ناكام محمود گەڵاڵەیی : چەكوشی دادوەر و تەزبیحی سەرۆك خێڵ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حكومەتی هەرێم كۆمپانیایەكی ئەهلی و حیزبی قازانج ویستە ، كۆمپانیایەكی زەبەلاحە هەر حیزبەو بە قەبارەی دەنگدەرە قازانج نەویستەكانی پشكی هەیە ئامانجی حیزبەكانیش زیادکردنی پشكەكانیانە لەم كۆمپانیایەدا .

دوای شەڕی ناخۆ پێمان وابوو حكومەت بەدامەزراوەی نیشتمانی دەكرێ ، پێمان وابوو بەرەو خۆشگوزەرانی و یەكسانی كۆمەڵایەتی دەڕۆین ، بەڵام لەماوەی تەنیا دوو ساڵدا هەموو بەرەو پێشچونەكانی ئەم حكومەتە شكستی خوارد و كەوتە گێژاوی قەیرانی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاساییەوە .

چەكوشی دادوەر و تەزبیحی سەرۆك خێڵ .
لەهەركۆمەڵگایەكدا یاسا نەیتوانی سەروەر بێت ، ئیدی كێشەی كۆمەڵایەتی و چارەسەری كۆمەڵایەتی و یاسای خێڵەكی و ناوچەگەری گەشەدەكەنەوە ، گروپی مافیای و دز و جەردە و پیاوكوژەكان دەبنە دادوەر و خاوەن حەق و شەرەف ، كە ئەمەش دیارترین سیماكانی كۆمەڵگای دواكەوتوون ، یاسا دەكەوێتە ژێر فەرمانی كاك فڵان و بەڕێز و جەنابەوە ، دادوەرانیش دەبنە كادری گوێڕایەڵی حیزبی و كەسی و دادگاش دەبێتە دامەزراوەكی بێئیرادە و بێبڕیار ، دیوەخان و میوانخانەكان دەبنە هۆڵی دادگاو گۆچان و ، تەزبیح دەبنە چەكوشی دادوەران .
دوای شەڕی براكوشتن ئامانجی حیزبەكان بنیات نانەوەی تاكی كورد و كۆمەڵگای هیلاكی كوردەواری نەبوو ، بەڵكو دروستكردنی تاكی حیزبی و كۆمەڵگای دەستەمۆ بوو ، هەمان ئەو كارەی بەعس لەگەڵ كۆمەڵگای عێراقی كردی ، ئینتما بوون بۆ حیزب و بەموقەدەس كردنی سەرۆك و سیاسیەكان شوێنی پیرۆزیەكانی نیشتمان و ئینتماكانی نەتەوە و نیشتمان گرتەوە ، بێكار و هەژاری و بێئاویی و بێكارەبایی و بێموچەیی باڵی بەسەر تاك و خیزانەكانی ئەم هەرێمەدا كێشاوە ، ئەوەی بەرگەی ئەم ناعەدالەتی و پاشاگەردانیە ناگرێت جانتایەك دەكاتە شانی و دەستی مناڵەكانی دەگرێت و كۆچ دەكات ، ئەویش یان گۆرغەریب دەبێت یان لەبەڕادی مریشكا ئەخنكێت یان دەبێتە خۆراكی قرشەكان و شەپۆلەكانی دەریای ناوەراست و ئیجە ، یانیش لەكەمپێكی سجن ئاسادا قەتیس دەكریت بەهەموو ماناكان دەڕوخێت و بێ‌نیشتمان و بێ‌ هیوا و ئاوات سەردەنێتەوە ، ئەمە لە سایەی حوكمڕانی ئەم حكومەتەدا باشترین دەستكەوتە ، بەشەكەی تری كۆمەڵگاش سەركز و بێدەنگ مل بە ژیانی پڕ نەهامەتی و دەردەسەری خۆی دەدات ، پەروەردە كە گرنگترین پایەی كۆمەڵگای زیندووە لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا ئەركی خەساندن و بیكار كردنی گەنج و ڕۆڵەكانی ئەم گەلە دەبینێت .
شۆڕشگێر تا سنورێك شۆڕش گێڕەكە نەبێتە مافیا و دز و پیاو كوژ ، پێم وایە ئەوكەسی شۆڕشی بۆ دەوڵەمەندبوونی كردووە ئەم بازرگانە نەك شۆرش گێر ، كەمن ئەو سەركردانەی نەبوونە بازرگان ، وەك دەوترێت لەجەنگدا ئازاكان ناگەڕێنەوە ، بۆیە منیش پێم وایە بازرگانەكان ماونەوە نەك شۆڕگێڕەكان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت