111.2899 Barzani 7

نەوزادی موهەندیس : پارتی چی گەرەكە ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای واژۆكردنی ڕێكەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕانەوە لە 17 مایسەوە ، پارتی هێندەی پێش ڕێكەوتنەكە و زیاتریش هەڵویست و گوتارەكانی توندتر كردۆتەوە و بە ئاشكرا و نهێنی دژایەتی ئەو ڕێكەوتنە دەكات و بەپلەی یەكەم بە دژی خۆی دەزانێت و تەنها دوای چەند ڕۆژێك لە ڕێكەوتنەكە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی خۆیدا زۆر بەتوندی بە گژ ڕێكەوتنەكەدا چوەوە .

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ” ئەرێ‌ پارتی بۆ هێندە بە توندی دژایەتی ئەو ڕێكەوتنە دەكات ؟ پارتی لەسەرەتای سەرهەڵدانی كێشە و گرفت و ناكۆكیەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكان لە سەر مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم و گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی بە شێوەیەك سەرۆك لە پەڕلەمانەوە هەڵببژێردرێت و نوسینەوەی دەستورێكی هاوچەرخ كە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمدا لە سەرۆكایەتیەوە بگۆڕێت بە پەڕلەمانی ، ئیدی ئەم هەنگاوەی 4 حیزبەكە ( یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوی ئیسلامی ) ،  ئاگری لە خەرمانی خەون و خەیاڵ و پلانەكانی پارتی بەردا و ، پارتی توشی هیستێریا بوو ، بەگژ هەمواندا هەڵشاخا و دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی بە ئاقارێكدا بەلاڕێدا برد كە واماوەی نزیكەی 1ساڵە هێندە دۆخەكە شڵەژاوە كە ئاسایكردنەوەی بۆتە نیمچە مەحاڵ .

پارتی بە پێداگیری لەسەر بڕیار و بۆچونەكانی خۆی و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی بەسەر هەمواندا هێندەی تر خۆی تەریك كرد لە ئیجماعی سیاسی هەرێم و خۆی بەتەنها لەبەرامبەر 4 حیزبە سەرەكیەكەی كوردستاندا بینییەوە كە ئەمەش بۆ پارتی كارێكی سەخت بوو كە هیچ كات هێندە خۆی بە تەریكی و تەنها نەبینیوە لەكاتێكدا كە خۆی بە حیزبی یەكەم دادەنێت و زۆرینەی پەڕلەمانی هەیە .

پارتی لەهەڵوێستەكانیدا گەیاندیە ئەو پەڕی كاتێك بەشێوەیەكی دوور لە یاسا و ڕێزگرتنی بەرامبەر ڕێگەی نەدا بەگەڕاندنەوەی سەرۆكی پەڕلەمان بۆ ناو شاری هەولێر و دواتر دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لە كابینەی حكومەت لە 12/10/2015دا و ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە بە بڕیارێكی سیاسی و حیزبی ، هەچەندە ڕێكەوتنی سیاسی هەبوو لەگەڵ گۆڕاندا ، ئەم هەڵوێستەی پارتی تەنها لەبەر ئەوەبوو كە پەڕلەمان و فراكسیۆنەكانی ڕازی نەبوون بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی كاك مەسعود بۆ 2 ساڵی تر و بەمەش پارتی هەموو پیرۆزیەكانی میلەت و نەتەوەیەكی كردە قوربانی تاكە كەسێك و هەموو بنەماو دروشمە دیموكراسیەكانی لە ژێر پێنا . تاكە دەزگایەكی شەرعی و جەماوەری كە هەبێت لە هەرێمدا كە پەڕلەمان بوو پەك خست و حكومەتەكەشی كردە حكومەتێكی تەواو پارتی . سەركردایەتی پارتی بەم غرورو خۆ بەزلزانینەیانەوە وای بۆ دەچوون كە هیچ دەرچەیەك لەبەردەم نە یەكێتی و نە گۆڕانیشدا نیە و تەنها گەڕانەوەیانە بە ملكەچی و لەسەر ئەژنۆ بۆلای پارتی و ڕازیبونیانە بە مەرجەكانی پارتی ، بەڵام واژۆكردنی ئەم ڕێكەوتنە بوە شۆكێكی گەورە و كاریگەر بۆ پارتی كە چاوەڕوان نەكراو بوو ، هەربۆیە زۆر بەتوندی دژایەتی دەكات .

لە ئێستادا پارتی چی گەرەكە لە یەكێتی و لە گۆڕانیش ؟ پارتی بە حوكمی ئەوەی شاری هەولێری پایتەختی لە ژێر دەستدایە و خاوەنی 38 كورسی پەڕلەمانی و كۆتاكانیشە ، خۆی بە حیزبی یەكەم و دەسەڵاتداری ڕەها دەزانێت لە هەرێمداو پشتئەسوریش بە هێزی سەربازی و سەروەت و سامانی زۆر وزەوەندی كۆكراوەی ، گەرەكێتی بەمەرجەكانی خۆی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم ئاسایی بكاتەوە و بەسەر هەموانیشیدا بسەپێنێت ، و ئەم هەڵوێستەشی لە دوا كۆبونەوەی هەردوو مەكتەب سیاسی یەكێتی و پارتیدا نەشاردۆتەوە كە ڕایانگەیاندوە كە دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بگۆڕێت و ڕازی نین بەگەڕانەوەی دکتۆر یوسف و مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمیش هەروەكو خۆی بێت و دەبێت ئەو ڕێكەوتنە سیاسیەی لەگەڵ گۆڕانیش واژۆكراوە هەڵبوەشێنرێتەوە، بە پێچەوانەوە ئامادەین بۆ دروستكردنەوەی دوو ئیدارەیی . بەم مەرجە پێشوەخت و سەختانەی پارتیەوە دەردەكەوێت كە هیچ نیەتێكی ڕاستۆگۆیانە لای پارتی نیە بۆ چارەسەری و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكان .

كێ‌ زیانی گەورە دەكات لە زیندووكردنەوە و دروستكردنەوەی دوو ئیدارەیی لە كوردستاندا ؟ هەموو خەمخۆرانی كوردایەتی لەسەر ئەوە كۆكن كە دووبارەكردنەوەی ئەزمونی دوو ئیدارەیی لە هەرێمدا مانای هێندەی تر دووركەوتنەوە و وێرانكردنی ماڵی كورد و لاوازبوونی هەڵوێست و پێگەكەیەتی لە هەرێم وعێراق و ناوچەكە و دونیاشدا و ئەزمونێكی تاڵ و ناشیرینی ڕابووردوو بوو كە نابێت نەك دووبارەبكرێتەوە بەڵكو هەر بیریشی لێنەكرێتەوە ، بەڵام پارتی بە پێچەوانەی هەموانەوە بەدوا چارەسەری دەزانێت و گەرەكی نیە كەمترین نەرمی بنوێنێت بۆ چارەسەریەكان لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتیماندا و تەنها وتەنها بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەی لا مەبەستە . بەشێوەیەكی گشتی كوردایەتی زیانی گەورەی پێدەگات لە دوو ئیدارەیدا و دواتریش پارتی بۆخۆی گەورەترین زیان بە پێگە و هێز و نفوزیشی دەگات لە ڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیشەوە ، چونكە لەلایەك هەركات دوو ئیدارەی دروستبوەوە ئەوا پارتی تەنها لەولا دێگەڵەوە باڵا دەست دەبێت و بەمەش كاك مەسعود كە بەنیازی سەرۆكی نەتەوەیی بوو ئەوا تەنها دەبێتە سەرۆكی هەولێر و دهۆك بەدەر لەناوچەی سەوز كەئەمەش بچوكبونەوەی خودی كاك مەسعودە بە پارتیشەوە و لەلایەكی تریشەوە سەرچاوەی داهاتی هەرێم كە بریتیە لەنەوت و فرۆشتنی لە ڕێگەی بۆری جیهانی توركیەوە ، بەشی هەرە زۆری لە بیرە نەوتەكانی تەقتەق و كەركوكەوەیە كە هەردووكیان دەكەونە ژێر قەڵەمڕەوی یەكێتی و گۆڕانەوە ، لەلای سێهەمیشەوە ناوچەی سلێمانی بەگشتی پشتی بە ئێران و عێراقەوەیە و تاڕادەیەكی باش ئارامە و پەیوەندیەكانی ئەو سێ لایەنەش باشە و شەڕی داعشیش بەهێز و ئازایەتی پێشمەرگەی یەكێتی لەم ناوچانە كەمبۆتەوە و مەترسی گەورەی نەماوە ، بەڵام ناوچەكانی پارتی مەترسی داعش و خراپی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغداد و لەگەڵ پەكەكە وایكردوە كە مەترسیە سەربازیەكانی لەسەر گەورەتر بێت و پارتی لەم گەمە سیاسی و پێداگیریەیدا تەنها پشتی بە ئەردۆگان و توركیا بەستوە كە ئەویش لە ئێستادا لەوپەڕی خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری وسەربازیدایە. بەم شێوەیە ئەوەی زیانی گەورەی پێدەكەوێت خودی كاك مەسعود و پارتی و بنەماڵەشە لە كۆتاییدا . بۆیە ئەوەی پارتی گەرەكێتی و دەیەوێت بیسەپێنێت بریتیە لەوەی كە هەموان بە سەركردە و حیزب و جەماوەریشەوە دانانبنێن بە هێز و دەسەڵاتی تاكڕەوی پارتیدا و ملكەچی بڕیار و فەرمانەكانی بن و هیچ ڕەخنە و ناكۆكی و ململانێی دیموكراسی لەگەڵ نەكەن ، بەڵام پارتی ئەوەی لە بیر چوە كە ئەم قۆناغ و سەردەمە نە قۆناغی تاك حیزبیە و نە قۆناغی تاك سەركردەیە و نەهیچ حیزب و سەركردەیەكیش دەتوانێت دەسەڵاتی ڕەها و تاك و تەنهای هەبێت لە كوردستاندا ، بەڵكو دەبێت لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیماندا و بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئاڵنكاریەكان و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە ناوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و پەیوەندیەكان پتەوتر بكرێنەوە و ئەو خەون و خەیاڵەی كە هەموان هەمانە لە چێكردنی ڕێفراندۆم و هەنگاونان بۆ پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نەكەینە بڵقی سەر ئاو و تەنها وەكو دروشم و دەسكەوتی حیزبی نەمێنێتەوە ، بۆیە ئەركی هەموانە كە هەموو توانا و وزەكان بە ئاڕاستەی یەكخستنەوەی ماڵی كورد و گەڕاندنەوەی كەركوك و تەواوی جێگە دابڕاوەكان بێت بۆ سەر هەرێم و بەگەڕخستنەوە و كاراكردنەوەی دام و دەزگا شەرعیەكانی حومكڕانی هەرێم بێت ، نەك وابەستەبوون بە سیاسەتی دەرەكی و ناوچەیی دوژمنان دژ بە بەرژەوەندیەكانی گەلەكەمان و نەتەوەكەمان لە پارچەكانی تری كوردستاندا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت