ئەحمەد ڕەزا : چۆن بە خۆمان بزانین بووین بە مێگەل  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێگەلبوون چییە ؟ ڕازی بوونی کۆمەڵەگەیە بە قەدەری خۆی ، بە چەوسێنەرەکانی ، بە تاک ئەقڵیەتی حەکیم و داناو بە تاک سەرۆکی بکوژو ببڕ .. مێگەل بوون دۆخێکە زوڕناژەنەکان بەسەر کۆمەڵگەدا ئەیسەپێنن ، عەقڵی هەمووان لە عەقڵی تاکێکدا کۆئەکەنەوەو ئیتر ئەویش بەرەو هەر نشێو و هەڵدێرێکی ببات موخەیەرە.. بە مێگەل بوو ئەنوێت و بێخەمە لەوەی سەرۆکەی بەرەو خۆشگوزەرانیی و ئارامیی ئەبا ، بیرکردنەوەی خۆی دائەخات و بۆ سەرۆکی جێئەهێڵێ .. بە مێگەلبوو لای وایە سەرۆک لە جیهانێکی ترەوە هاتووەو ئەوی ئەو ئەیزانێت لە توانای ئێمەدا نییە فێری ببین ، خۆراکی لە بەهەشتەوە بۆ دێت و پەیامی لە فریشتەکانەوە پێ ئەگا ، بڕیارەکانی سەرۆک بە هیچ جۆرێک بواری لێکدانەوەو ڕەتکردنەوەی نییە .. سەرۆک هێڵی سوورەو کەس بۆی نییە قسە لە قسەیدا بکا ، تەوتەمێکە دەوڵەتی سەرکوتکار بۆ خۆی دروستی ئەکاو ناهێڵێ هیچ تەوتەمێکی تری هاوشێوەی خۆی پێبگات و تەوتەمە دەرەکییەکانیش لای خەڵک بێبایەخ ئەک .

کەسی بە مێگەلبوو ، چاوی حزبەکەی خۆی و فراکسیۆنەکەی خۆی و دەسەڵاتدارەکەی خۆی زیاتر نابینێ و پێی وانییە ئەویش وەک ئەوانیتر بیربکاتەوە ، پرتەوبۆڵەی هەیەو ڕاستییەکان ئەزانێت و هەرکات سەرۆکەکەی یان حزبەکەی کەوتە ململانێوە ، ئەو بە جۆرێک مێشکی شۆراوەتەوە ، یادەوەرییە تاڵەکان و بیروڕا پێشینەکانی خۆی بیر ئەچێتەوەو دەستەونەزەر چاوەڕوانی فەرمان ئەکا .. کەسی بە مێگەلبوو برسێتیی و نەهامەتییەکانی خۆی ئەخاتە ژێر پرسیارەوەو پێی وایە گوناهی خۆیەتی توشی چەرمەسەریی بووەو سەرۆک بۆ دابەستەکانی تر بەخشندەیەو ئەوەی ئێستا ئەیچێژێ ، سزایەکی عادیلانەی سەرۆکە .

هەرگیز کەسی بە مێگەلبوو پشت بە خۆی نابەستێ بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکاندا ، بۆ نمونە جلوبەرگ بە خاتری خەڵک ئەگۆڕێ و بەردەوام بەدوای مۆدێلی ئەوانی ترەوەیە ، باوەڕدار نییەو بۆ ئەوانیتر وەک ئەوان خۆی نیشان ئەدا ، چاوەڕوانی خەڵکە لێی ڕازی بن ، زۆر کاریگەرێتیی کۆمەڵایەتی تریش تەنگەنەفەسی ئەکەن ، بەوجۆرە ئامادە ئەبێت دوای قەرەباڵغترین حزب بکەوێ وەک ئەوانیتر .. کەسی بە مێگەڵبوو پرسیاری نییەو مل بە هەموو شتێک ئەدا ، بەردەوام چاوی لە دەستی دەسەڵاتەو بە بەڵێنە درۆیینە یەک لەدوای یەکەکانیان بڕوا ئەهێنێ ، پێی وایە گەر ملکەچی دەسەڵاتەکەی نەبێت ئیدی غەزەبی لێ ئەگیرێ و خواوەندیش ئەوەی لێ قبوڵ ناکا . جاروبار پاساو بۆ دەسەڵاتەکەی ئەهێنێتەوەو پێی وایە ، ئەوانیش لە هەندێ باردا لەسەر هەقن گەر هەموو کاتێک وابیر نەکاتەوە ، ئەوەی بیرئەچێتەوە دەسەڵات لەسەر هێزو کاری ئەو، لەسەر سامانی وڵاتەکەی ئەو ، لەسەر گیرفانی ئەو، لەسەر چەوساندنەوەو سەرکوتکردنی ئەو ، لەسەر تەفرەدانی ئەو، پێگەی خۆی قایم ئەکات و زیاتر ئەو لغاو ئەکا .

کەسی بە مێگەلبوو دەستەمۆیەو ئەبەد بیر لە وشیار کردنەوەی خۆی و دەوروبەرەکەی خۆی ناکاتەوە ، پێی وایە شۆڕش هەڵگیرساندن لە تاکەوە دەست پێ ناکات و تاک بێ بایەخ و پڕوپووچە لە چاو سەرکردەدا .. تاک ناتوانێ ڕاپەڕێ ئەگەر کەسێک فەرمانی پێ نەکا.

باشترین ڕێگە بۆ وشیارکردنەوەی تاکی بە مێگەلبوو ، لێدانی دەمارە هەستیارەکانییەتی بۆ ئەوەی بە ئاگا بێتەوە ، پێویستە بزانێ سەرکردە کوڕی خواوەند نییەو ئەکرێت بوونی تەنها سەرکردە ژێرەو زەبەر بکرێت و کۆمسیۆنەکان جێی بگرنەوە .

سەرچاوە : ماڵپەڕی کتابات / صناعة الهة کاریزما تابو ” عبادة الفرد في العراق ” / عبدالصمد السویلم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت