Zimnako

زمناکۆ ئیسماعیل : میدیا وەک شکێنەرێکی ئاسایشی نەتەوەیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لە بنەما بەرزەکانی میدیا پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە ، کەدەبێت میدیا لەچوارچێوەی کاری خۆیدا بیپارێزێت و هەرگیز دەست بۆ ئەو بابەتە میدیاییانە نەبات کە دەچێتە چوارچێوەی شکاندنی ئاسایشی نەتەوەیی ، خۆ ئەگەر میدیایەک بەناوی سەربەخۆو کاری میدیای ئازاد ، رەچاوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی نەکرد ، بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە کارەی دەچێتە خزمەتی لایەنێکی رکەبەرکاری نەتەوەکەی .

لەڕوانگەی سیاسیی و سەربازییەوە بەو جۆرە کارکردنە دەگوترێت ” سیخوڕی میدیای “.، هۆکاری ناوهێنانی ئەو جۆرە کارکردنە بەو زمانە زبرە ، ئەوەیە کە میدیای ناوبراو ، لە چوارچێوەی کاری میدیای خۆی دەرچوەو شێوەکارکردنی خۆی ، خستۆتە خزمەتی نەتەوەو ووڵاتێکی دیکە.
لەڕوانگەی رۆژنامەنوس و میدیاکارەوە، بەو شێوە کارکردنە دەگوترێت ” هەڵەی میدیای و لادان لەبنەماکانی کاری میدیایی “.، هەڵەی میدیای لەویادا بەمانای ئەوە نایەت کە ئەوە کارێکی ئاساییە ، بەڵکو بەمانای ئەوە دێت کە ئەو جۆرە هەڵەیە ، لادانە لەبنەمای کاری میدیای لەچوارچێوەی پارێزگاری نەکردن بە ئاسایشی نەتەوەیی .
لەڕوانگەی نیشتیمان پەروەرو نەتەوەچی و کۆی گشتی شەقام و زمانی هاوڵاتیانیشەوە ، بەو جۆرە کارکردنە دەگوترێت ” خۆفرۆشی “. کەئەوەش بەمانای ئەوە دێت ، کە زانیاری نەتەوەو ووڵات ، لەسەر بنەمای کاری نا ئەخلاقی میدیای دەبەخشرێت بە هێزو لایەن و ووڵات و نەتەوەیەک ، کە لەگەڵ بنەمای نەتەوەیی و کاری نیشتیمانپەروەری هاونیشتیمانیان نایەتەوە یەک ، هۆکاری ناوهێنانی ئەم جۆرە ووشەیەش ، دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاری نەکردنی ئەو میدیاکارەی لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی لائەدات .
کەواتە لێرەدا سێ پێکهێنەری سەرەکی کۆمەڵگا ، کۆک و هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی ، خزمەتکردنە بە رکەبەرکاری نەتەوەو نیشتیمانەکەمان ، کەلەو روانگەیەوە زەرەرمەندی سەرەتاو کۆتایی ، هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیانی نەتەوەو گەلەکەمانە .
چەناڵی روداو رپۆرتێکی رۆژنامەوانی کردوەو لەڕێچکەی شاشەکەیەوە سەرجەم بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کەشف دەکات ، لەو ڕاپۆرتەیدا بەڕونی باس لەوە دەکات ، کە بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان دەکەونە چ ناوەندێک و چ جێگایەک ، لەهەمانکاتدا باس لەوە دەکات کەچەند گوند پەکەکەی لێ نیشتەجێیە و ناوی گوندەکان و ناوی سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گەریلاش دەخاتە سەر شاشەکەی ، ئەوەش لەژێر پەردوی ئازادی راگەیاندندا دەکات .
ئەو راپۆرتە شیکارییەی چەناڵی روداو، بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی تێدا نییە ، بەبڵاوکردنەوەشی ئەم زەرەرانەی لێدەکەوێتەوە.
یەکەم : زۆرترین گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستان دەکەونە بەردەم بۆمببارانی سوپای بێگانە ، کەبەو هۆیەشەوە کوشتارو بریندارو ماڵوێرانی زۆری لێدەکەوێتەوە .
دوهەم : زۆرترین قوربانی هاونیشتیمانیانی کورد دەبن ، کە جگە لە کوژرانیان بەهۆی بۆمببارانکردنەوە ، رێژەیەکی زۆریشیان بریندارو کەمئەندام دەبن ، کەئەوەش هەم باری ژیانی ئەو هاونیشتیمانیانە قورس دەکات ، هەم باری سەرشانی گەل و حکومەت .
سێهەم : سوتاندنی رەزو باخ و تێکچونی گوندو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە ، کەرەنگە بۆ ماوەیەکی زۆر دور نەتوانرێت ئەو ناوچانە ئاوەدان بکرێنەوە.
چوارهەم : راگواستنی خەڵکی گوندەکان و ئاوارەبونیان و تێکچونی ماڵ و شوێنیان ، کە بەو هۆیەشەوە دیمۆگرافیای نیشتیمان تێکدەچێت .
پێنجهەم : کاتێک گوندەکان کەوتنە بەرشاڵاوی سوتاندن و بۆمبارانکردن ، هەم فشاری دانیشتوان لەسەر شارو شارۆچکە ( قەزا ) و شارەدێ ( ناحیە ) دروست دەبێت ، هەم گرانی و کەمئیشی و کەمدەرامەتی لەنێو هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیان زیاتر دەبێت .
شەشهەمین : بەهۆی ئەوە هەڵە میدیاییەوە شۆڕشی ناوچەیەک دەکەوێتە ژێر گوشاری سەربازییەوە کە رەنگە بەدەیان پاکڕەو ( شەهید) لەو پێناوەدا بدرێت ، کە دواجار خوێنی پاکڕەوان ( شەهیدان ) دەکەوێتە ملی ئەو چەناڵەی کە بنکەو بارەگاکانی ئەو شۆڕشە دەدرکێنێت .
حەوتهەمین خاڵ و کۆتایی : ئەم جۆرە راپۆرتانە ئامانجێکی دیکەی دوژمن دەپێکێت ، ئەویش بەیەکدادانی کوردو کردنێتی بەدوژمنی یەکتر ، بۆ نمونە ژنێکی جوتیاری باکوری کوردستان ، خاوەنی 3 کوڕو دو کچە ، کوڕێکی گەریلایەو بەهۆی کەشفکردنی بنکەو بارەگاکانی گەریلاکانەوە لەلایەن چەناڵێکی هاونیشتیمانەکەی بۆ دوژمن ، کوڕەکەی پاکڕەو ( شەهید) دەبێت ، خۆ ئەگەر ئەو ژنە جوتیارەش نەتوانێت تۆڵە لەو چەناڵە بکاتەوە ، رەنگە رۆژێک لەرۆژان لەرقی بە پاکڕەودانی براکەی ، کیژێکی ئەو خاتونە جوتیارە ببێتەوە بەچەکدارو بەگەریلا و لولەی تفەنگەکەی بکاتە پێشمەرگەو بەو هۆیەوە کوڕی هەژاران ببنە خۆراکی نابەرپرسیارانەی کاری میدیای چەناڵێکی هاونیشتیمانی خۆی .
ئەو خاڵەی کۆتایی بەخەون و نوکتە مەزانن ، بەبیرتان دێت شەڕی ناوخۆ لەسەر قازێک دروست بو ، 50 ساڵ ئەم نیشتیمانی بردە دواوە ، ئێستاشی لەسەر بێت من و تۆی خوێنەری ئەم بابەتە باجی ئەو قازە نەفرەتییە ئەدەین .
ئەی لەیادتان چوو ریزە دوکانێک بو بە پشکۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و جگە لە تیاچونی دەیان گەنجی ئەم نیشتیمانە خێر لەخۆ نەدیوە ، بەسەدان گەنجی کرد بە کۆیلەی حیزب و کۆیلەی ئیشکردنە قورسەکان و کۆیلەی کۆچکردن و کۆیلەی ناهۆشیاری .