بورهان شێخ ڕەئوف : فەلووجە سەرى مارەکە  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەلوجە ئەو شارەى کە 60 کم لە بەغدادى پایتەختى عێراقەوە دوورە کە دانیشتتوانەکەى عەرەبى سوونە مەزهەبن و سەر بە پارێزگاى ئەنبارە و یەکێکە لەشارە سوونە نشینەکانى عێراق وەکو مووسڵ و تکریت و بەعقوبە کە لە سەردەمى ڕژێمى پێشووى عێراق پێگەو ناوچەى هەژموونى ئەو ڕژیمە بوون کە بەشێکى زۆرى پێکهاتەى هێزە سەرکوتکەرەکانى گاردى کۆمارى و ئاسایش و هەواڵگرى ناوەندە هەستیارەکانى حوکمڕانى لەمانە پێکهاتبوون .
بۆیە هەر لە دواى پرۆسەى ئازادکردنى عێراقەوە لە ساڵى 2003 ئەم ناوچانە بوونە ناوچەى گەرم و ملیان بە سیستمى نوێ نەداو کووچەو کۆڵانەکانى ئەو شارانەو بە تایبەتى فەلووجە بووە گۆڕەپانى سەخترین شەڕ و پێکادان تا ئێستاشى پێوەبێت لە نێوان چەکدارەکانى دەوڵەتى ئیسلامى و هێزەکانى سوپاى عێراق و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى بە هەموو باڵە جیاکانیەوە هەر لە بەدرو عەسائیبى ئەهلى هەق و سەرایە سەلام و سەرایا خوراسانى و … تد .
لە هەمان کاتدا هەروەکو حکومەتى عێراق دانى پێداناوە بە کۆمەک و هاریکارى هێزەکانى ئەمریکاو ڕاوێژو سەرپەرشتى لایەنى ئێرانى کە لە دەرکەوتنى ژەنراڵ قاسم سلێمانى لە دەروازەکانى فەلووجە خۆى دەبینێتەوە کە ئەمە نیگەرانى عەرەبە سوونەکانى لێکەوتۆتەوە و لەوەش زیاتر بەکارهێنان و نمایشکردنى ڕۆکێتەکانى نمر نمر ى ئێرانى ، کە بەناوى ئەو پیاوە شیعەیەى عەرەبستانى سعوودیەوە ناونراوە کە لە سعوودیە لە سێدارەدرا کە پێدەچێت ئەم ناکۆکییە ئتنیکى و تائیفیەکانى عێراق وناوچەکە قووڵتر و ئاڵۆزتر بکات .
فەلووجە بۆ سەرى مارەکەیە وەکو مالیکى سەرۆکى حزبى دەعوەو سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق ووتى ؟
هەروەکو دەوڵەتى ئیسلامى داعش ڕایگەیاندووە لە مانگى مایسى ڕابردوودا توانیوویانە 522 کەس بە تەنها لە بەغدادى پایتەخت بکوژن کە هەمووى خەڵکى سڤیل و بێتاوان بوون و ئەو ڕێکخراوە بە شانازییەوە ئاشکراى کردووە کە لە ڕێگەى 15 پشتێنى خۆکوژ و 6 ئۆتۆمبیلى بۆمبڕێژکراوە وە ئەنجامیانداوە ، هەروەها سەرژمێریەکانى کوشتن و بڕین لە عێراقدا باس لەوەدەکەن کە لە سێ یەکى سەرەتاى ئەمساڵدا 2016 مانگانە ڕێژەکەى گەیشتووەتە 1081 کەس لە مانگێکدا بەم شێوە دەگەینە ئەو ئاکامەى کە تەنها لە مانگى مایسدا بەتەنها ڕێژەکە زۆر سەرکەوتووە لە مانگەکانى پێشووتر لە کاتى پەلامارەکانى داعشەوە لە 2014 ەوە .
بەڵێ بەغدادى 2016 وەکو بەغدادى 2013 نەبوو خەڵکى پایتەخت تاڕادەیە ئەمن و ئاسایشیان بۆ فەراهەم کرابوو خوازیارى درێژەدان و بەردەوام بوونى بوون ، بۆیە خەڵکى ئەوشارە هەروەکو لاى هەمووان ڕوون و ئاشکرایە لەسایەى ئەو ئەمنو ئاسایشەدا بیریان لە شتى تازەدەکردەوە دەستیان بۆ دۆسیەکانى گەندەڵى و کەمى و نەبوونى خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان بردو خوپیشاندان و ناڕەزەیى گەورەیان دەربڕى و دواتر لە لایەن هیزە تائیفیى و میلیشیاکانەوە دەستى تێوەردراو پەلامارى دامودەزگا فەرمیەکانى وڵات درا لە ئێستادا بە هۆى شەڕى فەلووجەوە خۆپیشاندانەکان تاڕادەیە ک هەڵپەسێردراوە.
بەغداد کە دەکەوێتە سەر نزیکەى 150 میلى چوارگۆشە ڕووبەرەکەى دەکەوێتە سەر تۆڕێکى جەنجاڵى ڕێگاوبان کە لە ناوەڕاستى عێراقدایە جگە لو زۆر ڕێگاو بانى ترى بچکۆلە کە بە ناوچە گوندنشینەکانى پشتێنى بەغدادەوەى دەبەستێتەوە کە شیعەکان هەمیشە بە هەڕەشەى گەورەو سامناکى بۆ سەر بەغدادى پایتەخت دەزانن و فەلووجەش لەو چوارچێوەدا دێتە ئەژماردن .
ماوەتەوە بڵێین لەو کاتەوەى کە باسى ئازادکردنى مووسڵ دووەم گەورە شارى عێراق لە دەستى داعش دەکرا و هەموو توانا هێزەکان بۆ ئەوە تەرخانکرا سەرەڕاى بوونى ناکۆکى و بۆچوونى جیا لەسەر پشکدارى حەشدى شەعبى وپێشمەرگە لە ئازادکردنى مووسڵ ، داعش کردەوە تیرۆریستیەکانى لە بەغدادى پایتەخت چڕ کردەوە هەروەکو لە سەرەتاى وتارەکەوە ئاماژەم پێدا حکومەتى بەغداد ناچار بوو هێزەکانى حەشدى شەعبى بگەڕێنێتەوە بۆ پارێزگارى لە بەغداد و پاراستنى حوکمى شیعە کە لە دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە هەمیشە لە پەراوێزدا بوون و لە دواى 2003 ەوە حوکمى عێراق دەکەن و دواخستنى پرۆسەى ڕزگارکردنى مووسڵ بۆ کاتێکى تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت