دکتۆر جەبار قادر : لێکس ئارنسن ـ تراژیدیای دکتۆر شه‌کراو‌ له‌ کوردستان و به‌غدا  .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێکس ئارنسن Lex Aronson )) ، یا ئەلیکسەندەر لەیندەرت ئارنسن (Alexender Leendert Aronson) ، مرۆڤێکی   خێرخوازی ئایدیالیستی هۆڵه‌ندی بو . ماڵوێرانی و کاره‌ساته‌کانی شه‌ڕی دووه‌می جیهان ، که‌ خۆی و که‌س و کاری  قوربانی ڕاسته‌وخۆی بون ، سه‌رچاوه‌ی مرۆڤدۆستیی بێسنوری ئارنسن بون . ئه‌و بە ڕەچەڵەك جو بوو ، بۆیه‌ خۆی و خێزانه‌که‌ی له‌ ساڵانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا به‌ر ڕق و کینه‌ی نازییه‌کان که‌وتن و جه‌زره‌به‌ی زۆریان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بینی . ڕۆژانی پڕ له‌ تۆقاندن ، دڵه‌ڕاوکێ ، برسێتی ، سه‌رما و مه‌رگی ئۆردوگای نازییه‌کانی بینی بو . لێکس بڕیاریدا هه‌موو ژیانی بۆ یارمه‌تی لێقه‌وماوان و قوربانیانی شه‌ڕ و کاره‌سات ته‌رخان بکات . بیرۆکەی یارمەتیدانی لێقەوماوان و قوربانییانی جەنگ بیر و هۆشی به‌ ته‌واوی داگیر کردبوو . له‌ هه‌ر کوێ شه‌ڕ و شوڕ ڕویبدایه‌ و کاره‌سات بقه‌ومایه‌ لێکس ئۆقره‌ی لێ ئه‌بڕا و گه‌ره‌کی بو له‌وێ بێت . له‌م کارانه‌یدا ئه‌وه‌نده‌ سه‌ره‌ڕۆ بو زۆر گوێی نه‌ئه‌دا به‌ سنوری ده‌وڵه‌تان و قانونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان .  

لێکس لە 20 دیسەمبەری 1935  لە بنەماڵەیەکی جولەکە لە ئەمستەردام هاتە دونیاوە . خێزانەکەی بە بنەچە خەڵکی ” فریزڵاند ” بون لە باکوری هۆڵەندا . لە ساڵی 1943 لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لە گەڵ دایکی ( سارا فان ستراتن – کۆهێن ) و باپیرە و داپیرەی لە لایەن دایکێوە ڕەوانەی کەمپی نازییەکان کرا لە ” بێرخن – بێلسن . دوو ساڵی ته‌مه‌نی منداڵی لە باری سه‌خت و دژواری ئەو کەمپە بەسەر برد . دوو لە سەر سێی جولەکەکانی هۆڵەندا ، کە ڕەوانەی ئەو کەمپە کرابون ، هه‌ر لەوێ سه‌ریان نایه‌وه‌ . باپیرە و داپیرەی لێکسیش هەمان چارەنوسیان هەبو . باپیره‌ی لە کەمپەکە کۆچی دوایی کرد ، نەنکشی لە کۆتایی جەنگدا بەدەم ڕێگاوە مرد . لێکس و دایکی لە مه‌رگ ڕزگاریان بو ، کاتێ لە نیسانی 1945 هێزی هاوپەیمانان لە کەمپەکە نزیك بونەوە ، ئەڵمانەکان بڕیاریاندا هەمو ئەوانەی هێزیان تێدا مابو بە شەمەنفەر لە گەڵ خۆیان ببەن ،  ئەوانەشی لە پەلوپۆ کەوتبون بەجێیان هێشتن . ئەوانەی گوێزرانەوە خزێنرانە ناو دو شەمەنەفەرەوە ، سوپای نازی لە گەڵ کشانەوەی خۆیدا وەکو بارمتە و سپەر بەکاریهێنان . ئەو شەمەنفەرەی لێکس و دایکی تێدا بو بۆ ماوه‌ی سێزده‌ ڕۆژ بە ئەڵمانیادا سوڕایەوە تا لە نزیك لایپزیگ ( لایپتزیش ) لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا ، سوپای سۆڤیه‌ت دەستی بەسەردا گرت و بارمته‌کانی ڕزگار کرد . هه‌ر لەو گەشتە پڕ لە ئازاره‌دا نه‌نکی لێکس سەری نایەوە . دایکیشی تیفۆی گرت ، بەڵام لێکسی تەمەن دە ساڵ هەوڵی دونیایدا دایکی بە زیندویی بمێنێتەوە ، لە هەوڵەکه‌یدا سەرکەوت و دایکی چاكبوەوە .

لە هاوینی 1945 خۆی و دایکی گەیشتنەوە نزیك ماسترێخت له‌ باشوری هۆڵه‌ندا . هەر لەو کاتانەدا بو لێکس لە ئەنجامی ژیانی کەمپدا توشی نەخۆشی سیل هات ، بۆیه‌ دەبوایە لەو تەمەنە بچوکه‌دا بە تەنیا و دوور لە دایك و باوکی لە نەخۆشخانەیەك لە سویسرا بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک بمێنێته‌وه‌ تا چاکبوه‌وه‌ . دوای چاکبونەوەی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌ندا و له‌ ئه‌مسته‌ردام لە قوتابخانەی نامادەیی ده‌ستی کرد به‌ خوێندن . ئەمە لە ساڵانی 1948 بۆ 1951  بو . لێکس حەزی نەدەکرد باسی ژیانی کەمپ و نەهامەتەکانی بکات ، تەنها جارێك بۆ باوکی ئەو باسەی کرد . له‌ دواییدا باوکی خانمێکی تری خواست و دایکشی شوی بە پیاوێکی دیکه‌ کرد ، لێکسیش هەواری گواستەوە بۆ لەندەن . لەوێ لە نەخۆشخانەی جوەکان ڕاهێنانی پەرستیاری بینی .  

لێکس خاوەن کەسایەتییەکی زۆر تایبەت بوو ، لە ناخەوە بێ ئارام بوو ، لە هیچ شوێنێك بۆ دەمێکی درێژ نه‌ده‌سره‌وت و ئۆقره‌ی نەدەگرت . کەسێکی سەرەڕۆ و کەلەڕەق بو ، نەیدەتوانی لە گەڵ که‌سانی تردا کار بکات . هه‌میشه‌ پەیوەندی لە گەڵ بەرپرساندا باش نەبو ، نه‌یده‌توانی پابه‌ندی ڕێنماییه‌کان بێت و سەرئێشەی بۆیان دروست دەکرد . بۆیه‌ زو زو لە کار دەرئەکرا . لە هەر شوێنێك کاری کردبێت بۆ ماوەیەکی کورت بووە . ئەگەر بەرپرسەکانیشی لێی وەڕس نەبونایە ، خۆی لە کارەکە و شێوازی بەڕێوەبردن وەڕس دەبو و وازی ئەهێنا .

لە ئیسرائیلیش بۆ ماوەیەك لە کیبوتزێکدا کاریکرد ، لەوێش بەرپرسان لە هەڵس و کەوتی بێزار بون و دەریانکرد . لە کیبوتزی دوەم تەنها یەك مانگ خۆی پێگیرا . بە هۆی هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانێوە ، باوکی لە ئیسرائیل و دایکی لە هٶڵەندا زۆر لێی توڕەبون ، ئەویش بڕیاریدا پەیوەندییان لە گەڵدا ببچڕێت . ساڵێکی دیش لە ئیسرائیل مایەوە ، نازانرێ لەو ساڵەدا بە چییەوە خەریك بوە . ئەمە بوە مایەی هەندێ پرسیار و گومان ، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە لایەن کاربه‌ده‌ستانی به‌عسی عیراقەوە بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کرا . ئایە لەو ساڵەدا لە سوپای ئیسرائیل خزمەتی سەربازی کرد ؟ یا بۆ کاری سیخوری ڕاهێنرا ؟. وەڵامی ئەم پرسیارانە گرنگ بون بۆ چارەنوسی لە کاتی گرتن و لێکۆڵینه‌وه‌ و دادگاییکردنیدا لە عیراق . ئەوەی زانراوە لەو ساڵەدا بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانەیەكی ئیسرائیل کاری کرد ، ئەو کارەش ئارامی دەرونی پێ نەبەخشی . لە ئیسرائیل هەستی بە نامۆیی ئەکرد و پێی وابو کە شتی هاوبەشی لە گەڵ هۆڵەندییەکان زۆرترە ، وەك لەوەی لە گەڵ جوەکان لە ئیسرائیل . لە نامەیەکدا بۆ دایکی به‌ ڕونی باسی ئه‌و هه‌سته‌ی کردوە . ئه‌و له‌ ساڵی 1955 چوبوە ئیسرائیل و لە ساڵی دواتر ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی وەرگرتبو . لە پاسپۆرتە ئیسرائیلییەکەی ناوی ئەلیکسەندەر بن ئەهارۆن ( Alexander Ben Aharon) بو . لە ئیسرائیلەوە چو بۆ هیندستان ، لە کەلکوتا توشی دیزانترییەکی گران بو ، بەڵام دوای ماوەیەك چاكبوەوە . لە کۆتایی شەستەکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا لە گەڵ خاچی سور لە چه‌ند ولاتێکی ئه‌فریقی وه‌ک گابۆن ، بیافرا و نایجیریا کاری کرد . 

دایکی حه‌زی ئه‌کرد لێکس خێزانێك پێکەوە بنێ و ژیانێکی ئاسایی بەسەر ببات و واز لە ژیانی سەرگردانی و بێلانەیی بێنێت . لە بەرامبەردا لێکس باوەڕی بەوە هەبو کە ئەو لە ژیاندا بێ پلان و ئامانج نیە ، بەڵام نەك بەو شێوەیەی دایك و باوك و کەسانێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا بیری لێدەکەنەوە ، بەڵکو ژیانێکی دەوێ پڕ بێت لە ڕوداوی نائاسایی و چاوەڕواننەکراو ، کە بە وتەی خۆی : ژیانێ ڕۆحی مرۆڤ دەوڵەمەند بکات .  

لە فەرەنسا ئاشنایەتی لە گەڵ ئەلیزابێت فان دیێخین پەیدا کردو و لە ساڵێ 1964 خێزانیان پێکەوەنا . لە هەمان ساڵدا کوڕێکیان بوو ناویان نا ئەلوین . ئەو کوڕە خەسڵەتی نائارامی و سرەوتنەگرتنی لە باوکی بۆ ماوەتەوە و ئێستا لە گەڵ دایکیا لە تایلەند ژیان به‌سه‌ر ئه‌بات . هاوژینه‌که‌ی کریستیان بو ، لێکسیش جارێك ویستی ببێت بە پڕۆتستانت ، به‌ڵام دایکی به‌ توندی ڕەخنەی لێگرت و ئەوەی بە خیانەت ده‌زانی لە جولەکایەتی .

لە بیافرا یارمەتی قوربانیانی شەڕی بیافرای لە دژی نایجیریا ئه‌دا . لە گابۆنیش لە گەڵ هەڵگری خەڵاتی نۆبلی ئاشتی دکتۆر ئەلبەرت شڤەیتزەر هاریکاری هەژاران و لێقه‌وەماوانی ئەکرد . لەوێش هەڵینەکرد و شێوازی شڤەیتزەری بەدڵ نەبو ، گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێشەوە چوە فەرەنسا . هەر لەوێش بو ئەو ژنەی بینی کە پاشان بوە هاوسەری . له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئەلیزابێت ، که‌ زیاتر بە بێتس دەناسرا ، کرستیان بوو ، لێکس وەکو دەچوە سینەگۆگی جوەکان ، بە هەمان شێوەش سەردانی کەنیسەی کرستیانەکانی ئەکرد . هەر لە فەرەنساشەوە یەکەمین منداڵی بێلانەی گرتە خۆی و بەبێ هیچ بەڵگەو کاغەزێکی فەرمی بردی بۆ هۆڵەندا . بڕۆیشتایەتە هەر شوێنێك منداڵێکی بێ لانەی بە ڕێگەی ناقانونی لە گەڵ خۆیدا دەبرد بۆ هۆڵەندا ، ئەو گوێی بە قانون و ڕێنمایی نەدەدا و تەنها بیری لە قانونی ئینسانی ئەکردەوە .

دوای گەڕانەوەی بۆ هۆڵەندا لە دەزگای منداڵپارێزی کاری کرد ، بەڵام لەوێش پابەندی ڕێنماییەکانی ئەو دەزگا گرنگەی هۆڵەندا نەبو ، بۆیە له‌وێش لە کار دەرکرا .  ئەویش لە ماڵەکەی خۆی پەناگەیەکی منداڵپارێزی کردەوە و هەشت منداڵی تێدا کۆکردەوە . لە هەمو ئەم کارانەیدا ئەرکی سەرەکی دەکەوتە سەر هاوژینه‌که‌ی ، چونکە بۆ خۆی لە  شوێنێك ئارامی نەدەگرت . هەمیشە بەدوای ئەو شوێنانەدا دەگەڕا کە شەڕ و کارەساتیان تێدا دەقەوما . لە ساڵی 1975 لە کاتی گەڕانەوەیدا لە هیندستانەوە بۆ ئێران و کوردستان ، کچێکی هەرزەکاری بێلانەی هیندی بە دو خانم و پیاوێکی گەشتیاری دانیمارکیدا ناردەوه‌ بۆ باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە تاران و خۆیشی هاتەوه‌ بۆ کودرستان . پاسپۆرتە هۆڵەندییەکەشی داوە ئەو گەشتیارە دانیمارکییانە بۆ ئەوەی باڵیۆزخانە کچەکە بنێرێتەوە بۆ لای ئەلیزابێتی هاوسه‌ری لە هۆڵەندا . ئەگەر لە کاتی گرتنیدا لە کەرکوك ، پاسپۆرتە هۆلەندییەکەی پێبوایە ڕەنگبێ چارەنوسی بە شێوەیەکی تر بوایە . پیاوانی مافیا دەستێکی ئەو کیژۆڵە هیندییەیان سوتاندبو بۆ ئەوەی له‌ ڕێگه‌ی سواڵکردنه‌وه‌ پارەی زۆرتریان بۆ پەیدا بکات . باڵیۆزخانەی هۆلەندا لە تاران کچەکەیان ڕەوانەی لای خێزانەکەی له‌ ئه‌مسته‌ردام کرد .

چیرۆکی هاتنی بۆ کوردستانیش سه‌رنجڕاکێشه‌ . لە بەهاری 1974 کاتێ ته‌ماشای تەلەفزیۆنی هۆڵەندی ئه‌کرد ، چاوپێکەوتنێكی لە گەڵ موحسین دزەییدا ‌بینی که‌ باسی لە باری سەختی قوربانیانی شەڕ ئه‌کرد له‌ باشوری کوردستان . لەو چاوپێکەتنەدا دزەیی باسی لە سەدان هەزار کەس ئه‌کرد کە پەنایان بردوەتە بەر چیاکان و پێویستیان بە هاریکاری بەپەلەی تەندرستی و خێرخوازی هەیە . ئەو بارە لە دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ئازاری 1974 لە باشوری کوردستان هاتبوە کایەوە . لێکس هەر لە دوای پرۆگرامەکە پەیوەندی بە موحسین دزەییەوە ئەکات و بڕیار ئەدات بێتە کوردستان بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی شەڕ .

مێرسیدسێکی کۆنی هەبو ، هەندێ گۆڕانکاری تێدا کرد بۆ ئەوەی وەکو ئەمبولانس بەکاری بێنێ و هەندێ دەرمانی کۆکردەوە و بەرەو کوردستان بەڕێکەوت . ویستی لە ڕێگەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانییه‌وه‌ ” Terre des Hommes بێته‌ کوردستان . بەڵام لە بەر ئەوەی دەیویست کچێکی پازدە ساڵان وەکو پەرستیار لە گەڵ خۆیدا بێنێ ، ئەو ڕێکخراوە ئامادە نەبو بەرپرسیارێتی هەرزەکارێك لە دەڤەرێکی شەڕ و شوڕ بگرێتە ئەستۆ ، بۆیە داخوازییەکەی ڕەتکرایەوە . لێکس بڕیاری خۆی دابو و بە مێرسیدسە کۆنەکەی کەوتە ڕێ بەرەو تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئێران . لە تاران چووە بارەگای نوێنەرانی کورد و خۆی بە دکتۆر پێیان ناساند ، ئەوانیش باسی باری خراپی خەڵکیان لە چیاکان بۆی کرد . لێکس لە ئابی 1974 گەیشتە باشوری کوردستان . گەلێ کەس له‌ کوردستان بە مێرسیدسە سەوزەکەی دەیانناسییەوە . لە کوردستان بە دکتۆر لێکس و دکتۆر شەکراو دەناسرا ، چونکه‌ هه‌ر به‌ شکراو هه‌وڵی ئه‌دا نه‌خۆشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات . ئەو دکتۆر نەبوو و تەنها بۆ کاری پەرستیاری لە نەخۆشخانەی جوەکان لە لەندەن ڕاهێنرابو . هه‌ندێ ئەزمونی لەو بوارەدا پەیدا کردبو ، چونکە بۆ ماوەیەکی کورت لە یەك دو نەخۆشخانە کاری کردبو .  کاتێ لە کوردستان زستان دەستیپێکرد و ڕێگە و بان گیرا و ده‌رفه‌تی هاتوچۆی نه‌ما ، بەرەو هیندستان و پاکستان بەڕێکەوت .

گەڕانەوەی لێکس بۆ کوردستان هاودەم بوو لە گەڵ ڕێکەوتننامەی جەزائیر ( 6 مارتی 1975 ) لە نێوان شا و سەدام حوسێن . ڕابه‌رانی کورد داوایان لە پزیشك و خێرخوازە بیانییەکان کرد کوردستان بەجێبهێڵن . دکتۆر داڤید نەبارۆ کە یەکێ بو لەو دکتۆرانەی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ کوردستان بو ، دەگێڕێتەوە کە چیاکانی کوردستان ببون به‌ ناوچەی پڕ لە مەترسی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ترسناكتر دەبو ، هەمو پزیشکە بیانییەکان ناوچەکەیان بەجێهێڵا ، بەڵام لێکس ئامادە نەبو کوردستان بەجێبێڵێت . داڤید دەڵێ  : زۆر هەولێ لە گەڵ داوە و پێشنیاری ئەوەی کردوە بیگەیەنێتە ئێران ، بەڵام لێکس پێی ڕاگەیاندوە کە ده‌یه‌وێت بچێ بۆ بادینان بۆ ئەوەی له‌وێ یارمەتی لێقەوماوان بدات . له‌ ڕێگه‌ی گه‌شته‌که‌یدا بۆ بادینان لە 25 مارتی 1975 لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عیراقەوە لە کەرکوك گیرا . دکتۆر داڤید نەبارۆ دوا کەسی بیانی بوە کە لێکسی بینیوە . هەر لەو ڕۆژانەدا و به‌ر له‌ ده‌ستگیرکردنی لێکس توانیبوی نامەیەك بۆ کەس و کارەکەی بنوسێ و پێیان ڕابگەیەنێ کە ئەو بەرەو بادینان لە نزیك سنورەکانی تورکیا به‌ڕێ ئه‌که‌وێت . لە نامه‌یه‌کدا که‌ له‌ 12 دیسەمبەری 1975 لە سەر پارچه‌ کاغەزێکی پاکەتی جگەرە ناردبوی بۆ باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە بەغدا نوسیبوی  ” لە 25 مارت لە کەرکوك کوردێك خیانەتی لێکردم و بەدەستەوەی دام . ڕه‌نگبێ ئه‌مه‌ ڕاستبێ و کوردێکی خۆفرۆش بۆ خۆ ڕزگارکردن یا خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ به‌عسی دڕنده‌ ئه‌مه‌ی کردبێ ، به‌ڵام له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ مایەی سەرسوڕمانێکی زۆر ئەبوو ئه‌گەر کابرایەکی بیانی وەكو لێکس ئارنسن لەو کاتەدا لە ڕێگەی کەرکوکەوە بگەیشتبایەتە بادینان بێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی عیراق پێی بزانن و ده‌ستگیری بکه‌ن .

 دوای ئه‌وه‌ی لێکس لە 25 مارتی 1975 لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عیراقەوە لە کەرکوك دەسگیر کرا ، گوێزرایه‌وه‌ بۆ به‌غدا و درا بە ” دادگای شٶڕش ” ی به‌عس و تۆمەته‌که‌ی ” سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هەڵگرتنی دەمانچە و بەڵگە و دەکیومێنتی نهێنی سه‌ربازی و سیاسی ” بو . هه‌ر وه‌کو چاوه‌ڕوان ئه‌کرا له‌و به‌ناو دادگایه‌دا‌ بڕیاری لە سێدارەدانی لێکس ئارنسن ده‌رکرا و لە 15 دیسەمبەری 1975 دا جێبه‌جێ کرا .  

کەس و کاری لێکس لە هاوینی 1975 ڕایانگەیاندبو کە لێكس بێ سەر و شوێنە و کەس نازانێت لە کوێە . له‌ دوای دیارنەمانی خێزانەکەی پەیوندییان بە هەموو کەسێکەوە کردبو کە لەو دو ساڵەی دواییدا سەردانی کوردستانی کردبو . خێزانی لێکس وەکو هەمو هۆڵەندییه‌کان لە 3 نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا شتێکیان لە بارەی چارەنووسێوه‌ زانی ، گوایە لە بەغدا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە . حکومەتی عیراق ئەو هەواڵەی به‌درۆخسته‌وه‌ و ڕایگەیاند کە ئەو لە سێداره‌ نه‌دراوه‌ به‌ڵام له‌ زیندانە لە بەغدا . بەڕێکەری کاروباری هۆڵەندا لە عیراق خێرت مەیهاوزن بۆ ماوەی شەش مانگ لە ڕێگەی دیبلۆماسی بێدەنگەوە لە هەوڵی ڕزگارکردنی لێکسدا بوو ، هەوڵی زۆریدا سەردانی بکات ، به‌ڵام حکومەتی عیراق ئامادە نەبوو ڕێگە بەو یا بە هەر کەسێکی تری هۆڵەندی بدات سەردانی بکات ، چونکە ڕایگەیاند کە ئەوان لێکسیان به‌ هاوڵاتی هۆڵەندی دانه‌ناوه ، بەڵکو بە هاوڵاتی و سیخوڕی ئیسرائیلی دادەنێن . بە پێی ئاژانسی دەنگوباسی عیراقی لە کاتی دەستگیرکردنیدا لێکس پاسپۆرتی ئیسرائیلی ، دەمانچە و بەلگە و دەکیومێنتی سەربازی و سیاسی نهێنی پێ گیراوە . تا ئێستاش نازانرێت ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵ لێکس چەندیان ڕاستن و چەندیان هەڵبەستراو بون . زۆر لەوانەی ناسیویانە دەڵێن کە لێکس حەزی لە سیاسەت نەدەکرد و ئەو تەنها بیری لە یارمەتیدانی لێقەوماوان ئەکردەوە و بیرۆکەی سیخوڕی بە توندی ڕەتئەکەنەوە . که‌س باوه‌ڕ ناکات سیخوڕی ئیسرائیل ئه‌وه‌نده‌ نه‌فام و بێئاگا بێت ، به‌ ناقانونی هاتبێته‌ ناو عیراقه‌وه‌و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی فه‌رمی عیراقی پێبێت ، بیه‌وێت به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ به‌ که‌رکوکدا بچێت بۆ بادینان و لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی بەعسەوە نەگیرێت . کەسیش لەو باوەرەدا نەبوو کە کەسێکی سه‌ره‌ڕۆی وەک لێکس بتوانێ پیاوی دەزگای هەواڵگری بێت ، ئەوەی خەریکی کاری سیخوڕی بێت بە شێوازی لێكس کار ناکات و هیچ دەزگایەکی سیخوڕیش ، بە تایبەتی مۆساد کەسێکی وەکو لێکس ناگرێتە خۆ . ئەو بەڵگەنامە و پێناسەی کەسێتی پێنەبو ، هەرچی هەبو دەیخستە سەر گوێدرێژێك و بە گوند و چیاکانی کوردستاندا وه‌ک دێوه‌ره‌ دەسوڕایەوە و شکراوی ئەدا بە منداڵان و نەخۆشەکان .

لێکس لەو ماوه‌یه‌دا کە لە زیندانەکانی به‌عس بو ، گەلێ جار دەبووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی هۆڵەندا . زۆر کەس هەوڵیاندا شتێك لە بارەیەوە بزانن . ڕۆژنامەنوسێکی هۆڵەندی لە مانگی کانونی دووەمی  1976 میوانی خاڵۆی سه‌دام ، خەیروڵلا تڵفاح بوه‌ . کاتێ باسی لێکسی له‌ گه‌ڵدا ئه‌کاته‌وه‌ ، تڵفاح پێی دەڵێت : واز لەو مه‌سه‌له‌یه‌ بێنە و هەواڵی ” ئەو سیخوڕە جوە ” لە دەزگاکان مه‌پرسه‌ ، چونکە ئەوان بەوە زۆر قەڵس دەبن ، ئەو دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە سێدارە دراوە و کار لە کار ترازاوە ، بۆیە واز لەوە باسە بێنی باشتره‌ ، ئەویش لە ڕۆژنامەیەکی هۆڵەندیدا هەواڵی له‌ سێداره‌دانی لێکس ڕادەگەیەنێ ، بەڵام کەم کەس باوەڕ بەو هەواڵە ئەکەن و هەر لە هەوڵی ئەوەدا ئەبن شتێك لە بارەی لێکسەوە لە حکومەتی عیراق ببیستن .

لە 15 ئازاری 1976 باڵیۆزی عیراق لە لاهای ڕایگەیاند ، کە لێکس لە 15 دیسەمبەری 1975 لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارەدراوە . دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی لە سێدارەدانی بە ماوەیەکی کورت دایکی بڕیاریدا بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەی وەربگرێتەوه‌ . دوای ئه‌وه‌ی دو هەفتەی پڕ له‌ ئازاری له‌ به‌غدا به‌سه‌ر برد ناچار بوو بە بێ تەرمەکەی لێکس بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا . لە ناکاو حکومەتی عیراق بە فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی هۆڵەندی تەرمەکەی لێکسی ناردەوە بۆ ئەمستەردام . لە 21 ئایاری  1976 لە گۆڕستانی جولەکەکان لە ماودەربێرخ لە هۆڵەندا بەخاك سپێردرا .

لێکس ئارنسن یەکەمین و ڕەنگبێ تەنها قوربانی هۆڵەندی ڕژێمی سەدام حوسێن بێت . ئەو کەسێکی ئیدیالیست ، سەرەڕۆ و کەلەڕەق بوو . لە کوردستان دەرمانی پێ نەما بوو ، باوەڕی وابوو بە شکراو منداڵان و نەخۆشانی کورد لە مەرگ ڕزگار ئەکات . وه‌ک ده‌ڵێن لە دژی شەپۆڵ مەلەی دەکرد . لە چەند نامەیەدا کە لە کوردستانەوە بۆ کەس و کاری  ناردونی گەلێ ڕوداوی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە . هەندێ لەو کوردانەی لە 1974 و 1975 لێکسیان بینیوە ، به‌ کەسێکی شێتۆکە له‌ قه‌ڵه‌میانداوه‌ . ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچونه‌یان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که‌ دید و بۆچونه‌کانی لێکس و که‌سانی وه‌ک ئه‌و نامۆن به‌ بژارده‌ی سیاسی کورد . به‌ بۆچونی هه‌ندێکیان لێکس ببوه‌ هۆی کێشە و تەنانەت کاربەدەستان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردبو و داوایان کردبو ڕێگەی نەدەن بگەڕێتەوە بۆ کوردستان ، بەڵام لە ڕۆژانی پشێوی ڕێککەوتننامەی  6 ئازاری  1975 جەزائیردا ، لێکس خۆی کردەوە بە کوردستاندا .

لەو نامانەی کە لە سەر کاغەزی پاکەتی جگەرە دەینوسین و لە به‌ به‌رتیل له‌ ڕێگەی پاسەوانەکانی زیندانەوە ، نابێت قه‌ت به‌ دوری بزانین که‌ بە ئاگاداری دەزگا ئەمنییەکانی عیراق گەیاندراوه‌ته‌ باڵیۆزخانەی هۆلەندا لە بەغدا ، لێكس بە توندی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ئەو کاری سیخوڕی بۆ ئیسرائیل یا هیچ دەوڵەتێکی تر کردبێت . دوا نامەی لێکس ئارنسن له‌ 12 دیسەمبەری 1975 کە بۆ خێزانەکەی ناردویەتی و دوای ئەوە هەواڵی نامێنێ .

پێموایه‌ لێکس ئارنسن شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ‌بیری خه‌ڵکی کوردستاندا بمێنێته‌وه‌ ، ده‌بێت یادی له‌ بیر نه‌کرێت . ڕه‌نگبێ دروستکردنی په‌یکه‌رێک و دانانی له‌ گۆڕه‌پانێکی یه‌کێ له‌ شاره‌کانی کوردستان یا ناونانی شه‌قامێک ، قوتابخانه‌یه‌ک یا هه‌ر شتێکی تر به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ کارێک بێت که‌ یاده‌وه‌ری ئه‌م خێرخوازه‌ مرۆڤدۆسته‌ به‌ زیندویی ئه‌هێڵێته‌وه‌ . 

 بۆ زانیاری زیاتر له‌ باره‌ی لێکس ئارنسنه‌وه‌ ئه‌توانن سه‌یرێکی ئه‌م سەرچاوانه بکه‌‌ن :

  1. Robert Mulder en Lejo Siepe, De Dood in Baghdad, Het leven van de Nederlander lex Aronson, Amsterdam 1993.
  2. Betsy Udink, In Koerdische Kringen, Amsterdam. Antwerpen, 2010.
  3. From Bergen – Belsen to Baghdad, The Letters of Alex Aronson, Edited bay Alan Mendelson and Joan Michelson, Mosaic Press, Ontario 1992.

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت