عیماد عەلی : چۆن ئەم قەیرانە چارەسەر دەکرێت و کێ دەیکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەم قەیرانە قوڵەی دروست کردووە ، خودی ئەم سیاسی و سەرکردانە بوون بە هەموویانەوە و بە جێبەجێ کردن و فەرزکردنی بەرژەوەندی خودی و دەرەکی ، بە ناچاری بێت یان تەسکبینی فەرزی کردبێت ، بێ ئەوەی دەستی خاوەن مەسەلەکە خۆی تێدا بێت ، واتە میلەتەکە بە گشتی لە هەموو شتێک بێ خەبەر بووە . بێ گومان ئەوەی بەشێک بێت لە هەر کێشەیەک ناتوانێت بەخۆی چاەسەری بکات و ، ئەگەر لە هەوڵی چارسەریشیدا بێت ، لە دەرئەنجامدا قوڵتریشی نەکاتەوە ئەوە بێگومان ناتوانێت بنبری بکات .
هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە پارتی و یەکێتی و گۆڕانن ، هەرچەند هەریەکە و بە رێژەیەک خەتای دەکەوێتە سەر ، بەڵام کەسیان بێبەری نین لەم کێشەو بێشەو ئاڵۆزی و قەیرانە سیاسی و ئابووریە قوڵەی کە خەڵکی کوردستان تێی کەوتووە .
ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە هەرچی پەرلەمانە سەرجەم فراکیسیۆنەکانی حزبین و بێ لایەنی تێدا نیە کە بۆ ناوەندگیری پشتی پێ ببەسترێت ، و دادگاش گیرۆدەی دەستی حزبە ، کە حزب بە خۆی سەرجەم جومگەکانی داداگای دیاری کردووە و دایمەزراندون ، تەنانەت لەولاشەوە زۆرینەی رەهای رێکخراوە مەدەنیەکان لە ژێر هەیمەنە و دسەڵاتی حزبدان و ئەوانەی تۆزێک بێ لایەنی خۆیان پاراستبێت بێ توانا و بێ دەسەڵاتن، ئەوە راگەیاندن لەولاوە بوەستێت کە زۆرینەی حزبین بە سێبەرەکانیشەوە، جگە لە هەندێک دەزگای ئەهلی نەبێت کە ئەویش لە ژێر رەحمەتی وەزعی نالەباری ئابووری و دەسەڵاتدا دەناڵێنن، کەوا بێت ؛ قورساییەکی باوەر پێکراوی نێوخۆیی شک نابەین کە توانای نزیککردنەوە و رەخساندنی زەمینەیەکی هەبێت بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنە و لێکنزیککردنەوەی لایەنە دەسترۆیشتووەکانی کوردستان و هاندانی رای گشتی بۆ قوتاربون لەم قەیرانە گەورەیە و دەرچون لەم چەقبەستنە و دەربازبون لەم چاڵە قوڵەی خەڵکی کوردستان تێی کەوتوون .
کەوابێت هیچ ناوەندێکی ناوخۆ نیە لە توانایدا بێت ئەم ئەرکە پیرۆزە بگرێتە سەر شانی خۆی و هەوڵی چارەسەری قەیرانەکە بدات . لە ئاستی ناوچەکەشدا ، دەوڵەتێک شک نابەیت کە دڵسۆزی پرسی کورد بێت و بەرژەوەندی لە پەرشوبڵاوی و دووری لایەنەکانی کوردستاندا نەبێت و متمانەی پێ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەیەکی وەک ئەمرۆی کوردستان ، بە ناوەندی عیراقیشەوە . لە لایەکی ترەوە ، سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی بەشەکانی تری کوردستانیش لەو ئاستەدا نین کە رۆَڵی گەورە لەم بارەوە بگێرن و توانای ئەوەیان هەبێت لایەنەکانی کوردستانی باشور یەکخبەن و ، بەڵکو زۆرینەیان بونەتە پاشکۆی لایەنەکانی کوردستانی باشور ، بەهۆی ئەو بارودۆخە خودی و بابەتیەی تێیکوتون .
بۆیە تەنها دەرفەتێک بەدەستەوە بێت وڵاتانی زلهێزی جیهانیە توانای فشار کردنیان هەبێت بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و روو کردنە چارەسەر ، بە تایبەتی ئەمریکا ، بەڵام ئەوەی دەبینرێت کەمتەرخەمی لەم لایەنەوە بە روونی دیارە و هیچ وڵاتیکمان نەبینی هەوڵی جدی بدات لەم بارەوە و، ئەوانیش لە پێناو ئامانجی تایبەتی خۆیان مانەوەی وەزعە ناوخۆییەکەی کوردستان بەم شێوەیە لەم کاتەدا بە باشی دەبینن ، ئەگینا رێگەی راست و دروستی یاسایی زۆر لە بەردەستیاندایە کە قسەی لەسەر بکەن و لایەنەکان ناچار بکەن مل بۆ چارەسەر بدەن .
بۆیە مانەوەی واقعەکە بەم شێوەیە تا کات و ساتی تایبەتی خۆی ئەگەرێکی گەورەیە و ملنەدانی حزبی دەسترۆیشتوی کوردستان بە تایبەتی پارتی ، ئەمەی بۆ دەچێتە سەر تاوەکو شەری داعش خۆی فەرز کردبێت و ، هەموو راکان بۆ ئەوەدەچن کە تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بروات وخەڵک لە نێوان ئەگەر و مەگەردا بژین و ئەم سەرکردایەتیەش مێش میوانی نابێت .
واتە ئەوەی چارەسەری بەدەستەوەیە، بەرژەوەندیەکانی و پلانەکانی لەم ناوچەیە ئەوە فەرز ناکات لەم کاتەدا هەوڵیچارەسەری راستەقینە بدات و ، عەقڵیەتی سەرکردە ناوخۆییەکانیش لەو ئاستەدا نیە کە دوور لە بەرژەوەندی دەرەکی بەرژەوەندی نێوخۆ بخوێننەوە و تەنها پشت بە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی خۆیان نەبەستن . لەم نێوەندەشدا دەرکەوتنی دەرئەنجامەکان دەکەوێتە دەستی قەدەر و هاوجوت بوون لەگەڵ پلانە گەورەکان و بەرژەوەندی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە نەک جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و خۆ فەرز کردن و ناچار کردنی خاوەن بەرژەوەندیەکان بۆ ملدان بە ئەمری واقیعی بەرهەمهاتو لە دەرئەنجامی کاری خودی و رەفتار و هەنگاوی سەربەخۆی نێوخۆیی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و گەلی کوردستان کە رۆژ نیە ئیدیعای نەکەن .
بۆیە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆنێتی چارەسەرەکەش بەدەستی نێوخۆییەوە نەماوە ، نەک تەنها کارەکەتەرەکان توانای ئەوەیان نەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت