Newshirwan-Barzani

عیماد عەلی : نەوشیروان مستەفا و مەسعود بەرزانی کۆدەبنەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش هاتنەوەی مەسعود بارزانی لە ئێران و هێوربونەوەی کاردانەوەکانی رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان و نیشتنەوەی کەفوکوڵی تاکتیکبازان ، وەزعەکە بە شێوەیەکی تر بروات و ، لە کاتێکی دیاریکراودا هەردوو سەرکردە بەستەڵەکی گرژی و ناکۆکیەکان بشکێنن و لەدەرئەنجامدا بەیەک بگەن و ، تا رادەیەکی باش چارەسەرێک بۆ کێشەو بێشەکان بدۆزنەوە . دیارە ئەمە لە دەرئەنجامی ملکەچبون بۆ ئەمری واقیع دەبێت کە هەردوولا بێ بەیەک گەیشتن و لەیەک نزیکبونەوە و لێکتێگەیشتن ناتوانن چارەسەری قەیرانەکە بکەن و سەرجەم گوریسەکە دەکەنەوە بەخوری و نەخۆیان و نەش میلەتیش قازانج دەکات و ، تا ئەمرۆش ئەوەندەی تێدا ماوە کە لە کەلی شەیتان بێنە خوارێ . لەوانەیە زۆرێک بڵێن ئەوان تا ئێستا لە رووی ستراتیژەوە کەی گۆێیان بە مەسەلەکە داوە ، دەڵێم ئەگەر هەردوولا لە هەنگاوەکانیان بگەنە رێگەیەکی داخراو ، کە وەک ئەمرۆ تێیکەوتون ، ناچارن پاشەکشە بکەن و بەیەکەوە لە خاڵی سەرەتاییەوە دەستپێبکەن ، لە سیاسەتیشدا مەحاڵ نیە . ئەگەر لە رووی ناچاریەوە بروانین ئەوە ، هەردوولا و پاش هاتنە ئارای هاوسەنگی هێز لە دەرئەنجامی رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆران و هاتنەپێشی گۆرانکاری نوێ لە هاوکێشەو کارلێکەکان و هاتنە ئارای هەلی گرتنەبەری چەندین ئەگەر و رێگەی تر لە لایەن ئەم دوو لایەنە هاوپەیمانەوە ، وەزعێک دێنێتە ئاراوە وا فەرزدەکات کە بوغرابونی پارتی تارادەیەک نەمێنێت و بەناچاری بگەرێتەوە بۆ سەر ئەرز و دابەزێت و ملکەچبێت بەوەی لەخوارەوە دەگوزەرێت و خۆی فەرز دەکات لەسەری و ، بەڵکو لە کۆتاییدا بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆی وا داوادەکەن کە رێگەی نزیکبونەوە بگرێتە بەر، ئەمە ئەگەر باس لە رێنماییەکانی تاران نەکەین، خوێندنەوەی ئەمەش بابەتێکی ترە، بەڵام بە نزیککردنەوەی ئەم دوولا یەنە واتە پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆراندا لە دەرئەنجامدا بە قازانجی میحوەرەکەی خۆی دەکەوێتەوە، بۆیە شێوە و جۆری رینمایی کردنەکە وئەوەی بە بەرزانی دەڵێت بۆ زۆرێک خەڵک روونە . ئەگینا دوو ئیدارەیی خۆی فەرز دەکات و ، لەو کاتەدا دابەشبون بەسەر میحوەرەکاندا وەک کۆتا چارەسەری واقعی لە کوردستاندا دەسەپێنرێت و ریفراندۆمیش لەبیردەچێتەوە .
ئەگینا پاش کۆتاییهاتنی شەری داعش کێرڤی بەرژەوەندی ئەمریکا لای کورد چ لە رۆژئاوا یان باشووری کوردستان بەو رێژەیە نامێنێتەوە و پاشەکشە دەبێت ، زاڵبونەوەی ناوەندی وڵاتانی بەزۆر فەرزکراو بەسەر کوردا لای ئەمریکا و وڵاتانی تری جیهان و ناوچەکەش دووبارە خۆی دەسەپێنێت و ، لە دەرئەنجامدا نە بوغرایی پارتی دەمێنێت و نەش بەڕەکە لە هەموو بورەکاندا لە ژێر پێیدا وەک خۆی دەمێنێتەوە و هەم خۆی و هەمیش سەرجەم لایەنەکان و هەم میلەت بە گشتی زەرەری گەورە دەکەن و ، دیارە ئەگەر کەلەرەقی پارتی تا ئەو رادەیە بێت و هاوکێشەکان وەک خۆی نەخوێنێتەوە ، یان بە قسەی تورکیا هەلبخەڵەتێت ، شەری خۆکوژی دەکات و قەت قازانجی لێناکات و دەبێتە پەندی مێژوو و بە خۆیشی دەگەرێتەوە قاوغەکەی جارانی . بۆیە لەو بروایەدام بەیەک گەیشتنی هەردوو سەرکردە نەوشیروان موستەفاو مەسعود بەرزانی چ بە هەوڵی زۆر لایەنی دەرەکی و جیهانی و ناوخۆیی ، یان بە خۆسەپاندنی ئەمری واقیع ، خۆی فەرز دەکات و هاوسەنگیەکە دەگەرێتەوە بۆ جاریجارانی و باشتر و هاوکێشەکان دووبارە خۆیان دەسەلمێنن و ، لەو کاتەدا و پاش گەرانەوەی شەرعیەت و کاراکردنی پەرلەمان ، بە مانەوەی رووسوری هەموو لایەنەکان ، لە هەوڵی بە شەرعی کردنی هەنگاوە سیاسیەکان ؛ ریفراندۆمێک کە پرسێکی گشتی نەتەوەیەکە بە شێوەیەکی یاسایی و دوور لە موزایەدە و بەستنەوەی بە مەجدی شەخسی و حزبی و تاکرەوەی خۆی بەسەر هەموواندا فەرزدەکات و ئەنجامدەدرێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت