شه‌ریف هه‌ژاری : ئایا مه‌لاكانیش وه‌ك حیزبه‌كانی كوردستان قوڕیان كردووه‌ به‌سه‌ر میلله‌ت دا ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێموایه‌ چه‌ندێك حیزبه‌كانی كوردستان بێ سه‌روبه‌ره‌ و هه‌ركه‌سه‌ و بۆ خۆیه ‌، ئه‌وهاش مه‌لاكانی كوردستان هه‌ر كه‌سه‌ و لای خۆیه‌وه‌ كوێخایانه‌ فتوایه‌ك ده‌دا و قوڕیان كردووه‌ به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ نه‌گبه‌ته‌ خوێناوییه‌دا !
سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ : مه‌لایه‌ك ئه‌ڵێ : ئه‌مڕۆ جه‌ژنه و مانگ بینراوه‌‌! یه‌كێكی تر بۆچوونی وایه ‌: جه‌ژن به‌یانیه‌ و سعودیه‌ به‌یانی ئه‌كاته‌ جه‌ژن ، كه‌چی مه‌لایه‌كی دیكه‌ش له‌ولاوه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت : كۆماری ئیسلامی ڕه‌نگه‌ دوو سبه‌ی بكاته‌ جه‌ژن و دوو سبه‌ی جه‌ژنی مسوڵمانانه ‌!
تۆ وردبنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ چۆن وه‌ك حیزبه‌كان قوڕیان كردووه‌ به‌سه‌ر میلله‌تا !

ئێوه‌ ڕامێنن مه‌لا بۆ ده‌یه‌وێت قسه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو شتێك بكات !؟
زۆر پێویسته‌، به‌ڕیزێكی توێژه‌ری ئاینیی یان ڕۆژنامه‌نووسێكی پیشه‌یی به‌دواداچوونی ئه‌كرد بۆ گه‌نده‌ڵیی و ڕۆتیناتی مه‌لاكانی كوردستان و ئه‌و مه‌لایانه‌ی قبووڵ خاسی حیزبین و هه‌ر یه‌كێكیان له‌ پاڵ مزگه‌وتێك دا كۆشك و ته‌لارێكی ڕازاندووه‌ته‌وه ‌، ئیتر با ئه‌وه‌ بووه‌ستێت چه‌ندین كه‌سی زانستی هه‌یه‌ كه‌ پسپۆڕی ئاینین ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ حیزبی نین و نیشتیمان په‌روه‌رن ، ئه‌وا حیزبه‌كانی كوردستان دایان نامه‌زرێنن و نابنه‌ مامۆستای ئاینی ، كه‌چی زۆرێك له‌ مه‌لا ( ساخته‌كان ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حیزبێكی سیاسییان له‌ پشته ، ئه‌وا ئه‌م خه‌ڵكه‌یان دووچاری ده‌یان چه‌رمه‌سه‌ری و فه‌وزا كردووه‌ و ، هه‌ر مه‌لایه‌ك و هه‌ر ڕۆژه‌ی فتوایه‌ك ده‌رده‌كا !!

با ته‌نها دوو نموونه‌ی ڕاسته‌قینه‌تان بۆ بهێنمه‌وه‌ :
یه‌كه‌م نموونه‌ : ساڵی 2015 له‌ خولی وانه‌بێژی بۆ مامۆستاكانی زانكۆ كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین جار ئه‌كرێته‌وه ‌، ئه‌وا پاش ئه‌وه‌ی سیمینارێكی زانستیم له‌سه‌ر ( كوردناسه‌كان ) پێشكه‌ش كرد ، له‌ هۆله‌كه‌دا 9 مه‌لا كه‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا بوون ئه‌وانیش به‌شداریان ده‌كرد به‌ سیمینار . كاتێك‌ مه‌لایه‌كیان هه‌ستایه‌وه‌ و سیمینارێكی له‌سه‌ر ( فیكره‌ی موعته‌زیله‌ ) پێشكه‌ش كرد ، ئه‌وه‌ی پێشبینیت نه‌ده‌كرد ڕووی دا، چونكه‌ هه‌ر جاره‌ و مه‌لایه‌ك قسه‌كانی پێ ئه‌بڕی و هه‌ركه‌سه‌ و شتێكی ئه‌وت ! پڕۆفیسۆرێكی زانكۆی سلێمانیش وتی : مامۆستا شه‌ریف وه‌ره‌ له‌ دواوه‌ ته‌ماشایان بكه‌ بزانه‌ چ فه‌وزایه‌كیان ناوه‌ته‌وه ‌!!
ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو په‌لاماری یه‌كتریان ئه‌دا! كاتێك زانرا كه‌ هۆڵه‌كه‌ هێور نابێته‌وه‌، ئیتر پڕۆفیسۆره‌كه‌ هه‌ستا و پێی وتن : مامۆستایانی به‌ڕێز ، ئێوه‌ هه‌مووتان ماسته‌ر و دكتۆراتان له‌ شه‌رع و دراساتی ئاینی ئیسلام دا هه‌یه ‌، تو ویژدانتان كه‌ستان ئه‌توانن به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ پێمان بڵێن ئێمه‌ بڕوا به‌ كامتان بكه‌ین و بۆچوونه‌كانی كامتان درووستن !؟
ئینجا تو ویژدان و ئه‌ته‌كێتی ئاینیی و زانستیتان ! بۆ ڕێ به‌ هاوڕێكه‌ی خۆتان ناده‌ن كه‌ ئه‌ویش دكتۆرای له‌ فیقهدا هه‌یه‌ سیمیناره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكا و دواتر به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی و زانستی مووناقه‌شه‌ی یه‌كتر‌ بكه‌ن !؟
دووه‌م نموونه‌ : كه‌سێكی ئاینی كه‌ هاوڕێمه‌ و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانستییه‌ ، كرابوو به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی بینینی مانگ . وتی : مامۆستا شه‌ریف هه‌ر كه‌ ڕۆشتینه‌ سه‌ر لووتكه‌یه‌ك ، دوو مامۆستای ئاینی هاواریان كرد : ئه‌ڵا سه‌یركه‌ن ئه‌و ئاسمانه‌ چ ساماڵه‌ ئه‌وه‌ نوری ڕۆژووگرانه‌ ئاسمان به‌و شێوه‌‌ ناوازه‌یه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت !!
دواتریش وتی منیش له‌ وه‌لامدا به‌ مه‌لاكانم وت : ده‌ی خۆ من سه‌ردانی ئوسترالیام كردووه‌ و ئاسمانی ئوسترالیا له‌مه‌ی ئێمه‌ قه‌شه‌نگتر بوو كه‌ بینیم !
وتی مه‌لاكان وه‌لامیان دامه‌وه‌ : ئاخر ئه‌وه‌ نوری ئه‌و مسووڵمانانه‌یه‌ كه‌ ڕوویان كردۆته‌ ئوسترالیا !!
جا به‌ڕێزان بۆ ده‌بێت مه‌لا له‌سه‌ر هه‌موو شتێك له‌ ( سیاسه‌ت ، هونه‌ر ، ته‌كنه‌لۆژیا ، ئابوری ، كشتووكاڵ ، ده‌رونناسی ، كۆمه‌ڵناسی ، مێژوو ، جوگرافیا ، بایلۆجی ، فیزیا ، كیمیا ، جیۆلۆجی و جیۆپۆله‌تیك … و هتد ) قسه‌ بكا !! ‌ ‌خۆ هه‌ر مه‌لایه‌ك ( ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌كه‌ی زانستی بێ و قبووڵ خاسی حیزبی نه‌بێت ) ئه‌وا پسپۆڕی هه‌یه‌ له‌ یه‌كێك له‌ بواره‌ ئاینییه‌كانی وه‌ك فیقهو فه‌رمووده‌ و … هتد‌ ! ئیتر چۆن مه‌نتیقی تێدایه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه‌ بكات!؟
ئه‌م ساڵ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتای ساڵی زانكۆ ، ڕۆژێك تاقیكردنه‌وه‌ی منیان هه‌بوو ، خوێندكارێك وه‌خت بوو له‌ كاتی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی دوا ده‌كه‌وت ، منیش وتم : كاكه‌ بۆ ناچیته‌ ژوره‌وه‌ !؟ وتی : مامۆستاگیان ئه‌مشه‌و شه‌و نوێژم كردووه‌ و مه‌لاكه‌ وتوویه‌تی پێم : چه‌ند ئایه‌تێك و ئایه‌ته‌ل كورسی بخوێنه‌ پێش چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌وا ئینشا ئه‌ڵا ده‌ره‌چیت .
منیش وتم : كاكه‌ گیان ئایه‌ته‌كانی قورئان و ئایه‌ته‌ل كورسی له‌سه‌ر سه‌رم ، به‌س چۆن مه‌نتیقی تێدایه‌ تۆ بۆ وانه‌ی ( مێژووی سیاسیی ئه‌مریكا به‌ زمانی ئینگلیزی ) چه‌ند ئایه‌تێك بخوێنیت و سه‌عی نه‌كه‌یت و ده‌ربچیت !؟ خۆ گه‌ر وابێت ئه‌وا خوای خالق هه‌مووانی ڕینوێنی ئه‌كرد كه‌ سه‌عی بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان با نه‌كه‌ن و چه‌ند ئایه‌تێك پێش تاقیكردنه‌وه‌كانی (پزیشكیی ، فیزیا ، ئه‌ندازیاری و مێژو و … هتد ) بخوێنن و بچنه‌ ژووره‌وه ‌!؟ ئیتر ڕاسته‌وخۆ خوێندكاره‌كه‌م كرده‌ ژووره‌وه ‌.
به‌م پێیه ‌، پێویسته‌ هه‌موومان ئه‌وه‌ له‌ یاد نه‌كه‌ین كه‌ له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ده‌سه‌لاتی حیزبگه‌رایی حیزبه‌كانی باشوری كوردستان دا ، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر بیریی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی وه‌لا نراوه‌ و كه‌رته‌كانی ته‌ندروستیی و ، خوێندن و په‌روه‌رده‌ و، پیشه‌سازی و به‌رهه‌م هێنان خاپوركراون ، بگره‌ مه‌لا و كه‌رتی ئاینیش ئا ئه‌وه‌یان لێهاتۆته‌ كایه‌وه‌ كه‌وا ده‌یبینین !!
بریا به‌دواداچوون ئه‌كرا بۆ ئه‌و مه‌لایانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ ملیۆن لێر ! كه‌ بێ گوومان له‌ ناو توێژی مه‌لاش دا كه‌سانی به‌ڕێز و ئه‌كادیمی هه‌یه ‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان به‌هۆی حیزبه‌كانه‌وه‌ یان بڕوانامه‌كانیان قبووڵ خاسه‌ یان له‌ پێناو ئامانجی حیزبی دا ئه‌وه‌نه‌ی تر سه‌ریان له‌ میلله‌ت شێواندووه‌ !
تۆ بڕوانن له‌م نیشتیمانه‌ بێ سه‌روبه‌ره‌ : یه‌كێك ئه‌مڕۆ ئه‌كاته‌ جه‌ژن ، كۆمه‌ڵێكی تر سبه‌ینێ جه‌ژنییانه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ش دوو سبه‌ی لایان جه‌ژنه ‌!! منیش وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری ئه‌ڵێم : به‌س نییه‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز 21-3 یه ،‌ ئه‌گینا هه‌ر حیزبه‌ و ڕۆژێكی بۆ داده‌نا و مه‌لاكانیش خۆیان تێ هه‌ڵ ئه‌قورتاندن و هه‌ر مه‌لایه‌ك و فتوایه‌كی له‌سه‌ر ڕۆژ و كاته‌كه‌ی بۆ ده‌رده‌كرد !!

له‌ كۆتاییدا ئه‌ڵێم : نیشتیمانسازی به‌ بێ هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌ت ئاستی به‌رزی هۆشیاری توێژی خوێنه‌وارانی ئاینیی و نا – ئاینیی ، ئه‌وه‌ی لێ دێته‌ به‌رهه‌م وا له‌ كوردستان دا خۆی نمایش ئه‌كات !