دکتۆر جەبار قادر : کێ عەرەبە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تێڕوانینی ناسیۆنالیستانی عەرەب بۆ گەلانی بندەستیان

“هەر کەسێ بە عەرەبی قسە بکات عەرەبە . هەر کەسێ هاوڵاتی یەکێ لە وڵاتە عەرەبییەکان بێت عەرەبە ، تەنانەت ئەگەر دانیشی پێدا نەنێت و شانازی بە عەرەبێتی خۆیەو نەکات . لەم حاڵەتدا ئەبێ بە دوای هۆ و هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەیدا بگەڕێێن . دەکرێت بە هۆی نەزانی و نەفامییەوە بێت ،  لەم بارەدا دەبێت فێری بکەین . دەکرێت بە هۆی گوێنەدان و هەستنەکردنەوە بێت ، لەم حاڵەتەشدا دەبێت تێیبگەیەنین و بهێنینەوە سەر ڕێگەی ڕاست . دەکرێت هۆکەی خۆپەرستی بێت ، لەم بارەدا دەبێت سنوور بۆ ئەو خۆپەرستییە دابنێین . خۆ ئەگەر هەڵوێستەکانی بوون بە مەترسی لە سەر عروبە ، ئەوا دەبێت ڕایماڵین و لە نێوی بەین . لە هەموو بارێکدا قەت نابێت دان بەوەدا بنێین کە ئەو عەرەب نیە ، با بە خۆیشی لە گەڵ ئەمەدا نەبێت و دانی پێدا نەنێت . یەک ڕاستی هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەو هەر عەرەبە .

ئەمانە وتەو بۆچوونی کەسایەتییەکە ، کە هەموو عەرەب بە فەیلەسوفی عروبەی دادەنێن ، ئەویش ساتیع ئەلحوسەریە (ساطع الحصري ) . هەموو عەرەب بە شێوەیەک لە شێوەکان بەم هەست و ڕوحییەتە پەروەردە کراون . کتێبی خویندنەوەی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ لە دەوڵەتی عیراقدا لە نووسینی ئەم پیاوە بوو ، نازانم ئێستاش هەر ئەو کتێبە دەخوێنرێت یا نا . کتێبەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە (خەلدوون ) ناو نابوو ( خوێندنەوەی خەلدوونییە – القراءة الخلدونیة ) . ئەو بۆ خۆی ساڵانێکی زۆر بەڕێوەبەری خوێندن بوو لە وەزارەتی فێرکردنی عیراقی پاشایەتی و هەر بە خۆیشی ستراتیژ و پلانی خوێندن و پەروەردەی دادەنا . دوژمنێکی سەرسەختی خۆێندنی کوردی بوو . بە پێی زانیاری پسپۆرێکی ئەم بوارە مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئەمین تەنانەت لە دژی کردنەوەی خانەی مامۆستان بووە لە کوردستان و پێی وا بووە ئەمە دەبێتە ناوەندێکی ” جوداخوازی ” . مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەد ئەمین زەکی لە بیرخەرەوەیەکدا بۆ فەیسەڵی یەکەم ئاماژەی بەم دوژمنایەتییەی کاربەدەستانی وەزارەتی فێرکردن کردووە بێ ئەوەی ناوی حوسەری بێنێت . شیعەکانیش زۆر لێی بە قین بوون ، چونکە ئەو ناسیۆنالیستێکی عەرەبی سوننە مەزەبی عەلمانی بوو .

سەیر لەوەدایە ئەم کابرایەش وەک پاشاکەی عیراقی نەبوو . ئەو لە گەڵ فەیسەڵدا هاتبووە عیراق . ئەو بە خۆی لە دایک و باوکێکی سوری حەڵەبی بوو و لە یەمەن لە ساڵی ١٨٨٠ هاتبووە دونیاوە. لە ئەستەموڵ نرابووە بەر خوێندن و ڕۆحێکی تورکیانە پەروەرەدە کرابوو . لایەنگری توندی ئیتیحاد و تەرەقی بوو و تورکچێتی دەکرد . سەردەمانێک پروپاگەندەی تۆرانچێتی کردووە . کاتێ ئەستێرەی تورکچییەکان کەوتە لێژی هەڵوێستی گۆڕی و دەستی کرد بە عەرەبچێتییەکی تۆخ تا بوو بە فەیلەسوفی عروبە . نەیارەکانی زوو زوو ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرت کە فەیلەسوفی عروبە عەرەبی باش نازانێ . دایە پاڵ فەیسەڵ و لە حکومەتەکەی سوریایدا بوو بە وەزیری فێرکردن . دوای ئەوەی فەیسەڵ لە سوریا وەدەرنرا ساتیعیش هەواری بۆ عیراق گواستەوە . گەلێ پلە و پایەی بەرزی لە دەزگاکانی حکومەتی پاشایەتیدا وەدەستهێنا: بەڕیوەبەری شوێنەوار ، بەڕێوەبەری خانەی باڵای مامۆستایان ، ڕاگری کۆلێجی ماف ، بەڕیوەبری گشتیی خوێندن. لە ساڵی 1941 لە عیراق دەرکرا و گەڕایەوە بۆ سوریا و بۆ ماوەیەک بوو بە ڕاوێژکاری وەزارەتی فێرکردن ، دواتر لە کۆمکاری عەرەبی کرا بە سەرپەرشتیاری پەیمانگای توێژینەوەی ئەو دەزگایە . لە ساڵی 1968 لە بەغدا کۆچی دوایی کرد .

حوسەری زۆر دژی بەکارهێنانی دەستەواژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و پێی لە سەر ئەوە دادەگرت کە نابێت عەرەب لە گەڵ ئەو زاراوەیەدا بگونجێ . دەبێت لە جێگەی ئەوە جیهانی عەرەبی بەکار بێنێت . دواتر بەعس و ناسیۆنالیستانی عەرەب بەوەش قایل نەبوون و کردیان بە نیشتمانی عەرەب . بەمەش لە هەوڵی ئەوەدا بوون نیشتمانی گەلانی بن دەستی وەک کورد لە سەر نەخشەی جوگرافی بسڕنەوە . کەوتنە باسی باکوری عیراق و سوریا . بەداخەوە میدیا و تەنانەت هەندێ لە نووسەران و سیاسەتوانانی کورد زۆر جار بە بێ ئاگایی ئەم  دەستەواژەیە ، کە نیشتمانەکەی خۆیان دەسڕێتەوە ، بەکار دێنن . تا ئێستاش میدیای عەرەبی ئەوەندەی پێی بکرێت وشەی کوردستان بەکار ناهێنێت . ئەگەر لە گەڵ باسی باشوری کوردستاندا ، کە وەک ئەوان دەڵێن کوردستانی عیراق ، هەندێک ڕاهاتبن ، ئەوا ڕۆژئاوای کوردستانیان پێ هەرس ناکرێت . هەندێ شتی وا سەیریش لە میدیای عەرەبیدا بەرچاو دەکەون ، کە مرۆڤ دۆش دادەمێنێ لە شێوازی بیرکردنەوەی ئەمانە . تەنها بۆ نمونە کاتێ باسی کوردی باکور دەکەن ، دەڵێن کوردانی تورک ( الاکراد الاتراک ) . کاتێ لێیان دەپرسێت ئەرێ عەرەبی تورک هەیە ، بە توڕییەوە دەڵێن چۆن شتی وا دەبێت . ئەی بۆ بۆ ئێوە نابێت بەڵام بۆ کورد دەبێت ؟ .   

زۆربەی عەرەب لە عیراق و ئەو وڵاتانەی عەرەب تێیاندا نەتەوەی سەردەستن لە منداڵییەوە بەم تێزانە ( تەرحانە ) پەروەردە کراون . ئێستاش ڕۆژانە دەیان جار لە میدیای عەرەبیدا ئەم جۆرە بۆچوونانە دەبینرێن و مرۆڤ گوێی لێیان دەبێت . لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانە هەوڵێکی وا نابینرێت ئەم کولتورە یا ئەم شێوازی فێرکردن و پەروەردە و بیرکردنەوەیە بگۆڕێت . لێرەوە نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین عەرەبەکان ، هیچ نەبێت لە مەودایەکی دیاردا ، ڕاستییەکان بە شیوەیەکی تر ببینن و دان بنێن بە گەلانی ناعەرەبدا ، بەو شیوەی ئەم گەلانە دەیانەوێت . ڕابەران و سیاسەتمەدارانی کورد خۆیان و هەموو کورد هەڵدەخەڵەتێنن کاتێ باس لە تێگەیشتنێکی نوێی بژاردەی عەرەبی لە بارەی کوردەوە دەکەن . من باس لە چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک ناکەم ، کە تا ئاستێک لۆژیکییانە پرسەکان لێکدەدەنەوە ، بەڵکو باس لە خەڵکەکە دەکەم .