Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : ئەفسانە و وەهمی فەزاو پانتایی گشتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كێ دەنگی بەرزە فەزاو پانتای گشتی موڵكی ئەوە 

یەكەم

فەزای گشتی ، یان پانتایی گشتی ، ڕووبەری گشتی دراوێكی نوێ و تازەیە ، دەركەوتنی هاوشان و هاوڕێیە بە دەركەوتنی دیموكراسی لیبرال و دەركەوتنی جیاوازییەكان وەك شوناس و ناسنامەی دەستەجەمعی و كاری گروپی سیاسی و غەیرە سیاسی . دەركەوتنی هاوشانە بە مۆدێرنیتێ و گروپبەندییە ئیدۆلۆژی و سەندیكایی و پیشەییەكان . فەزی گشتی شوێنێكە بۆ ئاڵوگۆڕی بیرو ڕاو بگرەو بەردەو و دیالۆگ لە پێناوی ئەو شتەی كە هاوبەشە ، وەستان و بە گیروگرفتكردنی چاكەی گشتی . فەزاو پانتایی گشتی بەرهەمی شارو دەركەوتن و پەیدابوونی شارە . لە لایەكی دیكەشەوە بەربەست و ڕێگرتن لە هەرچی زیاتری هاتنە ناوەوەی دەوڵەت و دەزگا دەوڵەتییەكانە . ڕێگەگرتنە لە مۆنۆپۆل و قۆرخكاری لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسییەوە . فەزای گشتی جوگرافیایەكە سەر بە سیستەمی لیبرالیزم و دیموكراسی لیبراڵە . واتە فەزای گشتی بەرهەم و دراوی ناو سیستەم و ڕژێمێكی ئاینی و كۆمۆنیستی و سۆسیالیستی نییە ، چونكە لە ناو ئەو سیستەمە تۆتالیتێرو سەراپاگیرو یەك ڕەنگ و یەك دەنگەدا هیچ پاساوێك بۆ بوونی فەزاو ڕووبەری گشتی نییە . كەهەموان یەكسان و پرۆلیتارین ، هەموان ئیماندارو موسوڵمانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێكن كە نوێنەرایەتی خوداو نوێنەرایەتی ئێمەش دەكات . شەرعییەت و پاساوی بوونی فەزاو پانتایی و ڕووبەری گشتی ” جیاوازییەكانە “. واتە پێكەوە هەڵكردن و دۆزینەوەی شوێنێكی هاوبەش بۆ هەموان وەك تەواوی جیاوازییەكان . وەك جوگرافییایەك بۆ پیشاندان و خستنە ڕووی كێشەو خواست و ویست و بەرژەوەندییە جیاوازییەكان . بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتێكی كۆمۆنیستی ، سۆسیالیستی ، مەزهەبی و ئاینی تەنیا بەرژەوەندی چینی كڕێكارو ئیمانداران بوونی هەیە ، هەموان لە ناو یەك ناسنامەو شوناسدا هیچ شەرعییەت و پاساو و ڕاوایەتییەك نامێنێتەوە بۆ فەزاو ڕووبەری گشتی كە ئەتمۆسفێرێكە بۆ تەواوی جیاوازییەكان و نوێنەرایەتی و نوێنەرەكانیان . بەم مانایە فەزای گشتی بە پلە ئیمتیاز یەكانگیرو هەماهەنگە لە گەڵ دیموكراسی و دیموكراسی لیبراڵیزم و نیو لیبڕالیزمدا .

دووەم

لە دونیایەكدا كە مۆنۆپۆڵكرابێت لە لایەن ئیمپراتۆریای میدیاو هاتوهاوارو قیژوقاژو دەنگ بەرزی میدیاو كۆمۆانیاكانی ڕیكلام و پوبلیسیتێوە ، چی مانەوەو بوونێك بۆ جیاوازی هەیە ؟ ئێمە فەزاو پانتایی و ڕووبەرێكی گشتیمان هەیە كە ئەسڵ و ئەساسێكی نییە ، بەڵكو خولقێنراوی ماكینەی كاپیتالیستی و مۆدو فاشیۆن و هەیمەنەو هەژموونەكانێتی . بەرهەمهێنراوی دەزگاكانی دەوڵەت و دەزگا پاشكۆكانێتی ، بەم مابایە چی ئاست و ڕەهەند و بوونێك بۆ ( جیاوازییەكان ) دەمێنێتەوە . لە ناو پانتایی و فەزیەكدا كە تەنیاو تەنیا ( سیمیولاكر ) هەیە ، واتە تەواوی كەس و گروپەكان وەك یەككراون ، چی ڕاستییەك بۆ ( جیاوازی و فەزای جیاوازییەكان هەیە ؟) . واتە فەزا و ئەتمۆسفێرێكی داگیركراو لە لایەن میدیاو كاپیتالیزم و فیتیشیزمی كاڵاخوازی ، چی جیاوازییەك بوونی هەیە ؟ واتە ئەسلەن جیاوازییەك بوونی نییە ، هەموان وەك یەكن ، وشیارییەكی ساختەو دروستكراو و سەپێنراو لە ناو گەمەو یاساكانی گەمەدا بوونی هەیە ، لێرەدا چ جیاوازییەك لە ئارادایە .  ئێمەیەك كە ئاوێنەی گواستنەوەو پێداتێپەڕینی خواستی بازڕو ماركیتینگین ، پێشوەخت شێوازی هەڵسوكەوت و تەنانەت بیركردنەوەو وشیاریشمان بۆ خولقا بێت ، دەبێت چی جیاوازی و فەزاو پانتایی بۆ جیاوازی و جیاوازبوون بوونی هەبێت ؟ كاڵیتالیزم وەك كۆدی كردنەوەی ئارەزووەكانمان ، وەك كردنەوەی كۆدی ئەو كۆدانەی ناهێڵین ئارەزووكانمان بەرهەمبهێنینەوە ، ئێمەو بكەرگەلێك لە ناو فەزای گشتی و پانتایی گشتیدا بەرهەم دێننەوە كە بەرهەمهێنراو و خولقێنراو و پێكهێنرای كاركردن و پرۆسەی كاركردنەكانی خۆی بێت . كەواتە سوژەیەكی سەربەخۆو ئۆتۆنۆم و ئازاد لە فەزای گشتی و ڕووبەری گشتیدا بوونی نییە ، ئەوەی هەیە نوسخەیەكی ویستراو و خوازراوی ناو ستۆدیۆ و لابۆراتواری كاپیتالیستییە ، لێرەدا چ وەك تاك و چ وەك گروپ سوبژێكتیڤیتێیەكی خولقێنراو پێكهێنراو بوونی هەیە بۆ یەكاڵاكردنەوەو ساغكردنەوەی شنەك و ویست و ئیرادەی ( هێزی زاڵ و بە دەسەڵات ) . كەواتە هێزو دەسەڵات لای هەركەس و گوتارێك بێت ، فەزای گشتی ڕووبەرو پانتایی گشتی لای ئەو هێزەیە ، تەنانەت بابەتی قسەوباس و گفتوگۆی ناو فەزای گشتیش هەر گەمەو ویستی ئەو هێزەیە . ئیتیك و گفتوگئو شێوازی گفتوگۆو ئیتیك و مۆراڵی گفتوگۆی ناو فەزای گشتیش هەر لای ئەو هێزەیە . حەقیقەت و تەفسیرە باڵاو زاڵەكانیشی هەر لای ئەو هێزەیە ، ئێمە هیچ نین جگە لە بەكاربەری ئەو ویست و ئیرادەو شمەك و بە شتبوونانەی هیزی زاڵ و هەژمونكار خستوویەتییە بازاڕەوە . هەر كەس و هێزو گروپێك دەنگی بەرز بوو ، وە خاوەنی میكانیزم و ئامرازەكانی دەنگ بەرزی و دەنگ بەرزكردنەوە بوو ، فەزاو پانتایی و ڕووبەری گشتی موڵكی ئەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت