عیماد عەلی : کەرکوک مەکەنە قوربانیی ململانێ حزبیەکانتان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی بریارێکی چارەنوسسازی وەک قسەکردن لەسەر هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ لەم کاتەدا بێت ، کە ململانێی حزبی و شەخسی و ناوچەیی ناجێجێگیری هەرێمی کوردستان لە ترۆپکدایە ، بۆچی لەم کاتەدا کە جارێک داعش تەنها چەند فەرسەخێک لە شارەکەوە دوورە ، بۆچی لە کاتێکدا کە رێکەوتنێک هاتۆتە ئاراوە لە نێوان دوو لایەنی کوردستانی کە زۆرینەی رەهای جەماوەریان لە کوردی ئەم شارە پێکدێت ، بۆچی وا تێبگەین کە پاڵنەری کارێکی ئاوها لە بەرژوەندی کەسی و تەنانەت کوتلەیەک یان تەنها لایەنێک بێت و لەسەر حسابی ئەوانی تر و دژ بە خەڵک و دوارۆژی شارەکەش ، بۆچی چەندین ساڵە بەم گەرموگوریە جەنابی پارێزگاری کەرکوک بیری لێنەکردەوە و قسەی وای نەکرد ، بۆچی نازانێت مادەی 140 لە دەستوری عیراق رێگە بەم کارە نادات کە تا ئێستا جیبَبەجێ نەکراوە و ، بۆچی ئەم هەموو کااتە خودی پارێزگاری کەرکوک هەموو هەوڵێکی بۆ جیبەجێکردنی ئەو مادەیە نەبووە کە لە لە ئەرکە سەرەکیەکانێتی ، بۆچی ئەم وەزعەی هەرێم لەبەرچاو ناگرن و باش دەزانن کە خەڵکی ناوچە دابراوەکان چەند لە رەفتاری سەرکردایەتی کورد تورەن و نارازین و لەم بارەوە مەیلیان زیاتر بۆ ئەو لایەنە دەروات کە تەنها بژێویان دابین بکات نەک دوا رۆژیان .
قسە و باسی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک ، یەکەم جارە لە لایەن باڵاترین کەسایەتی شارەکەوە بێتە ئاراوە ، ئەمیش زۆر قسە هەڵ دەگرێت ، چ وە ک خودی پارێزگار و هەڵوێستەکانی و وەزعی لەناو حزبەکەی و راوبۆچونی و مامەڵەی لەگەڵ گۆرانکاریەکانی حزبەکەی و کوردستان و پەیوەندیەکانی ، چ وەک بارودۆخی شارەکە و مەیلی هەندێک بەرژەوەندخواز و کورتبین .
ئەگەر وەک بەرژەوەندی کەسیی خودی پارێزگار یان خەلکی کەرکوک بخوێنرێتەوە ، هەرچەند زۆرێک لە خەڵکی کەرکوک لە بێزاری خۆیان نەفرەت لە شتە پیرۆزەکانیش دەکەن ، بەڵام ئەوەی لەم کاتەدا پاڵنەری راستەقینەی ئەم بۆچونە بووە ، ئەو ناجۆری و ناکۆکیە حزبی و تەکەتولاتانەیە نەک پێویستیەکانی شارەکە ، ئەگینا کەرکوک بۆ 13 ساڵە لەم حاڵەتەدایە و بگرە بە شێوازی جۆراوجۆر بەرێوە چووە ، هیچ کەسێک ئەم بۆچونە کوتوپرەی نەبووە ، مەگەر هەندێک کورتبین نەبێت ولەگەڵ خۆیاندا قسەیان کردبێت نەک بە فەرمی و بە ئاشکرا ، قسەم لەسەر رازیکردنی کەمەنەتەوەکانی ترەوە نیە ، کە جارجارێک بەرپرسانی باڵای کورد بە قسەی زارەکی لای ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکرد بە ، ئەگەر قسەی واش کرابێت لە درەئەنجامی فشار و پاڵەپەستۆی ناوەندی عیراق و عەرەب و سونەکانی شارەکە و هەڵوێستی ئەوانەی لە دواوەیانن و ، لە گەڵ بێئومێدی لە جێبەجێ کردنی مادەی 140 و ، بۆ ئاسایی کردنەوەی وەزعی نالەبار کاتی بە کتوپیر کراوە نەک وەک ئەمرۆ هەوڵی بێ وچانی بۆ بدەن و کاری بۆ بکەن .
پرسیارە هەرە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە ؛ ئایا لەکاتی بەرقەرابونی هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆشدا خەڵکی کوردی شارەکە قازانج دەکەن ، یان بەهەموو شێوەیەک لە زەرەریاندایە و ، بە ناجێگیری دەمێننەوە و ئەوسا لە رووی یاساییشەوە ناتوانن پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بەرن و ، هەرێمیش ناتوانێت هیچ پشتگیریەکیان بکات .
ئایا لەم کاتەدا هەرێمی کوردستان نەتوانێت چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات و ، ئێستا بەم وابەستەییەی کەرکوک بە هەرێمەوە لە دەرئەنجامی ئەمری واقعەوە نەتوانێت هیچی بۆ بکات ، لەو کاتەدا چیی پێدەکرێت ، یان چ زەمانەتێک هەیە کە وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە کەرکوک چ یاریەکەک هەبێت لە هەموو لایەکەوە بەو شارە نەکەن ، بە یاریەکانی ناوەندی عیراقیشەوە .
ئەوەی وڵاتانی خاوەن ئامانج و مەبەست دەیتوانن لەکەرکوک بیکەن بۆ گۆرینی دیموگرافیای شارەکە لەو کاتەدا ، نە هەرێمی کوردستان و نەش خەڵکی کوردی شارەکە و نەش جەنابی پارێزگار ناتوانن هیچی بۆ بکەن و ، پێیان ناکرێت بەرگەی توانای ئەو هێزانە بگرن .
ئەو کەرکوکیانەی لە هەولێر و سلێمانی دان و بەرژەوەندیەکانیان دەخوازێت بنەیان لە کەرکوک بێت و خۆیان لەو دوو شارە بژین ، لەو کاتەدا بریاری یەکلایی کەرەوە دەدەن و بە یەکجاری لە کەرکوک بە جێدێڵن و دابران دروست دەبێت و ، ئەوجا رێژەی کوردی شارەکە چیی لێ دێت ، لەبەر ئەوەی هۆکار گەلێک هەن کە بڵێین هەموو ئەگەرەگان لەوەدایە کە شارەکە بە جێ دێڵن .
لەوانەیە پێکهێنانی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک و پچرانی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمدا بە شێوەیەکی کاتی لە قازاانجی تایبەتی هەندێک کەس و لایەنێک لە لایەنەکانی کوردستان بێت ، لە روانگەی ململانێ سیاسیەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ، لەوبارەوە لای ئەوان هیچ گرنگ نیە تەفرەدانی دوا رۆژی پرسەکە و کوردستانیبونی شارەکەشی لێ بکەوێتەوە . بۆیە زەرەری بە هەرێم بونی کەرکوک تەنانەت لە بەرامبەر مانەوەی لە سەر ناوەندی عیراق ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نیە ، بە تایبەتی هیچ هەرێمێکی تری عیراق لە ئارادا نیە و هەتاهەتایە و بە هەموو شێوەیەک وەک پارێزگایەکی عیراقی رووت دەمێنێتەوە و ، کوردی کەرکوک و هەرێمی کوردستانیش با زەقەی چاویان بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت