کاردۆ محەمەد : هەموو پردەکان مەڕوخێنن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : ئەم وتارە لەمەو پێش بڵاوکراوەتەوە ، بەڵام بەهۆی گرنیگییەوە ، سەرلەنوێ خستوومانەتە بەر دیدی خوێنەران .

دوای بەبن بەست گەیشتن و قەیرانە هەمە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و رێکەوتنی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران ، جوڵەیەکی بەهێز و ئاسۆیەکی فراوان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا درووست بووە ، بە ئاڕاستەی نزیک بونەوەی لایەنە سیاسیەکان و هاوسەنگی دروست کردن بۆ حکومڕانییەکی سەقامگیر بەبێ ئەوەی سەنگی هیچ لایەنێک نادیدە بگیرێت و هەمو لایەنەکان بە پێی پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان بەشداربن لە بەڕێوبردنی هەرێمی کوردستاندا ، لێرەشەوە زەمینەسازی بۆ چارەسەری قەیرانە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان بکەن ـ دوور لە موزایەدەی سیاسی . هەر بەو ڕێگەیەش کە ئێستا پێی گەیشتووین ، دەتوانین ڕوبەڕووی سەرجەم تەنگەژە سیاسی و ئابورییەکان ببینەوە ، بەڵام لایەنێک تووشی جۆرێک لە بیرکردنەوە بووەو پێی وایە ئەم رێکەوتنە بۆ لێدانە لە پێگەی ئەو ، لە کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە و ئەم لێکگەیشتنەی گۆڕان و یەکێتی بۆ هاوسەنگی و تەبایی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە .

لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز هاوکار و پشتیوانمانە ، بەڵام لە ناوخۆدا خەریکە بە پێچەوانەی ئەم ئاڕاستەیە لە ئاستی ناوخۆدا سەرقاڵی یەکتر فەرامۆشکردن و پچڕانی پردی پەیوەندییەکانی نێوانمانین و بەرپرسانی کوردیش بێ باکانە هەنگاو بە پێچەوانەی رەوتە گشتییەکەوە دەنێن .! لە جیاتی سەرقاڵ بوون بە بەهێزکردنی رۆحی لێبوردەیی و تەبایی درووستکردن لە کۆمەڵگەدا ، هەندێ لایەن دەیانەوێت پردەکان و ڕایەڵەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی نێووان لایەنەکان و کۆمەڵگە بڕوخێنن و گەورەترین و مەترسیدارترین کێشە دەوروژێنن بەبێ ڕەچاوکردنی سەنگ و پێگەی کەسایەتی و سەرکردەکان لە بزوتنەوەی ڕزگاریی خوازی گەلی کوردستان، بەتایبەت لەو شوێنەی هەیمەنەی حزبێک تێیدا زاڵە و دەسەڵاتی دادوەریی دەکەنە بەشێک لە بڕیار و کێشەکانی حیزب ، ئەمەش لە ڕیگای جوڵاندنی سکاڵا لەلایەن داواکاریی گشتییەوە لەسەر کەسایەتییەکی گرنگ و خاوەن سه نگ و پێگەی جەماوەریی وەک نەوشیروان مستەفا ، کەسی یەکەمی خاوەن دووەم هێزی سیاسی گەورەی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستانە .! ئەم هەوڵەش جگە لە خۆ خەڵەتاندن و هەوڵێکی بێ هودە بۆ درزخستنە نێو یەکڕیزی لایەنەکان ، لەهەمانکاتیشدا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت و سەر دەکێشێ بۆ لێدان و تێکچوونی ئاسایشی نیشتیمانی نەتەوەیی و لە کۆتایشدا هیچ ئەنجامێکی نابێت ، هەروەک لە ساڵانی رابردودا ئەم سیناریۆیانەمان بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر بینییوە .!
بۆ داواکاری گشتییش واباشە ئەو پرسانە بجوڵێنێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ، ئەمە لە کاتێکدا سەدان کێشەی زۆر و پەیوەست بە ماف و ژیانی هاوڵاتیان لای داواکاریی گشتییە ، بە بێ ئەوەی بتوانێت بیان جوڵێنێ ، هاتووە کەیسێکی سیاسی دەجوڵێنێت کە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی لێکترازان ، کە ڕەنگە هێندەی تر لایەن و گروپە سیاسییەکان لە یەکتر دوور بخاتەوەوە بە یەکجاریی هەمو پردەکانی پەیوەندی نێوان لایەنەکان بڕوخێنێت .!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت