ئاریتما موحه‌ممه‌دی : بۆ پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات توانای شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێران نییه‌ !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا كه‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی خۆیان بۆ كاری نهێنیی و ڕێكخراوه‌یی ناردووه‌ته‌وه‌ نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، به‌رده‌وام تووشی تێهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیمی ئێران بوونه‌ و زۆربه‌یان شه‌هید كراون . شه‌هیدبوونی پۆلپۆلی پێشمه‌رگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه‌ هه‌ڵگری دوو په‌یامه‌ .

یه‌كه‌م – ئه‌وه‌ ، كه‌ دۆخی سیاسیی ، سه‌ربازیی و ئابووریی ڕژیم له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ی ساڵی ١٩٧٩ كه‌ كاتێ ڕژیم گه‌ییشته‌ ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕی چه‌كداریی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا سه‌پاند جیاوازه‌ ، ئه‌و كات ڕژیمی ئێران خاوه‌نی هێزێكی ته‌یار و جێكه‌وتوو و سه‌ربازیی به‌هێز نه‌بوو ، ته‌نیا كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه‌ ڕژیم كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرت هه‌ستی ئایینیی كۆمه‌ڵگا بوو كه‌ ده‌یانتوانی له‌و ڕێگایه‌وه‌ هێز و سپا كۆبكاته‌وه‌ و له‌ سه‌ركووت كردنی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵات به‌كاری بهێنێت .

دووه‌م – ئه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌وكات تێكنۆلۆژی و كه‌ره‌سته‌ی پێوه‌ندیگرتنی پێشكه‌وتوو له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو ، هه‌نووكه‌ كه‌ره‌سته‌كانی وه‌ك ئینترنێت ، ته‌له‌فۆن و مۆبایل و بوونی ڕێگاوبان له‌ گه‌یاندنی هه‌واڵ و ده‌نگوباس كاریگه‌رن و پاراستنی نهێنیش ئه‌سته‌متره‌ ، چونكه‌ هه‌واڵه‌كان زوو ده‌گه‌ن و بڵاو ده‌بنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر چوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و ده‌كرێ كه‌ زوو پێیان بزانن . به‌تاییبه‌ت هه‌نووكه‌ كه‌ دۆخی ئابووریی خه‌ڵك زۆر ئاڵۆز و دژواره‌ و ئه‌مه‌ش فره‌بوونی جاشێتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ ، دیاره‌ نه‌بوونی كار و دۆخی ئاڵۆزی ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌ سیاسه‌تی ڕژیمه‌ كه‌ خه‌ڵك ملكه‌چی سیاسه‌ته‌كانی خۆی بكات و ئه‌م ستراتیژییه‌ش تا ئاستێكی به‌رین سه‌ركه‌وتوو بووه‌ . هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی ئه‌م سیوحه‌وت ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ڕژیمدا هێزه‌كانی سه‌ربه‌ سپای پاسداران و سپای قودس له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و به‌تاییبه‌ت لووبنان ، ئێراق ، سووریه‌ و یه‌مه‌ن به‌شداری شه‌ڕی پارتیزانیی و شه‌ڕی قورسیان كردووه‌ و ئه‌مه‌ش وه‌ك فێرگه‌ بۆ ئه‌و هێزانه‌ وابووه‌ .

له‌ملاوه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان خاوه‌ن فێرگه‌ی سه‌ربازیی پێشكه‌وتوو نین و پێشمه‌رگه‌كانیان ته‌نیا خوولێكی سێمانگه‌ی سه‌ربازیی ده‌بینین كه‌ پتر خوولی ڕژه‌ ڕۆیشتن و به‌كارهێنانی چه‌كی سووكه‌ و ئه‌م فێرگه‌ سه‌ربازییه‌ش زۆر سه‌ره‌تاییه‌ و به‌كه‌ڵكی ئه‌مڕۆ نایه‌ت . له‌ ڕاستیدا حیزبه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئیستاش خاوه‌نی هه‌مان فێرگه‌ی سه‌ربازیین كه‌ پتر له‌ سی ساڵه‌ دامه‌زراوه‌ . هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌كانیان خاوه‌ن زانستی سه‌ربازیی نین و فێرگه‌ی سه‌ربازییشان نه‌بینوه‌ و ته‌نیا وه‌ك تاكی ئاسایی چه‌ك به‌كار دێنن و له‌ زانستی شه‌ڕ و ستراتیژیی شه‌ڕیش هیچ شاره‌زا نین . به‌ پێچه‌وانه‌ ، ڕژیمی ئێران له‌ ماوه‌ی ئه‌م سیوحه‌وت ساڵه‌دا هێزه‌كانیان چ به‌ تیئۆریی و چ به‌ كرده‌وه‌ زانستی شه‌ڕ و ستراتیژیی شه‌ڕیان به‌ده‌ست هێناوه و له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ڕۆڵ و ده‌وری كاریگه‌ریان گێڕاوه‌ و به‌كرده‌وه‌ به‌شداری سه‌دان شه‌ڕی پارتیزانی و شه‌ڕی قورسیان كردووه‌‌ . هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌وه‌ نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵات له‌پێشدا له‌ هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازییدا تاقیی ناكرێنه‌وه‌ و له‌ هیچ خوولێكی تاییبه‌تی سه‌ربازییشدا به‌شدارییان پێ ناكرێت .

ناكرێ وه‌ك سی ساڵ پێش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم شه‌ڕ بكه‌ن ، چونكه‌ دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ و ته‌نانه‌ت سرووشتی جوگرافیی و ڕێگاوبانیش گۆڕانی قووڵی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ . فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش نزیك به‌ سی ساڵه‌ له‌ شه‌ڕ دابڕاون و به‌شداریی هیچ جموجۆڵێكی سه‌ربازییان نه‌كرووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زانست و ستراتیژیی شه‌ڕی سه‌رده‌م شاره‌زا نین . ئیتر وه‌ك ڕابردوو ناكرێ ته‌نیا كه‌ڵك له‌ خه‌باتی پارتیزانی وه‌رگیرێت ، چونكه‌ خه‌باتی پارتیزانی خه‌باتێكی شاراوه‌ و له‌ناكاو بوو كه‌ ده‌بوو شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆتایی پێ بهێنیت و تۆش ده‌سپێكه‌ری شه‌ڕ بیت نه‌ك دووژمن ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی كه‌ره‌سته‌كانی پێوه‌ندیگرتن و ئاوه‌دانی ئیتر هیچ هێزێك ناتوانێ خۆی له‌خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا به‌دوور بگرێت و تا كاتی مه‌به‌ست خۆی بشارێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن هێزه‌كانمان بۆ كاری ڕێكخراوه‌یی سه‌ردانی نێوخۆی وڵات ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش ڕژیم هێرشی كرده‌سه‌ریان ئه‌وا پارێزگاریی له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و به‌رپرچی هێزه‌كانی ڕژیم ده‌ده‌نه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ پێی ده‌ڵێن ستراتیژیی خۆكوشتن .

چۆن ده‌بێ ستراتیژیی چوونه‌وه‌ له‌و ئاسته‌ لاوازه‌دا بێ . بێگومان هه‌ر هێزێك بچێته‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات تووشی تێهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ده‌بێ ، له‌ ماوه‌ی سی و حه‌وت ساڵی ڕابردوودا ڕژیم خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌ باشیی جێگیر كردووه‌ و حیزبه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانیش دووره‌په‌رێزی ڕۆژهه‌ڵات بوونه‌ . كه‌واتا ڕژیم له‌ هه‌موو بوواره‌كان شاره‌زایه‌ و هه‌روه‌ها خاوه‌ن زانستیی شه‌ڕی سه‌رده‌م و ستراتیژیی شه‌ڕی پێشكه‌وتووه‌ ، ته‌نانه‌ت هێزه‌كانی ڕژیم له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیشدا له‌ پێشمه‌رگه‌كان شاره‌زاترن بۆیه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ زیانی گیانیی و ئابووریی پتره‌ . هاوكات نابێ پێشمه‌رگه‌كان ماڵی خه‌ڵك بكه‌نه‌ سه‌نگه‌ری خۆیان ، چونكه‌ ڕژیم ماڵه‌كان وێران ده‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌ست له‌ ژن و منداڵ و پیر و په‌ككه‌وتووه‌كانیش ناپارێزێت ، كه‌واتا با گیانی ئه‌وانیش نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه . هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌كوچۆڵه‌ی كه‌ حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن زۆر كۆنن و هی ده‌یان ساڵ پێشترن و زۆرجار به‌كه‌ڵكی به‌كارهێنان نایه‌ن .

كه‌واتا له‌م دۆخه‌دا حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ناتوانن له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێراندا به‌ربه‌ره‌كانێ بكه‌ن و ده‌بێ وه‌ك كاك خالید عه‌زیزیی دان به‌و ڕاستییه‌كاندا بنێن كه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ قه‌یرانی سیاسیی ، ئابووریی و سه‌ربازییدان . كاتی خۆی یه‌كێ له‌و پره‌نسیپانه‌ی كه‌ حیزبی دیموكرات شانازی پێوه‌ ده‌كرد ڕاستبێژیی ئه‌و حیزبه‌ له‌ ئاست ڕووداوه‌كان بوو ، هه‌نووكه‌ ئه‌و پره‌نسیپه‌شی نه‌ماوه‌ . ئه‌مه‌ش به‌ واتای قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ له‌مه‌ڕ پرسه‌ جیاوازه‌كان دێت .

هیوادارم كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌كان ببنه‌ هۆكاری پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌ سیاسییه‌كان و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ تووشی ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ هه‌ڵه‌ ده‌بن هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی ستراتیژییه‌ سیاسییه‌كانیان بده‌ن ، ‪. لێره‌وه‌ش سڵاو و ڕێز ده‌نێرم بۆ گیانی شه‌هیده‌ نوێكانی حیزبی دیموكرات . له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ به‌ ناردنه‌وه‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ و به‌ شه‌هیدبوونی كۆمه‌ڵێك ڕۆڵه‌ی كورد به‌سه‌ر قه‌یرانه‌ سیاسیی ، ڕێكخراوه‌یی و ئابوورییه‌كان زاڵ نابین و گۆڕانكاریی و نوێكردنه‌وه‌ی ستراتیژییه‌كان ته‌نیا به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ یه‌كهه‌ڵوێستیی سیاسیی دێته‌كایه‌وه‌ .