکانیان مەیسەر بکەن .
دیارە ئەگەر غەنوشی لەناخی خۆیدا باوەری بەم هزرو بیرە تازەی هەبوبێت و بێگومان هەروا کتوپر قەناعەتی پێنەکردبێت و پێشتریش بیری لێکردبێتەوە و ، تەنانەت هەندێک وای بۆدەچن کە پێش شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی غەنوشی ئەم بۆچونەی لا گەڵاڵە بووبێت ، دوای ئەوەی بۆ بیست ساڵ زیاتر لە ئۆروپا ژیاوە ، بەڵام نەبونی زەمینەی لەباری نێوخۆی حزبەکەی و چونێتی دەرخستنی ئەو قەناعەتەی وای لێکردووە کە بۆ ئەمرۆ دوایبخات ( هەرچەند هەندێک خەڵک بە تەکتیکی پێش گۆنگرەی باس دەکەن و دەڵێن غەنوشی هەر رۆژە و رایەکی جیاوازی دەرخستووە لە ژیانی سیاسی و فکری خۆیدا ) ، بەڵام بەم هەنگاوەی بو بە پێشەنک و بەردی بناغەی گۆرانکاریەکی گەورەی لە ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دانا ، دەکرا یەکگرتوو بە تەبەنی کردنی بیر و بۆچونەکەی ئەبوبەکر کاروانی پێش نەهزە و غەنوشی بکەوتایەن هەڵوێستێکی جیهانی گرنگیان بۆ خۆیان تۆمار بکردایە .
سەرەتای شۆرشەکانی بەهاری عەرەبی لە تونسەوە دەستیپێکرد و ، دیارە سەرەتای جیاکردنەوەی دین لە سیاسەتیش لەوێوە چەکەرەدەکات و وەک دەبینین برینی قۆناغەکان تا ئێستا ، لەوێدا بە سروشتی بەرێوە دەچێت و چاوەرێی دواتر دەکەین ، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئاستی رۆشنبیری گەلی تونس فاکتەرێکە و هەمیشە پشتی پێ بەستراوە بۆ راستکردنەوەی هەر هەڵەیەک کە ناکۆک بوبێت لەگەڵ کۆی گشتی بەرژەوەندیە باڵاکەی میلەتدا ، تا ئێستاش ئەم فاکتەرە لە لەلایەن خەڵکەوە زامن کراوە .
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ، بۆچی یەکگرتووی ئیسلامی قازانجی لەم هەلە فەراهەمکراوەی بەردەستی نەکرد بۆ هەنگاونانێکی گەورەی ئاوها و ، دوای خست بۆ لەوانەیە چەندین ساڵی تر ، کە دەکرا وەک غەنوشی و نەهزە دوانەکەوێت و چەند قۆناغێک بە یەکجار ببرێت ، کەچی بوێریی تێدانەبوو پاڵی پێوە بنێت و ئەو هۆکارە رێگرانە وەلانێت و پیادەی بیرێک بکات کە لەوانەیە پاش چەندین ساڵ کات بە فیرۆدان ئینجا بگەرێتەوە بۆی .
جا بەم بۆچون و داواکردنە زیرەک و عاقڵانەی کاروانی، یەکگرتوو دەیتوانی لە رێکخراوەکانی تر چەند هەنگاوێک پێشبکەوێت و لەگەڵ سەردەمدا خۆی بگونجێنێت و هەڵەی رێکخراوە ئیسلامیە جیهانیەکانی تر دووبارە نەکاتەوە . با هەموو جیهانیش بزانیبایە کە لە نێو کوردیشدا خەڵکانێکی زۆر هەن راست و رەوان بیری عاقڵانە لە میلەتەکەیان دەکەنەوە و پێش ئەوانیش دەکەون و هەمیشە پاشکۆ نین و ، بەم کارەش کاروانیش پێش غەنوشیش دەکەوت و دەبووە پێشەنگ بۆ عەرەبیش ، بەڵام ئەوەی دەبێت هەموو کەس دانی پێدابنێت ئەوەیە کە کاروانی لە بوێری و تەرحکردنی ئەم بیرو بۆچونەدا پێش غەنوشی کەوت و، ئەوەش مێژوو بۆی دەینوسێت . بەڵام داخەکەم بەرژەوەندی تەسکی کەسانێکی دەسترۆیشتو و ئاستی نزمی بیرکردنەوەی هەندێک کەس و کێرڤی نزمی رۆشنبیری گشتی، رێگە بە داهێنان نادات .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت