بورهان شێخ ڕەئوف : شەڕى مەنبەج .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە لە لایەن ئەمریکاوهاوپەیمانەکانیەوە پشتیوانیان لێدەکرێت لە دوانزە ڕۆژى ڕابردوودا لە دواى شەڕێکى سەخت و فیداکارانە توانیان ئابڵووقەى شارى مەنبەج بدەن کە لە بندەستى تیرۆریستانى دەوڵەتى ئیسلامى داعشدایە لەسەر سنوورى تورکیاو سوریایە سەرەڕاى بوونى نیگەرانیەکى زۆر لەسەر ژیانى دەیان هەزار خەڵکى سڤیل لەو شارەدا لەلایەن ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانەوە چونکە لە ئەنجامى ئەم شەڕەدا زیاتر لە بیست هەزار کەس ئاوەرە بوو ن و و پێشبینى کۆچ و ڕەوى زیاترى لێدەکرێت .
بەڵێ هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە لە زۆرینەیەکى کوردى لە یەکینەکانى پاراستنى گەل و چەند لایەنیکى دیموکراتى عەرەبى پێکدێن سەرکەوتووبوون لە سەپاندنى ئابڵووقەیەکى مکوم لە چوارلاوە بە سەر چەکدارەکانى داعشدا کە ڕێگاکانى ( منبەج _ غەندورە ) و ( منبەج _ عین عیسا ) و ( منبەج _ ڕقە ) و ( منبەج _ جرابلس ) و ( مبەج _ ئەلباب _ حەلەب ) دابخەن و زیاتر لە سەد گوند لە دەوروبەرى منبەج ئازاد بکەن .
بەڵێ لە شەڕى دوانزە ڕۆژى ڕابردوودا زیانێکى گیانى زۆرى لێکەوتووەتەوە کە زیاتر لە 196 کەس کوژراون کە 173 کەسیان چەکدارى دەوڵەتى ئیسلامین و 23 کەسیش لە هێزەکانى سوریاى دیموکراتن کە لە ناویاندا سەرکردەى قارەمان و جەنگاوەرو شەڕەڤانى شارى کۆبانێ ى خۆڕاگر فەیسەڵ سەعدون ناسراو بە ئەبو لەیلا ى سەرکردەى کەتیبەکانى خۆرى باکوورى تێدا بوو کە برێت ماکجۆرک نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا ئۆباما لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى پرسەو ماتەمینى خۆى ڕاگەیاند بەو بۆنەیەوە ووتى ئێمە نوێژ لەسەر گیانى ئەبو لەیلا دەکەین کە خۆى کردە قوربانى ڕزگارى نیشتمانەکەى .
هەرچەندە ئەمریکیەکان دڵنیایى یان داوە بە تورکیا ى دۆست و هاوپەیمانى لە مێژینەیان لە پەیمانى ناتۆ کە مەنبەج شارێکى عەرەبیە هەرچەندە بەشێکى زۆرى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کوردن و سەرکردایەتى هێزەکە دەکەن بۆ یە هەمیشە جێگەى نیگەرانى و سەرئێشەن بۆ تورکیا ، تورکیا ئەو هێزانە بە بەشێک لە پارتى کرێکارانى کوردستان (PKK) دەزانن وکە پۆلینى کردووە لە لیستى تیرۆر .
بۆچى تورکیا نیگەرانە لەم پرۆسەیە و لە نزیکبوونەوەى کوردى ڕۆژئاوا و ئەمریکا ؟
ئەگەر بەڵێنەکانى ئەمریکا لەسەر بەڕێوەبردنى مەنبەج لە دواى ئازادکردنى لە لایەن هێزە عەرەبیەکانەوە جێبەجێ نەکرێت وەکو بەڵێنیان پێدراوە هەروەکو مەولود چاویش ئۆغلۆى وەزیرى دەرەوەى تورکیاى وتى ، ئەوا کورد ئەوکاتە دەسەڵات و حوکمڕانیەکەیان درێژ دەبێتەوە هەر لە کۆبانى لە ڕۆژهەڵاتەوە تاوەکو عەفرین لە خۆرئاوا لە سەر سنوورى تورکیا ئەو کاتە هەرێمێکى کوردى یەکگرتووى لە باکوورى سوریا بەرپا دەبێت کەئاواتى لە مێژینەى کوردە .
لە کۆتاییدا دەبێت بپرسین مەبەست لەم پرۆسە سەربازیە چیە ؟
ئەى فەرەنسیەکان لەڕۆژئاواى کوردستان چى دەکەن ؟
هەرچەندە ڕۆژى هەینى ڕابردوو 10 ى حوزەیران برێت ماکجۆرک ووتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات تەواوى ڕێگەى هاتوچۆى تیرۆریستانى دەوڵەتى ئیسلامى داعشیان بڕیووە ( مەنبەج – باب ) تەواو گەمارۆ دراوان و هیچ دەرەچەو مەنفەسێکیان نەماوە بەڵام ڕامى عەبدوڕەحمانى بەڕێوەبەرى ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ وتى تەنها 50 کم ماوە بۆ ئەوەى داعش بە تەواوى لە جیهانى دەرەوە داببڕێت چونکە داعش لە عێراق و سووریاش هیچ ڕێڕەوێکى سنوورى بە دەستەوە نیە جگە لە جەرابلووس لە ڕێگەى ڕیفى ئەعزازو ڕیفى حەلەبى شیمالەوە .
ماوەتەوە ڕۆڵى فەرەنسیەکان هەروەکو ئاگادارین لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا باس لە دامەزراندنى بنکەیەکى سەربازى فەرەنسى لە ڕۆژئاواى کوردستان دەکرێت و وەزیرى بەرگرى فەرەنسا ئاماژەوە بۆ ئەوەکرد کە سەربازە فەرەنسیەکان بەشدارى شەڕى ئازادکردنى مەنبەج دەکەن لە گەڵ هێزەکانى ئەمریکا و سوریاى دیموکرات لە ڕێگەى ڕاوێژو یارمەتى لۆجستى و ئاسمانى یەوە .
شایانى وتنە فەرەنسا یەکێکە لە وڵاتە ڕۆژئاواییانەى کە لەو بڕوایەدایە کە کورد بەهێزترین هێزن بۆ بەگژاچوونەوەى داعش و دەبێت ئەوەش بڵێین کە هەفتەیەک پێش پرۆسەى ئازادکردنى مەنبەج کوردەکانى سوریا نووسینگەیەکى نوێنەرایەتى یان لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا کردەوە .
ماوەتەوە وەڵامى ڕۆڵى فەرەنسا بدەینەوە لەم پرۆسەیەدا ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لە چاودێران و شرۆڤەکارانى سیاسى لەو بڕوایەدان کە بوونى فەرەنسا لە سەر خاکى سووریا بۆ کۆکردنەوەى زانیاریە لە سەر ئەو فەرەنسیانەى کە لەناو ڕیزەکانى داعشدان کە لە ڕابردوودا بە زیاتر لە 900 کەس دەخەمڵێنران بۆ ئەوەى چاودێرى جموجووڵ و ڕێگرتن لە گەڕانەوەیان بۆ فەرەنسا بکات .
هەروەکو باسدەکرێت ناوچەى جێبى مەنبەج بنکەیەکى لۆجستیکى گرنگە بۆ هاتوچۆى جەنگاوەرانى بیانى لە ئەوروپاوە بۆ سووریاو بە پێچەوانەوەش بۆیە کۆکردنەوەى زانیارى بۆ فەرەنسیەکان بە دیاریکراوى لەم ناوچە گرنگى خۆى هەیە بە تایبەتى دواى تەقینەوەکانى پاریس کە دەیان کەسى سڤیلى تێدا بوونە قوربانى کە خوێناویترین هێرشى تیرۆریستى بوو لە مێژووى ئەوروپادا و ئاشکرا بوو ئەنجامدەرانى ئەو کردەوە تیرۆریستیە لەم ناوچەیەوە چووبوونە تورکیاو لەوێشەوە بۆ ئەوروپا .