ئەبوبەکر جاف : دەوڵەت بە كەڵكی چی دێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

A quoi sert L’État
دەوڵەت بە تەنیا فۆرمێكی دەستوری و دەزگایی و یاسایی دەركەوتنێكی سیاسیانەی بوونی جڤاك و نەتەوەیەك نییە ، بەڵكو دەوڵەت جۆرێكە لە دڵنیایی و ئەمنییەتی ڕۆحی و مەعنەوی جڤاكێك كە نیگەرانییەكانی لە بەرانبەر تیاچوون و جێمان و دواكەوتن و دڕدۆنگی و دودڵی مەترسییە كەینوونەیی و وجودییەكانیش دەڕەوێنێتەوە ..
دەوڵەت پەیبردن و دەرككردنێكی ئەقڵانی و ستراتیژیی جوڵەو بەرزونزمی و دڵنیاییە بەرانبەر هەر ئەگەرێك كە بە ڕووی جڤاكێكدا قوت دەبێتەوە . دەوڵەت و دەزگا دەوڵەتییەكانی هەر بوونێكی سیاسییانەی گردبوونەوەیەكی مرۆیی بێخەمی و ئارامییەكە لەوەی ململانێ و كێشمەكێش و بەركەوتن و لێكخشانە جیاوازەكانی تەواوی گروپ و هێزەكانی جڤاكێكی سیاسییە تا بە كەمترین توندوتیژی فیزیكی و ڕەمزی كۆتایی پێ بێت . ڕێكخستن و چوارچێوەداركردن و فۆرمی ئاراستەكردنی ئەقڵانییانەی ململانێی هێزو گوتارە جیاوازەكانە بەبێ ئەوەی بە قازانجی لایەكدا بشكێتەوە .
دەولەت پرسی ئەزموونكردن و تاقیكردنەوەی ئەزموونە سیاسی و پێكەوە ژیان و پێكەوە هەڵكردنەكانی جڤاكێكە لە پێناو دونیایەكی باشتر . دەوڵەت ڕاقیكردنەوەو ئەزموونكردنی ژیان و ئەزموونە ژیانییەكانی نەتەوەو جڤاكێكە بە بەردەوامی لە پێناو دونیای باشترو عەدالەتتر بۆ ئینسانی جڤاكێك . دەوڵەت پرسی پیشەسازی خولقاندنی پانتاییەكی باشترو چالاكتری سیاسی و جڤاكییە بۆ پارێزگاریكردن و بە تەنگەوەهاتنی ئازادییە بچووك و گەورەكانمان . وەستاندنی ئەو هێزە بەربەرییانەی مایەی هەڕەشەن بۆ ئازادییە بچووك و گەورەكانمان . لە ئازادی جگەرەكێشانەوە بۆ ئازادی پێكهێنانی گرووپ و دەستەو تاقمی سیاسی جیاواز . مێژووی دابڕان و گەشەو بازدانەكانی هەر جڤاكێك پەیوەندییەكی تەنگاو تەنگی بەو پرۆسێسیوس و پرۆسانەوە هەبووە كە دەوڵەت سەرپێ و سەر ڕێگای خستووە . ئێمە نموونەی ئەو دەوڵەتە تۆتالیتێرو ستەمكارو ئۆتۆریتێرانەمان بینیوە كە ئەژدیها بوون بۆ ئینسان و جڤاكێك ، بەڵام دواجار دەسكاریكردنی ڕیشەیی و ڕادیكاڵیانەی ئەم دەوڵەتە ئۆتۆریتێرو فاشیست و ستەمكارانە ناچاری نەكردوون بە كۆمەڵگەو جڤاكێكی نا – دەوڵەتی و فەوزا ، بەڵكو دۆزینەوەو ئەزموونكردنی فۆرمی دیكەی دەولەتیی بووە ، تا گەیشتوون بە دەولەتی هاوڵاتی و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دابینكەر . دەوڵەتێكی جیاكراوە لەوەی بەشێك بێت لە بەریەككەوتنی هێزو بەرژەوەندییەكانیان. ( نەتەوە بێ دەوڵەتەكان) زیاتر لە بەرانبەر ناچاریی و پێویستی بوونێكی دەوڵەتیدان ، نەتەوە بێ دەوڵەتەكان هەمیشەو بەردەوام لە ناو توانەوەو ئەسیمیلاسیۆن و ئاوابوون و كاڵبوونەوەدان ، نەتەوەی بێدەوڵەت سوژەیەكی پەرپووت و فشۆڵ و پڕ درزو كەلێنە هەم بە دەست ململانێ و كێشمەكێشە هەناوییەكانی ناو ڕەحمی جڤاكێكەوە ، هەمیش لە بەرانبەر ( ئەوەكانیتری جڤاكێكدا پوشێكی سوكی بەر ڕەشەبای ئەو گوتارانەیە كە چۆن بییەوێت و چۆن ویست و ئارەزووی لێبێت ، سوبژێكتیڤێتی و سوژەسازییەك سەر ڕێگا دەخات كە بە دەیان فۆرم لە ناو گەمەو یاری و پەیوەندی و هاوسەنگی و پارسەنگی هێزەكاندا دەیهێنێت و دەیبات .
دەوڵەت بە تەنگەوەكاتنی ڕۆحی جڤاك و كۆمیونێتی و گردبوونەوەو كۆبوونەوەی جڤاكێكە لەوەی لە دوا مەتافدا نەهێڵێت با بیبات . دەوڵەت ماكینەی سوژەسازییەكە كە ترس لە فاشیزم و بەركەوتتنی نا ئەقڵانی بەرژەوەندی و كەڵكەو مەیل و بوونێكی ناچاری پیدەبەخشێت . تا ئێستاكە ، ئەوەی هەیەو بەشەریەت دەستی پێی گەیشتووە وەك باشترین بوونێكی دەستووری و مەعنەویی بۆ ڕێكخستنی جڤاك ، تەنیا دەوڵەتێكی بێلایەنی بیناكراوە لە سەر بە تەنگەوە هاتنی خەمە جڤاكییەكان بە بێ ئەوەی بە زیان بۆ كێبەركێ و ململانێ هەناوییەكانی جڤاكێك تەواو بوو بێت ، بەڵكو ڕێكی خستووە ، خاوەندارێتی تووندوتیژیی و زەبروزەنگێكی ناچاریی كردووە لە پێناو باشترو باشتر ، لە پێناو ڕاهێنان و مەشقپێكردنی هاونیشتمانییەكانی تا دەرگیر بن لە گەڵ ئەزموونێكی باشتر بۆ ژیانكردن . ئەمە جگە لە وەستانەوەی لە بەرانبەر تەحەداو مەترسی و هەڕەشەكانی ئەویتری جڤاكێكدا . دەوڵەت نەخشاندن و نەخشەڕێژكردنی جەستەی جڤاكێكە هاوتەریب لە گەڵ بەرهەمهێنانەوەو بەرهەمهێنانی وزەو تواناو هێزی ئەم جەستەیە لە ناو سوبژێكتیڤاسیۆنێكی گروپی – تاكیدا ، بە ئامانجی خۆ پراتیككردن و بەشداری حەزاری و مەدەنی و خولقاندن و فۆرمیولەكردنی سوبژێكتیڤیتێیەكی ئەكتیڤی سیاسی و سیاسیی ئەكتیڤ .
دەوڵەت ئەمانەیەو زیاتریش