شێرزاد شێخانی : بۆ یەكێتی و گۆڕان ـ بەسە ئەو هەمو ئیهانەیەی پارتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەستەمۆی پارتی بون و بەشداری كودەتایەكەی 30 حوزەیرانیان كرد ، پارتی روژ لەدوای روژ كاری بۆ سەپاندنی حوكمی دیكتاتۆریانەی خۆی كردوە بەسەر هەرێمەكەماندا .. لەوساوە ئیدی پارتی هیچ هێزو حزبێكی ئەم كوردستانەی بەپیاو نەزانیوەو بەكەیفی خۆی سیاسەتی كردوەو كەسیش نەیوێراوە لەبەرامبەریدا فززەیەك بكات . هەڵبەت چەندین هۆكار هەن بۆ ئەو دەستەمۆ بونەی یەكێتی ، لەسەرویانەوە نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دوركەوتنەی لەگۆڕەپانی سیاسی و ، تەشەنەكردنی ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی ، لەمانەش گرنگتر سەركەوتنی پارتی لەكڕینی ویژدانی هەندێ لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بەپرۆژەی ئابوری و بەتۆماری فیدیۆیی لەسەر هەندێكیان . بەمەش پارتی توانی یەكێتی لەزۆربەی هەڵوێستە سیاسییەكانی بكاتە شەریك ، بەتایبەتیش سیاسەتەكانی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتە دیكتاتۆرییەكەی .. كودەتای 30 حوزەیران ئیرادەی سەربەخۆی یەكێتی لەباربرد ، چونكە ئەمكارە رێك كودەتایەك بو پێچەوانەی هەمو یاساو ڕێساكان ، هەوڵێكیش بو بۆ بەدیكتاتۆریكردنی دەسەڵات لە هەرێمدا .
لەدوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەی یەكێتی وگۆران لە 17/5 ئیدی وەكو كاك نەوشیروان ئاماژەی پێدا تەرازوی هێزەكان گۆرانیان بەسەرداهات . هێشتا ئەم گۆڕانكاریە بەتەواوی جێگیر نەبوە ، بەڵام سیماكانی دەركەوتون لەو وەفدە هاوبەشانەی سەردانی لایەنەكان ئەكەن و لەدامەزراندنی لێژنەی هاوبەش و یەكخستنی فراكسیۆنەكان ، ئەمانە بەگشتی ئاماژەن بۆ گۆرانكارییەكی گەورە لە هاوكێشەی سیاسیدا و لەئاییندەیەكی نزیكدا ئەم هەنگاوانە ئەبنە ئەمری واقیع ، ئەمەشە تۆقی پارتی بردوەو شێت و هاری كردوە بەشێویەك ئێستا بەرپێی خۆیشی نابینێت ، رۆژ لەدوای رۆژ هەڵوێستی ناشرینی سیاسی ئەنوێنی و بەئاشكرا شێتبونی خۆی ئەسەلمێنێت .. دوایین هەڵوێستیشی لەسەر رەتكردنەوەی كۆبونەوە بو لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان .
دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەروخساریەوە دیاربو كەوا حزبەكەی بەجوڵەكانی یەكێتی و گۆڕان و ناردنی وەفدەكەیان بۆ بەغدا زۆر تێكچوە ، بەدڵشكاویەوە نەوەك بەدڵشادیەوە وتی : بابچن لەگەڵ عەبادی و مالیكی كۆ ببنەوە . ئەمەش نیشانەی بێزاری و بێ ئومێدیانە .
هیچكات گۆمانم لەوەدا نەبوە كەوا بەشێكی زۆری ئەو كێشەو قەیرانانەی ئێِستا بەرۆكی میللەتەكەمانی گرتوە ، بەرپرسیاریەتیەكەی ئەكەوێتە ئەستۆی یەكێتییەوە . پێموایە هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی بەتەحدیدیش ئەوانەی خۆیان و شەڕەف و خەباتی رابردویان فرۆشتۆتە پارتیەوە ، ئەمانە بونە هۆی ئەوەی پارتی ببێتە كەڵەگا بەسەر میللەت و هێزە سیاسیەكانەوە . ئەگەر ئەمانە هەر لەسەرەتاوە دژی خواستەكانی پارتی بوەستنایەو رێگرییان لەكارە نایاساییەكانی بكردایە ئێستا وەزعەكە بەم رۆژە نەئەگەیشت . كودەتای 30 حوزەیران و شەرعیەتەدان بەسەرۆكێكی ماوەبەسەرچوی ناشەرعی پارتی بەهێز كرد ، بێدەنگی سەركردایەتی یەكێتی لەو هەمو گەندەڵیەی حكومەت وایكرد پارتی سامانی میللەت بدزێت و بەكەیفی خۆی تەخشانو پەخشانی بكات .. بێدەنگی یەكێتی وەكو هێزی دوەم لەپێشێلكاریە یاساییەكان وایكرد پارتی حیساب بۆ هیچ كەسێك نەكات، ئێستاش كە باڵە خۆفرۆشەكەی پارتی لەناو یەكێتیدا شكستیان هێناو بەرەو كۆتایی ئەڕۆن و سەركردایەكیەتی یەكگرتوی دور لەباڵباڵێن هاتۆتە پێش ، هێزی جەماوەری گۆڕان خراوەتە پاڵا هێزی لەبن نەهاتوی یەكێتیەوە ، كاتی ئەوە هاتوە سەركردایەتی هاوبەش بەپارتی بڵێن ئیتر بەسە لێرە بوەستە .
من تێناگەم بۆچی یەكێتی و گۆڕان ئەگەر بیانەوێ وەفد بنێرنە بەغدا ئەبێ بچنە بەردەرگای فەلاح مستەفاوە بۆ ئەوەی پسولەی رێگەدانیان بۆ بكات ؟ . بۆچی بیانەوێ فراكسیۆنەكانیان یەكبخەن ، بچنە بەردەستی ئومێد خۆشناو و جەعفەر ئیمینكی بۆ ئەوەی مۆری موافەقەتیان بۆ لێبدەن ؟ . بۆچی رەشنوسی رێكەوتنی سیاسی ببەنە لای فازل میرانی و مەحمود ئەحمەد بۆ ئەوەی تەسدیقی بكەن .. ئەم دەمدرێژیی و دەستدرێژییانەی پارتی هەموی لەزوعفی یەكێتی و حزبەكانی تر بوە ، ئەمرۆ كە بەرەیەكی فراوانی دژ بەپارتی هاتۆتە ئاراوە ، هەقوایە یەكێتی و گۆڕان روبەروی ئەو كەڵەگایەتی و سیاسەت و هەڵوێستە نانیشتمانی و خیانەتكارانەی پارتی ببنەوە نەوەك سواڵی هەڵویستێكی نیشمانی و كوردانەی لێبكەن .. پارتی كە نایەوێت لەگەڵ یەكێتی و گۆران دابنیشێت و هیچ حسابێك بۆ بەرژەوەندی میللەتەكەشی ناكات ، بۆچی یەكێتی و گۆڕان خۆیان كردوە بەمامەخەمەو دەرگای پارتی بەرنادەن ؟ . پارتی حزبێكی دیكتاتۆرو خائین بەمیللەتەو چاوی بەهیچ حزبێك هەڵنایەت ، ئیدی هیچ پێویست ناكات حیسابی مێشولەیەكیشی بۆ بكرێت ، چۆن ئەوان ئەڵێن با یەكێتی و گۆڕان چییان لەدەست دێت بابیكەن ، با یەكێتی و گۆڕانیش لەمەولا هیچ حیسابێك بۆ ئەو حزبە نەكەن كە دەیان ساڵە نوقمی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بوە ، ئەو هەڵەیەش نەكەن جارێكیتر دەست بخەنە ناو دەستی حزبێك كە قوتی خەڵك زەوت ئەكەن و كوردستان وێران ئەكەن .
یەكێتی و گۆڕان بەپێی رێكەوتنە سیاسییەكەیان كۆمەڵێك ئیلتزاماتیان خستۆتە سەر خۆیانەوە لەچارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانی میللەت ، ئەبێ كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئیلتزاماتانە بكەن و ئەوەندە بەدوای حزبێك نەكەون كە بەهیچ شێوەیەك نایەتە ژێر بارو سورە لەسەر ئەزیەتدانی میللەت .. كاتێك پارتی هەمو كوردستان بەخاك و میللەتەكەیەوە ئەكاتە قوربانی كورسییەكی سەرۆكەكەی ، هەقوایە یەكێتی و گۆڕان دەستی لێبشۆن و بكەونە سەر رێكخستنەوەی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆیان و لەئاستی ئەو متمانەیەدا بن كە دەنگدەرەكانیان پێیان داوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت