دڵشاد حامید دەروێش : فەلسەفە لە تراکتاتۆسدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسوفی مەزنی نەمسایی لۆدڤیگ جۆزێف یوهان قتگنشتاین ( Ludwig Josef Johann Wittgenstein 1889 – 1951 ) بۆ یەکەمجار شاکاری لێکۆڵینەوەیەکی لۆژیکی فەلسەفی ( تراکتاتۆس ) ی لە ساڵی ( 1921 ) بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە ، ئەم پەرتووکە قەبارە مامناوەندە بە بانگەشە پەڕگیر و تێگە و تیوریا بنەغەیی و ڕادیکاڵەکانی بووەتە خاوەن شوێنپەنجەی حاشاهەڵنەگر لەسەر تەواوی فەلسەفەی زانست و کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر ڕەوتی پۆزەتفیستی لۆژیکی ( Logical Positivism ) بەتایبەت ئەندامانی بازنەی ڤیەنا ( Vienna Circle) داناوە ، نەک هەر ئەوەندە بگرە تا نهاش ئەم دەقە ناوازەیە و بابەتی مشتومڕ و گفتووگۆ و گەنگەشەی گەرم و لیکۆڵینەوەی ئەکادیمی ناوەند و خانەکانی فکر و فەلسەفەیە لە تەواوی جیهاندا .

تراکتاتۆس نوێنەرایەتی قۆناغی یەکەمی بیروبۆچوون و تێڕامانە فەلسەفیەکانی ڤتگنشتاین دەکات ، بەشی دووەمی فەلسەفەکەی کە خۆی لە کتێبی ( لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان ) دا گەڵاڵە دەکات بەهیچ جۆرێک تەواوکەر و درێژەپیدەری سەرەتای گەشتە فەلسەفیەکەی نیە و هیچ ڕایەڵبەدنیەک لە نیوان ڤتگنشتاینی تراکتاتۆس و ڤتگنشتاینی لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا بەدیناکرێت تەنها ئەوە نەبیت کە دواجار هەردووکیان کارکردنێکن لە یەک کێڵگەی فەلسەفیدا ، بەڵگەشمان بۆ ئەمە توڕهەڵدانی زۆرێک لەو تیۆریا و تێگە بنەڕەتیانەیە کە لە تراکتاتۆسدا بانگەشەی بۆ دەکردن و وێنەیەکی ستاتیکی و رەقهەڵهاتووی زمانیان دەنەخشاند ، هەرچی وێنە و چەمکاندنی زمانە لە لیکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا رەهەندیکی داینامیکی هەیە و زمان زیاتر پەیوەست کراوە بە بەکارهێنانەوە و لە ڕێگەی چەمکی ( گەمەکانی زمان – Language Games ) چەمک و بیژە و وشەکان بە زیاد لە ڕێگە و شێوازیک بەگەڕدەخرێن. (1)
تراکتاتۆس ڕووی شێوەییەوە بەڕەچاوکردنی پرەنسیپی گوێزانی ئۆکام (Occam’s Razor)  (2) ولە رێگەی دەستەواژەی کورت و پوخت و چرەوە دارێژراوە ، هەر دەستەواژەیەکیش یاخود بڕگە و ئایدیایەک ژمارەی تایبەت بەخۆی وەرگرتوە ، ڕەنگە هەر ئەم کورتبێژی و چڕبێژیەش هۆکاری ئەو ناڕوونی و ڕاجیایی و دیدڵێڵیە بێت کە توێژەرانی ئەم کتێبە لەمەڕ چەمکهایەکی وەک ( شت ، جیهانی دەرەکی ، فاکتی ئەتۆمی و … هتد) دەرگیری بوون و بەناچاری دەست و پەنجەیان لەتەکدا نەرم کردوە ، بەهەرحاڵ ئەمە بابەتیکی دیکەیە ناشێت لێرەدا لەسەری ڕاوەستین .
بەشێوەیەکی گشتی تراکتاتۆس لە (7) تێزی بناغەیی پێکهاتووە کە بریتین لە تێزەکانی ( 1-2-3-4-5-6-7 )، بەڵام بە بڕوای خاکیانەی بەندە ناتوانین ڕەهابێژی لەمەدا بکەین ، نەخاسمە ئەوەتا ڤتگنشتاین خۆی لە بڕگەی (٠312 -4) دا دەنوسێت ( شیاوەکی پڕۆپۆزیشنەکان بەندە بە بنەمای نوێنەرایەتیکردنی بابەتەکانەوە ، بیرۆکەی بناغەیی من ئەوەیە کە : نەگۆڕە لۆژیکیەکان نوێنەرایەتی هیچ شتێک ناکەن) (3)

1- میتۆدی شیکاری Analytic Method
میتۆدی کارپێکراو لە تراکتاتۆسدا میتۆدێکی شیکاریە (Analytic) ، ئەو دوو بابەتە سەرەکیەشی لە تراکتاتۆسدا شیکاری دەکرێن بریتین لە هەریەکە لە چەمکەکانی (جیهان) و (زمان) .
لە ڕووی زمانەوانیەوە شیکردنەوە بە شیکردنەوەی شتی ئاوێتە دەگوترێت بۆ ڕەگەز و بنەما سەرەتاییەکانی . هەرچی لە ڕووی زاراوەییەوەیە بریتیە لە بەشکردنی شتێک ( فیزیکی یاخود مێنتاڵی ) بۆ بەشکانی لە بنچینە و تایبەتمەندیەکانی ، یان دابڕینی هێندێکە لە هیندێکی دیکە ، پاشان لێکۆڵینەوە و لیتوێژینەوەی یەک بە یەکی ئەم بەشانە بۆ گەیشتن بە زانین و درکپێکردنی پەیوەندی نیوانیان و پەیوەندیان بە هی دیکەوە . (4) کەواتە کەسی شیکار دواجار چاو لەوە دەبڕێت کە رەگەز و پێکهێنەرەکانی بابەتێک دەربخات و شۆڕبیتەوە بە ناواخنی ئەم یەکە و بنەما سادانەدا بەئامانجی دەستگەیشتن بە کۆمەڵێ زانیاری ورد لەمەڕ سروشت و پەیوەندیەکانی ئەم ڕەگەزانە .
جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین کە شیکاریخوازی تەنها لە کایەی فەلسەفەدا وەگەڕناخرێت ، بەڵکو میتۆدێکی دیاری نیو زۆرێک لە کایە گرنگەکانی دیکەی هونەر و زانستە و بەشێوەیەکی گشتیش دابەش دەبیت بۆ دوو جۆری سەرەکی :

شیکردنەوەی ئەستوویی
لێرەدا بابەتی شیکراوە ئەستووییە و وەک دیاردەیەکی فیزیکی – مادی لە دونیای دەرەکیدا خۆی دەردەخات، نموونەش بۆ ئەم جۆرە شیکردنەوەی ئاوە (H2O) بۆ هەریەک لە ڕەگەز و توخمە سەرەکیاکەنی (H) و (O).
شیکردنەوەی ئەقڵی یاخوود لۆژیکی
شیکردنەوەی ئەقڵی دەکەوێتە سەر بەبەتێکی نائەستوویی یاخوود بابەتە ئەقڵی و لۆژیکیەکان، بۆ نموونە ئەوەی کە فەیلەسووفی گەورە ئیمانوئێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) دەیکات لە دابەشکردنی بڕیارەکان بۆ پێش ئەزموون (A priori) و دوای ئەزموون (A posteriori) لێکۆڵینەوە و قاڵبوونەوە و ڕۆچوون بە ناواخنی هەریەکەیاندا پڕۆسەیەکی شیکاری ئەقڵی یاخوود لۆژیکی بوو،بە هەمان شێوە شیکاری زمان لەلای ڤتگنشتاین سەر بەم جۆرەی شیکاریە.

2- تێگە وتیوریا بناغەییەکان لە تراکتاتۆسدا
جیهان
ڤتگنشتاین سەرەتا بە شیکردنەوەی جیهان گەشتەکەی سەر ڕێگا دەخات ، ئەو پێیوایە جیهان هەموو ئەوەیە کە لەوێیە ( تراکتاتۆس : 1 ) و کۆی فاکتەکانە (Facts) نەک شتەکان (تراکتاتۆس: 1-1)، جەغد دەکاتەوە و دەنوسێت جیهان شیدەبێتەوە بۆ فاکتەکان( تراکتاتۆس : 2 – 1) ، فاکتەکانیش فاکتی سەرەتایی- ئەتۆمین ( تراکتاتۆس : 2 ) ، ئێرەش دواسنورە کە پڕۆسەی شیکاری دەیگاتێ ، بەمانایەکی دیکە فاکتە ئەتۆمیەکان بچوکترین یەکەی لۆژیکی جیهانن ، ئێمە دەتوانین فاکتە ئاوێتەکان ( لێکدراوەکان ) شیبکەینەوە بۆ فاکتی ئەتۆمی ، وەلێ فاکتی ئەتۆمی تەعبیرە لە سادەیی لە ئەوجی خۆیدا و قابیلی شیکاری نیە ، بەڵام فاکتە ئەتۆمیەکان چین ؟!
بەبڕوای ڤتگنشتاین فاکتە ئەتۆمیەکان بریتین لە پێکەوەبەستنی شتەکان (تراکتاتۆس : 01 – 2 ) ، بێژەی ( پێکەوەبەستن ) یش ئەوە دەگەیەنێ کە تەنها ڕەگەزی فرەیی شت ( شمەکەکان ) ڕۆڵ نابینن لە دروستکردنی فاکتە ئەتۆمیەکاندا ، ئاشکرایە کۆمەڵێک شمەک بەبێ بوونی هاوبەندی و پەیوەندیەک فاکت دروست ناکەن ، هەروەک چۆن واژەکانی ( زایەڵە ، چرپا ، کازیوە ، پێنووس ) ناتوانن ببنە دەستەواژەیەکی واتا بەخش لە زماندا ، کەواتە فاکتە ئەتۆمیەکان بریتین لە کۆمەڵێک شت بە رێکخستن و پێکەوەبەستنێکی دیاریکراو . بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبین کە ( شت) لێرەدا ڕەگەرێکی شیکراوە نیە ، شت – شمەک زادە و دەرەنجام و لێکەوتەی شیکاری فاکتە ئەتۆمیەکان نیە ، ڕاستە شت واتای ناوە (تراکتاتۆس : 203 – 3 ) ، وەلێ (شت) بۆ ئەوەی (شت) بێت دەبێت لە فاکتێکدا بێت ، فاکتەکان ئەو چوارچێوەیەن کە تیایاندا (شت) دەچەمکێندرێت و وێنا دەکرێت ، وەک ڤتگنشتاین لە بڕگەی) 011 – 2 ) دا دەڵێت : بۆ شت گەوهەریە کە بتوانێت بەشێک بێت لە فاکتەکان ، بە کورتی تەسەوری بوونی ( شت ) ناکرێت گەر توخمێک ، رەگەزێک ، بەشێک ، یاخود پێکهێنەرێک نەبیت لە هاوکیشەیەکی دیاریکراودا ، بێژەی ( ئاسمان ) شت نیە تا خۆی نەخزێنێتە دووتوێی فاکتێکی وەک ( ئاسمان ساماڵە ) .
زمان
زمان کۆو سەرجەمی پڕۆپۆزیشن یاخوود دەستەواژەکانە ( تراکتاتۆس : ٤) ، وەکچۆن پێشتر بینیمان کە فاکتی ئەتۆمی بچوکترین یەکەی شیکراوەبوو ، لێرەشدا پڕۆپۆزیشنە سەرەتاییەکان – ئەتۆمیەکان دوا سنوری پڕۆسەی شیکارین .
خالیک کە فتگنشتاین پیداگیری لەسەر دەکات و لە ڕیزی حەوت تێزە بناغەییەکاندا جێپیدەگرێت ئەوەیە کە پڕۆپۆزیشنە لێکدرەوەکان هاوبەندی ڕاستی پڕۆپۆزیشنە ئەتۆمیەکانە ، وەلێ پڕۆپۆزیشنی ئەتۆمی هاوبەندی ڕاستی خۆیەتی (تراکتاتۆس : ٥) ، بەو مانایەی ڕاستی و دروستی پڕۆپۆزیشنی ئاوێتەی (D K) پەیوەست و هاوبەندی راستی هەریەک لە پڕۆپۆزیشنە ئەتۆمیەکانی (K) و (D) یە .
تیوریای وێنەگری زمان
پەیوەندی زمان ( پڕۆپۆزیشن ) بە جیهانەوە ( فاکت ) پەیوەندی وێنەیە بە وێناکراوەوە ، ڤتگنشتاین لە بڕگەی ( 01 – 2 ) دا دەنوسێت : ئێمە بۆ خۆمان وێنەی فاکتەکان دەکێشین ، ئەم وێنە کێشانەی واقعیش دواجار لە زماندا گەڵاڵە دەبێت ، ئەمەش تیوری وێنەگری زمانە کە یەکێکە کە تیوریا هەرە بنەڕەتیەکانی تراکتاتۆس ( هەرچەندە دواتر لەکتێبی لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا کە نمایندەی قۆناغی دووەمی هزری ڤتگنشتاینە لێێ پەشیمان دەبێتەوە و زمان زیاتر گرێدەدات بە بەکارهێنانەوە).
سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی ئەم وێنانەش لە بڕگەی (0311 ، 4 ) دا دەنوسێت ( ناوێک بەرامبەر بە شتێکە ، یەکێکی دیکە بەرامبەر شتێکی دیکەیە و لە نێوخۆیاندا بەیەکەوە بەستراونەتەوە ، تێکڕاییەکە وەک وێنەیەکی زیندوو فاکتەکان وێنا دەکات .
هەرچی پەیوەندی نێوان هزر و زمان و وێنەیە، ڤتگنشتاین لەو بڕوایەدایە کە زمان جەستەی وێنەیە و وێنەکانیش بیرۆکە و هزرن ، بۆ نموونە دەستەواژەکانی ( ئاسمان ساماڵە ) ، ( زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ) هەر یەکەیان وێنەن بۆ فاکتێکی دیاریکراو ، یەکەمیان وینەی دۆخێکی تایبەتی کەش و هەوایە و دووەمیان وێنەی فاکتێکی کۆسمۆلۆجیمان نیشاندەدات ، ئەم وێنانە بیرۆکەن و لە زماندا خۆیان مانیفێست کردوە ، هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بیرۆکە و هزر هیچ نین جگە لە پڕۆپۆزیشنێکی پڕواتا . ( تراکتاتۆس : 3 و 4) .
پڕۆپۆزیشنەکان
سەرەکیترین پرسێک کە قتگنشتاین سەرگەرمانە لە تەکیدا دەرگیرە ( هەڵبەت لە نێو چەندین پرسی گرنگی دیکەدا ) بریتیە لەو جیاکاریەی کە لە نێوان ئەم سێ جۆرە لە پرۆپۆزیشندا دەیکات :
پڕۆپۆزیشنی پڕواتا: ئەمجۆرە لە پڕۆپۆزیشن وێنەی فاکتەکان دەگرن ، بەڵام مەرج نیە ئەم وێنەیەی لەهەناوی پڕۆپۆزیشنەکەدا خۆی مەڵاسداوە وێنەی راستەقینەی فاکتەکان بن ، پڕۆپۆزیشنەکان ( وینەکان ) وەک دەستەواژەگەلێکی پڕواتا شیمانەی ڕاست یاخود هەڵە هەڵدەگرن بەگوێرەی هاتنەوە و تەماهیکردن لەتەک ئەو فاکتانەی کە وێنایان دەکەن ، یاخود بەگوێرەی هاتنەوە لەتەک بوونی دەرەکیدا (تراکتاتۆس : 222 – 2 ) ، پڕۆپۆزیشنی ( ئاسمان ساماڵە ) واتابەخشە گەر ئاسمان ساماڵیش نەبێت ، لەبەر ئەوەی دواجار ئەم پڕۆپۆزیشنە قودرەت و پۆتاسیۆنی وێنەگرتنی فاکتێکی هەیە .
لێڕەشەوە دەگەینە بەرەنجامێکی بێئەنداز سەراسیمەکەر ئەویش ئەوەیە کە لەلای ڤتگنشتاین دەکرێت پڕۆپۆزیشن لەتەک فاکتە وێنەگیراوەکاندا نەیەنەوە یەک وەلێ واتابەخش بێت ، بەمانایەکی دیکە پرۆپۆزیشنی هەڵە دەکرێت واتابەخش بێت .
پڕۆپۆزیشنی بێواتا( بۆش ): ئەم جۆرەیان وێنەی فاکتەکان ناگرن ، کەواتە نە ڕاستن وهەڵەن لەبەر نەبوونی فاکتێک تا بتوانین بەرمەبنای کاری بەراوردکاری بکەین و حوکم لە دروستی بدەین ، گوتاری میتافیزیکیش وەک بەشێک لە جەستەی فەلسەفە بەمانا کڵاسیکیەکەی دەچیتە ئەم خانەوە .
پڕۆپۆزیشنی دەر- واتا: ئەم جۆرە لەنێوان دوانەکەی دیکەدا جێدەگرن، وێنەی فاکتەکان ناگرن وەک جۆری یەکەم، وەلی بێواتاشنین وەک ئەوەی لەجۆری دووەمدا بینیمان ، ئەمانە پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکانن کە بەبڕوای ڤتگنشتاین سەرجەمیان هەمانبێژین ( تۆتۆلۆجی – تحصيل حاصل ) ، ئەمانە هیچیان نیە بۆ گووتن ، ئەوەی دەشیڵێن بە ناچاری دروستە . بۆ نمونە دەستەواژەی (ئاسمان ساماڵە یاخود ساماڵ نیە ) ، دروستە بەشێوەیەکی پێشینەیی (A priori) ، هەمان حوكميش دروستە سەبارەت بەوەی پێێدەگوترێت دژیەکی وەک دەستەواژەی ( ئاسمان ساماڵ و ساماڵ نیە ).تراکتاتۆس (461 – 4 و 464 – 4 و 1 – 6 و 11 – 6)
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە خاڵی هاوبەش لەنیوان جۆری دووەم و سێیەم ئەوەیە کە هیچیان وێنەی فاکتەکان ناگرن ، ئەم دوو جۆرە تەنها بوونێکی زمانەوانیان هەیە ، هیج پردێک بە واقیعەوە نایانبەستێتەوە ، بەپێی ڕێسا گشتیەکەی ڤتگنشتاینیش ئەوەی خۆیدەربخات و فاکت دەرنەخات ناتوانرێت بگوترێت ، ئەوەشی نەشتوانرێت بگوترێت پێویستە بێدەنگەی لێبکەین ، وەلێ جیاوازیشیان هەیە و لەبەشەکانی داهاتووداو لە شوێنی گونجاوتردا ئاماژەیان بۆ دەکەین .
3- فەلسەفە لە تراکتاتۆسدا
دوا ئامانجی تراکتاتۆس وەک لە پێشەکیەکەیدا ئاماژەیەکی سەرپێی بۆ کراوە بریتە لە دیاریکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت بگوترێت ، سەرەنجام دەسنیشانکردنی ئەو سنورەش کە پێویستە بێدەنگەی تێدا بکەین . بە بروای ڤتگنشتاین پڕۆپۆزیشنەکانە فەلسەفیەکان لە گوتن نەهاتون و لە بڕگەی ( 003 – 4 ) دا دەنوسێت : زۆربەی پرسیار و دەستەواژە فەلسەفیەکان ڕاست یاخود هەڵە نین ، بەڵکو بێواتان .. بۆیە بە بروای ئەو پێویستە فەلسەفە چاوببڕێتە شرۆڤە و ڕونکردنەوەی بیرۆکە و ئایدیاکان ، فەلسەفە ناشێت و ناکرێت خۆبە خۆ شتێک بڵێت ، تاکە کاری ئەو بریتیە لە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە گوتراوە ، بەواتایەکی دیکە فەلسەفە تەنها ڕەخنەگرتنی زمانە ( تراکتاتۆس : 0031 – 4 ) ، لە کۆتا بڕگەی تراکتاتۆسیشدا ( بڕگەی 7 ) کە زیاتر لە ئامۆژگاری دەچێت ڤتگنشتاین دەنوسێت : ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت لەبارەیەوە بدوێت، پێویستە بێدەنگەی لێبکات .

 میتافیزیک
بەشێوەیەکی گشتی فەیلەسوفەکان لە دیدگایەکی میتافیزیکیەوە گەشتە فەلسەفیەکانیان دەسپێدەکرد، وەلێ لە فەلسەفەی مۆدێرندا – بەتایبەت – شاهیدی ئاقار و ڕەتێکی تولانی فەلسەفین کە دژی بە میتافیزیک کاردەکات ، ئیمانوئێل کانت لە دیارترینی فەیلەسوفانی ئەم ڕەوتەیە و کتێبەکەی ( ڕەخنە لە ئاوازی پەتی ) یش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە ، وەلێ کانت پاش ئافەرۆز کردن و توڕهەڵدانی میتافیزیک لەدەرگاوە ، کەچی لە پەنجەرەوە و لەرێگەی چەمکگەلێکی وەک ( ئازادی ) و ( فەرمانی ڕەها ) و ( ویستی چاکە ) و چەندانی دیکەوە جارێکی دیکە میتافیزیک دەخزێنێتە نێو سیستمە فەلسەفیەکەیەوە . ئەم رەوتە درێژە دەکێشی و ڕادیکاڵتر دەبێت ، بەشێوەیەک لە بازنەی ڤیەنادا دەگاتە ئەوجی خۆی (5)، کاتێک کە فەیلەسوفانی بازنەکە بانگەشەی ئەوەیانکرد کە فەلسەفە تا ئەو سەردەمە بەم ( 3 ) جۆرە لە کێشەوە دەرگیر بووە : (6)
A – کۆمەڵێک کێشە و پرسیار دەربارەی بابەتە ئەزموونی ئیمپریکی ، ئەمانە کێڵگەی زانستە ئەزموونیەکانن .
B – هەندێک پرس و کێشەی پەیوەندیدار بەزمانەوە ، ئەمانە دەکرێت لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی چەمک و دەستەواژە و پڕۆپۆزیشنەکانەوە دەربازبین لێیان .
C – پرس و کێشەی میتافیزیکەکان ، کە بێوەڵامن .
بەمشێوەیە کۆڕ یاخود بازنەی ڤیەننا نەک هەر خۆیان لە میتافیزیک تەرێز دەکەن ، بەڵکو بەیداخی مەرگی فەلسەفەشیان بەرزکردەوە . ڤیتگنشتاینیش سەر بەم ئاقارە فەلسەفیەیە ، وەک ئاماژەمان پێدا لەلای ئەم جیهان ئەوەیە کە لەوێیە و کۆو تێکڕای فاکتەکانیشیەتی ، واتە ئەوەی هەیە فاکتە و هەڵکەوتەی لە ئارادابووە ، ئەم دیدگا ئۆنتۆلۆژیە بۆ جیهان بە تەواوەتی میتافیزیک دووردەخاتەوە ، بەوپێیەی فەکتەکان پێکەوەبەستنی شتەکانن . لێرەشەوە دەگەینە ئەو ئەنجامگیریەی کە جیهانێکی وەک جیهانی فۆڕمەکانی پلاتۆ و نۆمینای کانت و جیهانی ویست لای شۆپنهاوەر بوونی نیە ، ئەوەی هەیە ئەم جیهانە و فاکتەکانیەتی . بەکورتی میتافیزیک یاخوود وردتر بڵێین ئەو فۆڕمەی میتافیزیک کە هەڵگری بانگەشەی جیهانێکی دیکەی نائەستووییە جێگای نیە لە تراکتاتۆسدا .
ئاکار و ئێستاتیکا
بەبڕوای ڤتگنشتاین دەستەواژە و بنەما نۆرماتیڤەکان لەوانەن کە ناشێت بگوترێن ، ئەمەش دەرەنجام و لێکەوتەیەکی حەتمی چەسپاندنی تیوریای ( وێنەگری زمانە ). لەبەر ئەوەی پڕۆپۆزیشنە ئاکاری و ئیستاتیکیەکان ناتوانن وێنەی فاکتەکان بگرن . (تراکتاتۆس : 42 – 6 و 421 – 6 ).
ڤتگنشتاین پێی وابوو کە دوالیزمەی ( چاکە – خراپە ) ، بوونێک نین لە جیهاندا و خاسیەت و تایبەتمەندی جیهان نین ، جیهان لە خودی خۆیدا- گەر بۆمان هەبێت ئەم بێژە کانتیە وەگەڕخەین – نە چاکە نە خراپ ، نە جوانە نە ناشرین ، ئەوەشی سەرچاوە و کانگای چاکە و خراپە سوبێکتە ( Subject ) و ئەمیش سەر بە جیهان نیە. بەو مانایەی کە جیهان خالیە لە حوکمی ئەخلاقی ، لەبەر ئەوەی دواجار ئەخلاق و ئیستاتیک وابەستەی خوودن و خودیش سەر بە جیهان نیە ، ئەو وەک چاو وەهایە، شتەکان دەبینێ وەلێ خۆی ناکەوێتە بواری بینینەوە ( تراکتاتۆس : 41 – 6 و 631 – 5 و 63331 – 5 ).

لۆژیک
 پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکان هەمانبێژین
پێشتر ئاماژەیەکی خێرامان بۆ ئەەوەکرد کە لۆژیک لە تراکتاتۆسدا بریتیە لە هەمانبێژی ( تۆتۆلۆژی) و دژیەکی (پارادۆکس)، ئاماژەشمان بۆ ئەوەکرد کە ڕاستی و دروستی هەریەک لەم دوانە وابەستەی فاکتەکان نیە، پڕۆپۆزیشنە تۆتۆلۆژیەکان بە شێوەیەکی پێشینەیی دروستن و ناکۆکەکانیش نادروست ، یاخوود وەک ماک دونوە (Mc Dounough) دەڵێت : لە هاوبێژیدا ئێمە لەبەردەم ئاماژەدان بەخوود داین (7) ( Self- Reference ) ئاماژەدانیش بە خوود بەو مانایەی کە دەستەواژە لۆژیکیەکان هەڵگری وەڵامی ( ڕاست یاخوود هەڵە ) بوونی خودی خۆیانن بەبێ کاری بەراوردکاری لەتەک فاکتێکی دەرەکیدا .
نەگۆڕە لۆژیکیەکان نوێنەرایەتی هیچ ناکەن
هەرچەندە نەگۆڕە لۆژیکیەکان پەیوەندی و وابەستەیی لە نیوان پرۆپۆزیشنەکاندا دادەمەزرێنن ، بەڵام خودی خۆیان نوێنەرایەتی هیچ ناکەن . (تراکتاتۆس : 42 – 5 )
پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکان وێنەی جیهانن
لە بەشەکانی ڕابردوودا پرسیارێکمان وروژاند ، ئەویش ئەوەبوو کە بۆچی پڕۆپۆزیشنە دەرواتاکان ناچنە خانەی ( بێمانا ) وە؟ ! یاخوود جیاوازی چیە لە نێوان پرۆپۆزیشنە دەرواتا و بێواتاکاندا ؟
گەر بە وردی ڕۆبچینە ناواخنی تراکتاتۆسەوە دەبینین کە ئەم جۆرە لە دەستەواژە بەتەواوی خۆی لە جیهان دانەبڕیوە، لەڕاستیدا هەمانگۆی و ناکۆک بێواتانین، بەڵکو ئەوان سەر بە جیهانی سومبولین وەکچۆن سەر بە ڕێبازی سیمبولی ژمارەیە ، یاخود ئەوان دەرخەری لۆژیک و پەیکەری جیهانن. وبیرکاریش وەک میتۆدێکی لۆژیکی سەربەم جۆرەیە و هیچ دەرنابڕێت . ( تراکتاتۆس : 124 – 6 و 2 – 6  و 21 – 6 )
4- زانست وەک تاکە کایەی گوتراو
بە بڕوای ڤتگنشتاین جگە پڕۆپۆزیشنەکانی زانستە سروستیەکان سەرجەم پڕۆپۆزیشنەکانی دیکە بەتایبەت فەلسەفیەکان لە گوتن نەهاتوون، ئەو لە بڕگەی ( 11 – 4 ) دا دەنووسێت ( تێکڕای دەستەواژە پڕماناکان سەرجەمی زانستی سروشتە یان تێکڕای زانستە سروشتیەکانن ).
ئەوپرسیارەی کە خۆیقوتدەکاتەوە لێرەدا ئەوەیە کە ئایە خودی تراکتاتۆس لە گوتن هاتووە ؟ مەگەر خودی تراکتاتۆسیش لەدەرەوەی پڕۆپۆزیشنەکانی زانستە سروشتیەکان نیە ؟
کاڕل پۆپەر ( 1903 – 1994 ) بۆ خۆ دەربازکردن لەرەخنەیەکی هاوشێوە پەنا بۆ ئەوەدەبات کە پڕەنسیپی(8) ( فۆلسەفایبڵیتی Falsifiability) , کە بەبڕوای ئەو داوپێنگی جوداکردنەوەی زانستە لە نازانست دەکەوێتە بۆتەقەی فەلسەفەی زانستەوە نەک خودی زانست ، واتە ناتوانین ئەم پڕەنسیپە بەسەر خۆیدا بچەسپێنین ، لەبەر ئەوەی ئەوە زانستە کە دەبیت ملکەچی ئەم پڕەنسیپە بێت نەک فەلسەفەی زانست .
هەرچی ڤتگنشتاینە بەمشێوەیە دەرگیری ئەم پرسە دەبێت و لە برگەی ( 54 – 6 ) دا دەنووسێت : دەستەواژەکانم بەو رێگایە ڕووندەکەمەوە ، کە کەسێک لەمن تێدەگات لە کۆتایدا بەبێ واتایان دەزانێ، ئەگەر بەهۆیانەوە سەرکەوێتە سەرەوە تێیان دەپەڕێنێ ( ئەو دوای ئەوەی کە سەردەکەوێ وەک پەیژە پڕێی دەدات ) .

1- بۆ زیاتر بڕوانە : لودفيك فتغنشتاين, تحقيقات فلسفية , ترجمة : د . عبد الرزاق بنور , مركز دراسات الوحدة العربية , بيروت 2007 , الفقرتان (1 و 2).

2 – بە گوێرەی ئەم بنەمایە ناتوانین بوونەوەر و شتەکان بەبی هیچ بیانوویەک زیاد و فرە بکەین . بۆ زیاتر لەمەڕ ئەم پرەنسیپە  بڕوانە :  جميل صليبا , المعجم الفلسفي – الجزء الثاني . دار الكتاب اللبناني . بيروت , 1982, ص ٤٦٩.

3- لۆدڤیگ ڤتگنشتاین، توێژینەوەیەکی لۆجیکی فەلسەفی ( تراکتاتۆس ) وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە : د . حەمید عەزیز ، ناوەندی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی ، ٢٠١٥.

4- جعفر الحسيني , معجم مصطلحات المنطق ( عربي – انجليزي – فرنسي ), دار الاعتصام للطباعة والنشر , ب.س.ن, ص65.

5- لەساڵی ١٩٢٩ نامیلکەیەک لە ژێر ناونیشانی (تێگەیشتنی زانستیانەی جیهان-کۆڕی ڤیەننا) بڵاوکرایەوە ، لە پێشەکیەکەیدا ناوی هەر یەک لە (هانزمان، ئۆتۆنیوران، ڕۆدۆڵف کاڕناب) هاتووە، ئەم نامیلکەیە یەکەم مانیفێستی (بازنەی ڤیەننا) بوو بەسەرۆکایەتی (مۆریتس شلیک)، وتێایدا نیگەرانی خۆیان لەمەڕ بڵاوبوونەوە و پەخشبوونەوەی هزری میتافیزیکی و لاهوتی دەربڕیوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە : د . حەمید عەزیز ، فەلسەفەی سەردەم لە ئەوروپا ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات ، هەولێر ، ٢٠١٢، ل ١٦٠ و دواتر.

6- – هەمان سەرچاوەی پێشوو ، ل ١٦٤.

7- Mc Dounough, The Argument of the Tractatus, state University of New York, 1986, P.7.

8- بە گوێرەی ئەم بنەمایە بانگەشەیەک زانستیە گەر هات شیمانە و ئەگەری بەهەڵەخستنەوەی لەخۆگرتبوو .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت