ڕەسوڵ بۆسکێنى : نەهامەتیەکانى جەنگى داعش و شکۆى ژنانى ئێزدى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدێر زەمانەوە توندوتیژى و پەلاماردان و دەستدرێژى سێکسى لەکاتى جەنگ و شاڵاوە سەربازیەکاندا بۆتە ئاکارێکى دیار و دیاردەیەکى ئاسایى ، چاوپۆشى و گوێ نەدان بەم کردەوە دزێوەى جەنگاوەران لە کاتى جەنگەکاندا وەک خەڵات و بەخششى فەرماندە باڵاکان بۆ سەربازەکان سەیرکراوە ، ئەگەر ڕێگا دان بەئەنجامدانى ئەم کارە لەڕواڵەت دا تێرکردنى ئارەزووى جەنگاوەرەکان بێت بۆ سەرمەستى و سەرنجڕاکێشان بەلاى ڕەوایى شەڕدا بەمەبەستى بردنەوەى گرەوى جەنگەکان ، بەدیوەێکى دیکەدا نەهێشتنى ورە و خۆڕاگرى لایەنى بەرامبەرە ، لەوەش هەورازتر شکاندنى شکۆى دوژمنە ، سەرەڕاى ئەوەى ئەمە وەک ئامانجى سەرکەوتن و دەستکەوتى جەنگە سەربازیەکان سەیر کراوە ، لەلایەکى دیکەش لە تێڕوانینى کۆمەڵایەتى دا ژن هەمیشە وەک شەرەفى پیاو هەژمار کراوە ، ئەگەر ڕەوایەتى دان بە توند و تیژى و پەلاماردان و دەست درێژى سێکسى لەکاتى جەنگ و شاڵاوە سەربازیەکاندا وەک دژایەتى و شکاندنى شکۆى دوژمن سەیر بکرێت ، لەهەمان کاتدا پێشێل کردنى مافى مرۆڤ و شکاندنى شکۆى ژنانە ، ئەم ئاکارە قێزەونە لە وڵاتە دواکەوتووەکان هەمیشە دووبارە دەبێتەوە و زۆر جاریش وەکو ئازایى و شانازى لێى دەڕوانرێ . دیارە خەسڵەتەکانى جەنگ لە وڵاتە دواکەوتوەکان بەپێى بنەماکانى یاساى جەنگ و پڕۆتۆکۆڵە نێو دەوڵەتیەکان بەڕێوەناچێت ، چونکە ئەو جەنگانە جەنگى دەوڵەتى پێشکەوتوو هێزى سەربازى جیهانى نین ، بەڵکو شەڕى گروپى تیرۆریستى و گروپى توندڕەوى ناوچەیین ، پەیوەست نین بەو ڕێسا یاساییە نێو دەوڵەتیانەى وڵاتانى بەشدار لە پڕۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیەکان لەسەرى ڕێک کەوتوون کە لەبارودۆخى جەنگدا ڕەچاوى ئەوە دەکات مافى مەدەنیەکان و ژن و منداڵ و پەک کەوتەکان نەکرێنە سوتەمەنى جەنگ ، لەبەر ئەوە کۆنتڕۆڵ کردنى ئەو ڕووداوانە لەبەرەکانى جەنگ کارێکى ئەستەمە .
لەگەڵ چاوەڕێ بوونى شاڵاوى جەنگ و پێشبینى هێرشێکى فراوانى چەکدارانى داعش گوێ پێنەدان و کەمتەرخەمى و نەکارایى هێزە ئەمنیەکان لە ڕووداوەکانى کەوتنى شەنگال بەدەستى چەکدارانى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش هەمووانى تووشى شۆک کرد ، کاتێ هێزى پێشمەرگە بێ هیچ بەرگریەک کشایەوە و خەڵکى ناوچەکەیان لەناو ئازار و مەینەتیەکى قوڵى کارەساتبار بۆ دڕندەیى دەوڵەتى ئیسلامى بەجێ هێشت ، بێ متمانەیى خەڵک و کشانەوەى گوماناوى پێشمەرگە هەموو ئەگەر و هیوایەکى بۆ بەرگرى لە شەنگال لە گۆڕنا . تۆمەتبارکردنى بەرپرسە ئەمنیەکان بەخیانەت کردن لەئەرکى خۆیان و بەجێ هێشتنیان لەناو کارەسات و نائومێدى دا بۆ سوپاى دەوڵەتى ئیسلامى دۆخێکى خەمهێنەرە . ئیتر هەموو شتێک هەرەسى هێنا ، لە ڕۆژى 3-8- 2014 تیرۆرستانى داعش پەلامارى ناوچەى ئێزدیەکانى شەنگالى داو وەک کوللەى برسى پەلامارى هەموو شتێکى وڵات و سروشت و ژیانیان دا و هەموو شتێکیان وێران کرد ، ئەوەى نەیتوانى بەرەو بەرزایى چیا لەدەستى سوپا دڕندەکەى داعش دەربازى بێت کەوتەبەر شاڵاوى تاڵانى و سوتاندن ، کوشتارى بەکۆمەڵ ، دەست درێژى بۆ سەر کچان و ژنانى پاکیزەى ئێزدى ، ئەمەش لەبیرى ئێزدیەکاندا دەچێتە پاڵ کۆمەڵکوژى و لەناوبردن و فەرمانێکى نوێى ئێزدى یەکان .
ئەگەر توندوتیژى و دەستدرێژى سێکسى لە جەنگە سەربازیەکانى نێوان هێزەکان لەڕابردوودا بەبێ دەنگى و دوور لەچاوى جیهانى دەرەوە ئەنجام درابێ ، ئەوا لەکاتى سەرهەڵدانى پەلامارە قێزەونەکانى دەوڵەتى ئیسلامى هەموو پێوانەیەکى شکاند و لەهەموو داب و نەریتێکى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى تێپەڕاند ، بەناوى جیاجیا و بە فۆڕمى ئایینى جیاواز لەژێر ناوى جیهادى نیکاح و غەنیمە و سەبایا و چەندین ناونیشانى تر گەورەترین تاوان و نەهامەتى دەرهەق بە ژنانى ئێزدى لەشەنگال پەیرٍەو کرا ، ئەم تاوانە ئاکارێکى قێزەون و قوربانیدانى ژنانى ئێزدى لەجەنگى دەوڵەتى ئیسلامى لەژێر پەردەى ئایین دا پەڵەیەکى ڕەشە بەتەوێڵى مرۆڤایەتیەوە . ئیتر دانیشتوانى شارەکە لەماوەیەکى کەمدا دەیان گەنجیان لێ کوژرا و نەیانتوانى بەرگرى لە ژن و کچانیشیان بکەن لەترسى ئەوەى نەکو بەدژى بەرگرى کردنیان بیانکوژن ، سەدان ژن و کچیان وەک غەنیمە و کەنیزەک و دەستکەوتى جەنگ بەدیلى بران بۆ گرتوخانەکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە موسڵ ، مەگەر ژمارەیەکى کەمى ئێزدیەکان لەشاڵاوى داعش ڕزگاریان بوو ، ئەگینا ئەوانەش خۆیان حەشاردا بوو لەلایەن دراوسێ نائێزدیەکانى ئەندامى داعش بەمەبەستى بەدەست هێنانى غەنیمە و دەستکەوت ئاشکرا کران و درانە دەست چەکدارانى داعش ئەم کردەوە ناپەسەندە ئاکارێکە ڕیشەى تۆڵەسەندنەوە بۆ چەندین ساڵیش دواى داعش زیندوو دێڵێتەوە .
توندوتیژى چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى بەشێوەیەک مامەڵەى لەگەڵ ئێزدیەکان کرد سەرجەمیان بە مەرگ مەحکوم کردن تەنانەت ئەوانەشى گرتەوە ئیسلامەتى خۆیان ڕاگەیاند بوو ، لەنێو دنیایەک ترس و تۆقاندن و دارمانى بارى دەرونى ژنە ئێزدیەکان داوایان لە پیاوەکان دەکرد بیان کوژن بۆ ئەوەى لەم شەرمەزاریە ڕزگار ببن .
شکۆى ژنانى ئێزدى سەروەرى و شکۆمەندى نەتەوەیەکە دەبوایە چەکدارانى دەوڵەتى ئیسلامى ئەوە بزانن هەروا بەئاسانى لەبەرى دەرناچن ، کەچى سەرەڕاى بەڵێندانى داعش بەئەمانیان دەنگۆى ترس و تۆقاندن و خەمهێنەرى وایان بڵاوکردەوە بەمەبەستى دروست کردنى ئاڵۆزى و چاندنى ترسێکى قوڵ لەهەستى خەڵکدا . لێرەوە نەهامەتیەکان دەستیان پێ کرد چەندین کچ و ژن دەستدرێژى سێکسیان کرایە سەر و دوایش کوژران ، سەرەڕاى کوژرانى بەکۆمەڵى گەنجانى ئێزدى ، بەپێى ئامارەکان نزیکەى پێنج هەزار ژنى ئێزدى ڕفێنران و زۆربەیان لەموسڵ و ڕەقە لەبازاڕى فرۆشتنى کەنیزەک فرۆشران ، بەپاساوى ئەوەى جیهادیەکانى دەوڵەتى ئیسلامی مافى خۆیانە ژنانى کافران وەک غەنیمەى غەزا و کەنیزەک بەکارێنن مادام ئامادەنین موسڵمان ببن .
ئەگەر پیاوان لەجەنگدا دەبنە قوربانى ئامانجەکان و گیان لەدەست دەدەن ، ئەوا ژنان بەگشتى و ژنانى ئێزدى گەورەترین قوربانى جەنگى سەربازین وەک لە چیرۆکە هەست تەزێن و جەرگ بڕەکاندا بۆ هەموومان ئاشکرایە ئەوان هاوسەر و خۆشەویستەکانیان لەدەست داو بێ کەس و ماڵ وێران منداڵەکانیان بەبەرچاویانەوە ڕفێنران و خۆشیان بەدەست چەکدارە پەیڕەوکارە دینیەکانەوە شکۆیان دەشکێنرێت ، ئەوان لەلایەک بۆ لەدەستچوونى ئازیزان و لەلایەکى دیکەش بۆ قوربانى و نغرۆ بوون و تێکشکانى خۆیان لە تاسان و خەمێکى قوڵى سەرسامکەردا نقوم بوون ، هەرچەندە نەتەوەى کوردى دلێر هەقى خۆى بەسەر هیچ دوژمنێکەوە ناهێڵێ ، بەڵام ئەم ئازار و دەردەسەریە دەبێتە جەنگێکى دەروونى درێژخایەن بۆ هەمیشە کاریگەرى لەسەر یادەوەریان دەبێت و وا بەئاسانى ئەم گرێ دەروونیە ساڕێژ نابێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت