دکتۆر جەبار قادر : بۆچی بەرنامەی هیوابەخشی تواناسازی بەو دەردە برا ؟    

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوەی دەیبینین و دەیبیسین سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی نێردراوانی بەرنامەی تواناسازی ، مرۆڤ بەتەواوی دڵگران و ناڕەحەت دەکەن . دواکەوتنی بەردەوامی، یا هەر نەدانی شایستە داراییەکانیان کێشەی زۆریان لە ژیانی ڕۆژانە و لە گەڵ زانکۆکانیان بۆ دروست دەکەن. هەندێکیان ڕوو بە ڕووی مەترسی لەدەستدانی دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنەکەشیان دەبنەوە . مرۆڤ ناتوانێت هاوسۆز نەبێت لە گەڵ ئەو قوتابیانەدا کە ناچارن لەو بارودۆخە سەختەدا بخوێنن و خەریکی ئامادەکردنی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆراکانیان بن . ژمارەیەکی باش لەم خوێندکارانە لە گەڵ هەموو کۆسپ و ئەستەنگەکاندا توانیویانە بەسەرکەوتوویی خوێندنەکەیان تەواو بکەن . دەبێ مرۆڤ دەستخۆشی و پیرۆزبای لە هەموو ئەوانە بکات کە بێدەرامەتی ورەی پێ بەرنەدان و بە سەرکەوتوویی خوێندنیان تەواوکرد .

بەم بۆنەیەوە وەکو کەسێک کە لە دەسپێکی پرۆژەکەوە تا ناردنی یەکەمین گروپی قوتابیان لە هەموو کارەکانی بەشدار بووم و لە هەندێ ئەڵقەیدا بەرپرسیار بم ، حەزم کرد هەندێ تێبینی و زانیاری لەم بارەیەوە بۆ مێژوو تۆمار بکەم . ئەگەر ململانێی حیزبایەتی نەبوایە، هەنگاوەکان پەلەی زۆریان تێدا نەکرابایە ، باشتر بیر لە هەموو پێداویستییەکان بکرابایەتەوە و میکانیزمێکی بەدواداچوونی دروستی بۆ دابین بکرابایە، دەکرا بەرنامەکە زۆر باشتر بەڕێوە بچووبایە .

بەرنامەی تواناسازی پرۆژەیەکی گرنگ و هیوابەخش بوو بۆ نیشتمانسازی و دوا ڕۆژی کوردستان . ئەوەندی  ئاگاداربم خاوەن بیرۆکەکە دکتۆر بەرهەم ساڵح بوو . تواناسازی یەکێ لە خاڵە سەرەکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 بوو . تواناسازی دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ژمارەیەکی باشی گەنجانی کوردستان ڕەخساند . بە پێی پرۆژەکە دەبوایە لە ماوەی چوار ساڵدا بە سێ گروپ چوار هەزار قوتابی بنێردرانایەتە دەرەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا ( ماستەر و دکتۆرا ) لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و ئەمێریکا . بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە چوارسەد ملیۆن دۆلاریش لە بودجەی حکومەت تەرخان کرا ، کە دەبوایە لەو چوار ساڵەدا بۆ ئەو مەبەستە خەرج بکرێت .

لە دەسپێکەوە کۆمەڵی کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم پرۆژەکەدا هەبوون ، هەندێکیان بابەتی بوون و تایبەت بوون بە بەرنامەیەکی لەو جۆرەوە و هەندێکی تریان دروستکراو بوون . ئەمەی دووەمیان لە ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و باڵە جیاوازەکانی نێو یەکێتییەوە سەرچاوەیان گرتبوو . نەک تەها لە نێو حکومەت و حیزبەکاندا دژایەتی ئەم بەرنامەیە دەکرا ، بەڵکو لە نێو بەشێکی گرنگی مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی زانکۆکانیشدا جۆرێک لە نیگەرانی لە ناردنی ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکاران بۆ زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان هەبوو ، نەبا ئەمانە لە داهاتوودا شوێنیان پێ لەق بکەن .

ئاستی نزمی دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان ، کێشەی زمانی ئینگلیزی ، ڕانەهێنانی قوتابیان لە بواری پسپۆرییەکانیان و لە سەر میتۆدی زانستی توێژینەوە و دەستکورتییان لە بواری کەمپیوتەر و تیکنۆلۆژیای زانیاریدا ، کۆسپی گەورە بوون لە بەردەم بەڕیوەچوونی پرۆژەکە بە شێوەیەکی باش .

لە گەڵ ئەو سوپا زەبەلاحەی فەرمانبەراندا لە دەزگاکانی حکومەت ، تواناکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆگرامە گەورەیە لەم بارەیەوە زۆر سنووردار بوون . دەبوایە بە یارمەتی ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی گەنجی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم بەرنامە زەبەلاحە بەڕێوەببرێت . لە سەرەتاوە چەند کەسێک بووین کە دەبوایە بیر لە پلانی پرۆژەکەوە ، پێویستی زانکۆکانی کوردستان لە پسپۆرییەکان ، زانکۆ باوەڕپێکراوەکان ، ڕاگەیاندنی بەرنامەکە ، مەرجەکانی بەشداریکردن تێیدا ، فۆرمی داخوازی پێشکەش کردن ، بەڵگەنامەکان ، چونێتی حسێبکردنی خاڵەکان ، کۆنتراکت ، بڕی خەرجی نێردراون بە پێی وڵاتان و زۆر شتی دیکە ئامادە بکەین و پێشکەشی لێژنەی باڵای بکەین ، کە لە سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکانی خوێندنی باڵا ، پلاندانان ، پەروەدە و تەندروستی پێکهاتبوو . هەموو خاڵێک دەبووە بابەتی باس و لێکدانەوەی زۆر . زۆر جار مەبەست باشترکردنی خاڵە باسکراوەکان نەبوو ، ئەوەندەی هەوڵی دواخستنی بەرنامەکە بوو . دۆزینەوەی درزێکیش بۆ دەستێوەردانی حیزبی هەمیشە ئامادە بوو . ئەوە بە مەترسی دەزانرا ئەم پرۆگرامە دوور لە خواست و کەنترۆڵی گەندەڵکارانەی حیزب جێبەجێ بکرێت .

یەکێ لە خەوشەکانی ئەو بەرنامەیە ئەوە بوو کە لە دەسپێکدا تەنها بۆ دانیشتوانی هەرێم بوو و کوردانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بێبەش کران . چەند جارێک ئەم باسەم لە گەڵ بڕیار بەدەستان کردەوە ، هەندێ پاکانەیان بۆ ئەو بڕیاڕە پێشکەش دەکرد کە جێگەی قەبوڵ نەبوون . هەرچەندە دواتر وەک بیستم ئەوانیشی گرتەوە ، بەڵام بەرنامەکە لەکار کەوتبوو و پێموانیە قازانجێکی ئەوتۆی بە گەنجانی ئەو ناوچانە گەیاندبێت .

خەرجکردنی شایستە داراییەکانی نێردراوەکان لە دەسپێکەوە گەورەترین کێشە بوو . هەرچەندەمان کرد هیچ بانکێکی ئەوروپایی ئامادە نەبوو ئەرکی دابەشکردنی ئەو پارانە بەسەر خوێندکارانا بگرێتە ئەستۆی خۆی . من لەو بارەیەوە شتێکی ئەوتۆم نەدەزانی بۆیە زۆر بەشداریم لەو پرسە نەدەکرد . پارە بە شێوەیەکی زۆر دواکەوتووانە دەدرا بە خوێندکار . هی وا هەبوو بە یەکجار سەد هەزار دۆلاری بە کاش دەدراییێ ، هی واش هەبوو بە پێی پسپۆرییەکان لەوەش زیاتری وەردەگرت . هەر کاتێک کارەکان باش ڕێکنەخران خەوش و خراپەکاری تێدەکەوێت . هەندێ لە خوێندکارەکان بەو پارەیە خەریکی کەسابەت ، ژنهێنان ، خانووکردن و ئۆتۆمبیل کڕین بوون . دوایش کە قەیرانی دارایی ڕوویدا ئیتر حکومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای ئەوەی نەما شایستە داراییەکانی خوێندکاران لە کاتی خۆیدا بدات ، یا هەر بیدات .

کێشەیەکی دیکەش کە بووە بار بەسەر بودجەی بەرنامەکەوە ، پرسی بردنی خێزانی نێردراون بوو لە گەڵ خۆیاندا. ئەوەی لە دونیادا باوە ئەو کەسانەی بیرۆکەی خوێندنیان هەیە پەلە ناکەن لە دروستکردنی خێزان و دوایدەخەن بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر خوێندنەکەیان . لای ئێمە هەندێ بە پێچەوانەوە بوو. هەندێ لە نێردراوەکان ئەوانەی ژنیان نەهێنابوو یا شوویان نەکردبوو دوای وەرگرتنی ئەو پارە زۆرە بە پەلەپڕوزی کەوتنە خۆیان و لە ماوەیەکی کەمدا بوونە خاوەن خێزان . دەبوایە حکومەت پارەش بۆ چوونی خێزانەکانیان خەرج بکات . ئەگەر نەیکردبایە دەبووە هەڵا، ئۆپۆزیسیۆنیش لە گەرمەیدا بوو و هەموو پرسێک بابەتی بگرە و بەردە و خۆپیشاندان و هەڵوێست نواندن بوو . ئەوانەی بەر لە چەند ساڵێک تەنانەت بیریان لەوە نەدەکردەوە  دەرفەتی وایان بۆ پەیدا بێت ، پرسی خێزان بوو بە پرسی سەرەکیان . دەیان وەچەی کورد خەونی بە یەک لە دەی ئەو دەرفەتەوە دەبینی کە بۆ کاندیدەکانی تواناسازی هەڵکەوت . یەکێ لە خەسڵەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە زۆر زوو ملکەچی داخوازی ناڕەوا دەبێت بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکانی بکاتەوە ، ئەمەش هیچ هەیبەتێکی بۆ حکومەت نەهێشتووە . ئەگەر ئەو هەموو خەرجەی خێزانی نێردراوەکان نەبوایە، ڕەنگبێ چەند سەد کەسێکی دێکەش دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنیان بۆ بڕەخسایە .

دوای ناردنی خوێندکاران هیچ میکانیزمێک بۆ بەدواداچوونی کاروباری خوێندکاران لە ئارادا نەبوو . دەوڵەتان لە باڵیۆزخانەکانیان بەشی تایبەتییان هەیە بۆ دواداچوونی خوێندنی نێردراوەکانیان . خوێندکار ساڵانە یا هەر شەش مانگێک جارێ دەبێت نامەی پشتگیری لە زانکۆکەیەوە ببات بۆ ئەو بەشە . لە نامەکەدا ئاماژە دەکرێت بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی خوێندنەکەی ، ئاستی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و ئەو کێشانەی ڕوو بە ڕوویان دەبێتەوە . لە کاتێ پێویستدا ئەو دەزگا بەرپرسە دەگاتە فریای نێردراوەکان . ئێمە زۆر باسمان لەمە کرد و هیچ میکانیزمێکمان بۆ دابین نەکرا . بیرۆکەی پەنابردن بۆ باڵیۆزخانەکانی عیراق بۆ ئەم کارە بە پەسەند نەزانرا ، بۆ خۆشمان  هیچ دەزگایەکی لەو جۆرەمان نیە . باس لە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم کرا ، کەس بیرۆکەکەی بە جددی وەرنەگرت . ئەم نوێنەرایەتییانە سەرباری ئەوەی زۆر حیزبین ، نە توانای مرۆیی و نە شارازیی کارگێڕی و زانستی ئەم جۆرە کارانەیان هەیە . بۆیە ئەم خوێندکارانە بە سەرگەردانی مانەوە و لە بەردەم کەس بەرپرس نەبوون .

ئەو دەمە و ئێستاش پێموایە دەبوایە تەنها بۆ تەواوکردنی دکتۆرا خوێندکار بنێرین بۆ دەرەوە . دەکرا پرۆگرامی خوێندنی ماستەر لە کوردستان بەشێوەیەک پەرەیپێبدرێت قوتابییەکان بۆ تەواوکردنی دکتۆرا لە دەرەوەی وڵات ئامادە بکرێن. ئەمە بە خەرجێکی کەم و لە ماوەیەکی کورتدا و بە هاوکاری پسپۆرانی بیانی دەکرا . دەکرا لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەشدا هەندێ لە کێشەکانی قوتابیان لە بواری زمانی ئینگلیزی و تیکنۆلۆژیای زانیاریدا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە .

بەجێهێنانی ئەم ئەرکانە کاتێکی زۆرتری دەویست ، وادیارە سەرۆک وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵاش بۆچوونێکی جیاوازیان لەم بارەیەوە هەبوو . ئەوان پەلەی ئەوەیان بوو هیچ نەبێت یەکەمین گروپ بەڕێبکرێن . ئەوان دەیانزانی تەمەنی حکومەتەکەیان کورتە و لە دوو ساڵ تێپەڕ ناکات ، ئەمە ئەگەر زووتر کۆتایی پێنەهێنرێت . دەستەو دایەرەی دوای ئەوانیش مەرج نەبوو لە سەر هەمان بەرنامە بەردەوام بن . چونکە کولتوری دامەزراوەیی لە کوردستان جێگیر نەکراوە ، ئەوەی دێت بەشێک لە کارەکانی سڕینەوەی شوێنەواری ئەوانەی پێش خۆیەتی. هەر واش دەرچوو ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرنامەی تواناسازی کاڵدەکرایەوە تا نوزەی لێبڕا .

بەداخەوە هەندێ لە خوێندکارەکان بە تایبەتی ئەوانەی زانستە مرۆییەکان ، بەدوای زانکۆ و ڵاتی وادا دەگەڕان بە ئاسانی بڕوانامە وەربگرن . ئەمانە بە هەڵبژاردنی میسر، لوبنان و سودان و … تاد دەرفەتێکی زێڕینیان لە دەستدا . ئەوەی لە میسر و لوبنان هەبوو جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ عیراقدا نەبوو و بەرهەمی ئەو زانکۆیانە بە ئاسانی دەستدەکەوتن . هانی ژمارەیەک خوێندکارمدا واز لەو بیرۆکەیە بێنن و بچن بۆ وڵاتانێک زمانی نوێ و میتۆدی زانستی نوێ فێربن . وادیار بوو ئاسنی سارد دەکوتم . ئەوان عەوداڵی بڕوانامە بوون نەک زانست و میتۆدی زانستی .

بەر لە ڕاگەیاندنی پرۆگرامەکە کارێکی زۆرمان ئەنجامدا و کاتێکی زۆرترمان بۆ ئامادەکردنی هەموو بەڵگەنامە و پێداویستییەکان خەرج کرد .

دەتوانم بڵێم یەکەم جار بوو دەرفەتی یەکسان لە بەردەم خوێندکاراندا هاتە کایەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە بەڕنامەیەکی لەو جۆرەدا بکەن . بە پێی ئەو خاڵانەی لە پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانەدا بەدەستیان هێنابوو و هەمووی بە ئاشکرا ڕاگەیاندرابوو ، هەڵدەبژێردران . هیچ فاکتەرێکی تر لەبەر چاو نەدەگیرا . زۆر هەوڵدرا بەلاڕیدا ببرێت و پشک پشکێنەی تێبکەوێت ، بەڵام هەڵوێستی توندی سەرۆک وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا بوونە مایەی ئەوەی ئەو هەوڵانە تا ماوەیەک سەرنەگرن . لە میانەی کارەکاندا دەیان خوێندکارم بینی تا ئەو رۆژەی سەفەریان کرد باوەڕیان نەدەکرد هەروا ، بە بێ پشتگیری ئەم و ئەو بتوانن بچن خوێندنی خۆیان لە زانکۆیەکی پێشکەوتووی جیهان تەواو بکەن . لە دواییدا بۆیان دەرکەوت کە ئەو گفتەی دەماندانێ ڕاست دەرچوو و ئێستاش هەندێ لەوانە خوێندنیان تەواو کردووە و گەڕانەتەوە بۆ کوردستان و لە پەیوەندییەکی هەمیشەیی دۆستانەداین . من دەتوانم ئەوە بڵێم تا گروپی یەکەم بەڕێکران نەمانهێشت هیچ کەسێک بە بێ ئەوەی تەواوی مەرجەکانی تێدا بێت بەسەرماندا تێپڕێت . چەندین حاڵەتمان ئاشکرا کرد کە هەندێ کەس لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتبوون هەموو بەڵگەنامەکانیان پێشکەش کردبوو وەک پشتگیری موختار ، فۆرمی خۆراک، پشتگیری شوێنی کار و … تاد بۆ ئەوەی بەشی خوێندکارانی کوردستان بخۆن . لە گەڵ یەک دوانێکاندا قسەم کرد و پێم ڕاگەیاندن کە ئێوە لەو وڵاتانە دەژێن و هەموو دەرفەتێکتان لە بەردەمە بۆچی دەتانەوێ مافی خەڵکی دیکە بخۆن . هەندێکیان شەرم دایدەگرتن، بەڵام هەندێکی تریان زۆر بێ شيرمانە بەرگرییان لەو هەڵوێستە سەقەتە دەکرد و دەیانووت ئێ چی تێدایە ئێمەش کوردین و مافی خۆمانە . هەندێ باس و خواسم لە بارەی گروپی دووەمی نێردراوانەوە بیستووە نازانم چەندێکیان دروستن و چەندێکیان هەڵبەستراون . کە خۆم لەوێ نەبوومە ناتوانم هیچیان لەبارەوە بڵێم ، ئەوەندە دەزانم لە نێو ئەوانەی ئەم کارەیان بەڕێوەدەبرد کەسانی بەوێژدان هەبوون کە تا پێیان کرابێت دادپەروەرانە کاریان کردووە .

بە پێێ دوا زانیارییەکان لەو سێ گروپەی کە دەبوایە بە پێی ئەم بەرنامەیە برۆیشتبان ، یەکەمین گروپ بە تەوای ڕۆیشتوون ، دووەمین کەمیان لێ ڕۆیشتووە و لە گروپی سێیەمین کەس نەڕۆیشتووە . بەسەریەکەوە 2450 قوتابی نێردراون . تا ئێستا 1800 کەس ماستەریان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە . ژمارەی ئەوانەی دکتۆرایان تەواوکردووە هێشتا نەگەیشتوونەتە سەد کەس ، ئەوانەشی سەرکەوتوو نەبوون نزیکەی سەد کەس دەبن ، کە دەبێت ئەو پارەی تێیاندا خەرجکراوە بیدەنەوە بە حکومەت .

ئەم بەرنامەیە لایەنی دیکەی زۆری هەیە و هیوادارم توێژەران بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و دەکیومێنتەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەن ، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دەربەخەن بۆ ئەوەی ، ئەگەر لە داهاتوودا جارێکی تر بیر لە ناردنەدەرەوەی خوێندکاران کرایەوە ، کەڵکیان لێ وەربگیرێت و لە بەرچاو بگیرێن .