عومەر ئیزدخواە : میدیای کوردی و نەتەوایەتی ، پیشەیی بوون .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

میدیا وەک ئامرازێکی گرنگی دەسەڵات و ، وەک ئەوەی کە بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە بە تایبەت لە قۆناغی ئێستادا کە بە توانایەکی بەهێز لە وەرگێڕان و ئاراستەکردنی رووداو و پرس و دۆز و بابەت و دیاردە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی پێ جیا دەکرێتەوە ، ئاخۆ میدیای کوردیش لە ئاست پرسە نێوخۆییەکان و لەسەرووی هەموو پرسەکانیشەوە ، بە تایبەت پرسە نەتەوەییەکانی هەر کام لە چوار بەشەکانی کوردستان لە چ ئاستێکی پێویستی ئەو ئامانجانە و لەلایەکی ترەوە لە چی ئاستێکی خواست و تێگەیشتنی ئێستای تاک و جەماوری کۆمەڵگای کوردی دایە ؟
گرنگی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرێ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەبینین راگەیەندنە کارا و کاریگەرەکان و ئەوانەی کە جۆرێک لە رۆڵی سەرکردایەتی دەبینن بۆ تۆڕێکی فراوان و ئاڵۆزتر و شۆڕبووەوەی میدیاکانی خوار خۆیان تا لە کۆتاییدا دەگاتە بڵاوکراوە کەسییەکان ، وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ رووداو و پرسەکان ناکەن ، بەڵکو زیاتر دەیانەوێ رۆڵی دروستکەر یان بچوککەرەوە و داپۆشەر یان گەورەکەر ببینن ، ئەوە لە کاتێکیشدا خودی ئەو بانگەشەیەی کە بەجۆرێک میدیاکان دەیکەن و لەزۆر کاتتدا وەک شانازیەک باسی لێوەدەکەن و لەزۆرترین حاڵەتیشدا ئەو راگەیەندنانە و تەنانەت ئەو هێزە سیاسیانەشی کە لە پشتیانەوەن نەتەوەیی بوون بە ئەولەویاتی ئامانج و کرداریان دەزانن . لە لایەکی دیکەشەوە لە ئێستادا تێگەیشتنی جەماوەر ( وشیاری ) زۆرینەی تاکی کوردستان هەرچەندە لەو لایەنەوە لە ئاستێکی پێویست نیە ، بەڵام گۆڕانێکی ئەوتۆ لە تێگەیشتن و خوێندنەوەی جەماوەر بۆ رووداوەکان هاتۆتە ئاراوە ، کە بەرە بەرە لە دیاریکردنی سەرچاوەیەکی دیاریکراوی میدیا بۆ گواستنەوەی هەواڵ و شیکردنەوەکان دوور دەکەونەوە بەرەو پشت بەستن بە سەرچاوەی هەواڵی جیاواز و بەردەوامیش ئەو هاوکێشەیە بەو ئاراستەیە دەبێت ، وە لە لایەکی تریشەوە رۆڵی زیادبوونی رکابەری نێوان دەزگای میدیایی زیاتر و بەربڵاوتر ، کە رەهایی مامەڵەی میدیا لە ( دروستکەر ، گەورەکەر ، داپۆشەر ، بچوککەرەوە ) بە راددەی زۆر کەم دەکاتەوە .
هەرچەند ئەو دۆخەی کە باسی لێ وەدەکەین هەرچی بە نیسبەتی وشیاری جەماوەرە لە ئێستادا لە قۆناغی دروستبوون و کامڵبوون دایە و تا ئێستاش میدیاکان بەجۆرێک توانای شاردنەوە و دروستکردنی رووداو و پرسەکانیان بە باشی هەیە و تا راددەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوونە !! ، کە ئەوە یەکێکی دیکەیە لە گرنگی ئەو پرسیارەی کە لەسەرەتا وروژاندومانە ، چونکە لە حاڵەتی نەبوونی کاریگەری ، وروژاندنی وەها بابەتێک رێژەی پێویستی بوونی دەچێتە ژێر پرسیارەوە .
لە قۆناغی پێش ئێستادا ، میدیاکان بە ئاسانتر و دەستکراوەتر بڵاوکردنەوە و شیکردنەوەی رووداو و پرسەکانیان دەخستە تای تەرازوی ئامانجە نا نەتەوەییەکانیان لە ئەگەری بڵاوکردنەوە و بڵاونەکردنەوە و وروژاندن هەرچەند هەستیشی پێنەکرابێ .
ئەوەی باسمان کرد تەنها لەبەرچاوگرتنی ئامانجە نەتەوەییەکان بوو ، بەڵام بەدەر لەوەش ( پیشەیی بوون ) ی میدیاکانە ، چونکە ئەوەی لە میدیا کوردیەکانەوە بەدی دەکرێت ، بەڕێژەی بەرز خۆبواردنە لە بنەماکانی بابەتی بوون و راستگۆیی و بەپیچەوانەشەوە تەڵقیندان بە بنەمایەکی گرنگ و جێ بایەخە ، کێشەی گەورە لەوە دانییە کە میدیا حیزبیەکان بەجۆرێک نا پیشەیی و نا بابەتین ، چونکە هەموو میدیایەکی حیزبی ئەرکی سەرەکی بریتیە لە خزمەتی پارتەکەی ، بەڵام ئەوە زیاتر کێشەیە بریتیە لە نا پیشەیی بوونی ئەو میدیایانەی کە بەجۆرێک بانگەشەی سەربەخۆیی بوون دەکەن یاخود لەژێر سێبەری حیزبەکان دان یان لەوەش نەرێنی تر بریتییە لە نا پیشەیی بوونی ئەو میدیانەی کە ئەصڵەن هیچ پێویستیەکی ماددی و داراییان بە هێزێکی سیاسی نیە ، کەچی خۆی دەکات بە سێبەر و داردەستی هێزێک یان چەند هێزێکی دیاریکراو و زیان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەگەیەنێ .
لە راستیدا راگەیاندنە کوردیەکان ( بینراو ، بیستراو ، نوسراو ) لەسەرووی هەموویانەوە تیڤیەکان و پاشان ماڵپەڕ و ئاژانس و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤار و … هتد . نەیانتوانیوە بە ئاستێکی پێویستی نەتەوەییانە رۆڵ بگێڕن لە ئاستی پرس و رووداوەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ، بەڵکو کەمتر خزمەتیان لەو لایەنە کردووە ، هەرچی لە ماوەی رابردوو تا ئێستا بینیومانە ، لەوانەش وروژاندن یان بڵاوکردنەوەی هەواڵ یان هەڵویستەکردن لەسەر ئەو رووداو و پرسانەی کە هاتوونە ئاراوە لەلایەنی نەتەوەییانەو و بزاوتی نەتەوەیی کوردی ، زۆر نمونەمان لە میدیاکان هەیە کە دابەش دەبن بە دوو بەرەی ( خۆلێدان ، خۆبواردن ) ، کە کێشەی گەورەتریش لەوەدایە هەرچی ئەو میدیای کە خۆی لە بابەتێک دەدات زۆر بە توندی دەیگرێت و بێ سنور و رەها توانای خستنەروو و کشاندنی بابەتەکەی هەیە و هەرچی خۆیشی لە بابەتەکە دەبوێرێ خۆبواردنەکەی تا ئاستی زۆر کەمە بەجۆرێک دۆخێکی نەرێنی لەلای جەماوەر دروست دەکات لە مەڕ رووداوەکان ، جوانترین نمونەش بۆ ئەوە ئەو رووداوانەیە کە لە رۆژئاوا یان لە باکوور یان لە رۆژهەڵات دێنە ئاراوە میدیاکان بە تایبەت کە بەهێزترین میدیا ( بینراو و بیستراو )ەکان دەکەونە باشوری کوردستانەوە ، ئەوا وەک پێویستیەکی نەتەوایەتی و لەلایەکی تریشەوە وەک پێویستیەکی پێشەییانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو رووداو و پرسانەی کە نزیکن و پەیوەستی زۆریان بە هەرێمەکەوە هەیە .. مامەڵە ناکەن ، هەرچی لە (دروستکەر ، گەورەکەر ، داپۆشەر ، بچوککەرەوە ) هەروەها ( خۆلێدان ، خۆلێنەدان ) بە سەنگینی تیایاندا بەرێژەیەک رەنگی داوەتەوە .
لە راستیدا ئەو حاڵەتەش رووبەڕوویە لەگەڵ بەڕوشاخانێکدا کە لە پێشتریشدا باسمان کرد ، کە ئەویش دروستبوونی تەحەدایەکی ئەوتۆ لە بەرزتربوونەوەی وشیاری زیاتری تاکی کوردی لەمەڕ رووداو و دیاردە و پرسەکانە ، لە هەر نمونەیەکدا کاتێک دەزگایەکی میدیایی دەیەوێ بابەتێک پەردەپۆش یان گەورە بکات ، ئەوا دۆخکە تا راددەیەکی زۆر وەکو پێشوتر نەماوە کە بە رەهایی بەو شێوازە راگەیاندنەکان مامەڵە بکەن ، لە ئێستادا ئەگەر دەزگایەک بیەوێت پرسێک گەورە بکات ئەوا جەماوەر تا سنورێکی دیاریکراو گوێی بۆ دەگرن و دواتر وازی لێ دێنن و هەوڵی زیاتر دەدەن لە گەڕان بۆ راستی رووداوەکان و ئاستی پرسە نەتەوەیی و هەستیاریان ، هەروەها لە حاڵەتێکیش ئەگەر دەزگایەک بیەوێت پرسێک پەردەپۆش بکات یان خۆی لێ ببوێرێ ئەوا جەماوەر بای ئەوەندە هۆشیاری هەیە کە هەم هەڵوێستی دەزگاکە هەڵبەسنگێنێ و هەمیش رووداوەکە و راستیەکانی لە زۆر سەرچاوەی ترەوە بزانێ .
ئەوەی باسمان کرد دەکرێ قسە و باسێکی زۆر هەڵبگرێ ، بەڵام بە کورتیەکەی ئەوەی مەبەستی ئێمەیە زیاتر ئەوەیە کە دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان ( بە تایبەت ئەوانەی بانگەشەی نەتەوەیی بوون و پیشەیی بوون دەکەن ) جۆرێک لە لادان لەو بانەگەشەکانیان بەدی دەکرێ کە جەماوەریش هۆشیارترە و تا راددەیەکی باشتر تێ دەگات .
تێبینی // مەرج نییە ئەو نەرێنیانەی کە باسمان لێوەی کرد بە رێژەی رەها لە دەزگاکاندا بوونی هەبێ ، بەڵکو روومان لە زۆربەی راگەیاندنەکانی هەر چوار بەشی کوردستانە و ، دەکرێ ئەوش بە ڕێژەی کەم تا زۆر رەنگ بداتەوە لەهەر کام لە ناوەندەکانی میدیای کوردی ، وە پێویستە ئەوەش بزانین کە زۆربەی پارتە سیاسیەکانیش بە تایبەت لە قۆناغی ئێستادا بانگەشەی توندی ئاراستەیەکی نەتەوایەتیانە دەکەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت