هەڵۆ بەرزنجەیی : بەریتانیای مەزن و حیزبە کوردییەکان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بڕیاری کشانەوە و دەرچوون Brexit ، ی بەریتانیای مەزن ، لە یەکێتی ئەوروپا ، هەر چرکەساتێکی گرنگی مێژوویی و رووداوێکی چاوەڕوانەکراو نییە بەڵکو دەشێ بە بوومەلەرزەیەکی ئەم سەدەیەی لەقەڵەم بدەین . رووداوێکە لەدەرەوەی لێکدانەوە و پێشبینی زۆر کەسدا بوو . ئاخر وەک دەزانین و بانگاشە دەکرێت ، لەسەردەمی گلۆبالیزەیشن و بە خێڕێ بچووک بوونەی جیهان و گوایە نەمانی سنوورەکان و بەسەرچوونی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیدا ، وڵاتێکی هەرە دیار و کۆنینەی ئەوروپا ، کە بە درێژایی مێژوو ، هەر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە زۆر بواردا پێشڕەو و ئاڵا بەدەست بووە و خاوەنی زمانی ئینگلیزی ، کە تاکە زمانی نێونەتەوەییە لەسەرتاسەریی گۆی زەویدا و هاوکات فەرهەنگ و کەلتوری لە چڵەپۆپەدایە و چەندین سەدە ئاغای سەرزەمین و دایکی دیموکراسی و پێشکەوتن و شارستانێتیە ، رووداوێکی لەم جۆرە جێی سەرسووڕمانی گەورەیە . ئەوروپای خستۆتە بەردەم واق وڕمانێکی نامۆ و سیناریۆی جۆراوجۆرەوە .
ئەم بڕیارەی لەندەن ، لە کاتێکدایە ، هەر ساڵی پار بوو ، ئینگلیز ، بە گوشاری زۆری ئابووریی و سیاسیی و دارایی ، رێگریی لە سەربەخۆیی سکۆتلەندە گرت ، کەچی وا ئیمڕۆ خۆی لە رێگەی گشتپرسییەکەوە ، بە شێوەیەکی تەواو دیموکراسییانە و بە رێژەی 51.9%، دەنگی بە دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دا . ئەگەرچی رێژەکە بە جیاوازییەکی گەورە نییە ، لێ دیسان لەنیوە زێتر بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا و کاریان مەیسەر بوو .
هۆ و هۆکاری زۆروزەبەند هەن ، وایان لە ئینگلیزەکان کردووە ، دەنگ بۆ کشانەوە بدەن … سەرەتا لەندەن لە سیاسەتی برۆکسل زۆر نارازییە . لە لایەکی ترەوە ، شاڵاوی زۆری کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و پرسی ئابووریش کاریگەریی خۆیان هەیە .. لە هەموویشی گرنگتر ، پرسی ئاسایش و ئاسوودەیی وڵات و هاووڵاتیان ، کە پێیان وایە خۆشگوزەرانی ژیانیان لێ تێکچووە . بەواتایەکی دیکە ئاسۆیەکی روون لە ئایندەیان دا بەرچاو ناکەوێ . هەر بۆیەشە ، لە چرکەساتێکی هەستیاردا ،گەڕانەوە بەرەو ناسیونالیزمێک ، کە بە بانگاشەی خۆیان ، رەنگە ساڵانی ساڵێکی زۆر بێت ماڵئاواییان لێ کرد بێت .
سەرەتا هەموو دەزانین ئەم بڕیارەی ئینگلیز لە چەندین بوار و مەیداندا زیانی کوشندە بەدوای خۆیدا کێش دەکات . لە بواری ئابووری ، سیاسی ، پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپادا ، کێشەی کۆمەڵایەتی و بێکاری زیاد دەکەن و … هتد ، بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرە و جێی پرسیارە ، ئینگلیز هەموو ئەم شتانە ، چاک دەزانێ و دیسان بڕیاری جیاکردنەوەی ماڵی خۆیان لە ماڵی ئەوروپا دا . ئەم بڕیارە هەستیارەیان دا ، لە پێناوی سەربەخۆیی و وڵات و سەروەریی ئینگلیز و پاراستنی ماڵی خۆیاندا .. بۆ پاراستنی لەو هەڕەشانەی رووبەروویان بۆتەوە . بەڵام ئەوانەی دەنگیشیان بە مانەوە لە یەکێتی ئەوروپادا داوە ، زێتر لاو و گەنچ و بێ ئەزموونەکانن .
خاڵێکی لێرەدا ، جێی سەرنج بێت ، ئەوەیە ، گەلانی ( سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێڵزییەکان ) ، هەموو بە پێچەوانەی ئینگلیزەوە ، دەنگیان بە مانەوە داوە . کەواتە تەنیا ئینگلیز داوای کشانەوە و دەرچوونی کردووە .
مەترسی ئەم هەنگاوە لەوەدایە ، وڵاتی دیکە لە 27  وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا ، هەبێت چاوی لێ بکەن و وەک یاری دۆمینۆ بەدوای یەکدا داڕمێن .. چونکە دەنگی ناڕەزایی و رادیکالی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندە و گەلێ شوێنێ تر هەیە … بە واتایەکی دیکە دوو بەرە لەم کیشوەرەدا دژ بەم یەكیتییە .  هێزە چەپەکانی خوارووی ئەوروپا ، راسترەوەکانی ناوەند و باکوری ئەوروپا . وڵاتانی وەک : هەنگاریا و مەکەدۆنیا و کرواتیا و نەمسا و زۆر شوێنی تر ، هەر زوو پەرژین و تەلبەندی سنووری وڵاتەکەیان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەر کرد .. کار بەوە گەیشت هەر حکومەت و وڵاتە سەرقاڵی پێداویستتەکانی وڵاتی خۆی بوو . وڵاتە ئەوروپاییەکان نەیانتوانی بڕیارێکی یەککرتوو بدەن .
ئەندرێ گلوکمانی فەیلەسووفی فەرەنسی لە کتێبەکەیدا < شەڕ لە پێناوی ئاشتیدا > دەڵێ : با وا خۆمان نەبینین : لە راستیدا بیروڕایەکی گشتی ئەوروپایی نییە . من چاک دەزانم کە مرۆ بە هەر شێوەیەک بێت ، یەکگرتووە لەسەر پرسی دیموکراسی ، کە تێیدا مافی مرۆف بەرز راگرێ ، بۆ مافی دەنگدان تێکۆشێ . بەڵام نایەکگرتوویی لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات ، کە پرسیاری ئەوە قووت بۆوە ، کێ ئامادەیە پارە بدات بۆ سیاسەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی ، تاوەکو ئەما کەرەسە و پێداویستییە گرنگانە بەدەست بهێنین وبپارێزین . بە کورتی کرمانجی کێشەکە پارەیە و بۆ ئەو هەموو پێشکەوتن و ریفۆرم و گۆڕانکارییانەی پێویستە لە ئاستی یەکێتییەکەدا بکرێ ، لەو بوارە گرنگانەدا ، کەس ئامادە نییە دەست بە گیرفانیدا بکات .. تا ئێستا ئەڵمانیا گەورەترین بودجەی بۆ یەکێتی ئەوروپا تەرخان کردووە . هەربۆیەشە قسەرۆیشتووترین دەوڵەتە لەم یەکێتییەدا . ئەم هەراشی و باڵادەستبوونەی ئەڵمان ، کە بەرهەمی گەشەی ئابووریی دەستڕەنگینی پیشەسازییانە ، بۆتە جێی مەترسی بۆ مێمڵەکانیان ، بە تایبەت ئینگلیزەکان . گەر حاڵی ئەوروپا بەو شێوەیە کە ئاماژەمان پێدا ، وا یەکگرتوویی دروست نابێ . پۆلۆنیا کێشی دەوڵەتی ئەڵمانیا نییە . هەنگاریا ناتوانێ وەک فەرەنسا ، هەڵسوکەوت بکات . لوکسەمبۆرگ ، پێشبڕکێی و کێبەرکێی لەگەڵ ئەڵماندا پێ ناکرێ .. لەندەن نایەوێ هاووڵاتانی ئەوروپایی بچنە وڵاتەکەیانەوە پاش 6 مانگ کارکردن ، ئیدی مافی نیشتەجێبوون و مووچەی بێکاری وەرگرن و بیمەیان هەبێت و …. هتد .
کە کار بەم شێوەیە بێت ، ئەوروپا بەمەش نەیانتوانی لەئاستی ئەو راگەیاندن و بانگاشانەدا بن ، کە بەناوی مافی مرۆڤەوە دەریان کردووە . لە نێو ئەم وڵاتانەدا ، تەنیا ئەڵمانیا دەرگای وڵاتەکەی بۆ پەنابەران واڵا کردبوو . ئێستا بڕەک سەختییان کردووە .
لە هەموو بارێکد ، کشانەوەی ئینگلیز ، بە کاپیتالێکی رەش و تاریک لە مێژووی ئەوروپادا دێتە هەژماردن و ئەوروپای خستۆتە بەردەم ئەگەری سیناریۆیی سەیروسەمەرە .
ئەڵمانیا لە ئەوروپا و جیهاندا ، بە وڵاتێکی بەهێزی خاوەن ئابوورییەکی تۆکمە و هەناردەی تەکنەلۆژیا و جۆرەها پیشەسازی دیکە دادەنرێ .. توانای پێشوازیی و وەرگرتنی چەندەها هەزار پەنابەریی دیکەی هەیە . هەڵبەت بەشێک لەم سیاسەتە پێوەندیی بە هەلومەرجی تایبەتی نێوخۆی ئەڵمانیاوە هەیە ، کە بەکورتی بریتین لەم خاڵانە :
A – کێشەی کەمی منداڵبوون لای ئەڵمانەکان .. لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەڵێن تا ساڵی 2050 ، ئەڵمان 17 ملیۆن لە دانیشتوانەکەی کەم دەکات . ئەو پەنابەرەی دێتە ئەڵمانیا یان گەنجە ، یاخود خێزانە و چەند منداڵێکیان پێیە .
B – گەنجەکە ، بە پێی دوا لێکۆڵینەوە مانگی 1000 یۆرۆ دەکەوێ ، لەسەر حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ماوەی 5 ساڵ و دوای ئەوە دەست دەکات بە کار ، یا ناچاری دەکەن کار بکات و باج بدات . لە ئەڵمانیا وەک دەڵێن مەنجەڵی باج پارەی زۆری تێدا نەماوە . یاخود ئێستا خەڵکێکی زۆری ئەڵمان ، کە بەدەستوبازووی خۆیان دوای جەنگی جیهانی دووەم وڵاتەکەیان ئاوەدان کردۆتەوە ، پیر بوون و بەرەو پیربوون دەچن،کاتی خۆی کاریان زۆر کردووە و باجیان داوە ، ئێستا پێویستیان بە باجدەرە بۆ پڕکردنەوەی مەنجەڵەکە .
لە لایەکی دیکەوە لکۆڵینەوەکان دەریان خستووە ، کە رێژەیەکی زۆری شوێنی فێربوونی پیشە ، لە کارخانەکاندا ، بە چۆڵی ماونەتەوە ، کەس ئامادە نییە فێری پیشەی جۆراوجۆر بێت ، کە بە ملیۆنان کارخانە لە وڵاتی ئەڵمانیادا هەیە . ئەمەش کێشەیەکی گەورەی وەزارەتی پیشەسازی و نەخشەکێشانی ئەڵمانیا ..
بە کورتی چ منداڵەکان یاخود گەنجەکان لە مەودایەکی کورت یان درێژی ئینتگراسیۆندا ، گەر نەشبنە ئەڵمانێکی راستەقینە ، وا دەبنە هاووڵاتییەکی بەفەڕ بۆ ئەڵمانیا .
ئەڵمان گرفتی دەروونی بەهۆی مێژوویی شەڕەکانی جیهانییەوە هەیە و لەزۆر وڵاتی ئەوروپا و جیهاندا ، خۆشەویست نەبوون ، ئەم دەرفە بۆ تێهێنانەوەی کەسایەتییان گرنگی خۆی هەیە .
بەرلین کە ئێستا لە زۆر رووەوە لە لەندەن پێشرەوترە لە جیهاندا ، ئەو ترسە گەورەی ئینگلیز لە ئەڵمان هەر نە رەویوەتەوە . سەردەمی روخانی دیوارەکەی بەرلین هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ، لەندەن بە سەرکردایەتی سەرکردەی پۆڵایین خاتوو مارگرێت تاتشەر ، زۆر بە توندی دژ بە یەکگرتنەوە ئەڵمان وەستایەوە . بەڵام ئەڵمانەکان بە رێبەرایەتی هێلمەت کۆل ، راوێژکاریی ئەو سەردەمە ، توانییان ئیرادەی یەکگرتنەوە بە ئازایەتی و بە بەرتیل و رازیکردنی مۆسکۆ و واشنتۆن و پاریس هەر بسەپێنن .
بیریارێکی ئەمریکایی دەڵێ : ئەڵمانەکان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە رابووردیان دەکەینەوە . ئەوە ئێستا ئەڵمانەکان گەیشتوون بەو خەونەی بۆی تێدەکۆشان و لەندەنیش هەر بەرەو پاشەوە دەڕوات .
ئەم پێشهاتە ، دەرگا لەبەردەم پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندە و ئیرلەندە و وێلزییەکاندا ئاواڵە دەکات . هەروەک،لەگەڵ ئاشکرابوونی ئەنجامی دەنگدانەکە ، سکۆتلەندە راگەیاند ، پرسی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەخاتەوە گەڕ . هاوکاتی ئەمەش بۆن و بەرامە و ئاماژەی هەست و هۆش و بەخۆنازین و هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستانە لە بڕیارەکەی ئینگلیزدا دەکرێت . بە مانایەکی دیکە ، لە ئەوروپاشدا ، دوای بڕینی ئەو هەموو قۆناخە لە پێشکەوتن و دیموکراسی و شارستانێتی ، هەرچرکەساتێ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت و میللەتێک بکەوێتە مەترسییەوە ، گورجوگۆڵانە بەشێوازی خۆیان هەڵوێست وەردەگرن و شەرمیش لە جیهان ناکەن ..
من جگە لەوەی دڵشکاوانە و بە چاوی رەخنەوە ، تەماشای ئاغای ئینگلیزم کردووە ، چونکە تاوانبارن لەو کوێرەوەرییەی بەسەر کورددا هاتووە , پێمخۆشە ئینگلیز گرفتاری دەردی خۆی بێت ، ئەوەی بەسەر خەڵکیدا هێناوە بەسەر خۆیدا بێتەوە .. ئیمڕۆ دەبینین ئەو دەوڵەتانەی بەدەستی ئینگلیز قووتکراونەوە ، لە سەرتاپایاندا کێشە هەیە و قەوارەی عێراق و سوریا و لوبنان و زۆری تریش بە تەواوی لەبەیەک هەڵوەشاوەتەوە ، هەموو ئەمانە بەڵگە و ئاماژەی پاشەکشەی زلهێزێکی گەورەی ئەفسانەیی ئینگلیزە لە جیهاندا .
ئینگلیز دەرەقەتی سیاسەتی ئەڵمان و فەرەنسییەکان نایەن و رۆژگار خەریکە بەجێیان دێڵێ . گەر دۆستایەتی قووڵ و پتەوی ئینگلیز و ئەمریکا وەک پشتیوانی سەرەکی نەبوایە ، وا لەمێژبوو ، گرفتاری دەردی کوشندە دەبوو .
ئینگلیزەکان چی دیکە ناتوانن یاخود شەرمەزار دەبن ، رێگریی لەسەربەخۆیی کورد بگرن . ئەوان تا ئێستا ، لەگەڵ هیچ جوڵانەوەیەکی کورددا نەبوون ، ئامانجی تێکدانی ئەو دەوڵەتە دەستکردانەی دەستی خۆیان بێت . ئینگلیز بە هەموو گەمە و یارییەکانی بە ئاشکرا و نهێنی و لەرێی دارودەستەکانییەوە ، نەیهێشتووە و نایەوێ کورد بگات بە ئاواتی دەوڵەت . کارێکیش خۆی نەیتوانی ئەنجامی بدات وا لە ڕێی چڵکاوخۆرەکانییەوە ئەنجامی داوە . کەواتە لە بارێکی ئاوادا ، لاوازبوونی لەندەن ، بزرکردن و کەمبوونەوەی ، کاریگەرێتییەتی ، بەسەر ئەو لایەنانە و رژێمی دەوڵەتە داگیرکەرانەوە بۆ کورد بەسوودە .
لە روانگەیەکی دیکەشەوە ، هەر سێ گەلی شانشینی یەکگرتوو ، سکۆتلەندی و ئیرلەندیی و وێڵزەکان ، پرۆسەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دەگرنە بەر .. لەندەنیش ناتوانێ وەک جاران رێگرییان لەبەردەمدا قووت کاتەوە .. ئەم هەنگاوانە جارێکی تریش دەبێتە سەرتۆپ و ووزەبەخش بۆ نەتەوە بندەستەکان ، لە نێویاندا کورد .
گەر لە هەموو ئەم حاڵ و بارە بگەڕێین و لە روانگەیەکی ترەوە ئەم رووداوەی ماڵ جیاکردنەوەی ئینگلیز لە ئەوروپا بڕوانین . رووداوەکە لە خودیی خۆیدا ، زۆر ناسیونالیستانە و پەرۆشییە بۆ قەوارە و بوون و هەبوونی نەتەوەیی و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی ، کە لێرەدا خۆپارێزییە لە مەترسی و هەڕەشەکانی کۆچبەر و بیانی لۆ سەر بەریتانیا .

کورد و بریکسیت
جا کەوا بێت .. ئەم رووداوە چ دەگەیەنێ بۆ ئەوانەی، فەریکە رۆشنبیر و سیاسی سەقەت و بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژیی و دەرەکی و ئاڵا بەدەستی دژ بە دەوڵەتی کوردین ، کە بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە و دەکەنەوە :
مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە … کە زۆر بە زمان و دڵ و مێشکیاندا خۆش دێ ، ئەم دروشم و چەمک و قسە ئاڵوواڵایانە بڵێن و بڵێنەوە ..
دنیای گلۆبالیزم ، هەڵوەشاندنەوەی سنوور و داڕمانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەگەێنێ و جیهان بچووک بۆتەوە مرۆڤایەتی گەشتۆتە قۆناخی ، تێکەڵبوون و پێکەوە ژیان لە سەرزەمین ، بە مانای بێ نرخ و بەها بوونی دەوڵەت و سنووری نەتەوەیی !!.
داخۆ ، ئەوانەی دەیانەوێ کورد لە ترکیا و ئێران و عێراق و سوریادا ، چاوەڕێی دیموکراسی بێت و خۆی بکاتە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتانە و دەستبەرداری مافە نەتەوەییەکانی بێت ، ئێستا چ دەڵێن و کام پەیامێک بە نەتەوە دەدەن ؟ .
بەلێ ئەوانەی ، لە قەندیلەوە داوای کۆماری دیموکرات دەکەن و چەمکی دەوڵەتی نەتەوەییان پێچاوەتەوە فرێ داوەتە نێو زبڵدانەوە و ئەوانەی لە کۆیە دانیشتوون ، نیگەرانن بەوەی دەوڵەتانی دنیا هەڕەشە و گوشار بۆ سەر ئێران دەهێنن و لە فیردەوسی ئێرانچیترن و ئەوانەی دەیانەوێ سلێمانی لە هەولێر جیا بێتەوە و کەرکووک بکرێتە هەرێمێک ، کەچی هەر خەریکی چاوشارکێن لەگەڵ بەخدادا و رازی نین کوردستان لە عێراق جیابێتەوە و ئەوانەی بە کوڕ و کیژانی نەتەوە داستانی کۆبانییان تۆمارکرد ، کەچی نە دەیانەوێ سوریا پارچە پارچە بێت و نە گەرەکیشیانە لێی جیاببنەوە ، ئەوانە چ پەندێ لەم رووداوەی برێکست وەردەگرن ؟ .
ئەوەی تا ئێستا لەبەرچاومانە ، هەتا ئێستا حیزبێکی کوردی نەبوو بتوانێ نەک میللەت و جەماوەری ترک و عەرەب و فارس رازی بکات بە مافەکانی کورد ، بەڵکە 10 کەسییان پێ رازی نەکراوە ، کەچی هەردەم باس لەوە دەکەن , دەبێ دەوڵەتانی درواسێ ! رازی بکەین . ناوچەکە بکەینە بەهەشتی دیموکراسی و کاوێژکردنەوەی کۆمەڵێ دروشم و بانگاشەی رزیوی بۆگەنکردوو .
هەرچۆنێک بێت ، لەمێژە کاتی ئەوە هاتۆتە پێش ، کە جەماوەری هۆشیاری کورد ، خۆی سەرکردایەتی پرسە نەتەوەییەکەی بکات و جڵەو نەداتە ئەوانەی سەرمەستی بازرگانی و هەرزانفرۆشین بەناوی کوردایەتییەوە ،،، لەگەڵ ئەوەشدا کە نموونەی سەربەخۆخوازی و نیشتمانپەروەریی لە مێژوودا زۆرە ، لێ سەرانی حیزبی کوردی هەرگیز وانە و پەندیان لێوە وەرنەگرتووە و فێرنەبوون .. دیسان منیش لەگەڵ هاوبیری هێژام مامۆستا کامیل ژیر دا دەڵێم :
با ئەنجامی گشتپرسییەکەی بەریتانیا ، ببێ بە وانەیەک بۆ ئەو فەریکە رۆشنبیرانەی لە سەربەخۆیی کوردستان سڵدەکەنەوە و هەمیشە کۆسپ و ( تاکۆس ـ بەڵام ) ئەخەنە بەر رەوڕەوەی دەوڵەتی کوردی .
مێژووی کوردیش سات و رۆژ و ساڵی ناپاکی تێدایە . جا ئەوانەی لەسەر سەکۆی دژ بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکەن ، و خۆی لێ دەدزنەوە و بیانووی بۆ دادەتاشن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن ، دەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە . گەر بێت هۆشیارانە بە ئەرکی خۆیانب هەڵنەسن ، وا بە ناپاکی دەچنە مێژووەوە .. کەواتە هەر وا چاکە ، زبڵدان بکرێتە شوێنی ناپاکان .