وەلید ژیا و بەرزانیش لە داردرا  . چیرۆکی خێزانێکی سەرشانۆی سێدارە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەکوردی کردنی لە عەرەبییەوە ـ هەورامان عەلی .

نمونەیەك لە دەسەلاتی بەعس
ساڵى 1981 لە یەکێك لە بازگە سەربازیەکانی خالص ، ژن و پیاوێك دەستگیرکران . دەزگا سەرکوتگەرەکان بەوە تۆمەتباریان کردن ، کە پێشمەرگە بن و لایەنگری حزبی شیوعی . ئەوان تۆمەتەکەیان رەد نەکردەوە , بەڵام وتیان  : ڕاستە ئێمە پێشمەرگەی حزبی شیوعی بووین ، بەڵام هاتوینەتەوە تا لە بەغدا ژیانی ئاسایی خۆمان دور لە سیاسەت بگوزەرێنین  .
دەزگاکانی ڕژێم جەختیان لە تۆمەتەکەیان کردەوە ، گوایا ئەوان نێردراون تا زارەکی ڕێنوێنی سەرکردایەتی حزبی شیوعی بە کۆمیتەی بەغدا بگەیەنن !  ئەوان دوای ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەیەکی دڕندانە برانە بەردەم ” دادگای شۆڕش “ و لە چاوتروکانێکدا بڕیاری لە سێدارەدانیان درا  .
( میادە ) ژنێکی جوانبوو ، لە بەهاری تەمەنیدا بوو ، دوو گیان بوو ، سکەکەی لە دوامانگیدا بوو ، ئەو لە نامەیەکی پاڕانەوەدا داوای لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بەرزان تکریتی کرد ، لەداری نەدەن تا منداڵەکەی دەبێت . بەرزان لەسەر داواکەی بەخەتی خۆی نوسیبوی : دەوڵەت پێویستی بە ناپاکێکی نوێ نییە  .
جارێکیتریش نامەیەکی تری نوسی و ، داوایکرد بە نەشتەرگەری منداڵەکەی بهێننە دەرەوە . بەڵام ئەمجارەش بەرزان ڕازی نەبوو !
دکتۆر العبیدی بەم جۆرە ئەو بەیانیە دەگێرێتەوە کە لە سێدارەیاندان :
یەکەمجار هاوسەرەکەی سەربەرزانە چووە سەر مەنەسەکە و ویستیان چاوی ببەستن ، ڕازی نەبوو . ئەو ئاوڕێکی لە مەیادە دایەوە و وتی :  خۆشەویستم بمبورە نەمتوانی باوکێکی باشبم بۆ تۆ و کورەکەت . 
جاست سەماوی جەلاد پەتەکەی کردە ملی و بە بەرچاوی ژنەکەیەوە لە داریاندا !
نۆرەی میادە هات ، بردیانە سەر مەنەسەکە ، میادە وتی : بۆ دواجار لێتان دەپاڕێمەوە کەمێکیتر چاوەڕی بکەن ! ” سەراوم ” تەقیوە با کورەکەم بژی . ئەوان بێبەزەییانە خەریکی مەراسیمی لەداردانەکەبوون ، میادە کەوتە نزاکردن تا پێش مەرگی کورەکەی لەدایك بێت ، هاوکات بە هەموو هێزیەوە هەوڵیدەدا مناڵەکە بێتە دەرەوە . مەنەسەی ژێر پێەکانی مەیادە کرایەوە ، باڵای لە نێوەڕاستی ژورەکەدا شۆڕ بویەوە ، خوێن بە قاچەکانیدا وەك چۆڕاوگەی بەفری تواوەی بەهار ، دەهاتە خوارێ  .
لاشەی ئەویان داگرت ، گەرچی ئەو مردبوو بەڵام مندالەکەی هێشتا زیندوو بوو ، ناو ژورەکە پڕبوو لە خوێن ، قاچەکانی میادە وەك بڵێیت بۆ لەدایك بونی ئەو کرابونەوە ، منداڵەکە هاتە دەرێ !
جاست وتی :
لێیگەڕێن با لە پەنا دایک و باوکیا ئەویش بمرێت ! ئەو مەلایەش کە هاتبوو تا قوربانیەکان لە دواساتەکانی ژیانیاندا ، لەسەر دەستی ئەو شاهێتومان بهێنن ، لایەنگری پێشنیارەکەی جاستی کرد ! بەڵام ئەم ( دکتۆر العیدی ) ڕازی نەبوو بە کوشتنی منداڵەکە . هەرسێکیان لەسەر ئەوە ڕێکەوتن منداڵەکە لەولا دابنێن تا چارەنوسی لەلایەن دەزگای هەوالگری و سەرۆکەکەی بەرزان تکریتیەوە ، دیاری دەکرێت . منداڵەکەیان دایە دەست ” رضیە “ ی فەراشی خاوێنکردنەوەی ژوری سێدارە .
رضیە ژنێکی رەشتاڵە لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنیدا بوو ، ئەو دەمێك بوو شوی کردبوو ، بەلام منداڵی نەدەبوو ، بە ئاواتەوە بوو منداڵێکی هەبێت . جاسب ناوی منداڵەکەینا  ” زعیر  ” و لەگەڵ رضیە ڕێکەوتن گەر ”سید بەرزان “ ڕازیی نەبوو ، دەبت منداڵەکە فرێبدا تا دەمرێت ! ئەویش ڕازی بوو . خێرا رضیە ژورە خوێناویەکەی سێدارەی پاك کردەوە لەو هەموو خوێنەی میادە و منداڵەکەی لە ئاودەستی زیندانەکەدا شت و لە کراسێکی دایکی ئاڵان . لە خۆشیا کە منداڵێکی دەستکەوتووە شوێنی بۆ خۆی نەدەگرد ، بەهەڵەداوان خۆی گەیاندەوە ماڵەوە لە ناوچەی ” لحصوة “ لە نزیك ئەبوغرێب . کە خۆی کرد بە ماڵدا مێردەکەی لەوێ بوو ، هەموو چیرۆکەکەی بۆباسکرد ، یەکەمین کارێک کە کردنیان ،  ناوی منداڵەکەیان لە ” زعیر “ ەوە گۆڕی بۆ ” ولید “ .
ساڵ هات و چوو ، وەلید گەورە بوو . کە ئەمەریکا عێراقی داگیرکرد و ڕژێم ڕوخا ، ئینجا لەدائیرەی نفوس ناوی وەلیدی وەک کوڕی خۆی و مێردەکەی قەید کرد ! ڕۆژنامەیەك چیرۆکەکەی بلاوکردنەوە ، براکەی مێردەکەی میادە دوای 22 ساڵ گەڕایەوە بەغدا و کەوتە سۆراخی برزاکەی . سەرەنجام دۆزیەوە و بە ڕضیەی ڕاگەیاند ، دەیەوێت وەلید لەگەڵخۆیدا بەرێت بۆ ئەڵمانیا ، هەرچەندە ئەو وەك دایکێکی ڕاستەقینە زۆری پێناخۆشبوو ، بەڵام وتی : ئەوە وەلید دەتوانێت بڕیاربدا !
وەلید لە نزیك ماڵی خۆیان عەرەبانەی هەبوو سەوزە و میوەی دەفرۆشت ، بەڵام ئەو باوەشی دایە ( رضیە ) ی بە هەموو خۆشی دنیا نەدەگۆڕیەوە ، بۆیە بێ هیچ دوودڵیەك بە مامی وت : ببورە مامە گیان من دەمەوێت لەگەڵ دایکما بژیم !
ئەو ڕۆژەی دادگای باڵای تاوانەکان ، بڕیاری لە سێدارەدانی بەرزان تکریتی دەرکرد ، وەلید لە چایخانەیەکدا نان و ماستاوی دەخواد ، کە دادوەر بڕیاری دا ، ئەو پاروەکەی لە بینی گیرا و چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێشك … وشەی سێدارە ـ ئازارەکەی دایەمیادە و بابی وەبیر هێنایەوە .

………..
ئەمە چیرۆکێکی خەیاڵی نیە ، بەڵکو  ڕووداوێکی ڕاستییەو ،  من بە دەستکارییەوە لە عەرەبیەوە وەرمگێڕاوە .