Faruq-Rafiq

هۆشه‌نگ جاهویی : فاروق ڕه‌فیق چی ئه‌وێت ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

فه‌لسه‌فه‌كار هزرێكه‌ به‌ده‌ره‌ له‌عه‌قڵی ( كۆمه‌لگاو ئاین و كه‌للتور و ئایدلۆژیا ) ، ده‌كرێت فه‌لسه‌فه‌كار دوور له‌مانه‌ شیكردنه‌وه‌و به‌دواداچونی بۆسه‌رجه‌م بارودۆخه‌كان هه‌بێـت ، ئه‌مه‌ چ شتێكه‌ وای لێ ده‌كات كه‌به‌م جۆره‌بێت ـ ئه‌وا كه‌وتنه‌ سه‌ر ره‌وتی عه‌قڵ .

فه‌لسه‌فه‌كار گه‌رخۆی نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر ره‌وتی عه‌قڵ ، ئه‌وا هیچ جیاوازیه‌كیشی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نوسه‌رانه‌ی تر كه‌به‌ده‌رن له‌هزری فه‌لسه‌فه‌ ، ره‌وتی عه‌قڵ عه‌قلێكه‌ ئه‌و له‌گۆشه‌نیگایه‌كی به‌هێزتر له‌وانی تر سه‌یری سه‌رجه‌م رووداوه‌كان ده‌كات و له‌دوای ئه‌م سه‌یركردنه‌ش شیكردنه‌وه‌ی هزری ده‌كات و له‌دوایشدا بریاری خۆی ده‌دات .

ئه‌مرۆ له‌جیهانی مرۆڤایه‌تیدا كه‌مینه‌یه‌ك هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م ڕەوته‌ كارده‌كه‌ن و به‌ ( بیرمه‌ند یا به‌ فه‌یله‌سوف ) ده‌ناسرێن ، له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌شدا تائێستا له‌مجۆره‌ كه‌سایه‌تیانه‌م به‌دی نه‌كردووه‌ به‌مامۆستاكانی بواری فه‌لسه‌فه‌ی زانكۆكانیشه‌وه‌ ، كه‌ببن به‌مرۆڤێكی ته‌واو باڵا و له‌م بالایه‌تیه‌شیاندا ئامانجی مرۆیی بپێكن .

مرۆڤی بالا مرۆڤێكه‌ له‌هزرو بیركردنه‌وه‌دا ئه‌و له‌سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانی تر به‌هێزترو به‌رزتره‌ و ده‌كرێت هاوشێوه‌ی گۆچان به‌ده‌ستێك بۆهه‌موو مرۆڤایه‌تی خۆی نمایش بكات نه‌وه‌ك به‌ته‌نیا له‌سه‌ر بارودۆخێكی ناوچه‌یه‌ك یان كۆمه‌لگایه‌ك ، مرۆڤی باڵا مرۆڤێكه‌ به‌ته‌نیا بابه‌تێك ده‌بێت سه‌رجه‌می جیهان له‌رووی مرۆڤ بوونه‌وه‌ بهێنێـه‌ هه‌ژان .

ده‌كرێت له‌سه‌ر ته‌نیا كۆمه‌لگایه‌كیش قسه‌ی خۆی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌می كۆمه‌لگا له‌رووی ( ئابوری ، سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ) ناوچه‌كه‌وه‌ بهێنێته‌ سه‌ر ره‌وتی عه‌قڵ .

له‌جیهانی رۆڤایه‌تیدا مرۆڤ گه‌لێك ده‌ركه‌وتن و بوون به‌باڵا ئه‌وان تاهه‌نوكه‌ش هه‌رچی مرۆڤایه‌تی جیهان هه‌یه‌ بونه‌ته‌ شانازی بۆسه‌رجه‌میان و له‌بوونی ژیانیشیاندا به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆیان تێكه‌ڵی هیچ بیروباوه‌رێكی سه‌رده‌می خۆیان نه‌بوون و زۆرینه‌ی راكانی ئه‌وكاتیان ره‌ت ده‌كرده‌وه‌ ، هه‌ربه‌هۆی ئه‌م ره‌تكردنه‌وه‌یش زۆرینه‌ی جار له‌هه‌موو رویه‌كی ناو بونه‌كانه‌وه‌ دژایه‌تیان ده‌كراو زۆرجار ده‌ربه‌ده‌رو بگره‌ دووچاری كوشتن یائازاردانی گیانی و ده‌رونیش ده‌بوونه‌وه‌ .

ئێمه‌ ده‌پرسین بۆچی كۆمه‌لگا ناكه‌وێته‌ سه‌ر ( ره‌وتی عه‌قڵ ) ؟

هۆكاری ئه‌مه‌ وون بوونی تاكه‌كانی خودی كۆمه‌ڵگایه‌ جگه‌له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی ئه‌م ونیه‌ ده‌خوڵقێنێت ئه‌وا كۆمه‌لێك روناكبیرو نوسه‌رن گوایه‌ ئه‌مانه‌ نوسه‌ری هزری فه‌لسه‌فین یاهه‌رجۆرێك له‌م بابه‌تانه‌  كه‌خۆیان جۆرێك رق یامه‌حسوبیه‌ت له‌ده‌رونی خۆیاندا گه‌وره‌ده‌كه‌ن و ناتوانن خۆیان وه‌ك ( حه‌كیم ) نمایش بكه‌ن و به‌هزر : ێی به‌هێزه‌وه‌ روبه‌رووی كێشه‌كان ببنه‌وه‌ .

له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چونكه‌ زۆرجار هزری رروناكبیرو نوسه‌ر به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیاكانا دابه‌ش بوون و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار به‌پاره‌ش فرۆشراون  ، ئه‌وه‌ی ئه‌م ونیه‌ی دروست كردووه‌ ئه‌وا ئه‌م جۆرانه‌ن یا بێ ئاگایه‌ن له‌بوونی خۆیان وون بونه‌و بۆ ئایدلۆژیایه‌ك قسه‌بكه‌ن و قسه‌كانیانیشیان بۆرای گشتی ببێته‌وه‌ ژه‌هر .

له‌كۆمه‌لگای ئێمه‌شدا له‌مجۆره‌ نوسه‌رۆكانه‌ یا به‌ناو روناكبیرۆكانه‌ به‌ده‌رنیه‌و ئه‌وان لێره‌و له‌وێ به‌مجۆره‌ خۆیان نمایش كردووه‌ ، ده‌كرێت هەندێ جار ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن نوسه‌رن یاروناكبیرن ئیتر قه‌له‌مێكیان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتوه‌و لاپه‌ره‌كان هه‌رله‌خۆیانه‌وه‌ ره‌ش ده‌كه‌ن .

جگه‌له‌مه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ره‌گه‌وره‌ی كۆی ونیه‌كان ئه‌وا  ئه‌و نوسه‌رانه‌ن كه‌له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا ناوو ناوبانگیان ده‌ركردووه‌ ، چونكه‌ ئه‌مان ده‌بێت زۆرجیاوازتربن له‌نوسه‌رو روناكبیرانی تر . به‌ڵام كه‌ده‌بینم جگه‌ له‌وه‌ی هیچ جیاوازیشیان له گه‌ڵ نوسه‌رانی تر نیه‌ ئه‌وا زۆرجار گوته‌و نوسینه‌كانیان بونه‌ته‌  مایه‌ی دروستكردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ هه‌م بۆبه‌لارێدانی باری سیاسی وڵات هه‌م بۆ به‌ئاراسته‌ به‌ردنی رای كۆمه‌لگا و گۆرینیان بۆ ئاراسته‌یه‌كی وونتر له‌ئێستا .

( فارۆق ره‌فیق ) وه‌ك نوسه‌رێكی بواری فه‌لسه‌فه‌ من حورمه‌تم بۆئه‌و به‌رێزه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌كرێت لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌كی له‌سه‌ر وه‌ربگرم چونكه‌ ئه‌و له‌زۆرینه‌ی نوسه‌رانی تر به‌جیاوازتر لای ئێمه‌ سه‌یرده‌كرێت و ده‌كرێت له‌هه‌موو رویه‌كه‌وه‌ ئه‌م جیاوازیه‌شی تێداچه‌سپاوپێن .

له‌گرته‌ ڤیدۆیه‌كی وێنه‌و ره‌نگدا كه‌پێم وایه‌ له‌سایتی ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاوی كردۆته‌وه‌ تێیدا ( فارۆق ره‌فیق ) زۆر ره‌خنه‌ له‌رێكه‌وتنه‌كه‌ی ( یه‌كێتی و گۆران ) ده‌گرێت و ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت یابه‌جۆرێكی تر ره‌خنه‌ی توندی له‌م دوولایه‌نه‌ گرتووه‌و بۆرابردوشی گێراونه‌ته‌وه‌ كه‌تێیدا باسی رابردووی ئه‌مانی كردووه‌و گوایه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌ربه‌ژداربونه‌و له‌ده‌سته‌ڵاتدابوون كه‌نه‌یانتوانی كۆمه‌ڵێك كیشه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن و گرده‌كانیان داگیركردووه‌ . لێره‌دا  به‌بێ ره‌چاوكردنی باری كۆمه‌ڵگاو لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه‌ پارتیه‌ هاوكات نه‌شت توانیوه‌ شیكردنه‌وه‌ی هزری گه‌وره‌ت بۆی هه‌بێت چونكه‌ ئه‌وان ته‌نیا كه‌متر له‌ دوو سال به‌ژداربونه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ده‌یانویست كێشه‌كان بكه‌ونه‌ سه‌ر ره‌وتی عه‌قل بۆ چاره‌سه‌ركردنیان كه‌چی پارتی دۆخه‌كه‌ی شڵه‌ژاندوو هه‌رخێرا په‌كی په‌رله‌مانی خست ، به‌ڵام تۆ ره‌چاوی هیچت نه‌كردوو به‌سه‌رئه‌مه‌تا بازدا  .

پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێت بابه‌تێك باس بكه‌یت و بیكه‌یته‌ ره‌خنه‌یه‌ك ئه‌وا وه‌ك هزرێكی فه‌لسه‌فه‌كار ده‌بێـت چاره‌سه‌ریشت پێ بێت یاته‌واوی ره‌خنه‌كه‌ت له‌جێی خۆی بێت  ، چونكه‌ جه‌نابت فه‌لسه‌فه‌كاریت و ده‌بێت جیاوازبیت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا .

وێرای ئه‌مه‌ش تۆ كاتێك باسی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ده‌كه‌یت ، ده‌كرێت ره‌خنه‌ش له‌لایه‌نی پارتی بگریت به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌و هۆكاربووه‌ بۆدروست بوونی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ ، گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م پارته‌ په‌رله‌مانی تێك نه‌دابایه‌و سیاسه‌تی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی په‌ك نه‌خستایه‌و فه‌وزای ئه‌م چه‌قبه‌ستویه‌و شڵه‌ژانی باری ئابوری وڵاتی تێك نه‌دابایه‌ ، ئه‌وا پێم وانیه‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ هاتبایه‌ ئاراوه‌ .

جگه‌له‌مه‌ش ئێستا سه‌رده‌می ئه‌وه‌ به‌سه‌رچووه‌ جارێكی تر بیر له‌ شه‌ری ناوخۆ بكرێته‌وه‌  ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی كۆنه‌و ده‌بێت مرۆڤ ئه‌م عه‌قڵه‌ كۆنه‌ یا فه‌لسه‌فه‌ كۆنه‌ به‌لاوه‌ بنێت چونكه‌ به‌رله‌روودانی ئه‌م كاره‌ ، ئه‌وا كارێكی تر هه‌یه‌ ، ئه‌ویش به‌ژیرانه‌كردنی سیاسه‌ته‌و كه‌وتنه‌ سه‌ر ره‌وتی عه‌قل ، كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گەڵ ئه‌م دۆخه‌دا بكرێـت .

من پرسیار له‌تۆ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان به‌جۆرێك رێك نه‌كه‌ون بۆ چاككردنی ئه‌م دۆخه‌ كه‌پارتی هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ بۆدروست بوونی ، ئه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ی تر چی بكه‌ن ؟  ئه‌وان هه‌ر له‌ چاوه‌رێی ئه‌م حیزبه‌دابن تاهه‌موویان بكه‌ونه‌ ژێرباڵی و دۆخه‌كان به‌مجۆره‌ بهێڵرێنه‌وه‌ كه‌سه‌رجه‌می بواره‌كانی ژیانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ وونكردووه‌ له‌بوونی خۆیان ؟

ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن ئه‌وان چی بكه‌ن ؟ خۆناشكرێت چی تر كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستویه‌دا بمێنێته‌وه‌ ،   ده‌كرێت به‌رێزت ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ ده‌گریت ئه‌وا بیرو هزرت زیاتر رۆشه‌نكه‌یت و زیاتر هه‌نگاوو هه‌لبێنیت بۆئه‌وه‌ی ببیت به‌باڵا نه‌وه‌ك خۆت له‌بازنه‌یه‌كدا بچوك كه‌یته‌وه‌ . چونكه‌ بالایی ئه‌وكاته‌یه‌ خۆت له‌هزری خۆتا بۆ هه‌ر گوته‌یه‌ك وڵامێكی به‌هێزت پێ بێت نه‌وه‌ك ره‌خنه‌كان بێ وڵام بهێلیته‌وه‌ و رای گشتیش بخه‌یته‌ سه‌ر به‌لارێدان ، ده‌كرێـت هه‌ندێ جار هاوشێوه‌كانی وه‌ك تۆ چونكه‌ ناسراون و له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا كارده‌كه‌ن ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ش بكه‌ن ، بۆئه‌وه‌ی هه‌م گه‌وره‌بوونی خۆت بسه‌لمێنیت ، هه‌م نوسینه‌كانیش و گوته‌كانیشت ببنه‌ مایه‌ی سه‌رنج لای هه‌موومان . ده‌بێت ئێوه‌ به‌نوسینه‌كانتان مرۆڤ بهه‌ژێنن و هه‌وڵی ئه‌وه‌بده‌ن ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگا بۆمیانره‌وی و مۆدێرنه‌ به‌رن نه‌وه‌ك به‌هه‌مان عه‌قلیه‌تی كادیرو نوسه‌ره‌ كرچ و كاڵه‌كانی تر بنوسن .