شێرزاد شێخانی : سه‌ركرده‌كانی داهاتو و میزاجی گشتی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌ناو كۆنگره‌ی حه‌وته‌می ئه‌م حزبه‌دا ده‌رخه‌ری راسته‌قینه‌ی میزاجی گشتی كۆمه‌ڵانی خه‌لكی كوردستان بوو . ده‌نگه‌كانی ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌ده‌نی و دكتۆر موسه‌نا ئه‌مین په‌یامێك بو به‌وه‌ی ئیدی كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ ته‌قلیدی و كلاسیكیه‌كان رۆڵیان تمام شد ، ئێستا میلله‌ت چاوی له‌نه‌وه‌ی دوه‌می سیاسیه‌كانی كوردستانه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی جورئه‌تی ره‌خنه‌گرتنیان هه‌یه‌و خۆیان ئه‌كه‌نه‌ داكۆكیكاری مافی میلله‌ت و ئه‌توانن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرو سته‌مكاری بوه‌ستنه‌وه‌ و قسه‌ی خۆیان له‌پرسه‌ سیاسیه‌كاندا هه‌بێت .

پێشتر له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا ئاسایی نه‌بوو كه‌سێكی وه‌ك عه‌لی حه‌مه‌ صالح بارته‌قای شه‌ش كاندید ده‌نگ بێنێت ، به‌ڵام ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م زاته‌ موسته‌حه‌قی ده‌نگی زیاتریش بوو ، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هه‌ڵیانبژارد له‌خۆڕاو به‌عاتیفه‌وه‌ ده‌نگیان پێنه‌دا .. ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا عه‌لی وسۆران عومه‌ر ئه‌یكه‌ن عه‌رشی دیكتاتۆری هه‌ژاندوه‌و میلله‌تیش له‌دوای ئه‌م هه‌مو سته‌م و زوڵمه‌ی لێی ئه‌كرێت ، چاوی له‌م نه‌وه‌ دلێرو ئازایه‌یه‌ كه‌ چڵكاوخۆرو به‌رژه‌وه‌ندویست نین ، له‌خه‌می مافی میلله‌ته‌كه‌یاندان و شه‌ڕی قوتی مناڵان ئه‌كه‌ن .

قسه‌یه‌كی كاك قادر عه‌زیز هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵێ : هه‌ر كه‌سێك له‌پارتی نزیك ببێته‌وه‌ به‌ئاگره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌سوتێت . ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر راسته‌ ، چونكه‌ بینیمان ئه‌وانه‌ی له‌مه‌سله‌حه‌تی پارتیدا چ له‌ناو حزبه‌كانی خۆیان چ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌ناو میدیاكانیشدا قسه‌ ئه‌كه‌ن چۆن ریسوا بون و یه‌ك له‌دوای یه‌ك توشی شكستی ئابروبه‌رانه‌ بون و له‌به‌رچاوی میلله‌ته‌كه‌یانا رووره‌شتر بون .

رێكه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆران و كۆبونه‌وه‌ی په‌سه‌ندكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌و شكستی باڵی زه‌ردی ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نمونه‌یه‌كی تره‌ له‌م شكست و ئابروچونانه‌ی خۆیان و ئه‌و پارتییه‌ی داكۆكییان لێئه‌كرد .. گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستا سه‌لاحه‌دین به‌هادین و كشانه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی پارتی له‌ركابه‌ری ئه‌ودا ، نمونه‌یه‌كی تر .. ده‌نگی زۆری ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌ده‌نی و موسه‌نا ئه‌مین به‌ڵگه‌یه‌كی تری شكسته‌كانی پارتییه‌ .. له‌داهاتوشدا ده‌یان كه‌سی تری گه‌نجی ناو حزبه‌كان دێنه‌ پێشه‌وه‌ و سیاسییه‌ ورگ ئه‌ستوره‌كانی به‌پاره‌ی دزراوي ميللةت پاشه‌كشه‌ئه‌كه‌ن ، له‌كۆنگره‌ی داهاتوی یه‌كێتیشدا ئه‌مه‌ دوباره‌ ئه‌بێته‌وه‌و نه‌وه‌ی دوه‌م دێته‌ پێشه‌وه‌ ، له‌كایه‌ی سیاسیشدا ئیدی پارتی ناتوانێت به‌ده‌م چه‌وركردنی هه‌ندێ پیره‌ سه‌ركرده‌ یا له‌زمه‌گرتن له‌هه‌ندێكیان سیاسه‌ته‌كانی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بسه‌پێنێت ، له‌میدیاشدا ئه‌وانه‌ی دێنه‌ سه‌ر شاشه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانیش بایی خۆیان شه‌رمه‌زرا ئه‌بن كاتێك دیفاع له‌سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی ئةو حزبة ئه‌كه‌ن و ئێستا میلله‌ت قێزیان لێئه‌كاته‌وه‌ .

خۆری پارتی له‌ئاوا بونه‌ ، ئه‌و سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌وییه‌ی تا ئێستا په‌یڕه‌وی كردوه‌ جارێكی تر مایه‌ی قبوڵ نابێت له‌لای نه‌وه‌ی تازه‌ی سیاسیه‌كاندا ، مه‌گه‌ر هه‌ر وه‌كو پیشه‌ی خۆی به‌پشتبه‌ستن به‌هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ بتوانێت درێژه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ دیكتاتۆرییانه‌ی خۆی بدات و به‌زه‌برو زه‌نگ بتوانێ تۆزیك پارێزگاری له‌پایه‌كه‌ی بكات ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت تا سه‌ر نابێت ، چونكه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌ی دژ فراوانتر ئه‌بێت به‌تایبه‌تیش ئێستا ئه‌و حزبه‌ ده‌ستی بۆ قوتی خه‌ڵكیش بردوه‌ .

قسه‌یه‌كی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌نوكته‌ له‌مدواییانه‌ له‌ دیداری ساڵانه‌ی كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ میدیاكاراندا گێڕایه‌وه‌ كاتی وتی : یه‌كێك له‌سه‌رۆكی كۆمپانیاكان 100 ملیۆن دۆلاری له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا سه‌رفكرد بۆ ئه‌وه‌ی من ده‌رنه‌چم ، خۆ ئه‌و پاره‌یه‌ی بدایه‌ته‌ من خۆم ئه‌كێشایه‌وه‌ له‌كێبركێی سه‌رۆكایه‌تی و پێویست به‌و هه‌موو پاره‌یه‌ نه‌ئه‌كرد سه‌رفی بكات . پارتیش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ریكی پیلان و تێكدانی ریزی حزبه‌كانی تر بێت ، با خۆی راستبكاته‌وه‌و رێز له‌ئیراده‌ی خه‌ڵك بگرێت ، چ پێویست ناكات به‌پرۆژه‌و پاره‌ی دزراوی میلله‌ت ده‌ست بخاته‌ ناو كاروباری لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ ، چونكه‌ نه‌وه‌ی دوه‌م به‌رێگاوه‌یه‌و گه‌رده‌لول هه‌ڵیكردوه‌ . 

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت