پەشێو حەمەد ئەمین : چاوپێکەوتنی عێراقیەک لە هەندەران .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیار : خەڵکی کوێیت ؟

وەڵام : من عێراقیم
پرسیار : بۆ وڵاتی خۆت بە جێهێشت و بۆ ئێرە هاتی ؟
وەڵام : باسی وڵاتم بۆ دەکەی ، کامە وڵات ئەزیزم ؟ دەزانی من بام لە جێگای تۆ ، شەرمم دەکرد لە کردنی وەها پرسیارێک !!
پرسیار : بۆ چی شەرم بکەم ؟
وەڵام : بیرم دێتەوە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنما لە لادێکەمان، ڕۆژێکیان بەڕێوەبەری خوێندنگاکە پێی وتین : بۆ سبەی باوکی هەمووتان لێرە ئامادە دەبێت، تا لە مەڕ ئەخڵاق و ئاکار و ئاستی زیرەکیتان قسەیان بۆ بکەین .
بۆ سبەی باوکی هیچ کام لە قوتابیەکان ئامادە نەبوو بە خۆشمەوە ، بەڵام دایکی هەموومان ئامادە بوو ، بەڕێوەبەر زۆر بە توڕەییەوە کە بینی هیچ باوکێک نەهاتووە ، ڕووی کردە ژنەکان و سکاڵای دەکردو هاواری دەکرد ، من پێم وتن باوکیان ئامادە بێت، ئێوەم بۆ چی هاتوون ، مەگەر نازانن زۆرێک لە مناڵەکان هێندە لاسارن بە باوکیان نەبێت تەمبێ نابن ، خۆ من وانە دەربارەی چاڵاکیەکانی ژن ناڵێمەوە لە ڕۆژانی سک پڕیدا، ئێوەم بۆ چیە ؟؟
لەو ساتەدا دایکم بە گریانەوە هەستایەوە و فەرمووی ‘ ئیدی پێویستمان بە وانەیەکی لەو جۆرە نیە و ، جارێکی تر هیچ ژنێک سک پڕ ناکاتەوە ، جەنابی بەڕێوەبەر دڵنیا بە لەوەی ئیدی هیچ باوکێک لێرە ئامادە نابێت ‘ دواتر جەنابی بەڕێوەبەر لە شەرمان سورهەڵگەڕا و هەر کە زانی تەواوی قوتابیەکان بە بێ باوکن خەجاڵەت ما .
ببورە ، جا پرسیارەکەی تۆش لە چیرۆکی ئەو بەڕێوەبەرە دەچێت، لە وڵاتێک دەپرسیت کە تەنها ناوێکە و بێ ناوەڕۆک ، پایەکانی هەموو ڕوخاون و هیچ سیمایەکی دەوڵەت بوونی پێوە دیار نەماوە.
پرسیار : دەتوانیت باسی ژیانم بۆ بکەیت لە عێراق ؟
وەڵام : پێش ئەوەی وەڵامت بدەمەوە حەزدەکەم جەنابتان پێم بڵێن مەفهومی ژیان لێرە چیە و چی دەگەیەنێ ؟ ئەوسا لەوانەیە منیش بتوانم کورتەیەکتان لەو بارەوە بۆ باسبکەم ، چونکە لە وڵاتەکەی من تەنها مردن هەیەو ، زۆری دەوێت تا بیرم بێتەوە کە ژیان چیە !!
پرسیار : بەڕێزم بە گشتی ژیان لە ئەوروپاو بە تایبەت لێرە ، لەو پەڕی ئارامی و سەقامگیریدایە ، دەوڵەتان هەزاران ئۆفەر پێشکەشی گەلەکانیان دەکەن تا شاد بژین ، گشت هاوڵاتیان بەیەک چاو تەماشا دەکرێن ، واتە سەرۆکی دەوڵەت و کرێکارێکی هێڵی شەمەندەفەر هیچ جیاوازیەکیان نیە .
برسێتی و قات و قڕی نیەو، کارەباو ئاوی بەردەوام و گشت جۆرە خزمەتگوزاریەکان بەردەوامن ، مرۆڤەکان بەپێی پسپۆڕی خۆیان کاردەکەن و مافی خۆیان وەردەگرن ، ئەوەی توانای کاریشی نەبێت حکومەت ژیانی لە ئەستۆ دەگرێت و بەڕێوەی دەبات .
جگە لە پیشەی سەرەکیان ، خەڵکی لێرە زیاتر سەرقاڵی جوانکردنی باخچەو بە خێوکردنی سەگ و گەشت و یاری و ڕۆیشتن بۆ هۆڵی سینەماو شانۆ و کۆنسێرتی مۆزیک و نادی شەوانە و سێکس و ئەو شتانەن .
ئا ئەوەیە مەفهومی ژیان لەم وڵاتە ، ئیستا بیرت کەوتەوە ژیان چیە ؟
وەڵام : سوپاس ، بەڵێ بیرم کەوتەوە ، بەڕاستی دڵنیاییەکی زۆری دەوێت کە من لە کەوکەبێکی تر نیم ، بەڕێزم ژیان لە وڵاتەکەی من واتای خۆی لە دەستداوەو جۆرێکە لە مردن .
مرۆڤەکانی هێندە برسین ، گژو گیا ژەمێکی خواردنیانەو خەریکە ڕەنگی خاک دەگرنە خۆ، پێم سەیرە باسی سەگ دەکەیت ! ئاخر لەوێ مرۆڤەکان سکی خۆیان پێ تێر ناکرێت ، ئیدی لە کوێدا هاوەڵی سەگیان پێ دەکرێ و خزمەتی ئەویش بکەن .
لەم ڕۆژانە بیستم گوایە زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئیرە خوێن ببینن لە هۆش دەچن ، سەرسام بووم و بە ڕاستی تاسام ! لە ڕاستیدا چۆن شۆک نەبم ؟ لە نیشتمانەکەی مندا دەرگای ماڵێک نیە یادگاری کوشتنی مرۆڤێکی لێ نەبێت ، شۆستەیەک نادۆزیەوە دەیانی لە سەر تیرۆر نەکرابن ، لە مەڵبەندی هەر شارێک ئاسەواری سەدان تەقینەوە بەجێماوەو بە ئیستاشەوە بەردەوامە ، لە گەڵ لێزمەی بارانا لە ژێر هەر بستەخاکێکدا ، لاشەی هەزاران گەنج و پیرو ژن و مناڵ سەرئاو دەکەون . زۆر جار دەڵێم :

گەر لاشەی مرۆڤ
گەڵاو گوڵی گرتبا لە ژێر خاکدا
ئیستا نیشتمانی من
جوانترین بەهەشت بوو لە دونیادا

بەڵێ ڕۆژ نیە تراژیدی ترین چیرۆکی مەرگ لە وڵاتەکەی من نەنوسرێتەوە ، هەر بۆیە ڕومکردە ئەم وڵاتە ، چونکە نامەوێ مەرگنامەی منیش لە نێو پەڕەی چیرۆکێکی تراژیدی تردا بنوسرێتەوە . لەوێ ژیان هێندە سەخت بووە ، کەس توانای ململانێی نیە لە گەڵ مەرگا .
ئیدی من بێزار بووم لە لە دیمەنەکانی کوشت ، لە دەنگی تەقینەوەی لەناکاو ، لەو هەواڵە دڵتەزێنانەی ڕۆژانە لە بەرەکانی جەنگەوە دێن ، لە بینینی ئەو فرمێسکانەی لە چاوی دایکما دەڕژێن ، لە هاوارو سەدای ئەو مناڵانەی بۆ قومێ شیر خەریکە دمرن .
هەڵە نەبم گوێبیستی وشەی ” سێکس ” بووم ، ڕاستە ؟ دەزانی لە وڵاتەکەی مندا شتێک نەماوە بە ناوی سێکس ، پیاوەکانمان هێند شەهید بوون ، بە ملیۆنان ژن بێ پیاو ماونەتەوە و ئیدی سێکس لە ژیانیاندا بووە به مێژوو .
ژیان لێرە چەندە جوانە ، من بۆ بینینی ئەو جوانیە هاتووم ، هاتووم تا مرۆڤ بوونی خۆم بەڵگەدار بکەم ، چونکە سەلماندنی دەوێت کە ئێمە نەوەی ئادەم بین ، ئێمە زیاتر لە نەسلی ئەو ئاژەڵانە دەچین ، کە خۆ خۆرن و گۆشتی یەکدی دەهاڕن ، بەڵێ ئێمە ئەو جۆرە ئاژەڵەین .
سەرنجم داوە خەڵکی لێرە لە کەنار دەریاکاندا ڕۆمانسی دەبن بە بینینی دیمەنی مانگ ، لە ڕاستیدا ئێمە دەریامان نیە تا مانگ لە نێویا هەڵبێ ، بەڵام ڕوبارمان هەن و پڕن لە خوین ، لە خوێنی ئەو مرڤانەی هەر لە زەمەنی حەسەن و حوسەینەوە دەڕژێ تا بە ئەمڕۆ ، تەنانەت ماسیەکانیش ڕەنگیان سور بووەو تامی گۆشتی مرۆڤ دەدەن ، ئاخر مانگ بەو هەموو جوانیەوە چۆن بتوانێ لە وەها ڕوبارێک هەڵبێ !!
ئێمە لەوێ نە خاوەنی دەوڵەتین و نە سەرۆک ، لە ڕاستیدا هەن ، بەڵام مافیا گەلێگ بەڕێوەی دەبەن ، بۆیە نە کارەباو نە نان و نە ئاو و نە دیمۆکراسی و نە هیچ شتێک بوونی نیە !
کرێکاری وێستگەی شەمەندەفەر” جوانە ههههههه ، ئێمە تەنها لە فیلمەکاندا شەمەندەفەرمان بینیوە ، تەنها ئۆتۆمبێلمان هەیەو ئەویش زیاتر بۆ جوانیەو لە تابلۆیەک دەچێت ، چونکە نە سوتەمەنی هەیە تێیبکرێت و نە ڕێگاش هەیە پێدا بڕوات .
ئا ئەمەیە واتا ڕاستەقینەکەی ژیان لە (عێراق ) ڕونتر بڵێم وڵاتی مەرگەسات .
ئێمە کە هاتوین بۆ ئێرە ، دەمانەوێ لەو مەرگە ڕزگارمان بێت و ئیتر وەک مرۆڤێک بژین . لانیکەم وەک ئەو کرێکارانەی لێرە لە وێستگەکانی شەمەندەفەر یا کارگەی ڕستن و چنین کاردەکەن ، کە هیچ نەبێ کەڕامەت و شکۆیان پارێزراوە ، بیستومە ئێوە مرۆڤدۆستن و ڕێز لە بەهاکانی مرۆڤایەتی دەگرن ، بۆیە چانسێکی ئێجگار مەزنە وەک مرۆڤیش نەبێت ، بەڵکو وەک سەگێک قبوڵمان کەن ، چونکە ئەوەی لێرە بۆ سەگەکان ڕەخساوە ، ئێمە بە تەواوی ژیانمان لەوێ وەک مرۆڤێک پێی ناگەین .
دەزانم بۆ ئێوە سەختە لە تراژیدیای مەرگەساتەکانی ئێمە تێبگەن ، چونکە ‘ مرۆڤێک کە نەسوتابێت ، هەرگیز لە گڕی ئاگر تێناگات ، مرۆڤێک لە دەریادا نەخنکابێت، ناترسێت لە کەڵبەی تیژی نەهەنگ  .

تکایە ڕزگارمان کەن ‘ مردن خەریکە ژیانمان دەخوات ‘ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت