گۆران هەڵەبجەیی : شیرزاد حەسەن و سیمینارێک لە کۆپنهاگن – دا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە درێژەی چالاکییەکانیدا [ کۆمەڵەی کەلتووری کوردی – دانمارکی لە ئیسهۆی ] ڕێکەوتی  5 – 6 – 2016   یەکشەمە ، کۆڕێکیان بۆ  نووسەرو ڕووناکبیرو ڕۆماننووس شێرزاد حەسەن سازکر . کۆڕەکە  بە نێوی { خۆرهەلاتی ناوەڕاست لە نێوان تیرۆری ئیسلامی و جەنگی پیرۆزدا } بوو .

جێگەی ئاماژەیە  ئەم کۆڕەی شێرزاد حەسەن لە ڕۆژێکدا سازکرا کە ڕۆژی گەڕان و چونە دەرەوە بوو ، نەک دانیشتن لە هۆڵێکدا . جا گەر ئەو کۆڕە بەراورد بکەین لەگەل ئەو کۆڕانەی کە پێشتر سازکراون ، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی کەشوهەوای ئەو ڕۆژە ، دەتوانم بێ دوودڵی بڵێم کە قەرەباڵەغترین بەجۆشترین و گەرمترین کۆڕ بوو  .

لە ڕووی ئامادەبوونی ڕەگەزی مێینەوە ژمارەیەکی بەر چاو ئامادەبوون کە ئەمەش نیشانەیەکی جوانە و خۆشەوستی و پێگەی گرنگی شێرزاد نیشان دەدات لە کن ڕەگەزی مێینە .

خاڵێكی گرنگی سیمینارەکە ئەو ڕاشکاوی و بوێرییە بوو کە شێرزاد لە ئاخافتنەکانیدا دەری دەبڕین  .ئەمەش بووە مایەی دەستخۆشی و دڵخۆشی ئامادەبووان ، کە زۆربەیان لە  میانەی سەرنج و پرسیارەکانیاندا ئاماژەیان پێدا .

بەڕای من هەر کەسێک گەر نەتوانێت ئەو هەستە پەنگخواردووەی ناخی خۆی  بە ئازادانە و ئازایانە دەرببڕێت ، کەواتە ناتوانێت پەیامەکەی بە شێوازێکی ڕاستەقینە  بگەیەنێت و گوێگرانیش ناتوانن بەڕوونی لە مەبەستەکەی بگەن . جا شێرزاد بۆ ئەوەی لەگەل خۆی و ئێمەش ڕاستگۆ بێت هیچ شتیکی بە شاراوەیی یا نیوە ناچڵ یا مەبەستی تەمومژاوی ، بە ئێمە نەگەیاند ، بەڵکو چی لە ناخیدا بوو بە ڕاشکاوانە و بوێرانە و دوور لە شەرمی باوی نیو کۆمەڵگا بە ئێمەی دەگووت. زۆر جار کورد واتەنی [  لەبنی هەمانەکەی دەدا ] . ئەم بوێرەی شێرزاد حەسەن – م تا ئێستا لە کن هیج نووسەرێکدا بەدی نەکردووە ، یا بەلای کەم  هێندەی ئەو نەیانتوانیوە ئەوەی لە ناخیاندایە بەتەواوەتی بیهێننە دەرەوە .

خاڵێكی دیکەی سەرکەتووی سیمینارەکەی شێرزاد حەسەن ئەو زمانە سادەیە بوو کە هەموو چین و توێژەکان تێیدەگەن ، کە لەنێو قسەکانیدا بڕگەکانی پێ خۆش دەکرد یا ترش و خوێی دەکرد [ بەمانا ئیجابیەکەی ]  کە هەموانی دەهێنایە پێکەنین .

بۆ نمونە دەمێک هاتە سەر باسی خوێندن و پەروەردەی پڕ لە تەنگژەی کوردستان گووتی[  بە هۆی ئەو سیستمە خراپ و دواکەوتووەی  پەروەردە و فێرکردن کە لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت ، بە تایبەتیش وانەی ئایین کە   ترس و تۆقین لە میشکی منداڵەکاندا دەچێنێت ، لە ئاکامدا منداڵێکی شەرمن و ترسنۆک و بی ویست ، خاوەن کەسایەتییەکی تێکشکاو خۆ بە گوناهبار بەرامبەر بەخودا ، بەرهەم دێنێت . لەم حاڵەتدا ئەو منداڵە لە بری بیرکردنەوە لە فێربوونی زانست و پەروەردەیەکی باش ، بەردەوام بەترسەوە بیر لە سزا و ئەشکەنجەی دۆزەخ دەکاتەوە کە لەوێدا ترس و تۆقین دەبێت بە بەشێک گە ژیانی .

لە ئاکامی رەخنەگرتنی بۆ کۆی پرۆسەی ناجۆر و پڕ لە تەنگژە و  شێواندنی منداڵەکان ، دەنگی دلێری تاریکەرستەکان جاڕ دەدەن کە نووەسەرەکە { بەگووون هەڵبواسن }

لە تەورەرێکی دیکەدا ڕەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی [ یەکێتی و پارتی ] گرت و ئەو دۆخەی ئیمڕۆی  کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت کە لە پاشەکشەکردنی ژیانی مەدەنی و بەهێزبوونی توندڕەوەکان بە تایبەتی جیهادیستەکان خۆی دەبینێتەوە ، ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی ئەوان ، کە هەم خەم سارد و هەم زۆر جار هاوکاری گەشەکردنی ئەو ڕەوتانە دەکەن . هاوکات ڕەخنەی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕانیش کرد کە لەکن ئەوان [ سەوابتی ئیسلام سنووریکە نابێت ببەزێنرێت .]  ڕەخنەی ئاراستەی هێزە چەپەکانی کوردستانیش کرد کە وەک پێویست نەیانتوانیوە دژی ئەم تەوژمە بوەستنەوە و  گوتارەکانیان بە زمانێکی وەها ئاڵۆز ئاراستە دەکەن کە زمانێکی تەواو داخراوە و بۆ دەستەبژێرێکە لە خوێندەواران کە کەمینەن نەک زۆرینە ، هەڵبەتە لەسەر ئاستی میللیگەرایی خەرەندێکی گەورە لە نێوان رۆشنبیران و خاڵکی عەوامدا هەیە . 

لە بەشێکی دیکەی ئاخافتنەکانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی ڕووناکبیرانی کورد کرد ، بە تایبەت ئەوانەی کە خۆیان لە  خانەی دونیای مەدەنیەتدا دەبیننەوە و  ڕۆژانێک داکۆکیکار بوون لە ئازادی  ژن و کۆمەڵگایەکی سیکۆلار. 

وتی   : لەم دۆخەدا کە هەڵوێست و دەنگی ئەوان زۆر پێوستە زۆربەیان  بێدەنگیان هەڵبژاردوە ، ئیدی بەهۆی ئیمتیازاتەوە بێت یا بەهۆی فشار و ترسەوە بێت .

سەبارەت بە بوونی ناوەندەکانی سیکولار لە کورردستان ، بوونی ئەو ناوەندانەی بە پێوست زانی ، بەڵام هاوکات. قسەیەکی مەلا بەختیاری  بە نمونە هێنایەوە کە گووتبووی [ من موسوڵمانی سوننەم و دژی بێباوەڕیم ]  کە دیارە ئەوەیان لە روانگەی شێرزاد – دا لەگەڵ رۆحی سێکولاردا یەکدی ناگرێتەوە کە جێگەی ئاییندار و بێ ئایینیش دەکاتەوە .

بەش بەحاڵی خۆم  یەکەم جارمە ڕوو بە ڕوو گوێ  بۆ شێرزاد حەسەن ڕادێرم . پێشتر  لە یوتب و  فەیسبووک و میدیاکانی دیکەدا بە هەڵوێستی جوان و بوێرانەی ئاشنا بووم ، بەتایبەت  لەمەڕ داکۆکیکردنی  سەرسەختانەی لە مافی مێینە و تێکۆشان  بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی شارستانی . بەڵام لەو کۆڕەدا زۆرتر خۆشمویست و ڕووە گەشە و بێ ڕتووشەکەی جوانتر دەرکەوت . هەر بۆیەش ڕوبەروو دوای کۆرەکە دەستخۆشیم لێکرد .

شایانی ئاماژەیە لە ئێستادا شێرزاد حەسەن بەردەوامە لە کۆڕ گێڕاندا لە هەندێک لە وڵاتانی ( ئاوروپا ) دا . تا ئیستا لە ئەڵمانیا و نەرویج و دانمارک کۆڕی سازکردووە .  کۆتایی هەفتەش لە ( یۆتۆبۆری )  و ( ستۆکهۆڵم ) – سوید کۆڕی بۆ ساز دەکرێت .

لە کۆتاییدا  هیوای سەرکەوتن بۆ کاک شیرزاد حەسەن دەخوازم ،  دەستخۆشی ئەو بوێرییەی لێدەکەم و هیوادارم هەروا بەردەوام بێت ، هاوکات دەستخۆشی و سوپاس بۆ کۆمەڵەی کەلتووری کوردی دانمارکی لە ئیسهۆی ، کە ئەم کۆرەیان ساز کرد .