نەبەز گۆران : حوكومەتەكەی پارتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو بۆچوونەی دروستبووە و دەڵێت : ئەم حوكومەتە ، حوكومەتی پارتییە . بۆچوونێك نیە ، هیچ بنەمایەكی نەبێت .

بە تەماشایەكی پێكهاتەی دەسەڵاتەكانی حوكومەت ، راستەوخۆ دەتوانرێت بە حوكومەتی ئەو حیزبە تەماشا بكرێت . دەسەڵاتەكانی : پەیوەندییەكانی دەرەوە – دارایی – نەوت – ناوخۆ – بەشێكی زۆری هێزە چەكدارەكان ، لەگەڵ ئەوەشدا ، كۆی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران .
ئەمانە كە بنەمای دەسەڵاتی حوكومەتن ، هەر هەموویان لەژێر چنگی حیزبی پارتییدان . ئەگەرچی كۆمەڵێك لایەن لەناو ئەو حوكومەتەدان ، بەڵام ئەكرێت بە وێنەی میوانی بێ‌ ئەرك و بێ‌ كار سەیریان بكرێت . بۆ وەزیر و بەرپرسەكانی لایەنەكانی تر زۆر بە ئاسانی دەتوانین بڵێین : ( شایەنی باس نین ) هەموویان بۆ ئەوەی وێنەی نەبوونی دەسەڵاتەكانی خۆیان بشارنەوە ، سەرقاڵی ئەو ئیشانەن كە ئیش نین . هەرچەندە دەوترێت : گەر تۆ شەریكم نیت ، بۆچی قبوڵ دەكەیت لەناو جەنگەڵەكەی مندا بیت و درك بچێت بە گیانتدا .
بە میتۆدی داگیركردنی زۆرینەی دەسەڵاتەكان ، نكۆڵی لەوە ناكرێت كە حوكومەتی یەك تاكە حیزبە و ، حوكومەتێكە بە تەواوەتی تێكشكاو . چ لە رووی ئابوورییەوە ، چ لەرووی سیاسییەوە ، چ لە رووی خۆ بەرێوەبردنەوە . لەم وتارە كورتەدا تەنها هەڵوێستە لەسەر قسەیەك و دیوێكی كەمی تێكشكانەكە دەكەین .
لە تازەترین لێدواندی سەرۆك حوكومەتە تێكشكاوەكەدا دەڵێت : سەردەمی دامەزراندن بەسەرچوو .
ئەم لێدوانە نائومێدكەرە ، بۆ خۆی نیشانەی تێكشكانێكی گەورەیە . دیارە ئەو سەرۆك حوكومەتە باكی بە تێكشكان نیە و هەرگیز ئەو دیدگایەی نیە بە هۆی شكستەكانییەوە دەست لەكار بكێشێتەوە . لەبری ئەوە لەشكرێك ستایش كەری هەیە ، كە بە داهاتی ئەم خاكە دنەیاندەدات ، شكستەكانی بۆ بكەن بە سەركەوتن ! كە پێیان ناكرێت .
كاتێك كۆتایی بە دامەزراندن رادەگەیەنێت ، واتای ئەوەیە هەڵئاوسانێكی زۆر لەناو كۆی وەزارەتەكاندایە . واتای ئەوەی ئیدی ناتوانێت خۆی تازەبكاتەوە. لەبەرامبەر ئەوەدا ، دەبێت كەرتی تایبەت گەشە پێبدرێت بۆئەوەی بتوانرێت لە كەرتی تایبەت بە دامەزراندن دۆخە تێكشاوەكەی حوكومەت كەمێك راست بكرێتەوە . بەڵام رەنگە دۆخی كەرتی تایبەت بە هۆی هەڵەی ئەم حوكومەتەوە ، خراپتربێت لە دۆخی هەموو كەرتەكانی دیكە .
ئەوەی ناوی كەرتی تایبەتە ، لە پێشودا سێ‌ ئاست بوو ، ئاستی سەرەوە ، كۆمپانیا زەبەلاحەكان بوون . ئاستی ناوەند ئەو كۆمپانیایانە بوون سەرماییەكی بچوكیان بەدەست كەوتبوو ، ئاستی خوار ناوەند ، ئەو كۆمپانیا بچوكانە بوون دەیانویست دەست پێبكەن .
دوای شكستەكەی حوكومەت دوو چینەكەی ناوەراست و سەرەتایی كۆتاییان هات. چینەكەی سەرەوەش ، لە ئێستادا بەدەست حوكومەتەوە داد و ناڵەیەتی . چی پارەیان هەبووە ، حوكومەت بردوویەتی . نە پارەكەیان دەدەنەوە ، نە ئامادەشن جوابێكی راستگۆیانەیان بدەنەوە .
زانیارییەكان دەریدەخەن كۆمپانیا زەبەلاحەكان و بارزگانی راستەقینە نیە ، پارەی لای حوكومەت نەبێت . كەس نازانێت ئەو هەموو پارانە چیان لێكراوە ! كەسیش نازانێت رۆژانە پارەكانی : باج – نەوت – گومرگەكان و … هتد . چی بەسەردێت و چەندە و بۆكوێ‌ دەبرێت . لە ئێستادا حوكومەت قەرزاری سێ‌ شوێنە : بانكەكانی دەرەوە ، كۆمپانییاكانی ناوخۆ ، فەرمانبەرانی خۆی . پلانێكیش نابینی بۆ دانەوەی ئەم قەرزانە . دەشیانەوێت خەڵك متمانەیان پێبكات .
تەنانەت هێندە بەخراپی لەرووی ئابووری و ئیدارەدانەوە تێكشكاوە ، لێدوان لە دوای لێدوان ، بەڵێن و بریارەكانی خۆی بە ناراست پیشاندەدات . وتەبێژەكەی حوكومەت بەجۆرێك باسی نرخی نەوتی مانگەكانی پێشودەكات ، وەك بڵێیت كۆمەڵگە هەمووی نەخوێندەوارە و ئاگای لە بازاری نەوت نیە ! كاتیك كۆتایی بە دامەزراندنی فەرمانبەر دەهێنرێت ، با هیچ نەبێت پارەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بداتەوە و كەمێك گەشە بكەن ، تا دامەزراندن لەوێ‌ كەمێك لە تێشكاوی حوكومەتەكەی پێ‌ چاكبكرێتەوە . گەر ئەوەشیان پێناكرێت ، پێویستە ئەوەنە جەسارەتیان هەبێت ددان بەو نەزانینەی خۆیاندا بنێن و رێگەبدەن حوكومەتێك بێتە ئاراوە ، دەست پاك و راستگۆ تا بارە لارەكە كەمێك راست بكاتەوە . ئەوەشیان پێناكرێت ، پێویستە ئیدی ئومێدێك بەو حوكومەتە نەبەسترێت كە لە هەموو رەهەندەكاندا وێرانەیە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت