rwdaw

ڕاپۆرتێک لەسەر سینارۆکەی کەناڵی ڕووداو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ڕاپۆرتێکی ووردو ئاکادیمیانە ، ڕۆژنامەنوس و لێکۆڵەڕ زمناکۆ ئیسماعیل ، بابەتێکی گرنگی بۆ وتاریکورد ناردووە . لەو ڕاپۆرتەدا پەنجەی خستۆتە سەر کۆی سینارۆکە ، دەربارەی شێوەی داڕشتن و جێبەجێکردن و بە پڕۆگرامکردنی دیووە پەخشکەی وەک ناسین بە ناوەو دەرەوەی هەرێم بە دوو دیوودا ، دیوێک لەدەرەوەی هەرێم ، کەداعش لەپشتی ئەم سینارۆیەدا بووەو ، بەدیوەکەیدا تردا هێزیکی سیاسی دیاری سەر گۆڕەپانی هەرێمیان پێ تێوەگلاندووە  .

ئەمەی خوارەوە تەواوی ڕاپۆرتەکەیە 

 زمناکۆ ئیسماعیل : بە داعش کردنی کۆمەڵ ، لە ڕێچکەی میدیاوە .

دەستپێک

چەناڵی روداو کراوە بە تەپکە ، لەو رێچکەیەوە کۆمەڵی ئیسلامی پێ بە ( داعش ) دەکرێت ، بە ( داعش )  کردنی ئەو حیزبەش واتە ، ناساندنی وەک گروپێکی تیرۆریستی ، ئەوەی بوەتە جێگای تێبینی ئەوەیە ، ئایە چەناڵی روداو لەنێو ئەو گەمە ناشیرینەدایە ، یاخود لەسەرو خۆیەوە ئەوەی بەسەردا دەسەپێنرێت و خۆشی بوە بەقوربانی ئەو گەمەیە ؟!. ڕووداوو لەم پرسەدا بەراوبەر بەکۆمەڵی ئیسلامی کراوە بەتەپکە ، تا لەو رێچکەیەوە هەلومەرجێکی نالەبار بۆ کۆمەڵی ئیسلامی دروست بکرێت ، لەهەمانکاتدا ئەوەش رونە ، کە لەم کێشەیەدا کۆمەڵی ئیسلامی باجی هەڵوێستەکانی ئەدات ، بۆ ئەوەش پارتی دیموکرات کار لەسەر ئەوە دەکات ، کۆمەڵی ئیسلامی لەژێر فشاردا ناچار بکات ، کە واز لەلێدانی بەرژەوەندیەکانی ئەو لایەنە بهێنێت ، ئەوەش پرسیارێکی دیکە دەهێنێتە ئاراوە ، ئایە چەناڵی روداو دەرکی بەو گەمەیە کردوەو لەئاست ئەوەدا سەریان داخستوە ؟!، یاخود ئەوان بێئاگان لەو گەمەیەو کەوتونەتە ژێر کاریگەری خۆ فەرزکردن لەرێگای ( بەدەنگۆکردنی پەلاماردانی سەر چەناڵەکەیان )؟!. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو چەند پرسیارەمان دەست بکەوێت ، دەبێت بچینە نێو روداوەکانی ئەو شەوەو چۆنێتی بە هەواڵکردن و شێوازی گەیاندنی ئەو هەواڵانە لەڕێگای دامەزراوەی ڕوداو خۆیەوە .

ئەو شەوەی تەقینەوەکان بو گومان لەچی دەکرا ؟!

وەک بیرخستنەوەیەک دەتانبەمەوە نێو ڕوودانی تەقینەوەکەو ئەگەرو گومانەکانی ئەو تەقینەوەیە ، بەرواری 25 حوزەیران بوو ، دەمژمێر 12  و 5 خولەک تەقینەوەکەی بەردەم باڵەخانەی نوسینگەی سەرەکی چەناڵی ڕوداو رویدا ، لەپاش ئەو تەقینەوەیەش هیچ سەرەداوو هیچ شوێن تاوان بەجێ نەمابون ، تائاماژە بەبکەری ئەو تەقینەوەیە بکات ، ئەو شەوە هیچ زانیارییەک نەدرکێندرا ، بەبیانوی مەترسی تێکچونی رێوشوێنی یاسایی ، بەتەنها ئەوەندە گوترا ” کە پێنج کارمەندی چەناڵی ڕوداو برینداربون و تەقینەوەکەش بۆمبی دەستی بوە ، کە لەنێو خەڵکدا پێی دەگوترێت رومانەی چل پارچە “. بەڵام لە ئاستی گشتیدا دوبژاردە لەئارادابون .

بژاردەی یەکەم : وەها گوماندەکرا کە ئەو تەقینەوەیە لەلایەن ( داعش ) ـەوە ئەنجام درابێت ، بەمەبەستی تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان .

بژاردەی دوهەم : وەها گوماندەکرا ، کە ئەو تەقینەوەیە پاکتاوکردن یاخود ( تەسفیە حیساب ) ی سیاسی نێوان دو هێز بێت ، لەسەر هەژماری چەناڵی ڕووداو ، زۆر بەڕوونی پێتان دەڵێم : زۆرترین گومانەکان بۆ دوو باڵی نەیاری نێو پارتی دەچون ، وا هەستدەکرا کە باڵێکی نێو پارتی ، بەراوبەر بە بەرژەوەندییەکانی نێچیرڤان بەرزانی ، ئەو کردەوەیەی ئەنجامدابێت ، کە وەک ئاشنایە لەلای هەموان ، نێچیرڤان بەرزانی کەسی دووهەمی نێو پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم ە، لەهەمانکاتدا خاوەنی چەناڵی ڕووداوە ، هەربۆیە ئاساییە لەناو حیزبەکەی خۆی و لەدەرەوەی حیزبەکەشی بکرێتە ئامانج .

لەلایەکی دیکەوە ئاستی جەماوەری پارتی گومانی ئەوەیان دەکرد ، کە ئەو تەقینەوەیە ڕەنگە ململانێی نیوان پارتی دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان بێت ، یاخود ململانێی پارتی و لایەنگرانی گۆڕان و یەکێتی بێت ، یان ململانێی نێوان پارتی و پەیەدە بێت لەسەر پرسی رۆژئاواو ، پریشکی ئاگرەکەی بەر روداو کەوتوە ، چونکە هەموان دەزانین پارتی دیموکراتی کوردستان ، لەگەڵ زۆربەی لایەنە کوردییەکان کێشەی هەیە ، پارتی لەبیرکردنەوەدا بووە بەحیزبێکی ئاڵۆز ، لەرەفتارکردنیشدا ئاڵۆسکاوە لەکێشەگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی ، کە زۆرجار واهەست دەکرێت و دەگوترێت : ئیدی مەحاڵە پارتی لەو کێشانە بەسانایی دەربازی ببێت .

پاش تەقینەوەکە ، ئەگەر و سیناریۆکانی .

پاش تەقینەوەکە و پاش گەیشتنی زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی بەوەی کردەوەکە خۆکوژی نەبوە ، ئیتر گومانەکان لەسەر داعش لاچون و خوێندنەوەکان بەو رێچکەیەدا ڕۆیشتن ، کەئەوە ململانێی سیاسی یان شەخسیە نەک کردەوەی تیرۆریستی ، لەنێو ململانێ سیاسییەکانیشدا دوو ئەگەر لەئارادا بون .

ئەگەری یەکەم : روداوێکی راستەقینە رویداوەو لایەنێکی سیاسی لەپشت کردەی تەقینەوەکەوە بووە .

ئەگەری دوهەم : وادانرا کەئەو تەقینەوەیە سیناریۆی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیەتی ، بۆ پاکتاوکردن ( تەسفیە حیساب) ی دوباڵی نێو خودی حیزبەکەی ، یاخود پاکتاوکردنی سیاسی نێوان پارتی و لایەنێکی دیکەی نەیاری ئەو حیزبە .

پاش تێپەڕبونی سێ رۆژ بەسەر تەقینەوەکەشدا ، واتە لەبەرواری 25 ی حوزەیران ، هەواڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک بڵاوکرایەوە ، کەگوایە پەیوەندی بە تەقینەوەکانەوە هەبوەو هەرزوو دانی بەتاوانەکەیدا ناوە ، لەهەمانکاتدا و لەڕێگای خودی چەناڵی ڕوداو باس لەوەکرا ، کە کادرێکی کۆمەڵی ئیسلامیش گومانی دەست هەبونی هەیە لەو تەقینەوەیە ، لەچاوپێکەوتنێکی راستەوخۆی چەناڵی ڕووداو لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ( نەوزاد هادی ) ، وەک تاوانبار کارگێڕە دەستگیرکراوەکەی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی ناساند ، لێرە بەدواوە ئەم کەیسە لە یاساییەوە کرا بە سیاسی ، روداویش بو بە تەپکەیەک بۆ گرتنو چنخستنی کۆمەڵی ئیسلامی و تێوەگلانی بەکردەوەیەکی تیرۆریستی ، ئالێرە بەدوواوە دەبو چەناڵی روداو چاوەڕێی بکردایە تا یاسا ئەو کەیسەی یەکلای بکردایەتەوە ، بەڵام ئەو چەناڵە دوهەم هەڵەی گەورەی کرد ، کە تا ئێستاشی لەسەربێت ، هەنگاوەکانی لەسەر هەمان هەڵە بەرفراوانتر دەکات و ئەگەر لەسەر ئەو هەنگاوانەی بەردەوام بێت ، هەم هاوسۆزی خەڵک بۆ خۆی لەدەستئەدات ، هەم لەئاستی دەرەوەی هەرێم متمانەی چەناڵەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە .

بانێک و دوو هەوا لەنێو ڕوداو دەگوزەرێت

چەناڵی ڕووداو لە رێگای پارێزگاری هەولێر ، کە لەهەمانکاتدا بەرپرسی لیژنەی ئەمنی ئەو شارەیە ئاشکرایکرد ، کە بکەری ئەو تەقینەوەیە کوردەو گومانلێکراوی دیکەشی لەگەڵە ، کە کارگێڕێکی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامییە ، ئاسایشی ئەو شارەش ، لەبەیاننامەی خۆیدا رایگەیاند ، کە بکەرەکانی ئەو تەقینەوەیە کوردن ، بەومەبەستەش ناوی کەسێکی راگەیاندو گومانلێکراوێکی وەک بکەری ئەو تەقینەوەیە دەستنیشانکرد ،  بەهیچ جۆرێک ئاماژەی بەوە نەداوە کە بکەرانی ئەو تەقینەوەیە سەر بە گروپی تیرۆریستی ( داعش ) ـن ، بەڵام چەناڵی ڕووداوو بەردەوام باس لەوە دەکات کە ئەو تەقینەوەیە لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش ئەنجام دراوە ، بەراوبەر بەوەش لەئاستی دەرەوەی هەرێم ، چەناڵی روداو هەواڵی ئەوە دەگوازێتەوە کە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان و پەڕلەمانی ئەوروپا و دەیان جێگای فەرمی دیکە ، ئەو تەقینەوەیە وەک کردەی داعش ناوزەد دەکەن ، ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەئاستی دەرەوەی هەرێمدا ، ووێناکە وا نیشانئەدرێت ، کە داعش ئەو تەقینەوەی ئەنجامداوە ، بەڵام لەناوخۆشداو لەڕێچکەی کارگێڕ مەڵبەندێکەوە ، کۆمەڵی ئیسلامی پێ تۆمەتبار دەکرێت .

من لێرەدا و بەتەنها سێ بەڵگەی پەیامنێرانی نوسینگەکانی دەرەوەی هەرێمی ئەو چەناڵە دەخەمە بەرچاو ، کە لەکاتی گواستنەوەی هەواڵ و راپۆرتەکانیاندا ئەو تەقینەوەیە وەک کردەوەی داعش دەخەنە ڕوو .

یەکەم : چەناڵی ڕووداو لەسەر زاری پەیامنێری ئەڵمانیای ( ئاڵا شاڵی ) هاوخەمی سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوروپا ( مارتن شۆڵز ) ی گواستەوەو دەڵێت : من ئاگاداری ئەوە نەبووم کە هێرش کراوەتە سەر ڕووداو ، بەڵام  چەند گرووپێک هەن بەتایبەت داعش کە هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ دانانێن ، ئەو هێرشە منی تووشی سەرسووڕمان نەکردووە ، چونکە ئەوان کاری هاوشێوەی ئەوە دەکەن ،  بۆیە هاوخەمی بۆ کارمەندانی رووداو دەردەبڕم و ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەم .

دوهەم : لەهەمانڕۆژدا و لەبەرنامەی روداوی ئەمڕۆ کە هیوا جەمال پێشکەشی دەکات ، سێ شارەزایی بواری میدیا لەژێر ناونیشانی ( میدیا لەنێوان بەئامانجکردن و گەیاندنی زانیاری ) دەدوێنێت ، یەکێک لەو سێ میوانە بەناوی ( مارک ئیڤانس ) ـەوە لێدوانی داو وەک بەرپرسی هەواڵ لەئاژانسی  ئینێکس ناسێندرا ، پێشکەشکاری بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ هیوا جەمال پرسیاری دوهەم لە مارک ئیڤانس دەکات و دەپرسێت : چۆن پشتیوانی ئەو ئەندامانەتان دەکەن ( مەبەست لەئەندامی میدیاییە ) ، بەتایبەت کەلەهێرشی لەم شێوازەدا دەکرێتە سەر ڕووداو ، داعش بەرپرسیارێتی خۆی بەراوبەر بەوە راگەیاندوە .

مارک ئیڤانس لەو پەخشە راستەوخۆیەدا دو جار دەڵێت : پێمانوایە بەڕاستی ئەوەی کە رێکخراوی داعش ئەنجامیداوە کارێکی زۆر نەشیاوە . جاری دوهەمیش دەیڵێتەوە : من دەستخۆشیتان لێدەکەم لەوەی پابەندن بەوەی پەیامەکانتان بەجوانی بگەیەنن ، بێگومان ئەوە شتێکە کە ترس و نیگەرانی لای داعش دروستکردووە ، چونکە داعش نایەوێت ئەو دامەزراوەو میدیایانە بەگەورەیی و بەجوانی کارەکانیان راپەڕێن .

سێهەم : لەلایەکی دیکەشەوە پەیامنێری چەناڵی ڕوداو لەنیۆرک ، مەجید نیزامەدین گلی ، لەپەخشی راستەوخۆی ئەو چەناڵە گوتی : گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند : ئەو هێرشەی بۆ سەر ڕووداو کراوە ، وەک دەزگایەکی میدیایی دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هانبدات زیاتر یەکگرتووبن و خێراتربن بۆ لەنێوبردنی داعش ، کە ئەوە هەڵوێستێکی سیاسی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکانە وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی دژی تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامدرا .

لێرە بەدواوە بەو دەرئەنجامە دەگەین ، کە تۆڕی میدیای ڕووداو ، لەگەڵ ئەم پرسەدا وەک بانێک و دوو هەوا مامەڵە دەکات ، لەئاستی نێو دەوڵەتی لەهەوڵی ئەوەدایە کە ئەو پرسە وەک هێرشی داعش ناوزەد بکات و بەوەش قەبارەی میدیای خۆی لەروی ماددی و مەعنەوی پێگەورەتر دەکات .

لەئاستی ناوخۆیی هەرێمیش دەبێتە تەپکەو لەو رێچکەیەوە ، وانیشانئەدرێت ، کۆمەڵی ئیسلامی گروپێکی توندئاژۆن و هاوشێوەی داعشن ، لەهەمانکاتدا روداو دەبێتە جێبەجێکاری پلانی نێوان ململانیی دوو حیزبی سیاسی ، کە دورنیە بەو هۆیەوە خوێن نەکەوێتە نێوانیان و بەو هۆیەشەوە بەتەنها روداو دەبێتە سوتوی ئەم ئاگرە کە ئێستا دوکەڵی لێهەڵدەستێت .

تێبینی : ووشەی تەپکەم لەبری ووشەی داو بەکار هێناوە ، لەبنەمادا ووشەی تەپکە ، جۆرێکە لە ( داو ) کە بۆ تەیر دادەنرێت ، بەڵام لەژێر چاودێری خاوەن تەپکەکە خۆی ، کەسی بکەری تەپکە سەبەتەیەک دەهینێت و بەردێکی دەخاتە سەر بۆ ئەوەی سەبەتەکە قورس بێت ، دارێکیش دەخاتە ژێر لایەکی و بەرزی دەکاتەوە ، پەتێکی لێدەبەستێت و بۆ دوور رایدەکێشت ، لەژێر سەبەتەکەش دان رۆدەکات، کاتێک تەیرو باڵدارەکان دەچنە ژێر سەبەتەکە ، کەسی چاودێریکار، پەتەکە رادەکێشێت ، باڵدارەکانیش دەبن بە تەپکەکەوە .

لەبەر ئەوەش ووشەی ( داو ) م بەکار نەهێنا ، چونکە نزیکە لە ووشەی ڕوداو، ئەوەش وایدەکرد لەکاتی خوێندنەوەی ئەمگوتارە ، رستەکان بە سانایی نەهاتنایەتە سەر زاری خوێنەر و ببوایەتە جۆرێک لەسەر لێتێکچون .