24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد ئەمين گەناویى : نان و ئازادی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەڕووی فسێۆلۆجيه وه ، مانەوە لە ژیان ئامانجی سەرەكی هەموو زیندەوەرانە لەوانە مرۆڤیش ، واتە بوون و پەیداکردنی خۆراکی پێویست بۆ بەردەوامبوون لە ژیان .
بوونی نان کە بەگشتی مەبەست لێی ( بژێویی ) مرۆڤەکانە وه هەميشه پێوەربووەو پێوەرە بۆ دیاریکردنی چینەکانی هەر کۆمەڵێک و ئاستی توانای دەسەڵاتدارەکان ، چ لەسەر ئاستی میللی و پەیوەندییە جیهانیەکان هەتا دیبلۆماسیش . توانای پەیداکردنی خۆراک و جۆری خۆراک و ئاستی خۆراک هەمیشەو ئێستاش پێوەربوون و پێوەرن بۆ توانا ، جۆری ژیان وه ئاستی ژیانی هەر تاک و کۆمەڵێک . نان هەميشه ئامانج بووەو ئامانجە بۆ هەوڵەکانی مرۆڤ لە هەموو کات و شوێنێک ، نەک تەنیا بۆ پەيداكردن و زیاترکردن و باشترکردنی له لايەن كەسه ئاساييەكانەوه ، بەڵکو بۆ دەستبەسەراگرتن و کۆنتڕۆڵ کردنییىشى لە لایەن دەسەڵاتدارو دەسەڵاتخوازانەوە .
بە درێژای مێژووی کۆن و نوێ ، دەستبەسەراگرتنی نان لەلایەن دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخوازانەوە وەکو چەکێک بەکارهاتووە بۆ چەسپاندن و سەقامگیرکردنی دەسەڵات بۆ نموونە ، ئەگەر فیرعەونەکانی میسر نانی سەدان هەزار کرێکارو خەڵکیان لەبەردەستا نەبوایە ، ئەوان نەیاندەتوانی ئەم سەدان هەزار کرێکارە ناچاربکەن کەبۆ نان و لەبەرمانەوە لەژیان هەتا ئەگەر ژیانی بەردەییش بێت گەورەترین بەرهەمی سەرسوڕهێنەری جیهانیی کەدرووستکردنی ئەهڕامەکانە ، درووستبکەن . بەهەمانجۆر لەهەموو شارستانیەکانی تری جیهان هەم لە رۆم و فارس و چین و هیندو ئیسلامەوە ، تا ڕۆژی ئەمڕۆش نان کلیلی دەسەڵات و هێزى دەسەڵات داران بووە . هەر لەبەر ئەوە لە زۆر شوێن و کاتدا نان بووەتە وەسیلە بۆ کوشتنی ئازادیی وه وه ستان دژى ئازادى ، واتە مرۆڤەکان ئامادەبوون ، یان ناچاربوون بۆ دابینکردنی نان و مانەوە لەژیان واز لە ئازادیی بهێنن ، بەتایبەتی لەو شوێنانە کە هەستی مرۆڤدۆستی و بیری بەرزنرخاندنی مرۆڤ لاوازه وه فەرهەنگی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نزمە .
نان جگە لەوەی کە پێویستیەکی فسێؤلؤجيه بۆ مانەوە لە ژیان ، لەهەمان کاتیشدا بڕیاردەری جۆر و فۆڕم و دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیه لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا . هەرکاتێک نان و ئازادیی بەیەکەوە هاوڕێک نەبوون / بونيان نەبوو ئەوا یەکێکیان دژی ئەوەی تریان دەبێت يان بەكاردێت ، واتە یان ئازادیی بێ نان یان نان بێ ئازادیی ، نموونەی ئەم حاڵە لە زۆر شوێن و کاتدا هەبووەو هەیە . لەهەر حاڵێکدا یان لەهەر کۆمەڵگایەکدا نان هەبوو بەڵام ئازادیی نەبوو ، ئەوا لەم حاڵەتەدا یان لەو کۆمەڵگەیەدا ئیرارادەو ویستی ئینسانی لاواز ئه بێ و لەدەست ئه درێ .
ئەگەر ئازادی هەبوو لەوانە : ئازادییە فەردییەکان ،سیاسیەکان ، ئيتنيكىەكان ، و نەتەوەييەو مەزهەبيەكان ، بەڵام نان نەبوو ئەوا تاکەکان بەهای مرۆیی و ئازادیی لەدەست دەدەن . لەبەر ئەوە نان بێ ئازادی ناتوانێت بەهای مرۆیی ڕابگرێت ، ئازادییش بێ نان ناتوانێ پارێزگاری لە بەهاى مرۆڤ بوون / ئادەمى بوون بكات ، وه مرۆڤ بەرەو قۆناغى سەرەتايي بوون / فطرى ئەگێرێتەوه . ئەگەر لەهەر شوێنێ هەم نان هەم ئازادی نەبوو ئەوا هەم بەها مرۆییەکان ( معنەویەکان ) وه هەم بەها ئادەمیەکان / ژیان و بوون وەک مرۆڤ بەرە و قاتی بوون و لە ناو چوون ئەچن .
کەواتە ئازادیی و نان تەواوکەری ژیانێکی تەندرووست و بەهادارن بۆ تاک و کۆمەڵ وه میللەتان ، لەهەر کۆمەڵگایەکدا مرۆڤەکان یان تاکەکان لە نان و ئازادیی بێبەشکران ئەوا دەرگای هەموو تاوانەکان ئەکرێتەوە دژی تاک و کۆمەڵ .
بەدرێژایی مێژوو ، خەبات و ڕاپەرینی مرۆڤ دژی ستەم نا دادى هەمیشە بەو ئامانجە بووە کە نانێکی حەق و شەرەفمەندانە بەدەست بهێنێ هەتا ئەگەر ئازادیی ئامانجی سەرەکیش نەبووبێت ، بەڵام پەیامی ئازادیی هەڵگرتووە ، بۆ نموونە کە دەڵێین لە فلان شوێن ناڕەزايي وه شۆرشى برسيەكان هەيه بۆ نان لەڕێی داواى كارو هەلی کاری یەکسان بۆ هەمووان ئەوا بۆخۆی پەیامێکی ئازادییش لەگەڵ پەیامی نانێکی حەق و شەرەفمەندانە هەڵدەگرێت . لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین کە خەبات بۆ نان دەتوانێت ، دەشێت وه شانسی لەوەی زیاترە کە ئازادییش لەگەڵ خۆی بهێنێت و فەراهەم بکات . لەچاو ئەوەدا کە خەبات تەنها بۆ ئازادیی بێت ، چونکە زۆر ئەزموون نیشانیداوە کە خەبات بۆئازادیی و خودی ئازادیی مەرج نیە کە نان و خۆشگوزەرانیی ئابووری فەراهەم بکات بۆ هەمووان بۆ نموونە ، شۆڕشەکانی ئازادیی لە سەدەی ڕابردوو لەوڵاتانی جیهانی سێیەم لەوانە : وڵاتانی عەرەبی و ئێران و ئەوروپای رۆژهەڵات و لای خۆشمان شۆڕش و ڕاپەرینی (1991) دژی بەعس ، کەم یان زۆر ئەم شۆڕشانە کە ئازادییشیان هێنابێت ، واتە هەتا ئەگەر دیکتاتۆرێک جێی دیکتاتۆرێکی تریشی نەگرتبێتەوە بەناوی ئازادییەوە ، ئەوا بە دڵنیایەوە ئازادیی نەبووەتە مەرج بۆ خۆشگوزەرانی و دابینکردنی نان و داد بۆ هەمووان . بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئاستێک کاربۆ ئەمە بکرێت کە نان و ئازادیی بەیەکەوە هاوڕێک بوونیان هەبێت لە کۆمەڵدا ، وە ببێتە بەرنامەی کاری سیاسی و فكرى هەتا فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی  ، بەجۆرێک کە هەمووان بەشداربن لە کارو ماف و بەرپرسیارێتیدا ، ئەوکات نە گەل سەرنەویشی نادیار ئەبێ وه نەهیچ به پرس و سەرۆکێکيش ناچار ئەبێت روو به رووى سزاو هەڵاتن بێ وەك له زۆر شوێنا بينرا تازه ترينيان له عيراق و تونس و ميسر و ليبيا .