محەمەد بەرزی : گوێچکەی بەراز .

ئەو سەردەمەی وەک  ئێستا قاتوقڕی و نەداری هەموو هەرێمی کوردستان گرتبۆوە و مامۆستا بەشەرفەکان سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی نەدەکرد ،  ڕۆژێک لە سلێمانییەوە  هونەرمەندێکی ناسراو  نامەیەکی  بۆ ئەمەریکا بۆ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

ئەو سەردەمەی وەک  ئێستا قاتوقڕی و نەداری هەموو هەرێمی کوردستان گرتبۆوە و مامۆستا بەشەرفەکان سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی نەدەکرد ،  ڕۆژێک لە سلێمانییەوە  هونەرمەندێکی ناسراو  نامەیەکی  بۆ ئەمەریکا بۆ ناردبووم و ڕووی لێنابووم خۆم و کوردەکانی هاوڕێم  چوارسەد دۆلارێکیان بۆ گردبکەینەوە  تا کامێرایەکی پیێ پەیدابکەن ،  ئەو کامێرایەش کارە هونەرییەکانیان چاکتر و چالاکتر دەکات و کامێرا شکاوەکەشیان لە کۆڵدەکاتەوە … هەر هەمان ڕۆژ  هاوڵاتییەکی ئەمەریکیی بە ناوی ( جۆن هانس مان ) ەوە  هەر خۆی بە تەنها چوارسەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری بەخشیبوو بە زانکۆیەکی ئەمەریکا بۆ  دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بۆ توێژینەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شیرپەنجە .

هەڵویستی مەردانەی  ( جۆن هانس مان ) ی بەخشندە ورەی نایە بەرم و ڕووم  لە چەند کەسێک نا .  یەکەم کەسییان ئەوەیانبوو ، کە بۆ دۆزی کورد گریانی دەهات و بۆ کوردستانی ئازیزیش بۆکڕوز لە ناخییەوە هەڵدەستا ،  کە چوومە لای سەرقاڵی سەگە تیسکنەکەی بوو ،  یەکسەر ووتی :  ( ئەم سەگەی من زۆر حەزی لە گوێچکەی بەرازە ، مانگی بایی بیستوپێنج دۆلاری بۆ دەکڕم ،  ئاخر گوێچکەی بەراز ددانەکانی  سەگ ئاڵدەکاتەوە ) .  ڕاستیشیدەکرد ،  سەگە تیسکنەکە کرتە کرت گوێچکەی وشکەڵاتووی بەرازی دەکرتاند و واش خۆی بە  فەرشەکەوە نووساندبوو  ئاگای لە یاری و هەڵبەزە و دابەزە و وەڕین نەمابوو .  پاشئەوەی  مەبەستی هاتنەکەمم پیێ ڕاگەیاند  ،  وەک بروسکە لەسەری دابێ ووتی :  ( جا کیێ دەڵێ ئەو هونەرمەندانە موحتاجن ؟ … ئەی کیێ ناڵێ ئەو پارەیە ڕێک  ناخەنە ناو تەنکەی باخەڵیانەوە و لە دوورەوە پێمان پیێ ناکەنن و گۆرانی دەبێنە بێنەمان بۆ ناڵیێن ؟ … ئەی باشە کاری حکومەت چییە ئەگەر نەتوانێت مووچە و پێویستییەکانی ئەو خەڵکە دەستەبەر نەکات ؟ ) .

ئەم وشە بێ ئاگایانە شوولێکی تەڕبوون و بەردەوام سەری لووتمی دەتەزاند و تک تک ئارەقی شەرمەزاریم  دەڕشت و هەزار خۆزگەم  دەخواست  ئەو داوایەم  لەم کوردە بێ ئاگایە نەکردایە … هەرچۆنێکبوو  بیستوپێنج دۆلاری لیێ هەڵوەری و بە دڵێکی شکاو و دوو دڵنیایی تەواوەوە  لە بەردەمیدا ئاوابووم ،،

 یەکەمیان :  هەتا لە ناو کورد و ئەو میللەتانەی تینووی ئازادی و ژیانێکی باشترن ،  مرۆڤی بەشەرەف و بەخشندەی وەک ( هانس مان ) یان لە نێودا دروست نەبێت و  بۆ هەموو گۆڕانکارییەک  هەر تەنها چاویان لە کیسە و گیرفانی دەوڵەت بێت ،  مەحاڵە بە چاوی خۆیان ژیانێکی باشتر ببینن و بگەنە ئاستی میللەتە پێشکەوتووەکانی دنیا ،  ئاخر مەزنی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤە مەزنەکانییان ،  ئەوان نەک هەر بە سەر و سامانیان هاوکاری و کۆمەکی حکومەت و دامودەزگا  خزمەتگوزارییەکانی  خۆیاندەکەن ،  بەڵکو بەر لە مردنیان ئەندامە  بەنرخەکانی لەشی خۆشیان دەبەخشن بە نەخۆشخانەکان ،  تا دوای خۆیان ژیانی ئەو کەسانەی پیێ ڕزگار و ئاسودە بکەن ،  کە پێویستییان بەو ئەندامانەیە …

دووەمیشیان :  تا ئەو کوردە کەرتوپەرتە پەڕاگەندە دەربەدەرەی وەک ئاردی ناو دڕکان بە هەندەراندا بڵاوبوونەتەوە و هەر یەکێکیان لە ئاشێک دەکەن  و دروشم و  خۆپیشاندان و قسەی زلیان لە کۆمەک و یارمەتی لا  گرنگتر بێت و لە کاتی پێویستی و تەنگانەدا  دۆلار و  گوێچکەی بەراز  بخەنە پێش نیشتمانەوە ، ئەوا   مەحاڵە ئەو شتە دروستبێت ، کە پیێ دەڵێن : لــۆبــی کـــــوردی .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
محەمەد بەرزی

ئەرشیڤی بەڕێز: محەمەد بەرزی